5/3/2018 02:27 PM

ئەستێرەيە كی هۆڵیود-بۆنۆ

(ئەستێرەكانی هۆڵیود تەنها دوو شتیان دەوێت، دەیانەوێت خۆش بژین و دواتریش جیهان بگۆڕن، ئەگەر بتوانین هەردووكی پێكەوە بكەین ئەوا شتێكی باشە).
بۆنۆ ناسراوترین ئەستێرەو رووكاری بەناوبانگترین تیپی مۆزیكی رۆكە بەناوی (یوتو). بۆنۆ چەندین خەڵاتی گرامیی بەدەستهێناوەو لەماوەی سێ‌ دەیەی رابردوودا چەندین گۆرانی‌و ئەلبومی بەرهەمهێناوەو ملیۆنان كۆپیشی لە سەرتاسەری جیهاندا لێفرۆشراوەو بۆتە یەكێك لە ئەستێرە ناسراوەكانی رۆك لەجیهاندا.
بەڵام هەندێك شتی شاراوەی ئەو پادشایەی رۆك نازانین. بۆنۆ هاوكاریی جیهان دەكات بۆ رووبەرووبوونەوەی قورسترین ئەو شتانەی كە بەرەو روومان دەبنەوە، ئەوانیش بریتین لەهەژاری‌و نەخۆشی سیدا.
بۆنۆ وەك چالاكێكی مرۆیی، بەچەند شێوازێك هاوكاری پێشكەش دەكات… تەنها بەبڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتی‌و خۆشەویستیی ناو گۆرانییەكانی نا، بەڵكو بە بەكارهێنانی ناوبانگەكەی، كاتەكەی، پارەكانی.
(بەكارهێنانی هێزی خۆت وەك ئەستێرەیەك شتێكی باشە، من بێهیوابوون لە ئەستێرەكان‌و زۆر رقم لەو وشەیە دەبێتەوە، دەتوانم بەناوبانگ بم‌و پارە پەیدا بكەم، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە چۆن بە حیكمەتەوە ئەوەی هەمە دابەشی بكەم).
ئەو تواناكانی خۆی لەگەڵا بەهێزترین كەسایەتییەكانی جیهان یەكخستووە، بەتایبەتی لەگەڵا بیل گەیتسی دامەزرێنەری مایكرۆسۆفت و چەندین هاوڕێی تری. پێكەوە هەندێك كاتی خۆیان تەرخاندەكەن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و هاندانی خەڵك بەرەو ئایندەیەكی باشتر.
چەندین ئاهەنگی خێرخوازییان رێكخستووەو بۆنۆ گۆرانیی تیادا پێشكەشكردووە، بەشداریی هەڵمەتێكی جیهانیی كردووە كە هەشت ئاهەنگی گەورەی لەخۆگرت و راستەوخۆ گوازرایەوە و بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی هەشت ملیار بینەریان هەبوو، هەشت ئاهەنگەكە یەك ئامانجی هەبوو: هەژاری ببێتە بەشێك لەرابردوو.
ئاهەنگی هایدپارك نزیكەی شەش ملیۆن دۆلاری كۆكردەوە كە نیوەی ئەو پارەیە تەرخاندەكرێت بۆ كاری خێرخوازی.
لەدوای ساڵانی نەوەتەوە، داواكارییەكانی بۆنۆ زیادیانكردو گەیشتە ئاستی خۆشبوون لە قەرزەكانی وڵاتانی جیهانی سێهەم و زیادكردنی هۆشیاری و هاوكاریكردنی ئەفریقا و بەهاناوەچوونی سیدا بەتایبەتی.
بۆنۆ لەگەڵا چەندین كەسایەتیدا كۆدەبێتەوە كەخاوەنی دەسەڵات و پلەو پایەن و بەگەشت دەیانبات بۆ وڵاتانی ئەفریقا و چەندین گروپ و رێكخراوی بۆ ئەو مەبەستانە دروستكردووە و ئامانجیشی كۆتایی هێنانە بەهەژاری و بەرگرتنە لەنەخۆشی سیدا، لەوانەش رێكخراوی داتا كە تایبەتە قەرزو سیدا و بازرگانی لە ئەفریقا و لە ساڵی 2010دا دایمەزراندووە كە ئەمریكییەكان هاندەدات بۆ ئامانجە باڵاكانی.
بۆنۆ تەنها ئەو شتانە ناكات، بەڵكو وەك قسەكەر و وتەبێژێكی چالاك دەردەكەوێت، بەرهەم و داهاتەكەی تەرخانكردووە بۆ بەرگرتن لە سیل و سیدا و مەلاریا، مافی بەكارهێنانی ناوبانگەكەی بەخشیوەتە شەریكەكانی بەتایبەتی كۆمپانیای مۆتۆرۆلا:
(سیم كاردێك بكەرە ئەم هاندەوە.. ژمارەكەت ناگۆڕێت، بەڵام بەو هەنگاوە ژیانی زۆر كەس دەگۆڕیت. ئەگەر كەسێك تووشی سیدا بووبێت، كە تۆ ئەو ئامێرە بەكاردەهێنیت، ژیانی ئەو رزگار دەكەیت).
بە بەكارهێنانی ئەم ئامێرە، كۆمپانیای مۆتۆرۆلا %50ی داهاتەكەی تەرخان دەكات بۆ كاری خێرخوازی.
بۆنۆ چەندین خەڵاتی گەورەی وەرگرتووە، گۆڤاری تایمی ئەمریكی بۆنۆی وەك كەسایەتیی ساڵا ریزبەندكردووەو وەك یەكێك لە 100 كەسایەتییە گرنگەكەی جیهان بۆ ساڵانی 2004 و 2006و لە ساڵانی 2003 و 2004 و 2006 بۆنۆ كاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو لەپای هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەی قەرزی وڵاتانی جیهانی سێ‌ و هۆشیاركردنەوەی دەربارەی سیدا.بە كورتی، بۆنۆ ئەستێرەی رۆك و چالاكی مرۆییە.

خاك-كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved