5/9/2017 02:35 PM

شێخ سه‌عیدی پیران

شێخ سه‌عیدی پیران (١٨٦٥-١٩٢٥) شۆڕشگێڕێكی كورد بوو كه‌ له‌ ١٩٢٥دا به‌یارمه‌تی ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ دژ به‌حكومه‌تی كۆماری توركیا شۆڕشی كردو بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌مارۆی شاری ئامه‌دیان دا به‌ڵام هێزه‌كه‌یان تێكشكاو پاشان شێخ سه‌عید له‌سێداره‌درا.

شیخ سه‌عید ساڵی ١٨٦٥ له‌ناوچه‌ی پاڵوو له‌دایكبووه‌. یه‌كێكه‌ له‌شێخه‌ به‌رزه‌كانی نه‌قشبه‌ندی. له‌پاش مردنی باپیره‌ی شیخ عه‌لی، باوكی ناوچه‌ی پاڵووی به‌جێهێشتووه‌و ڕوویكردۆته‌ شاری خنیس. شێخ سه‌عید خوێندنی دینی له‌و شاره‌ ته‌واوكردوه‌، پایه‌‌و ڕێزی كۆمه‌ڵایه‌تی شێخ و زیره‌كی و لێهاتوویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆته‌ هۆی سه‌ره‌كی بۆئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبوون په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆو پته‌و به‌شێخ سه‌عیده‌وه‌ بكات له‌كوتایی هاوینی ١٩٢٣ یوسف زیبا كه‌ سه‌رۆكێكی بزوتنه‌وه‌ی كوردو نائیبی كۆنی شاری به‌تلیس بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیادا، چۆته‌ خنیس بۆ خزمه‌تی شێخ سه‌عیدو ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاری هه‌ڵگیرسانی شۆرشێكی نوێ بده‌ن. له‌زستانی ١٩٢٣ تا ١٩٢٤ سه‌رۆك هۆزه‌كان و ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبوون كۆبونه‌وه‌ی فراوانیان له‌ناوچه‌ی پاڵوو به‌ست كه‌ تیایدا باس له‌فراوانكردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاكی كردن له‌پێناو بزوتنه‌وه‌ی نهێنی و خۆئاماده‌كردن بۆ ڕاپه‌ڕینی نوێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

ئه‌م كارو بڕیاره‌ش تا ڕاده‌یه‌كی به‌رفراوان به‌یارمه‌تی شێخ مه‌حمودی حه‌فیدو سمكۆی شكاك بوو، هه‌روه‌ها بڕیاردرا یاداشتێك ده‌رباره‌ی پشتگیری نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان (عسبه‌ الامم) بنێرن خالید جه‌بری و یوسف زیبا چالاكترین ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبون بوون كه‌ هه‌موو بڕیاره‌ گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌یان ده‌گه‌یانده‌ دوورترین ناوچه‌كانی كوردستان و ئاماده‌ییه‌كی هه‌میشه‌ییان له‌نێوان سه‌رۆك هۆزه‌كاندا په‌یداكردبوو، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی جه‌مهوری پێشكه‌وتووی توركیا په‌یداكردبوو كه‌ له‌تشرینی دووه‌می ١٩٢٥ دامه‌زرابوو، به‌ڵام به‌هۆی خیانه‌تكاری سه‌رۆكه‌كانی هۆزی خورمیك كه‌ ده‌نگوباس و خوئاماده‌كردنی گه‌یانده‌ یاساوڵانی ڕژێمی توركیا، به‌بڕیاری مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، یوسف زیباو خالید جه‌بری به‌گ گیران و ڕه‌وانه‌ی زیندانی به‌تلیس كران، له‌پاش گرتنی ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ وه‌ك پیویستیه‌كی گرنگ به‌په‌له‌ بریاریدا كه‌ شیخ سه‌عیدی پیران هه‌ڵبژردرێت و بكرێت به‌ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی سه‌رخۆبوون.

شیخ سه‌عید له‌پاش هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ بڕیاری هه‌ڵگیرسانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌كدارانه‌ی دا، به‌ڵام زیاتر ده‌یویست بڕیاره‌كه‌ مۆركی كوردستانی گه‌وره‌ی پێوه‌ دیاربێت له‌به‌رئه‌وه‌ عه‌لیڕه‌زای كوڕی نارده‌ شاره‌كانی ئامه‌دو حه‌ڵه‌ب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سه‌رۆكه‌كانی كوردی سوریاو عیراق و ئێران بۆ زیاتر رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاتی گشتی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌.

له‌پاش كوبونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌شاری حه‌ڵه‌ب، هه‌مووان گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ مافی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كورد به‌بێ شۆڕشێكی چه‌كدارانه‌ مه‌حاڵه‌ مسۆگه‌ر بكرێت. پاشان، ڕۆژی ٢١ ئازاری ساڵی ١٩٢٥ دانرا به‌یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش. له‌نیوه‌ی دووه‌می مانگی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٢٥ دا شێخ سه‌عید گه‌شتێكی به‌زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستاندا كرد، ده‌چووه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك به‌كۆمه‌ڵ لایه‌نگرو دۆست ڕوویان تێده‌كرد. له‌ ٥ی شوباتی ١٩٢٥ شێخ سه‌عید خانی به‌جێهیشت له‌گه‌ڵ سه‌د سواره‌ به‌ره‌و گوندی پیران به‌ڕێكه‌وتن بۆ ماڵی عه‌بدولره‌حیمی برای. هه‌ر له‌و شه‌ودا مه‌فره‌زه‌یه‌كی سوپای تورك به‌سه‌رۆكایه‌تی حوسنی ئه‌فه‌ندی و موسته‌فا عالیم كه‌ هاتبوون بۆ گرتنی چه‌ند كه‌سێك له‌ گوندنشینه‌كان. شێخ سه‌عید ڕازی نه‌بوو كه‌ كه‌س بگیرێ. ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو لا سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك بگرن. له‌پاش شه‌ڕو ته‌قه‌كردن چه‌نده‌ها كه‌س له‌ مه‌فره‌زه‌ی دوژمن كوژران و ئه‌وانی تریش به‌ئه‌سیری گیران.

ئه‌م ڕوداوه‌ له‌پڕه‌ بووه‌ هۆی ڕێگرێكی سه‌ره‌كی ناوه‌خت له‌ كامل ‌نه‌بوونی خۆئاماده‌كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ سه‌عید. كاتێك شێخ تایه‌ری برای شێخ سه‌عید ئه‌م هه‌واڵه‌ی بیست، بێ وه‌ستان و چاوه‌ڕوانی له‌ ١٠ی شوباتی ئه‌و ساڵه‌دا كونتڕۆڵی شارۆچكه‌ی لیچه‌ی كردو ده‌ستی به‌سه‌ر گشت پاره‌و نووسین و نامه‌‌و ته‌لگرافی نهێنی ڕژێمدا گرت، له‌ڕۆژی ١١ی شوباتدا، له‌گه‌ڵ دووسه‌د هه‌زار سواره‌ چوونه‌ خزمه‌ت شێخ.

ئه‌م ڕووداو و هۆكارانه‌ بونه‌ هۆی سستبوونی هه‌ندێ كاری شۆڕشه‌كه‌ ڕێگه‌یان له‌دواخستنی شۆڕشه‌كه‌ گرت بۆیه‌ شێخ سه‌عید به‌ناچاری پێشوه‌خت بڕیاری ده‌ستپێكردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی دا، به‌پێی ئامارێكی ئه‌وكاته‌، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌ كورده‌كان ته‌نیا له‌ چوار‌ ولایه‌دا نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د هه‌زار كه‌س بوون به‌رامبه‌ر ژماره‌ی هێزی توركه‌كان كه‌ له‌ سه‌د هه‌زار كه‌متر بوون. له‌م ناوچانه‌دا نه‌ته‌وه‌ی چه‌ركه‌س و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌نیشی تێدابوو، ئه‌م كه‌مینه‌ نه‌ته‌وانه‌ش زۆر چه‌وساوه‌و زوڵملێكراوی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تورك بوون بۆیه‌ زۆربه‌یان له‌ شۆڕشه‌كه‌دا به‌شداربوون و شێخ سه‌عید سه‌رۆكایه‌تی سواره‌ پێشمه‌رگه‌كانی حاجی حه‌سه‌ن و عه‌مه‌ری خارۆ هۆزی مه‌ستان و بۆتانی باشوری چیای كوچه‌رانی ده‌كرد. هێزی ساڵح به‌گی خانی هێزه‌كانی شێخ شه‌مسه‌دینیش هاتنه‌ ناوچه‌ی مادن و شێخ ئه‌یوبیش له‌گه‌ڵ هه‌زاران سواره‌ی پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ ناو ریزه‌كانی شێخ عه‌بدولره‌حیمی برای شێخ سه‌عید.

به‌ره‌و ڕزگاركردنی شاری ئامه‌د رۆیشتن، شیخ سه‌عید له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستیكرد كه‌ هێزه‌كانی له‌توانایان نیه‌ ئامه‌د رزگاربكه‌ن بۆیه‌ بیری له‌ڕێگای تر كرده‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش كه‌وتبووه‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی تورك تا بوارێكی له‌بار بۆ ڕاپه‌ڕینی كورده‌كانی ناو شاره‌كه‌ بڕه‌خسێنێ. هه‌رچه‌نده‌ بوارو ڕێگا نه‌بوو بۆ گه‌یاندنی ‌هیچ جۆره‌ چه‌كێك بۆ خه‌ڵكانی ناو شاره‌كه‌، گه‌مارۆدانی شاره‌كه‌ش زۆری كێشا، سوپای دوژمنیش له‌ناو شاره‌كه‌دا ڕازی نه‌بوون كه‌ ده‌ستبه‌رداری به‌ره‌نگاری و خۆڕاگرتن ببن، له‌سه‌ره‌تای مانگی ئازاره‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ هێرشی ده‌ستپێكرد به‌ڵام خۆڕاگری سوپای تورك زۆری خایاند، له‌ده‌رگای ماردینی شاره‌وه‌ كه‌رتێكی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی شار یه‌كتریان گرته‌وه‌و كه‌وتنه‌ په‌لامار بۆسه‌ر سوپای دوژمن، توركه‌كان سه‌نگه‌ری پته‌ویان لێدابوو، له‌هه‌مانكاتدا خاوه‌نی سه‌دان چه‌كی نوێ بوون و توانای سه‌ركه‌وتنیان زیاتر بوو، له‌پاش شه‌رێكی قورس و كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هه‌ردوولا، كه‌رتی هێرشبه‌ری پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵك ملیان دایه‌ به‌ر پاشه‌كشه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌ له‌پاش دوو سێ هێرش پێشمه‌رگه‌كان كه‌ تێدا سه‌رنه‌كه‌وتن، به‌ته‌واوی بڕیاری وازهێنان له‌گه‌مارۆی شاره‌كه‌ درا.

ریزه‌كانی شۆڕش ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ به‌ره‌و شپرزه‌یی و په‌رش و بڵاوی ده‌چوو، به‌تایبه‌تی كاتێك سوپای دوژمن له‌ باكوورو باشوره‌وه‌ به‌هێزی زۆر هێرشیان هێناو گه‌مارۆكه‌یان پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌. له‌كۆتایی مانگی نیسان به‌هۆی خیانه‌تی سه‌رۆكی هۆزی جبرانان و قاسم به‌گی جبرانه‌وه‌، شێخ سه‌عید، شێخ عه‌بدوڵا، عه‌لی غالب، ره‌شید ئاغاو ٢٦ شۆڕشگێڕی تر له‌سه‌ر پردی چه‌می مۆراچ له‌ناوچه‌ی گه‌نج به‌دیلی گیران. له‌دوای دادگایكردنی شێخ سه‌عیدو هاورێكانی له‌ كۆتایی مانگی ئایاره‌وه‌ كه‌ ده‌ستیپێكردو ماوه‌ی یه‌ك مانگی خایاند، جگه‌ له‌شێخ سه‌عید، ٤٧ تێكۆشه‌ری كورد بڕیاری له‌سێداره‌دانی ده‌ركراو له‌ دیاربه‌كر له‌سێداره‌دران.

خاك - سه‌رچاوه‌: شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران و سۆڤێت، ئه‌فراسیاو هه‌ورامی، له‌ساڵی ٢٠٠٢، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved