15/3/2018 02:34 PM

گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم بەرگی دووەمی چاپکرا

دوکتۆر (حوسێن موحەممەد عەزیز)، ساڵی (2015)، بەرگی یەکەمی یاد و بیرەوەرییەکانی، ڕۆژانی ژیانی تایبەتی و خەباتی ڕامیاریی خۆی (گەڵاوەریوەکانی درەختی تەمەنم) بڵاوکردەوە. ئەوڕۆش وا بەرگی دووەمی کەوتە بازاڕەوە.
ئەم بەرهەمە نوێیە، لە دووتوێی (388) لاپەڕەی قەبارە (1725x) دایە، چیرۆکی گەشتی ژیانی نووسەر، لە نێوان ساڵانی (1971-1981)دا دەگێڕێتەوە، بە چەندین بەڵگەنامە و وێنەی ڕەنگینی جوان ڕازاوەتەوە. بایەخێکی زۆری بە بەسەرهاتەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ڕامیاریی، نەتەوەیی، بیرەوەریی ڕۆژە سەختەکانی گەلەکەمان و هەردوو شۆڕشی (11. 9. 1961) و نوێی گەلەکەمان (1976)، ڕێکخستنەکانی (کاژیک، پاسۆک، کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان) داوە.
شایانی باسە، ئەمە نوێترین بەرهەمی ئه‌م ساڵی نووسەرە و تا ئێستەش بە گشتیی، (43) بەرهەمی لە بوارە جیاجیاکانی (زمانەوانیی، وێژەیی، ڕۆژنامەوانیی، یاد و بیرەوەریی، ساتیر، مێژوو، جوگرافیا و جیۆپۆلێتیک، کۆمەڵایەتی، ڕامیاریی و نەتەوەیی)دا بڵاوکردووەتەوە، بە هەمووشی نزیکەی (10) هەزار لاپەڕەی نووسیوە.
لێرەدا بەشێکی پێشەکی بەرهەمەکەیتان پێشکەشدەکەین.
(تا ئێستە، هێندێ بیرەوەریی ئاسایی نووسەران و خەباتی ڕامیاریی ڕامیارەكانی كوردم خوێندووەتەوە، نووسەرەكانیان لە زەریای ستاییش و خەباتی بێوچانی خودی خۆیان، تێكۆشانی سەركردە و پارتەكانیاندا نقوومبوون. لە هەمان كاتیشدا، كەموكووڕی خۆیان و بنەماڵەكانیان، ڕاستیی و درووستیی ڕووداوەكانیان لێفەپۆشكردووە. جگە لە ئەوەی هێرشێكی زۆریشیان، بۆ سەر هاوڕێ و هاوخەباتەكانی دوێنێی خۆیان كردووە و سووكایەتییەكی ناشایستەی زۆریان، بە یەكدی كردووە.
ئەم جۆرە نووسین و دەربڕینانە، پێش هەموو كەسێ، لە ناو و ناوبانگی خۆیان كەمدەكاتەوە. ئینجا كارێكی زۆر خراپیش، لە شێوازی بیركردنەوە، هەست و هۆشی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان دەكا، لە نووسیندا، فێری ڕێبازێكی دزێو و ڕەوشتێكی خراپیان دەكا. هەروەها ناسنامەی نەتەوەیی، كەلتووریی و كۆمەڵایەتی كوردیش، لەكەداردەكا!
زۆر جێی داخە، هێندێ لە ئەو بیرەوەرییانە، كێشە و باسی تاكەكەسیی، گرفتی گشتیی ڕامیاریی و نەتەوەییان تێكەڵاوكردووە، قسەی سەرزارەكیی و بازاڕییان بەكارهێناوە، لەگەڵ نووسینەكانیاندا تێهەڵكێشیانكردووە، وەك ئەوەی دەیخوێننەوە! بۆیە تكتك ڕقوكینەی لێ دەتكێ، تۆڵەسەندنەوەیەكی بێ تام و بێ سنووری پێوە دیارە. ئەمەش لە ڕێزی نووسەرەكە و باوەڕەكەی كەمدەكاتەوە، دڵی نەیارەكانی خۆشدەكا!
ئاشكرایە، مێژووی تێكۆشانی هیچ ڕێكخراوێكی پیشەیی و دێمۆكراسیی، خەباتی هیچ پارتێكی ڕامیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی، بە تەنیا باڵ، بە هیچ نووسەر و ڕامیارێ نانووسرێتەوە، بەڵكوو دەبێ، چەن كەسێكی بەئاگا، شارەزا و بەئەزموون، پێكەوە ئەو كارە گرنگە بكەن، ئەگینا ئەوە مێژووی ئەو ڕێكخراو و پارتە نییە، بەڵكوو مێژووی پڕ لە شانازیی خودی خۆیەتی!
بۆیە ئەم بەرگی دووەمەی بیرەوەرییەكانم، مێژووی (كاژیك) و (پاسۆك) نییە و ئەو كارەش، بە تەنیا باڵ بە من ناكرێ. چونكە لەلایەكەوە، هەر لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دوو پارتەوە تا ئەوڕۆ، ئاگام لە هەموو كار و چالاكیی، خەباتی ڕامیاریی و نەتەوەییان نەبووە و نییە. لەلایەكی دیكەشەوە، باوەڕم بە ئەوە نییە، تاكەكەسێ بتوانێ، ئەو مێژووە بە دەسپاكیی و ڕاستی تۆماركا. لەبەرئەوە ئەم نووسینەی من، هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی مێژوویی ئەو دوو پارتە نییە، بەڵكوو تەنیا هەر، بیرەوەریی تایبەتی ئەو سات و كاتانەی خۆمە، كە كارم تێدا كردوون.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved