20/2/2020 04:20 PM

نهێنییەکانی ژیان

لە ئایندەیەکی نزیکدا: چاپی سێیەمی "نهێنییەکانی ژیان" ی ئۆشۆ
لە لایەن: ناوەندی ئاویەرەوە لە هەولێر

وەڕگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ئازاد بەرزنجی
پێشەکیی کتێبەکە
ئۆشۆ: زۆربایەکی بوودایی


ئۆشۆ لە کۆتایی ساڵی 1931دا لە دێی کوچاڤادای هەرێمی مادیا پرداش لە هیندستان لەدایک بووە. ئەو هەر وەک خۆی دەڵێت لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا دەگاتە حاڵەتی ڕۆشنبوونەوە (واتە ئیشراق). پاشان زانکۆ تەواو دەکات و دواتر دکتۆرا لە فەلسەفەدا دەهێنێت و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە زانکۆی شاری جەبەلپوور، لە بەشی فەلسەفە وانە دەڵێتەوە. بەڵام زۆری پێ ناچێت کە واز لە مامۆستایی و زانکۆ دەهێنێت، چونکە بە بڕوای ئەو فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی ئەکادیمیش بە تایبەتی ناتوانێت رێگای پەیبردن بە حەقیقەتمان پێ پیشان بدات. ئەو لە کاتێکدا فەیلەسووفانێکی وەکو فۆیرباخ و مارکس و نیچە و فرۆید و هەروەها زانایەکی وەکو داروین بە پەیامبەر ناو دەبات، بەڵام خۆی نایەوێت بچێتە ناو هیچ چوارچێوەیەکی فەلسەفییەوە، هەر بۆیە ئەو لە کاتێکدا خۆی لە ناو ژینگەیەکی ئایینیدا نەشونمای کردووە، بەڵام لەگەڵ هەموویاندا دەکەوێتە گفتوگۆوە، لێیان وەردەگرێت و ڕەخنەشیان لێ دەگرێت. هەروەها بە هەمان شێوە بۆ کولتووری سۆفی و عارفەکان دەگەڕێتەوە و لە سەریان دەدوێت. تەنانەت پێغەمبەرەکانیش، ئیدی هەر لە ئایینەکانی هیندستان و ئۆپانیشاد و ڕێنماییەکانی گۆرجیڤ و ئایینی زەردەشتی و مەسیحی و سۆفیزمی ئیسلامی و بوودیزم و یۆگا و تانترا و تاو و کریشنا و جەلالەدینی ڕۆمی و کێرکەگۆر و بێردیاییف و هایدیگەر و لاوتزە و حەللاج و کریشنا مورتی و هتد....
ئۆشۆ کە بە گوێرەی ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی، یەکێکە لەو گرنگترین سەد کەسێتییەی کە سەدەی بیستەمیان پێکهێنا، بۆچوونەکانی خۆی لە ڕێی سیمینار و گفتوگۆی کراوەوە دەخستەڕوو. بە بڕوای ئەو مرۆڤی هاوچەرخ دووچاری کەرتبوون بووە لە نێوان سێکس و خۆشەویستیدا. بۆیە ئەو هەوڵی دەدا یارمەتیی مرۆڤەکان بدات تا لەو کەرتبوونە ڕۆحییە ڕزگاریان بێت و بۆ ئەمەش شێوازێکی نوێی بۆ "تێڕامان" پێشنیاز کرد. ئەو خوازیاری لەدایکبوونی جۆرێکی نوێی مرۆڤ بوو، مرۆڤێک کە هەم لە سەرچاوە ڕۆحی و عیرفانییەکان دانەبڕێت و هەم دونیاییش بێت، هەم بوودا بێت و هەم زۆربا. بۆ ئەمەش دوای خوێندنەوەی قووڵی بۆ پاڤلۆڤ و سکینەر و فرۆید و یۆنگ و ئادلەر و بە پەنابردن بۆ تەکنیکەکانی تێڕامان، هەوڵی دا ڕێگایەکی نوێ بۆ یاریدەدانی مرۆڤ و ڕزگاربوونی لە کۆت و بەندی دابونەریت و ئایدیا سوننەتییەکان و هزر و بیرۆکە هەڵەکانی ژیانی ڕۆژانە، بدۆزێتەوە. ئەمەش بە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی خودی خۆی و گەڕان بەدوای ئەو خودەدا. مرۆڤی هاوچەرخ دیلی دەست وێناکردنەکانی ئەوانی ترە لەسەری و دەیەوێت ئەوانی تر چۆنیان دەوێت، ئەمیش لەسەر ئەو وێناکردنە بژی. بەمەش تا بێت لە خودی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەکەوێتەوە و ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی لە دەست دەدات و خودی خۆی دەدۆڕێنێت.
هەروەها ئۆشۆ دەڵێت کە مرۆڤی هاوچەرخ ژیانی ڕاستەقینەی خۆی ناژی، بەڵکو هەمیشە لە ڕوانگەی تیۆری و بیر و ئایدیاکانەوە خۆی لەگەڵ ژیاندا دەگونجێنێت و بەمجۆرەش لە سەرچاوەی ئەسڵیی ژیان دادەبڕێت. ئەو دەبێت ئەوە بزانێت کە تەواوی هزر و ئایدیا و فەلسەفە و ئایینەکان ڕێژەیین و حەقیقەتی ڕەها لای هیچیان نییە و زۆربەشیان مرۆڤ لە ڕۆح و لە عیشق بەتاڵ دەکەنەوە، لەکاتێکدا لای ئۆشۆ ئەگەر تاقە ئایینێکی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ هەبێت، ئەوا ئەوە ئایینی عیشق و خۆشەویستییە. هەر لە ڕێی ئەم عیشق و خۆشەویستییەشەوە ئادەمیزاد دەتوانێت خودا بناسێت، نەک لە ڕێی ترسەوە. هەر بۆیە ئۆشۆ دەگاتە ئەوەی بڵێت کە عیشق یان خۆشەویستی خودایە. ژیانیش لە مانا ڕاستەقینەکەیدا دیارییەکە لەلایەن خوداوە دراوە بە مرۆڤ تا بە خۆشەویستی و ئاهەنگ بیباتە سەر، نەک بە ڕق و توندوتیژی.
هەروەها دەبێ بیزانین کە ژیان شتێکە هەمیشە لە گۆڕاندایە. ئەمڕۆ لە دوێنێ ناچێت، هەر بۆیە هزری دوێنێش بۆ ئەمڕۆ نابێت. لەبەر ئەوە زانین دەربارەی ژیان شتێکە و ژیانکردن بە قووڵی شتێکی ترە. هەروەها زانین دەربارەی خۆشەویستی شتێکە و عاشقبوون شتێکی ترە. تۆ دەتوانیت زانیاری دەربارەی ژیان و حەقیقەت و خۆشەویستی لە سەر زمانی فەیلەسووف و زانا و تیۆرییە زانستییەکانەوە فێر ببیت، بەڵام ئەمانە باربووی ژیانکردنی خۆت و تێڕوانینەکانی خۆت ناکەنەوە.
ئەم کتێبەی لەبەردەستتدایە نە کتێبێکی فەلسەفیی ئەکادیمییە، نە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی میتۆدێکە، نە کتێبێکی ئایینییە، نە کتێبێکی سایکۆلۆجییە و نە لەو کتێبانەشە کە وەعز و ئامۆژگاریی سادە بە خوێنەر دەدەن. بەڵام لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین کتێبێکە فەلسەفە و سایکۆلۆجیا و زانست و عیرفان بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکەی پێکدێنن و زمانێکیش بەسەریدا باڵادەستە کە مۆرکێکی شاعیرانەی بەخۆیەوە هەڵگرتووە.
ئۆشۆ کە خۆی لە زانکۆدا مامۆستای فەلسەفە بووە، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە بەتەنها فەلسەفە و ڕێبازە فەلسەفییەکان لەتوانایاندا نییە وەڵامی پرسیارە نهێنییەکانی بوون بدەنەوە، بەتایبەتیش ئەو فەلسەفانەی کە گیرۆدەی چوارچێوە و میتۆدێکی داخراون. هەروەها ئۆشۆ ئەگەرچی لەژێر کاریگەریی عیرفانی خۆرهەڵاتیدا بووە و بەتایبەتیش عیرفانی بوودایی، بەڵام تەنانەت ڕەخنە لە بوودیزمیش دەگرێت و لە زۆر شوێندا ئاماژە بەوە دەدات کە ناکرێ بڵێین بوودیزمیش ڕێبازێکی کامڵە، بگرە ئۆشۆ باوەڕی بە هیچ جۆرە بەرکەماڵییەک نەبووە نە لە دونیای فیکر و فەلسەفە و دین و نە لە ژیانیشدا.
من بۆیە لێرەدا ئەم چەند دێڕەم وەکو پێشەکییەک بە پێویست زانی، لەبەر ئەوەی پێدەچێ لای خوێنەری کورد جۆرە وێنایەکی نادروست لەسەر ئەم پیاوە مەزنە (کە بەپێی ئاماژەکان بە یەکێک لەو دە کەسێتییە مەزنە دەژمیردرێ کە توانییان جیهان بگۆڕن) خوڵقابێت و وەکو کابرایەکی واعیز و ئامۆژگاریکەر پیشان درابێ، یان وەکو گەلێ لەو نووسەرانەی کە زیاتر لەسەر ئاستێکی ڕووکەش و بازرگانی دەنووسن. لە کاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەی وێنە و کەسێتیی ڕاستەقینەی ئۆشۆیە. ئەو هەموو قاڵب و چوارچێوەیەکی بۆ بوونی مرۆڤ و بۆ سنووردارکردنی ئازادیی مرۆڤ ڕەتکردەوە.
ئەو تا سەر ئێسقان دژە بە هەموو جۆرەکانی بزنس و بازرگانی و دەسەڵاتگەرایی و هەڵپەکردن بوو لە پێناوی دەستکەوتە ماددییەکان و شۆرەت و ناوبانگدا. بەداخەوە دەشێ ئۆباڵی ئەو وێنا سەقەتەی لەسەر ئۆشۆ دروست بووە لای خوێنەر، بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ ئەو کتێبانەی کە بەشێوەیەکی شێوێندراو وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، چونکە گەلێ لەو کتێبانەی ئۆشۆ کە کراون بە زمانی فارسی و عەرەبی، بەشێکی زۆریان لێ قرتێندراوە یان گۆڕاوە و بەتایبەتیش ئەو پەرەگرافانەی کە پەیوەندییان بە ڕەخنەگرتن لە ئایینەکانەوە هەیە، یان ئەو پەرەگرافانەی کە تیایاندا ئۆشۆ قسە لەسەر سێکس و هەروەها سیاسەت دەکات.
هەڵبەت دەبێ خوێنەر ئەوە بزانێت کە ئۆشۆ خۆی باوەڕی بە نووسینەوەی دەرسگوتار و ئەو وانە زارەکییانەی خۆی نەبووە کە هەزاران کەس ئامادەی بوون. ئەو تەنانەت کتێبیشی بە قەفەسێک زانیوە کە تیایدا وشە و ڕستەکان ناتوانن بە تەواوەتی هەڵگری راستی و زیندوویی حەقیقەتەکانی ژیان و ڕۆح و بوون بن و لەناو کتێبێکدا قەتیس دەبن و دەمرن. بەڵام ئەوە هاوکارەکانی بوون کە ئەو دەرسگوتارانەیان لەسەر شریتە تۆمارکراوەکانەوە گواستۆتەوە بۆ سەر کتێب. هەر زۆریی ژمارەی ئەو خەڵکانەش کە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیدا ئامادەبوون، وای لە ئۆشۆ کردووە بە زمانێکی سادە قسە لەسەر حەقیقەت و نهێنییەکانی بوون و ژیان بکات، بە زمانێک کە بگاتە فراوانترین توێژی ئەو خەڵکانەی کە گوێیان بۆ ڕادەدێرا. بۆ ئەم مەبەستەش هەروەها بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی بۆچوونەکانیشی، زۆر جار هەندێ شتی دووپات دەکردەوە تا زیاتر جەختیان لەسەر بکاتەوە، یان پتر لە نموونەیەکی دەهێنایەوە. هەر بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی کە بڵێم لە کاری وەرگێڕانەکەمدا بۆ ئەم کتێبە (و بە پێچەوانەی هەموو وەرگێڕانەکانی ترمەوە) خۆم لەو دووبارەکردنەوانە پاراستووە، بەڵام بەبێ ئەوەی بهێڵم بە هیچ کلۆجێک کاریگەری بخاتە سەر گەوهەر و ناوەرۆکی بابەتەکان و لە هەندێ جێشدا پەنام بردۆتە بەر کورتبڕی، گەرچی ئەم حاڵەتەش کەمە.
ئەو کتێبانەی ئۆشۆ کە دەرسگوتارەکانیان گرتۆتە خۆ، ژمارەیان خۆی لە پتر لە پێنجسەد کتێب دەدات گەر زیاتر نەبێت. هەڵبەت کەم بوار ماوە ئۆشۆ قسەی لەسەر نەکردبێت و جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین کە ئۆشۆ یەکێک بووە لە خوێنەرە چالاکەکانی سەردەمەکەی خۆی. خوێندنەوەکانی لە فەلسەفەی یۆنانەوەی گرتۆتەوە تا ئایینەکان و فەلسەفەی هاوچەرخ. بۆ نموونە ئەو نەک هەر ئاگاداری نیچە و هایدگەر و مارکس و کامۆ و.... هتد بووە، بەڵکو قسەشی لەسەر کردوون. هەر جێی خۆیەتی کە بڵێین کتێبێکی تەواوی لەسەر لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ کتێبی (زەردەشت وەها دوو)ەکەی نیچە.
دەمەوێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە دەبێ وریا بین و هەندێ لە بۆچوونەکانی ئۆشۆ بە هەڵە لێکنەدەینەوە، بەتایبەتیش وەختێ قسە لەسەر (نا – ئەقڵ) و (خەو) و (خاوبوونەوە) و (من – Ego) و هتد... دەکات و ئەوەمان لەیاد نەچێت کە ئەو چەمکانەی لە عیرفانی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتیش لە بوودیزمەوە وەرگرتووە و وەکو شێوازێک سەیری کردوون بۆ گەیشتن بە حاڵەتی ڕۆشنبوونەوە (Enlightment) یا منەوەربوون و ئاگامەندی. کاتێکیش ئۆشۆ قسە لەسەر ئەقڵ دەکات، ڕەخنە لە ئەقڵ دەگرێت کاتێک تەقدیس و پیرۆز ڕادەگیرێ و دەبێتە سیستمێکی داخراو لە کۆمەڵێک چەمک و ئایدیا و بەم جۆرەش لۆجیکێکی ئەقڵانیی ڕەق و تەقی وا بەرهەمدەهێنێ کە دژ بە بوونی زیندوو و ژیان و زیندووێتی دەبێت و لە دەرەوەی بوون و ژیانەوە ئایدیاکان بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنێت و بەبێ هیچ حیسابێک بۆ ڕەهەندە ڕۆحییەکانی مرۆڤ و بۆ لایەنی فەردانیی ئادەمیزاد. هەر بۆیە ئۆشۆ لە دەرسگوتارەکانیدا زیاتر ڕووی لە تاکەکانە، بە بڕوای ئەو تا تاکەکان ڕۆشن نەبنەوە و ئاگامەند نەبن، زەحمەتە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی ئاگامەند بێت. زۆربەی کارەساتە مرۆییەکانیش و پەیدابوونی سیستمە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانیش هەر لە نەگەیشتنی تاکەکەسەکان بە ڕۆشنبوونەوە و بە ئاگامەندی دێت. وەختێ مرۆڤ وەکو تاکێک و وەکو خودێک باوەڕی بە خۆی و هێز و تواناکانی خۆی نەبوو و هەمیشە لە گەڕاندا بوو بەدوای هێزێکی تردا لە دەرەوەی خۆیدا تا پشتی پێ ببەستێ، ئەوا بێگومان ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کەسانێکی دەسەڵاتگەرا تا سوود لەو لاواز و بێئیرادانە ببینن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی خۆیان، جا لە هەر بوارێکی ژیاندا بێت. هەر بۆیە هێز و دەسەڵاتی دەسەڵاتگەراکان لە لاوازی و بێدەسەڵاتیی خەڵکانی ترەوە دێت. تۆ کە تەنازولت لە ئازادیی خۆت کرد و ڕادەستی کەسانێک یان هێزگەلێکی دەرەوەی خۆتت کرد، هەر لێرەوەیە ئەو دەبێتەوە بە ئاغا و تۆش بە کۆیلە. بۆیە هەموو قسەکانی ئۆشۆ ئاڕاستەکراوی تاکەکەسە کە خۆی بێت، کە باوەڕی بە ئازادیی خۆی هەبێت، کە بە خۆی پشتبەستوو بێت، کە بە ئایدیای درۆکان و ئایین و ئایدیۆلۆجیا درۆزنەکان فریو نەخوات، کە دەسبەرداری ژیان و جوانییەکانی ژیان نەبێت لە پێناوی کۆمەڵێک وەهم و درۆدا کە لەژێر دەمامکی ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و ئایینەوە هەموو ڕۆژێک بە گوێیدا دەدرێ، کە پێویستە مرۆڤ ڕێز لە هەموو ساتەکانی ژیانی خۆی بگرێ و بە هەموو هەست و سۆزەکانییەوە تیایدا بژی و هەمیشە هەوڵ بدات پانتاییەکانی جوانی و خۆشەویستی لە ژیاندا فراوان بکات و ئەمەش لەڕێی ئەوەوە دەبێت کە هەوڵ بدات لە بوارەکەی خۆیدا داهێنەر بێت، تا وەختێ جیهانی جێهێشت توانیبێتی جوانییەک بخاتە سەر جوانییەکانی دونیا.
ئۆشۆ داوا دەکات مرۆڤ ئاوێتەیەک بێت لە زۆربا و لە بوودا، هەم لە ژیان ڕانەکات و بە قووڵی لە ساتەکانیدا بژی و ئامێزی پێدا بکات، هەم ئامانج و شتە ڕووکەش و فریودەرەکانی ژیان هەڵی نەخەڵەتێنن و بەها ڕۆحییەکانی لەبیر نەبەنەوە و نەکەوێتە ئاستێکی نزمی بوونەوە. لەم ئاوێتەکردنەشەوە مرۆڤێکمان بۆ پەیدا دەبێت کە دەتوانین ناوی بنێین "زۆربای بوودایی" و تەواوی قسەکانی ئۆشۆش بۆ ئەو کەسانەیە کە هەوڵدەدەن ببنە "زۆربای بوودایی".
ئازاد بەرزنجی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved