17/8/2016 03:32 PM

خەندان

خەندان..تروسكەیەك بۆ دەوڵەتی كوردی
شەریف پاشا کوڕی سەعید پاشای کوڕی حوسێن پاشای ئەحمەد ئاغای خەندانە. باوکی شەریف پاشا کەسایەتییەکی ناودار بووە، چەندین پۆست و پایەی لە ناو دەوڵەتی عوسمانی هەبووە و دواهەمینیان سەرۆکی شوورای دەوڵەت بووە.شەریف پاشا، ساڵی 1865 لە دایک بووە، لە سلێمانی چۆتە خوێندنگەی خواجەکان، لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید هاوپۆل بووە و دەرسی خوێندووە. لەوێ فێری زمانەکانی تورکی عوسمانلی، عەرەبی، فارسی بووە، پاشان چۆتە ئەستەمبوڵ و فێری زمانەکانی یۆنانی، ئیتاڵی، فەرەنسی بووە.
لە دەوڵەتی عوسمانیدا پلەی فەریق وەردەگرێت و دواتر لە قوتابخانەی سەربازی (سانت-سیر) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، ساڵی 1889 پلەی ژەنەڕاڵی وەردەگرێت. ساڵی‌ 1890 خێزان پێکەوەدەنێت، هاوسەرەکەی‌ کچی‌ عەباس حیلمی‌ و ئامۆزای‌ مەلیک فاروقی‌ پاشای‌ میسر بووە.ساڵی 1898 دەنێردرێتە سوید و دەکرێتە نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی لە سوید بە پلەی (باڵوێزی فەقولعادە)، لەوێ دەبێتە دۆستی شای سوید، هەر لە سویدیش فێری زمانی سویدی و ئینگلیزی دەبێت. لەو ماوەی لە سوید دەبێت، دوو خەڵاتی شاهانە وەردەگرێت (نیشانەی شمشێر، ئەستێرەی باکوور).ساڵی 1900 پەیوەندی بە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی دەکات و ناوی نهێنی رێکخراوەیی (کوردە) دەبێت.
هەر لە سوید، سەرەتای ناکۆکی لە نێوان ژەنەڕاڵ شەریف پاشا و، دەوڵەتی عوسمانی دەردەکەوێت. بەهۆی ئەوەی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، داکۆکی لە ئیتیحاد و تەرەقییەکان دەکات و پەیوەندییان لەگەڵ دەبەستێ. بەهۆی پێگەی بەرزی باوکییەوە سوڵتانی عوسمانی چاوپۆشی لەم کارەی ژەنەڕاڵ دەکات.دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن ئیتحادییەکانەوه،‌ لە ساڵی 1908 ژەنەڕاڵ شەریف پاشا دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ. لە ئەستەمبوڵ بەهاوکاری چەند کەسایەتییەکی کورد (ئەمین عالی بەدرخان، شێخ عەبدولقادری شەمزینی، چەندین کەسی تر) یەکەم کۆمەڵە و رێکخراوی سیاسی کوردی بەناوی (کورد تەعاون و تەرەقی جەمعیەتی) دادەمەزرێنن و رۆژنامەیەکیش بەناوی (کورد تەعاون و تەرەقی غەزەتە‌سی) بڵاودەکەنەوە، کە پیرەمێردی شاعیر، سەرنووسەری دەبێت.دواتر بەهۆی تاکڕەوی و دیکتاتۆری ئیتیحاد و تەرەقییەکان، کۆمەڵە کوردییەکەی ژەنەراڵ شەریف پاشا و رۆشنبیرەکانی دیکەی کورد دادەخرێت و، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان شەریف پاشا و ئیتیحادییەکان، بەهۆیەوە ساڵی 1909 دەچێتە پاریس. لەوێ پارتێکی نەیار دژی دەوڵەتی ئیتیحاد و تەرەقییەکان، بەناوی حیزبی رادیکاڵی عوسمانی دادەمەزرێنی، گۆڤارێک بەناوی مەشرووتیەت، بڵاو دەکاتەوە.
لەو ساڵانەی لە پاریس دەژی، ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی فراوان لەگەڵ سیاسەتکار و ناوەندە جیهانییەکانی ئەو سەردەمە دابمەزرێنێ و لە دۆزی کورد ئاگاداریان بکاتەوە. سەرەتا هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا مافەکانی کورد بەدەست بهێنێ و بۆ ئەو پرسە تێ دەکۆشێت.لە سەرەتاکانی دەستپێکی جەنگی جیهانی یەکەم لە 1914، ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، هەوڵ دەدات پەیوەندەی لەگەڵ دەوڵەتی ئینگلیزی بەریتانیا ببەستێ و، لە بارودۆخ و خواستەکانی کورد ئاگاداریان بکاتەوە. نامە دەنێرێ بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و پێیان دەڵێ: کورد هاوکاری هاوپەیمانەکان دەکات، بەمەرجێ شتێک بۆ کورد دابین بکەن. ئەم نامەیە یەکەم کاری دیپلۆماسی نەتەوەیی بووە، کە جیاوازبووە لە کارەکانی پێشووی ژەنەڕاڵ، کە زیاتر مەیلی بەلای چاکسازی و مافی کورد، لە نێو دەوڵەتی عوسمانییدا دەچوو.پێش تەواو بوونی جەنگی جیهانی یەکەم، بەریتانیا دەیەوێت لەگەڵ کورددا وتووێژ بکا، بۆ ئەو مەبەستەش سێر بیرسی کۆکس ی نوێنەری بەریتانیا، لە شاری مارسیلیای فەرەنسی چاوی بە ژەنەڕاڵ شەریف پاشا دەکەوێت.
ژەنەڕاڵ ئەمە بە هەلێک دەزانێت و درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، وەک داواکاری کوردان و پێشنیار دەیخاتە بەردەم کۆکس.ساڵی 1918 دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ژەنەڕاڵ شەریف پاشا بەهۆی خوێندنەوەی مێژووی کورد و نووسینی کوردناسەکان، لە کەسێکی پان عوسمانیزمەوە وەردەچەرخێ بەرەو کەسایەتییەکی نەتەوەیی کورد و بیری کوردایەتی دەکەوێتە مێشک. هەر لەو دەمەدا پەیوەندەی دەکات بە سەرکردەکانی ئەو دەمی کورد (شێخ مەحموود، سمکۆی شکاک،سەید تەهای نەهری) و لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە راوێژیان لەگەڵ دەکات.لە ساڵی 1918 دوای تەواوبوونی جەنگ، هەوڵە دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕتر دەکاتەوە و دوو نامە دەنێرێ بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.
لە نامەکاندا ئاماژە بە زوڵم و زۆری تورکەکان دەکات و دەڵێ نامانەوێ لەگەڵیاندا بژین، داوای دەوڵەتی کوردی دەکات و رایدەگەیەنێت کە بەهۆی بیری خێڵەکی کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەستەمە سەرۆکێک هەڵبژێردرێت، چونکە هەر خێڵێک سەرۆک خێڵەکەی خۆی لەوانی تر پێ گەورەترە. هەر لەو نامانەدا ئاستی پێگەیشتووی شەریف پاشا دەردەکەوێت و، ئاماژە بەوە دەکات سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێ کەسێکی شارەزا و لێهاتووبێت، هەم لە بواری ئیداری و هەم لەبواری سیاسی و سەربازی بتوانێ ئیدارەی ئەو وڵاتە بکات و بیگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.
‌ ئەم تایبەتمەندیانەش لە خودی ژەنەڕاڵدا هەبووە، هەروەها دەڵێت: بۆ ئەوەی ئەو کێشانە ڕوونەدات ئامادەیە سەرۆکایەتی ئەو دەوڵەتە بەئەستۆ بگرێت. بەڵام بەداخەوە ئەو نامانە‌ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و لە لایەن بەریتانیاوە بایەخێکی پێ نەدراوە.لە سەروبەندی بەستنی کۆنگرەی ئاشتی، ژەنەڕاڵ دەست دەکاتەوە بە چالاکی دیپلۆماسی و لە 6-2- 1919 لە پاریسەوە نامەیەک بۆ سەرۆکی کۆنگرەی ئاشتی دەنێرێت، لەبارەی داواکاری و خواستەکانی کورد. شەریف پاشا خۆی بۆ بەشداریکردن لەو کۆنفرانسە ئامادە دەکات، کە چارەنووسی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات.
شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵای نەهری، لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان، بەناوی (کۆمەڵەی تەعالی کوردستان) لە ئەستەمبوڵ، لە رێگای کۆمیساریای ئەمریکی و ئینگلیزی و فەڕەنسییەوە لە ئەستەمبوڵ، ڕایدەگەیەنن کە شەریف پاشا بۆی هەیە لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکان ببێتە نوێنەری داخوازییەکانی گەلی کورد. لە هەمانکاتدا نامەشیان لەم بارەیەوە بۆ ئەنجوومەنی کۆنفڕانسەکە نووسیووە.
لە هەمانکاتدا لە باشووری کوردستان، شێخ مەحموودی مەزبەتەیەکی بە خەڵک و عەشایەری کورد مۆرکرد. بەگوێرەی ئەمە، شەریف پاشا کرا بە نوێنەری کوردەکان لە (کۆنفڕانسی ئاشتی لە پاریس) بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی میللەتی کورد.
ئەم مەزبەتەیە بە قەڵەمی ڕەفیق حیلمی، لە شاری سلێمانی نووسراوە بە بەر چاوی مێجەر نوئێلەوە. کە هاوکات نامەیەکیشی لەگەڵدا بووە و بە رەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجی، رەوانەی پاریس کراوە، بەڵام ئینگلیزەکان لە حەلەب رێگەیان لەو دوو نوێنەرە گرت و نەیانهێشت نامەکە بگاتە کۆنفرانسەکە لە پاریس!ئەمە جگە لەوەی پێشووتریش پەیوەندی بەستووە لەگەڵ سمکۆی شکاک و شێخ مەحمود و سەید تەهای نەهری و سەرکردە چەکدارەکانی کوردەوە و راوێژی پێکردوون دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.هەروەها جگە لەوان ڕێکخراوە سیاسییە کوردیەکانی وەک (تەعاون و تەرەقی کورد، هیوا، تەشکیلاتی ئیتجتماعی، فیرقەی دیموکراتی کورد، جەمیعەی ئیستقلالی کوردستان) نامەی پشتیگری و نوێنەرایەتیان نارد بۆ شەریف پاشا، تا وەکو نوێنەری کوردان تێبکۆشێ لە پێناو مافەکانی کورد.

ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو دەمەدا بەشێوەیەک لە شێوەکان کوردانی چوارپارچەی کوردستان، یەکدەنگ و هاو هەڵوێست بوون لەبارەی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شەریف پاشایان کردۆتە نوێنەری خۆیان! یاخود ئەگەر ئەوانیش بیری سەربەخۆیی خوازیان نەبووبێت، بەڵام ژەنەراڵ شەریف پاشایان وەک نوێنەری خۆیان دەستنیشان کردووە ، شەریف پاشاش بەناوی کوردەوە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کوردەکان کردووە.هەروەها شەریف پاشا، لە دووکاتی جیاوازدا لەگەڵ سێر بیرسی کۆکس، نوێنەری بەریتانیا لە فەڕەنسا کۆدەبێتەوەو بیری دەخاتەوە کە پێویستە بەریتانیا، لە داخوازییەکانی کورد بکۆڵێتەوە!شەریف پاشا لە 22- 3-1919 بەناونیشانی سەرۆک وەفدی کوردان، بەشداری کۆنفرانسی ئاشتی دەکات، کە لە پاریس بەرێوەچوو. تێیدا یاداشتنامەیەک لەبارەی داخوازییەکانی میللەتی کوردەوە پێشکەشی کۆنفرانسەکە دەکات. لە ناوەڕۆکی یاداشتنامەکەیدا وێڕای ئەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن مێژوو و کولتوور دەناسێنێ، ئاماژە بە شارە کوردییەکان و مێژووی کوردەکان دەکات. هاوکات لە چوارچێوەی یاداشتنامەکەیدا نەخشەیەکی کوردستانیشی لەگەڵدا بووە. ئەو نەخشەیەی کە ژەنەراڵ شەریف پاشا کێشاویەتی و پێشکەشی کۆنفرانسی ئاشتی کردووە، وەک یەکەمین نەخشەی کوردستانی گەورە دەناسرێت کە لە ئاستێکی فەرمی و نێودەوڵەتیدا بەکارهێنرابێت. لە سەرەکیترین داواکارییەکانی یاداشتنامەکەشیدا داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد دەکات.
هەر لەو سەروبەندەدا کە جیهان گۆڕانکاری زۆری تێدا روویداوە و گۆڕانکارییەکان خێرا بوون، لە نێوان مانگی حەوت و دەی ساڵی 1919 ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، دوو نامە دەنێرێت بۆ بەلفۆڕی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و تێیدا داوای دەوڵەتێکی کوردی دەکات. هەروەها پێشنیار دەکات کە سەرەتا ئەو دەوڵەتە بە نهێنی ئامادە بکرێت و پاشان بخرێتە بەردەم کۆنگرەی گەلان. هەر لەو نامانەدا ئەوە رادەگەیەنێت، کە کوردان ئەوەیان وەک سەرۆکی دەوڵەتی کوردی هەڵبژاردووە.وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نامەیەک بۆ نوێنەری بەریتانیا لە بەغدا دەنووسێت، تێیدا رەزامەندی دەنووێنێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بەسەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، بەڵام نوێنەری سامی لە بەغداد رەتی دەکاتەوە و دەڵێ کوردان خێڵەکین و هەستی خێڵەکییان هەیە نەک نەتەوەیی.
هەر ئەوکاتیش ناکۆکی لە نێوان ژەنەڕاڵ شەریف پاشا و شێخ عەبدولقادری نەهری دروست دەبێت، بەوەی شێخ داوای ئۆتۆنۆمی دەکات و بروسکە دەکات بۆ کۆنگرەی ئاشتی، ژەنەڕاڵیش خەون دەبینێ بە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی.پاشان بەهۆی هەوڵەکانی ژەنەراڵ شەریف پاشا و داخوازی کوردەکانەوە، لە رێکەوتنامەی سیڤەر لە ساڵی 1920، بەگوێرەی مادەکانی (62، 63، 64) پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی وەک مافی کورد، دیاری دەکرێت و دەوڵەتی تورکیاش بەمە رازی دەبێت. لە باشووری کوردستانیش شۆرشی شێخ مەحموود، سەر هەڵدەدات و دژی ئینگلیز دەوەستێ، هاوکات نوێنەرانی شارەکانی (ئورفە، وان، بەتلیس، مەڵاتیا، دەرسیم، دیاربەکر) باکووری کوردستان لە رێگەی نوێنەرەکانیانەوە رایدەگەیەنن نایەوێ لە تورکیا جیا ببنەوە! بەمەش خەونی دەوڵەتەکەی ژەنەڕاڵ شەریف پاشا لەگۆڕ دەنرێ و رێکەوتنامەی لۆزانیش ئەمە دەچەسپێنێت.دوای ئەوەش ژەنەڕاڵ شەریف پاشا، لە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت و چەندین دیدار ئەنجام دەدات و چەندین نامە بۆ سەرکردە و باڵوێزخانەکان دەنێرێ. لەوانە، دووجار نامە بۆ مۆسۆلینی سەرۆکی ئیتاڵیا دەنێرێ، لە بارەی پرسی کوردەوە.دواجار ژەنەڕاڵ شەریف پاشا بێ ئومێد دەبێت و واز لە کاری دیپلۆماسی دەهێنێت و لەگەڵ کەریمەی کچی و زاوا ئیتاڵیەکەی دەچێت بۆ ئیتاڵیا و لەگەڵ ئەوان دەژی. ساڵی 1951 هەر لە ماڵی کەریمەی کچی، لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا، لە تەمەنی 86 ساڵی مردووە و تەرمەکەیان بۆ میسر گواستۆتەوه. تا ئێستاش نازانرێ لە کوێ نێژراوە و گۆڕ غەریب ماوەتەوە‌، هەرچەندە وەسیەتی ئەوەبوو دوای مردنی تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی فرێ بدەنە‌ دەریاوە، چونکە خۆی بە کەسێکی بێ نیشتمانی سەربەخۆ دەزانی.
سەرچاوەکان:
کوردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی د. جەلیلی جەلیل و: لە ڕووسییەوە د. کاوس قەفتان بەغدا ١٩٨٧.
کورديپيديا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved