20/6/2020 08:09 PM

سبەینێ خۆرگیران لە هەرێم روودەدات

کەشناسی هەرێم روودانی خۆرگیرانی نیمچەیی بۆ سبەینێ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رايگەیاندووە: پێوانە فەلەكییەكان لە زووەوە ئاماژەیان بە روودانی خۆرگیرانێكی ئەڵقەیی كردووە كە لە رۆژی یەكشەممە 2020.6.21 دا روودەدات، سبەینێ لە هەرێمی کوردستانیش روودەدات.

ئەو وڵاتانەی وەكو کوردستان خۆرگیرانی نیمچەیی دەبینن زۆرن، بەڵام ئەوانەی لەسەر رێڕەوی ئێمەن بریتین لە: (نەیجەرو چادو باشوری لیبیاو میسرو فەلەستین و ئوردن و لوبنان و سوریاو هەرێمی كوردستان و باكووری ئێران و توركمانستان و ئوزبەكیستان و باشووری كازاخستان و مەنگۆلیاو باكووری رۆژهەڵاتی چین و هەردوو كۆریای باكوورو باشوورو ژاپۆن).

سەبارەت بە داتای خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان ئەوا بەمشێوەیە دەبێت:

* دەستپێكی دیاردەكە لەنێو هەرێمی كوردستان لە سەعات 07:34:52 ی بەیانی دیسكی مانگ لە بەشی خوارووی لای راستی دیسكی خۆرەوە دێتە پێشەوەو لەوێوە خۆرگیرانی نیمچەیی دەستپێدەكات.

* سەعات 08:38:47 ی بەیانی خۆرگیرانەكە دەگاتە بەرزترین ئاستی كە %36.86 ی دیسكی خۆر دەكەوێتە دواوەی دیسكی مانگ و لە پیش چاومان ئەوبەر تاریك دادێت.

* سەعات 09:50:24 دیسكی مانگ بەتەواوی لەپێش دیسكی خۆر لادەچێ و كۆتایی بەو دیاردەیە دێت بە نیسبەت هەرێمی كوردستان.

* كەواتە دیاردەی خۆرگیران لە هەرێمی كوردستان لە دەستپێك تا كۆتایی 2 سەعات و 15 دەقیقەو 32 چركە.

* لێرەدا بە پێویستی دەزانين كەوا هۆشداری بدەينە هاوڵاتیانی ئازیز كەوا بەهیچ شێوەیەك هەوڵنەدەن راستەوخۆ لە رێگەی (تلسكۆب و دووربین و كامێرا) لەهەركات و ساتێك و لەژێر هەربارێكدا سەیری خۆرنەكەن، چونكە دەستبەجێ زیانی راستەوخۆ بەچاو دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی خوانەخواستە كوێربوونی كاتی یان هەمیشەیی یان دەبێتە هۆی حاڵەتی لەدەستدانی توانای بینینی رەنگەكان، بەڵكو پێویستە فلتەری تایبەت بە خۆر بەكاربهێنرێت و یان چاویلگەی خۆرگیران، كە بەداخەوە ئەم دوو بابەتە لە هەرێمی كوردستاندا دەستناكەون! هەروەها بەكارهێنانی مۆبایلی بەستراوە لەگەڵ دووربین یان تلیسكۆب دەبێتە هۆی سووتاندنی كامێرای مۆبایل یان پێگەیاندنی زیانێكی گەورە، ئەگەر هاتوو فلتەر بەكارنەهێنرێت.

خۆرگیرانی ئەڵقەیی كاتێك روودەدات كە مانگ لە خاڵێكی دوورە لەگەڵ زەویدا، بۆیە كاتێك دێتە پێش دیسكی خۆر، ئەوا بەتەواوی نایگرێت، بەڵكو ئەڵقەیەكی باریكی بریقەدار لەدەوری دیسكی تاریكی مانگدا دەبینرێ كە بەڕاستی مایەی سەرسامی و سەرنجڕاكێشانی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، هەموو ئەو ناوچانەی كە خۆرگیرانەكە بە شێوەیەكی گشتی دەیانگرێتەوە بۆیان ناڕەخسێت كەوا ئەم خۆرگیرانە لەشێوەی ئەڵقەیی ببینن، هۆكارەكەش شوێنكەوتەی جوگرافی كەسەكەیە، چونكە ئەگەر بە مەودایەكی بەرچاو بۆ باكوور یان باشووری ئەو ناوچانە بڕۆین كە خۆرگیرانی ئەڵقەیی تیایدا روودەدات ئەوا بێگومان گۆشەی دیمەنەكە دەگۆِرێ، ئیدی دیسكی مانگ بەپێی شوێنكەوتەی تۆ یان لەكاتی جووڵەكردنت بەرزو نزم دەبێتەوە بەرامبەر بە دیسكی خۆر لەپێش چاوی ئێمە ئاسماندا، بەمەش دیمەنی خۆرگیرانە ئەڵقەییەكە دەگۆڕێ بۆ خۆرگرانی نیمچەیی، بە شێوەیەك هەرچەندە بەرەو ناوچەی گیرانی ئەڵقەییدا بچین ئەوا رێژەی گیرانی دیسكی خۆر بەهۆی مانگەوە زیاتر دەبێ و لێی دووربكەوینەوە ئەوا رێژەی گیرانەكە كەمتر دەبێ تا وایلێدێت هیچ خۆرگیرانێك نابینی و نامێنێت.

خاك - بەشی راگەیاندنی کەشناسی هەرێم

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved