16/3/2021 07:23 PM

ئەمپێدۆکلێس

ئەمپێدۆکلێس یەکێک لە فەیلەسووفانی یۆنانی دێرینە کە لە ژێر کاریگەریی پارمێنیدێسدا بووە، بەڵام هاوکات چاویشی لە جیهانی هەستەکانە و هەروەها هەوڵ دەدا فەلسەفە لە ئینتزاعی ڕەها ڕزگار بکا. ئەمپێدۆکلێس دواجار بۆ لێکدانەوەی جیهانی هەستەکان بەو ئاکامە دەگا کە ئارخەی جیهان نابێ یەک شت بێ. یۆنانییەکان هەر لە کۆنەوە بڕوایان بە چوار ماکەی ئاو و هەوا و خاک و ئاور بووە. ئەمپێدۆکلێس ئەم بەستێنە فەرهەنگییە دەگوازێتەوە بۆ فەلسەفە و ئەم چوار ماکەیە وەکوو ئارخەکانی جیهان دەستنیشان دەکات. ئەمپێدۆکلێس دەڵێ ئەم ماکانە نەمرن، هەمیشە بوون و هەمیشەش دەبن. کەوابوو بەئارخە زانینی ئەم چوار ماکەیە هەم بیرۆکەی نەبوونی "بۆشایی" پارمێنیدێسی لەبەرچاو دەگرێ و هەم جووڵە و هەرەکەش ڕوو دەدات و بەم شێوەیە جیهانی هەستەکانیش لە لەناوچوون ڕزگار دەبێت. بەڵام ئەوەی ئەمپێدۆکلێس و فەلسەفەکەی زۆر گرینگ دەکات ئەوەیە کە ئەو هەوڵیش دەدا بۆ لێکدانەوەی جیهان بەپێی ئەم چوار ماکەیە. ئەمپێدۆکلێس دەڵێ دوو هیزی "عیشق"  "نەفرەت" دەبنە هۆی تیکەڵاوی یا لێکترازانی ئەم ماکانە. ئەو دەڵێ عیشق دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوونی ماکە نایەک‌چەشنەکان و نەفرەتیش ئەم تیکەڵاوییە لەناو دەبات و لێکیان دەترازێنێت. ئەمپێدۆکلێس پێی وایە تیکەڵابوونی ئارخەکان تەواو بەهەڵکەوت و سودفەیە و ئەوەش هۆکاری سەرەکی ڕەخنەکانی ئەفلاتوونە لەم بیرمەندە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved