9/3/2019 03:29 PM

مستەفا سلێمان: ئەندازیاری زانستپەروەر

 
خەلیل عەبدولڵا
مستەفا سلێمان  عەبدوڵڵا كەسایەتییەكی دیاری زانستی‌و رووناكبیری كوردستانە‌و بەهێمنی وەك سەربازی ون،لەرێی بەرهەمە ئەدەبی‌و زانستییەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیری‌و زانستیی كوردستان كردووە.
ساڵی 1938 لەگەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لەئامێزی خانەوادەیەكی رووناكبیر‌و نیشتمانپەروەردا گەورە بووە.قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.
خوێندكارێكی زیرەك‌و بەتوانا بووە‌و لە دوا قۆناغی ئامادەیی نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە‌و لە كۆلیجی ئەندازیاریی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە‌و بەسەركەوتوانە تەواوی كردووە.
دواتر وەك ئەندازیار لە وەزارەتی پیشەسازی عیراق‌و كارگەی شەكری سلێمانی خزمەتی كردووە‌و ئەندازیارێكی زیرەك‌و بەتوانا بووە.
مستەفا سلێمان هەر لەسەردەمی لاوی‌و لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە، خولیای جیهانی ئەدەب بەگشتی‌و شیعر بەتایبەتی بووە‌و بەرهەمەكانی لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی وەك ( هەتاو، ژین، هیوا‌و روناكی) بڵاو كردۆتەوە.
ئۆپەرێتیشی نووسیوە‌و ئۆپەرێتی (كوردستان) كە نەورۆزی 1958 نوسیوێتی یەكێكە لە بەرهەمە جوان‌و رەنگینەكانی كە تەعبیری لەهەر چوار پارچەی كوردستان كردووە‌و لەلایەن خۆی‌و خوێندكارانی زانكۆی بەغداوە نمایش كراوە.
بێ‌ لەبواری ئەدەب، مستەفا سلێمان بایەخی زۆری بەفەرهەنگی زانستی داوە‌و خاوەنی شاكارێكی زانستی گەورەیە، ئەویش (فەرهەنگی زاراوەی زانستی)یە كە بەزمانەكانی ئینگلیزی‌و كوردی‌و عەرەبی لەدووتوێی 550 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا نووسراوە‌و ساڵی 2014 بۆ جاری دووەم چاپكراوە.ئەم فەرهەنگە فەرهەنگێكی زانستیی گرنگە‌و رشتە زانستییەكانی وەك( بیركاری‌و زیندەوەرزانی‌و فیزیا‌و كیمیا‌و پزیشكی‌و ئابوری‌و جیۆلۆجی‌و ئەندازیاری‌و  یاسا‌و جوگرافی‌و گەردوونناسی‌و زمانناسی) لەخۆگرتووە‌و سەرچاوەیەكی بەنرخە بۆ خوێندكاران بەگشتی‌و خوێندكارانی بەشە زانستییەكانی زانكۆكان بەتایبەتی.
لەبواری كوردایەتی‌و نیشتمانپەروەریشدا رۆڵی دیار‌و پرشنگداری لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا هەبووە، مامۆستایان( د.جەمال نەبەز‌و مەحموودی مەلا عیزەت‌و قادر میرزا كەریم) وەك هاوڕێی ئەو، لەنووسین‌و یاداشتەكانیاندا بەوپەڕی رێزەوە باسی ئازایەتی‌و جوامێریی لەتێكۆشانی كوردایەتیدا ئەكەن.
پاش زیاتر لەنیو سەدە لەخزمەتكردن لەكایەكانی ئەدەبی‌و زانستی‌و كوردایەتیدا، ئەم كەسایەتییە هەڵكەتووەی كوردستان، لەرۆژی 27ی شوباتی 2019 بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد‌و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مستەفا سلێمانی ئەدیب‌و زانستپەروەر‌و كوردپەوەر.
سەرچاوە:
سوودم لەوتارێكی هاوڕێم سەردار فەتاح  لەئەكاونتی خۆی وەرگرتووە.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved