23/1/2022 09:18 AM

داتاكانی خاچی سوورو مانگی سوور دەدزرێن

یەكێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵەكانی خاچی سوورو مانگی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند: لەلایەن چەتەكانی سایبرانییەوە هێرش كراوەتە سەریان و داتای زیاد لەنیو ملیۆن كەسیان دزیوە.

كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەراگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، دزەكەران توانیویانە زانیاری تایبەتی لەسەر زیاد لە 515 هەزار كەس كۆبكەنەوە كە مەترسی گەورەیان لەسەرەو زۆربەیان لە ململانێیەكان هەڵاتوون و كەسانێكیان تێدایە بەهۆی ململانێ و كۆچ و كارەساتەكانەوە لە خێزانەكانیان جیابوونەتەوە، هەروەها زانیاری لەسەر ئەو كەسانە تێدایە كە خۆیان و خێزانەكانیان ونبوون یاخود دەستبەسەرن، ئەم زانیاریانەش بەلایەنی كەم لەرێگەی 60 كۆمەڵەی نیشتمانی خاچی سوورو مانگی سوور لە سەرانسەری جیهاندا كۆكراونەتەوە.

ئەوەی زیاتر كۆمیتەی نێودەوڵەتی لەم هێرشە نیگەران كردووە ئەو مەترسییانەیە كە ئەم دزەپێكردنە دروستیدەكات و رەنگە ئەم زانیارییانە ئاشكرابكرێن و بڵاوبكرێنەوە كە بریتین لە زانیاری نهێنی و پەیوەستە بە كەسانێكەوە كە تۆڕی خاچی سوورو مانگی سوور هەوڵئەدات بیانپارێزێت و هاوكاری خۆیان خێزانەكانیان بكات لەكاتێكدا كەسانێكیان دیارنامێنێت سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی و هاوڕێكانی لەوپەڕی نیگەرانیدا دەبن لەبارەی چارەنووسییانەوە.

دزەپێكردنەش لەناو كۆمپانیای زانیاری لە سویسرا روویداوە كە كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەوتی بۆ هەڵگرتنی زانیارییەكان دەستنیشانی كردوون و تائێستاش رووننەبۆتەوە كێ لەپشت ئەو هێرشە سایبرانیەوەیە.

لە دەرئەنجامی ئەو كارە دزێوەدا كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ناچاربووە كۆتایی بەو بەرنامەیە بهێنێت كە بە شێوەیەكی كاتی كاری لەسەر دەكردو دەیویست سەرجەم ئەو خێزانانە بەیەكتری گرێبداتەوە كە جەنگ و ململانێییەكان پارچە پارچەی كردبوون.

روبیر ماردینی بەڕێوەبەری گشتی كۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی هانی بەرپرسانی هێرشەكە دەدات كاری راست ئەنجامبدەن و بڕیاری راست بدەن، راشیگەیاند: پەشیمانببنەوە لە بڵاوكردنەوەی یاخود فرۆشتنی و دزەپێكردن یاخود بەكارهێنانی بەهەر شێوەیەكی تر بێت كە رەنگە ئەم كارانەتان زیان بەوانە بگەیەنێت كە پێشتر بە دۆخی ناخۆشدا تێپەڕیون كە بڕوا ناكرێت.

روبیر ماردینی راشیگەیاند: هێرشكردنەسەر زانیاری ئەو كەسە بێسەروشوێن و ونبووانە دۆخی خێزانەكانیان قورستر دەكات و هەست بە شۆك دەكەین كاتێك ئەم زانیارییانە بە ئامانج دەگیرێن و دزەیان پێدەكرێت كە پەیوەستن بە كارێكی مرۆڤایەتییەوە، ئەم هێرشە سیبرانییە مەترسی زیاتر دەخاتە سەرشانی كەسە لاوازەكان كە هەر لە بنەڕەتدا ئەوانە پێویستییان بە خزمەتكردنی مرۆیی هەیە.

خاك - ئاژانسەكان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved