7/5/2017 03:48 PM

65‌ جار خوێنراوه‌ته‌وه

ئیبراهیم خەیات

ئیبراهیم محەمەد موستەفا ناسراو بە ئیبراهیم خەیات (لەدایكبوون ١٩٣١ - كۆچی دوایی ٢٠٠٥) هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی خەڵكی شاری سلێمانی و باشووری كوردستان. لە بەرهەمە دیارەكانی گۆرانی «خۆشم ئەوێ» كە پیاهەڵدان و ستایشە  بە كوردستاندا .

ئیبراهیم لەساڵی ١٩٣١ لە خێزانیكی هەژاری شاری سلێمانی لەدایكبوو. تەمەن یەك ساڵان بووە، كە باوكی كۆچی دوایی كردووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئەچێتە قوتابخانە؛ لەبەر هەژاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و لای وەستا تۆفیقی برای ئەبێت بە شاگردی خەیات. ئیبراهیم لەساڵی ١٩٥٦ خێزان پێك ئەهێنی و دەبێتە باوكی چوار كوڕ و پێنچ كچ.

ژیانی هونەری
هەر لە سەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەكردوون. لە شۆڕشی چواردەی تەمموزدا سروودی نیشتمانی ووتووە. هەروەها گۆرانی بۆ خۆشەویستی وتووە. لە ساڵی ١٩٥٨ بانگ هێشت كراوە بۆ ڤییەنا، كە هەموو تیپە لاوەكانی جیهان بانگ

ێشت كرابوون و ئەمانیش بەشداریان كردبوو، كە سروودی نیشتمانیان وتەوە لەوێ. دواتر بووە بە ئەندامی تیپی موزیكی سلێمانی وهەموو تیپە موزیكییەكانی بە تیپی خۆی زانیوە. لە ساڵەكانی ١٩٦٠دا لە ڕادیۆی بەغداد چەندین ‌گۆرانی تۆماركردووە؛ لەوانە: «بۆ ڕەنجەڕۆت كردم»، «ئیستعماری گەڕ»، «حیلفی بەغداد»، «تۆ جوانتری لەگوڵ» و «خۆشم ئەوی ووڵاتەكەم».

ئیبراهیم خەیات‌ دەستی بۆ هەر هەڵبەستێك بردبێ و كردبێتی بە گۆرانی، ئەوەندەی دیكە بووە بەهۆی ناساندنی هەڵبەستوانەكە؛ بۆ وێنە كە دەچینە نێو گوڵزاری گۆرانییەكانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا بەگی گۆراندا دەستمان دەگرێ و بەگشت كوردستاندا دەمانگێڕێ، دۆڵاو دۆڵی وڵات، شار و دێ و هەموو قەدپاڵ وجوانییەكی نیشتمانمان پیشان ئەدات. جارێكی دیكە «ژیان» بەبەر گۆرانیدا دەكاو دەیهێنێتەوە ئەم «جیهان»ە و لەگەڵ كوڕان و كیژانی ئەم نەوەیە ‌و نەوە‌كانی داهاتوودا ئاشنای دەكا. تەنیا بەوە هەدا نادا، بەڵكو بارگەو بنەی سەفەری لە «سۆران»ەوە بەرەو ناوچەی «گۆران» لەكۆڵ دەكاو تا دەگاتە ئەوێ، بۆ ساتێكیش ڕاناوەستێ. لەوێش دوای پشوویەكی كورت، لایەك لە «ست فاتیمە»ی هەردی دەكاتەوە و دەیدا بەگوێی سابڵاخدا. هەر ئەو ئاوازە ڕەسەنەی ئەمیشە دەبێ بەهۆی ناساندنی «خەلیل سدیق» و دەیباتە ڕیزی نەمرانەوە.


تایبەتمەندییەكانی ئیبراهیم
بەدەگمەن دەستی بۆ وتنی سروود بردووە، بەڵام بەتەنیا سروودێك و بە هەڵبەستێكی پڕ لە هەستی «كاكەی فەللاح» وای لێكردووین، پڕ بە دڵ بڵێین: «خۆشمان دەوێی مامە برایم، چونكە بەوتنەوەی ئەو سروودە جارێكی تر فێرت كردین كوردستانمان خۆش بوێ و كاكەی فەللاح بەرز بنرخێنین.»

خاڵێكی دیكەی جێگای باسی هونەری ئەم هونەرمەندە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە؛ وەك چۆن لەهەڵبژاردنی هۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە هەنگاو بنێ، ئاواش لەدەربڕِینی دەنگدا وەستایانە جوڵاوەتەوە. لەگەڵ كێشی هۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێكی ئەوتۆی داوە بەگوێی بیسەراندا كە دەستبەجێ بۆی لەمل بداو بڵێ: «بەڕِاستی كاڵا بەقەد باڵایە».

گۆرانییەكانی ئیبراهیم خەیات‌ تەنیا شوێنی لەسەر خەڵك دانەناوە، بەڵكو بووە بەھەوێنی خوڵقاندنی گەلێك بەهرەی دیكە لەنێو خێزانەكەیدا، بۆ وێنە گۆران ئیبراهیم هەر كە ڤیۆلۆنەكەی دەست دەداتی و ئاوازێك دەژەنێ، بیسەر دەبا بۆ جیهانییەكی ئەفسوناوی. سەیری سەكۆی شانۆ دەكەی، ژیان ئیبراهیم دەبینی، كە ئەكتەرێكی بەتوانایە‌ و فێری كوردایەتی و بەرخۆدانت دەكا. لە گۆرانیدا جیهان ئیبراهیم و‌ كیژان ئیبراهیم دوو دەنگی جیاواز و دەگمەنی ئەو بنەماڵە هونەرییەن. ئاوڕ لە‌سۆران دەدەیتەوە، قوتابییەكی باشی گۆران ئیبراهیم ‌و پەنجەیەكی شیرینی هەیە. ئەمە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، كە مامۆستا ئیبراهیم هەم وەك باوك و هەم وەك هونەرمەند كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بنەماڵەی هەبووە و لەگەڵ ئەوەدا دەرەتانی داون خۆیان تاقی بكەنەوە،.

لەناوەرڕاستی هەشتاكاندا كە گۆرانی «ئێمەن گیانێكین»ی تۆمار كرد لە تەلەفزیۆنی كەركووكدا بڵاوكرایەوە، سۆلۆژەنی گۆرانییەكە گۆرانی كوڕیەتی. ئیبراهیم خەیات زیاتر لە١٠٠ گۆرانی پێشكەشی گەلی كورد كردووە، كە دواهەمین بەرهەم بەناوی «سەرنج» بوو، ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٠دا بەئەنجامی گەیاند، هەروەها دوو مەقام و گۆرانییەكی پێشوویی نوێكردەوە، ئەوانەش «ست فاتیمە» و «دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە» و «بەهار».

 ئیبراهیم هۆنراوەی شاعیران گۆران، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، ئەحمەد هەردی، ڕەزا حمە .... هتد ی كردووە بەگۆرانی. هاوڕێ هونەرییەكانی ئەمانەبوون (قادر كابان، شەوكەت ڕەشید و سەلاح ڕەشید.

هونەرمەند ئیبراهیم خەیات‌ خاوەن بەهرەیەكی دڵپاك و كوردێكی خودان هەڵوێست بووە. كۆچی یەكجاری ئەو هونەرمەندە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بوو.
ئامادەكردنی : سۆزان عومەر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved