9/2/2021 03:59 PM

پەناگەیەک بۆ سەگە ئیفلیجەکان لە تایلەندا+وێنە

وێنەکان زۆر دڵگرن. کۆمەڵێک سەگ بە رواڵەتێکی شادەوە خەریکی پیاسەی رۆژانەن لە پەناگەیەک لە تایلەندا. ئەم سەگانە ئیفلیجن و دوو دانە تایە بە لاقیانەوە کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە رێدا بڕۆن. ئەم 27 سەگە کە زۆربەیان بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە ئیفلیج بوون، ئێستا لە بنکەیەکی ئاگاداری لە ئاژەڵان لە پارێزگای "چونبۆری" وڵاتی تایلەندا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان. "کریستۆفەر چیدیچیمۆ"، یەکێک لە بەرپرسانی ئەم پەناگەیە دەڵێ: «ئەم سەگانە بە ئەگەری زۆر نازانن ئیفلیج بوون و یەکەم جار کە ئەو تایانەیان لێ دەبەسترێ بێ ئەوەی راهێنانیان بۆ بکرێت دەزانن بەکاری بێنن.»

 
ئەم پەناگەیە کە لەلایەن بنکەیەک بە ناوی «ئەو کەسەی سەگەکان رزگار دەکات» بەڕێوە دەچێت، سەرەتا لەلایەن کەسێکی سویدییەوە دامەزرا کە ساڵی 2002 سەردانی چونبۆری کرد و دواتر دۆخی خراپی سەگەکانی سەر شەقامەکانی ئەو ناوچەیە وەهای شوک کرد کە دەستی کرد بە ئاگاداری کردن لەم جۆرە سەگانە. بەڵام ئێستا دیار نییە ئەم پەناگەیە لەداهاتوودا تووشی چ چارەنووسێک دەبێ چونکە کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی یارمەتییە ماڵییەکانی خەڵک بەم بنکەیە لە سەتا 40 دابەزێت و ژمارەی سەردانکەرانی بیانیش کەم بووەتەوە.


ئەم پەناگەیە هەموو رۆژێک 1,300 دۆلار سەرفی ئاگاداری لە 600 سەگ و دابین کردنی خۆراک بۆ 350 سەگی دیکە دەکات کە لە شەقامەکان دەژین. ئەو کەسانەی بە شێوەی خۆبەخش لەم پەناگەیە سەرقاڵی کارن، ئاگاداری لە سەگە ئیفلیجەکان دەکەن. یەکێک لەم کارانە بەڕێوە بردنی پرۆسەی فیزیۆتراپییە بۆ سەگە زیانبەرکەوتووەکان. هەر وەها هەموو مانگێک تیمێک لە کارمەندانی بنکەکە دەست دەکەن بە نەزۆک کردنی سەگەکانی سەر شەقام بۆ ئەوەی زیاد نەکەن.
بەپێی ئامەرەکان لە تایلەندا نزیکەی 800هەزار سەگ و پشیلە لە شەقامەکان دەژین و ئەگەر بەرگیری لە زیادبوونیان نەکرێت ئەم ژمارەیە تا 2027 دەگاتە 2 بۆ 5 ملیۆن دانە.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved