هه‌موو ساڵێك له كۆتایی مانگی شوباتدا به سه‌رپه‌رشتی رێكخراوی ڕیم (RIM) كه تایبه‌ته به ئارتیست پرۆجێكت، پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هونه‌ری نێوده‌وڵه‌تی بۆ هونه‌رمه‌ندانی باكووری ئه‌مریكا له شاری تورونتۆی كه‌نه‌داو نیویۆرك رێكده‌خرێت. بۆ ئه‌مساڵی 2018ش پێشانگایه‌كی شایسته بۆ 250 هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كارو ده‌ستڕه‌نگینی هه‌رێمی ئۆنتاریو و ئه‌مریكا به چه‌ندین كاری هونه‌ری ئۆڕیجناڵ و تابلۆی شێوه‌كارو وێنه‌ی فۆتۆگراف به‌ڕێوه‌چوو. پرۆژه‌ی هونه‌ری تورونتۆ یه‌كێكه له‌و پێشانگایانه‌ی باكووری ئه‌مریكا كه بریتییه له هه‌ڵبژاردنی باشترین هونه‌رمه‌ندانی كه‌نه‌دی و بیانی، بۆ به‌شداریكردن له‌م پرۆژه‌یه ساڵانه ژماره‌یه‌كی زۆری هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كارو فۆتوگراف و كاری ده‌ستی به‌رهه‌مه‌كانیان پێشكه‌ش به لیژنه‌ی ئه‌كادیمی RIM ده‌كه‌ن كه تایبه‌ته به هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆڵینه‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی باشترین به‌رهه‌می هونه‌ری. بۆ ئه‌مساڵی 2018 لیژنه‌ی پرۆژه‌ی هونه‌رمه‌ندان دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكۆڵینه‌وه پێنج هه‌زار تابلوی شێوه‌كارو فۆتوگرافی 250 هونه‌رمه‌ندی هاوچه‌رخ و نوێی په‌سه‌ند كرد. پرۆژه‌ی هونه‌ری تورونتۆ جگه له‌وه‌ی ڕۆژانه هه‌زاران ئاره‌زوومه‌ندانی هونه‌ری شێوه‌كار سه‌ردانی ده‌كه‌ن، جێی سه‌رنج و كۆكردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆمپانیا‌و كڕیاره بازرگانه هونه‌رییه‌كانی باكووری ئه‌مریكایه كه به‌دوای كاری هونه‌رمه‌نداندا ده‌گه‌ڕێن. له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار رۆژه‌دا زیاتر له 10 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی پێشانگاكه‌ی كردووه، بلیتی هاتنه ژووره‌وه به تیكتی 50 $ بووه، بۆ خوێندكاران و به‌ساڵاچووانیش 12 – 15 دۆلار بووه داهاته‌كه‌شی بۆ رێكخراوه‌كه‌یه. هونه‌رمه‌ند دارا ئارام تاكه هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورده به 25 تابلۆی ڕه‌نگینی قه‌باره جیاواز كه به ئه‌كریلك و ماده‌ی تێكه‌ڵ و جێڵ ئینكاستیك له‌سه‌ر كانڤاس و بۆرد به‌رهه‌می هێناوه به‌شداری له‌م پێشانگایه‌ی كرد. خاك - عوسمان عه‌لی / كه‌نه‌دا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure