5/4/2018 11:17 AM

فروغی فروخزاد

فروغ-ی شاعیر وشه‌كانی به‌ شێوه‌و وێنه‌یه‌كی ساده‌ ریزكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕن له‌ ته‌نهایی و ئازاره‌كانی مرۆڤ و لاوازی له‌ دنیایه‌كی جه‌نجاڵ، دێڕه‌كانی ده‌ربڕی ئازاره‌كانی ژیانه‌و پڕن له‌ یاده‌وه‌ری منداڵی، هه‌روه‌ها  شیعره‌كانی دوودڵی ئێستاو ترس له‌ سبه‌ینێیه‌كی نادیار وێنا ده‌كه‌ن.

شاعیر له‌ ئازاره‌كانی هه‌ڵنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر ئازارو دڵته‌نگی و سۆز له‌ منداڵێتیدا، هه‌روه‌ها شكستهێنان له‌ هاوسه‌رگیریداو دڵته‌نگی و خه‌مباری هه‌وێنی له‌دایكبوونی دیوانه‌ شیعره‌كانیه‌تی، وه‌كو (دیل، دیوار، یاخیبوون)، دیوانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌شی (له‌دایكبوونێكی دیكه‌)یه‌.

ژیانی شاعیر
* فروغ فروخزاد (شاعیری دیاری شیعری فارسی، سیناریۆنووس، ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی و هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار) له‌ شاری ته‌فره‌شی ئێران له‌ ساڵی 1935 له‌ خێزانێكی سه‌ربازی له‌دایكبووه‌.

* شاعیر تا قۆناغی 9ی ناوه‌ندی خوێندووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا له‌گه‌ڵ په‌روێز شاپور ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌، له‌ دوای پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ده‌ست به‌ خوێندن ده‌كاته‌وه‌ له‌ بواری وێنه‌كێشانداو به‌وهۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا روو له‌ شاری ئه‌هواز ده‌كه‌ن، دوای ساڵێك له‌ ژیانی هاوسه‌رگیری بووه‌ته‌ خاوه‌نی كوڕێك به‌ ناوی (كامیار)، دوای دوو ساڵ پێكه‌وه‌ بوون له‌گه‌ڵ په‌روێز كۆتایی به‌ ژیانی هاوسه‌رگیریان ده‌هێنن.

* له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌روه‌رده‌كردنی كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی په‌روێز شاپور، ئه‌م دوورییه‌ش له‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی فروغ له‌ بواری نوسین و شیعردا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌رنجی فروغ بۆ لای هه‌ڵسوكه‌ت و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا راده‌كێشرێت كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژنێكی جیابوه‌وه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ شیعرو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی فروغدا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

* دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری تاران یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری به‌ ناوی (دیل) له‌ ساڵی 1955 دا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

* له‌ ساڵی 1958 روو له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات، له‌و ماوه‌یه‌دا جگه‌ له‌ ئاشنابوون له‌گه‌ڵ ئیبراهیم جولستان نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ئێرانی، دوو كۆمه‌ڵه‌ شیعر به‌ ناوه‌كانی (دیوار، یاخیبوون) بڵاوده‌كاته‌وه‌.

* له‌ ساڵی 1962 رووده‌كاته‌ شاری ته‌برێز به‌ مه‌به‌ستی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی (ماڵی ره‌ش) كه‌ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵاتی جیهانی وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته‌ هۆی زیاتر ناساندنی فروغ.

* له‌ ساڵی 1963 دیوانی (له‌دایكبوونێكی دیكه‌) بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هێمایه‌كی دیاری له‌دایكبوونی شیعری نوێی فارسیه‌.

فروغ فروخزاد له‌ 14-2-1967 به‌ رووداوێكی هاتوچۆ له‌ ته‌مه‌نی 32 ساڵیدا گیان له‌ده‌ستده‌دات.

جێی باسه‌، فروغ به‌ هه‌ست و به‌هره‌یه‌كی به‌هێزو رۆشنبیرییه‌كی به‌رزو ئاوازێكی نوێوه‌ هاته‌ ناو دنیای شیعری فارسی، كه‌ (نه‌مانی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری له‌ ته‌مه‌نێكی منداڵیدا، عاشق و مه‌عشوق، ژن و پیاو، سته‌مكارو سته‌ملێكراو، باڵدارو به‌ندینخانه‌، سه‌ركه‌ت و قوربانی) خامه‌ی نووسینی شیعره‌كانیه‌تی.

به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر

* یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعری فروغ له‌ ساڵی 1955 دا به‌ ناونیشانی ( دیل) بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 44 شیعر پێكدێت، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ خۆی له‌ نائومێدی و په‌شیمانیدا ده‌بینێته‌وه‌.

* كۆمه‌ڵه‌ شیعری (دیوار) له‌ ساڵی 1956 له‌ 25 قه‌سیده‌ شیعری پێكهاتووه‌.

* كۆمه‌ڵه‌ شیعری (یاخیبوون) له‌ ساڵی 1957 له‌ 17 قه‌سیده‌ شیعری پێكهاتووه‌.

* كۆمه‌ڵه‌ شیعری (له‌دایكبوونێكی دیكه‌) له‌ ساڵی 1962 له‌ 35 قه‌سیده‌ شیعری پێكهاتووه‌.

* كۆمه‌ڵه‌ شیعری (باوه‌ڕهێنان به‌ هاتنی وه‌رزی سارد)  له‌ ساڵی 1964 له‌ 7 قه‌سیده‌ شیعری پێكهاتووه‌و دوای گیانله‌ده‌ستدانی شاعیر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

جێی باسه‌، گومانی تێدا نییه‌ كه‌ شعره‌كانی ده‌ربڕی شاعیر خۆیه‌تی، شاعیرێكی راسته‌قینه‌ كه‌ له‌ناو خۆیدا هه‌ست و سۆزی هه‌ڵگرتووه‌، له‌ كاتی گونجاودا له‌ قاڵبێكدا دایڕشتووه‌، شاعیر وه‌ك زه‌مه‌نی پێش خۆی بیری نه‌كردووه‌ته‌وه‌و به‌حرو وه‌زنی شیعره‌كانی پێش خۆی به‌كارنه‌هێناوه‌، به‌ڵكو هه‌ست و سۆزی قه‌تیسخواردووی ناو ناخی خۆی ده‌ربڕیوه‌و وێنه‌یه‌كی گونجاوی به‌ به‌ردا كردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ دوای خۆی بۆشاییه‌كی قوڵی له‌ شیعری فارسیدا به‌جێهێشتووه‌، تائێستاش ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری ئه‌ده‌بی فارسییه‌ كه‌ شیعره‌كانی له‌نێو نه‌وه‌ نوێكاندا ده‌خوێنرێته‌وه‌.
خوێنەرانی كوردیش لە ڕێگای كتێبی( ژنێ لەبەردەم وەرزێكی سارددا)  زیاتر ئاشنا یەتیان لە گەڵ ئەم شاعیرەدا پەیداكرد كەلەوەڕگێڕانی ئازاد بەرزنجی بزز..
دیاری من باسی ئەوپەڕی شەو ئەكەم 
باسی ئەوپەڕی تاریكی
 باسی ئەوپەڕی شەو ئەكەم 
ئەگەر هاتیت بۆ ماڵەكەم، ئەی میهرەبان
 چرایەكم بۆ بێنە 
لەگەڵ دەلاقەیەكا تا لێوەی بڕوانمە ئاپۆرەی كۆڵانە بەختەوەرەكە.
 ***
 دڵم تەنگە 
ئەچمە هەیوان و پەنجەكانم 
بە پێستی كشاوی شەودا دێنم 
چراكانی پەیوەندی تاریكن 
چراكانی پەیوەندی تاریكن 
كەسێ نییە بە هەتاوم بناسێنێ
 كەسێ نییە بە میوانی بمبا بۆ لای چۆلەكەكان 
فڕین بە یادت بسپێرە باڵندە مەرگی لە پێشە

خاك – ژیمان عبدالرحمان
س/ منبر حر للثقافه‌ والفكر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved