ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر چەند رێنماییەكی بۆ رۆژانی جەژن و قەدەغەی هاتووچۆی تەواوی دەركردو رایدەگەیەنێت: لە سێ رۆژی جەژندا لەسنوری پارێزگای هەولێر بەهەموو قەزاو ناحییەكانەوە قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ دەبێت و گشت شوێنە خزمەتگوزارییەكان دادەخرێن و رێگە بەهاتووچۆی هاووڵاتیان نادرێت. دەقی راگەیەندراوەكەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: دوا بەدوای بە بەیانی ژمارە(35)ی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 18/5/2020 سەبارەت بەبڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ بۆماوەی (72) سەعات لەیەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزوە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر كۆبووە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:- یەكەم/ راگرتن و قەدەغەكردنی هاتووچۆ بەشێوەیەكی تەواو لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو قەزاو ناحییەكانەوە بۆ ماوەی (72) سەعات لەیەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز. دووەم/ داخستنی گشت مۆڵ و ماركێت و نانەواخانە و بازاڕو ئەو شوێنانەی كە پێشتر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان رێگە پێدراوبوون. جگە لەدەرمانخانەی ئێشكگر كراوە دەبن. سێیەم/ داخستنی سەرجەم تەكییەو خانەقا و شوێنە ئاینیەكان. چوارەم/ هەموو جۆرە دانشتن و گردبوونەوەیەك و پرسەدانان و سەردانی كردنی خاوەن پرسەیەك و قەرەباڵغیەك قەدەغەیە. پێنجەم/ داخستنی سەرجەم پارك و باخچەو شوێنە گەشتیارییەكان. شەشەم/ رێگە بەهاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان دەدرێت و تیمە تەندروستییەكان و ئەمبوڵانس و ئەوانەی لەئەركی رەسمیدان. خاك - ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure