به‌شی حه‌وته‌م به پێنووسی: مام جه‌لال ساڵی 1948 هه‌ر ساڵی راپه‌ڕین‌و سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی عێراق نه‌بوو به‌سه‌ر په‌یمانه نیشتمان فرۆشی یه‌كه‌ی صالح جه‌بر-بیڤن دا به‌ڵكو ساڵی پاشه‌كشه‌ش بوو له جوڵانه‌وه‌ی رزگاری‌و دیموكراتی خه‌ڵكی عێراق دا. هۆیه‌كانی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ش زۆر بوون به‌ڵام هه‌ره دیار‌و گرنگه‌كانیان بریتی بوون له: 1-سه‌ركه‌وتنه‌كه خۆی له خۆی دا نیوه چڵ بوو، سه‌ركه‌وتنی ته‌واو نه‌بوو. ئه‌و جۆره سه‌ركه‌وتانانه‌ش زۆر زوو گلۆر ده‌بێته‌وه‌و له ده‌ست ده‌چێ. 2-ئیعلانی حوكمی عورفی به بیانووی شه‌ڕی فه‌له‌ستین‌و به‌كارهێنانی ئه‌و حوكمه عورفیه‌ش بۆ راونان‌و گرتن‌و ده‌ربه‌ده‌ركردنی خه‌باتگێڕان‌و له‌ناوبردنی هه‌موو سه‌ربه‌ستی یه دیموكراتی یه‌كان. 3-خیانه‌تی یه‌ك له‌دوای یه‌كی سه‌ركردایه‌تی یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زیندانی حشعه كه به خیانه‌تی عه‌بدولوه‌هاب‌و مالیك سه‌یف ده‌ستی پێ كرد‌و پاشان سه‌ركردایه‌تی یه‌كانی به‌دوایان دا هاتن یان كه‌سانی سه‌ره‌رۆ و لاسار‌و توندوتیژ بوون یان ترسنۆك‌و له‌رزۆك‌و بووده‌ڵه. حكومه‌تیش ئه‌وه‌ی به‌كار هێنا بۆ ئیعدام كردنی سێ سه‌ركرده شه‌هیده‌كه‌ی حشع فه‌هد‌و صارم‌و حازم‌و گرتن‌و زیندان كردن‌و ڕاونانی سه‌دان شیوعی‌و ده‌یان تێكۆشه‌ری حزبه‌كانی تری وه‌ك پارتی‌و حزبی شه‌عب‌و یه‌كێتی نیشتمانی عێراقی‌و نیشتمان په‌روه‌ری دیموكرات‌و چه‌په سه‌ربه‌خۆیه‌كان. له‌و پاشه‌كشه‌یه‌دا پارتی دووچاری زۆر كزی‌و لاوازی‌و زیان هات. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه: 1-له چه‌ندین سه‌ركرده‌و كادری شایسته‌ی خۆی بێ به‌ش كرا به‌هۆی ده‌رپه‌ڕاندنیان وه‌ك(دكتۆر جه‌عف=ه‌ر كه‌ریم كه له عێراق ده‌ركرا به‌بیانووی ئه‌وه‌ی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی یه) و یان گرتنیان وه‌ك(مامۆستایان برایم ئه‌حمه‌د‌و عومه‌ر ده‌بابه‌و عه‌ونی یوسف‌و ره‌شید عه‌بدولقادر‌و حیلمی علی شه‌ریف‌و غه‌فور داراغا‌و حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ته‌ها صالح دیلان‌و هتد…)و 2-وازهێنانی هندێ له سه‌ركرده‌كانی له خه‌بات‌و خۆ دوورپه‌رێز گرتن وه‌ك(خوالێ خۆشبووان نوری حه‌مه‌ده‌مین‌و صالح یوسفی‌و مه‌لا كه‌ریم‌و ته‌ها محیدین مارف. 3-ڕاونانی هه‌ندێ سه‌ركرده‌و كادری تریش وه‌ك: (مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا‌و خوالێ خۆش‌بوو عومه‌ره سوور‌و چه‌ندانێكی تر. 4-بڵاوبوونه‌وه‌ی ترس‌و له‌رز‌و گیانی خۆدزینه‌وه‌و وازهێنان له ترسی گرتن‌و ده‌ركردن‌و هتد. 5-به‌ته‌نها مانه‌وه‌ی مامۆستا هه‌مزه عه‌بدوڵڵا له رێبه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌دا‌و پاشان گیرانی ئه‌ویش له‌لایه‌ن میری یه‌وه له سلێمانی. 6-ئه‌و گیروگرفت‌و دووبه‌ره‌كیه‌ی له ئه‌نجامی به‌ره‌ڵڵاكرانی مامۆستا هه‌مزه له‌ناو پارتی دا رووی دا. 7-هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی به‌شێوه‌یه‌كی راست‌و ڕه‌وا دروست نه‌بووبوو، پێش كۆنگرێسه‌كه‌شی دووبه‌ره‌كی له‌ناو شۆڕش‌و رزگاری دا رووی دابوو كه توانا‌و لێوه‌شاوه‌یی‌و كارایی یه‌كانی دوو له‌ت كردبوو، به‌شی پارتیش زۆر باش له ئیمتحانه‌كه‌دا ده‌رنه‌چوون. وه‌ك پاشان باسی لێوه ده‌كه‌ین. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی (ك.ن) خه‌باتگێری كۆڵنه‌ده‌ر‌و نه‌به‌زی رۆژی ره‌ش‌و ته‌نگاوه نه‌بوون، جگه له‌وه‌ی كه سه‌رۆكی حزب‌و خوالێخۆشبوو میر حاج ئه‌حمه‌دی ئه‌ندامی (ك.ن) یش لفه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون‌و به‌ته‌واوی له پارتی دابڕابوون. سه‌رۆكایه‌تی پارتی كه بریتی بوو له خوالێخۆشبوو ژه‌نه‌راڵ بارزانی‌و كاكه زیاد ئاغای خوالێ خۆش‌بوو و خوالێخۆشبوو شێخ له‌تیف شێخ مه‌حمودی نه‌مر له كایه‌دا نه‌بوو. بارزانی له روسیا بوو، شێخ له‌تیف پێشتر له‌گه‌ڵ هه‌مزه تێكی دابوو له پارتی جیا بووبۆوه‌و دژایه‌تی پارتیشی ده‌كرد. مابۆوه كاكه زیاد ئاغای نه‌مر، كاكه زیاد شه‌خسیه‌تێكی نیشتمان په‌روه‌ری جوامێر‌و رێزدار‌و موته‌وازیع (بی ده‌عیه) بوو من خۆم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كاكه زیادم زۆر خۆش ده‌ویست‌و له دووره‌وه‌ش زۆر موعجه‌ب بووم پێی. به‌ڵام كه گه‌یشتمه راده‌ی ناسین‌و دیدار له‌گه‌ڵیا خۆشه‌ویستی‌و رێزم بۆی زیاتر بوو. كاكه زیاد له رزگاری دا له‌گه‌ڵ خه‌باتگێری نه‌مر كاكه ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مینی دزه‌یی‌و به‌رێز عزالدین مه‌لا فه‌ندی‌و چه‌ندین پیاوی ناسراوی تر له لقی عه‌شایه‌ری رزگاری بوو. خۆشی داوای سه‌رۆكایه‌تی‌و ئه‌ندامه‌تی سه‌ركردایه‌تی نه‌بوو. دوو هه‌ڵوێستی كاكه زیادم له‌بیره كه زۆر جوامێرانه بوون‌و زۆر له خۆبووردوانه بوون: 1-كه له كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی هه‌ڵ نه‌بژێردرایه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی زۆر به ئاسایی‌و له‌خۆبووردوانه‌ی وه‌رگرت‌و هیچی له دڵنه‌گرت‌و بگره له جاران باشتر هاوكاری‌و هاریكاری پارتی ده‌كرد. خۆشی ده‌یزانی‌و ده‌یگوت كه ئه‌و شاره‌زای خه‌باتی نهێنی‌و شانه‌گه‌ری‌و حزبایه‌تی‌و ئه‌و بابه‌ته‌ی ئه‌وسا نی یه. به‌ڵكو وه‌ك شه‌خسیه‌تێكی ناوداراری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نیشتمان په‌روه‌رێكی رێزدار‌و ناسراو ده‌یتوانی ده‌وری خه‌باتگێڕانه‌ی خۆی ببینێت. نه‌ك وه‌ك كادرێكی خه‌باتی نهێنی‌و لاپارتایه‌تی. 2-كه له ساڵی 1953 دا پارتی بڕیاری دا كاك مه‌سعودی مه‌لای گه‌وره بپاڵێوێت بۆ نائیبی كۆیه، زۆر به دڵێكی فراوانه‌وه‌و پیاوانه هاته ده‌ست. من خۆم ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م باش له‌بیره چونكه هه‌ڤاڵانی كۆیه منیان نارد‌و راسپارد بچم ره‌ئی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی پارتی وه‌ربگرم. له‌پێشه‌وه چوومه لای مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین مه‌عروف كه دوور خرابووه‌وه(له كۆیه‌وه به مامۆستا بۆ دێی په‌لكانه) ی نزیك پردێ. ئه‌و دژی به‌شداری كردن بوو له هه‌ڵبژاردن. پاشان چووم بۆ سلێمانی كه مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د‌و مامۆستا جه‌لیل هوشیار‌و مامۆستا به‌كر ئیسماعیل (وه‌ك م.س) پێكه‌وه بوون. مامۆستا برایم كتێبه‌كه‌ی لینینی له‌سه‌ر (چه‌پڕه‌وی له كۆمۆنیزمدا سه‌ر لێشێواوی یه‌كی مناڵانه)ی خوێندبۆوه‌و باسی هه‌ڵبژاردنی تێدا به‌دی كردبوو. پێی وابوو كه ده‌بێ به‌شداری بكه‌ین له هه‌ڵبژاردن بۆ پروپاگه‌نده‌كردن‌و خه‌ڵك هاندان‌و خوتبه‌دان‌و ورووژاندن‌و سازدان‌و هوشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر، نه‌ك ده‌رچوون. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ریش چووین ئه‌وا خێری پێوه‌یه. هه‌روه‌ها مامۆستا برایم پێشنیاری كرد، كه ئه‌و جاره‌یان مامۆستا مسعودی مه‌لای گه‌وره كه ئه‌وسا حاكم ته‌حقیقی سلێمانی بوو-بپاڵێوین بۆ نائیبی كۆیه به به‌رنامه‌یه‌كی نیشتمانی‌و پێشكه‌وتن خوازیی تێر‌و ته‌سه‌لیشه‌وه. كه لێم پرسی كاك مه‌سعودتان ئاگادار كردووه‌و ئاماده‌یه ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆی؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو بڕیاره‌كه ده‌ده‌ین‌و ئه‌ویش تاقی ده‌كه‌ینه‌وه تا له سلێمانی بووم مامۆستا مسعود ئاگادار كرا‌و رازی بوو و له ئه‌مین ئاغای ره‌حمه‌تی برای ته‌ها محیه‌دین جێگری سه‌رۆكی عێراق سه‌د دیناریشمان قه‌رز كرد بۆ ته‌ئمینات چونكه پارتی ئه‌وسا سه‌د دیناری نه‌بوو. كه گه‌ڕامه‌وه كۆیه، مامۆستا عه‌لی‌و لیژنه‌ی ناوچه‌و خوالێ خۆش‌بوو عومه‌ره سوور به‌لایانه‌وه سه‌یر بوو، به‌ڵام كاك عه‌لی‌و هه‌ڤاڵان كه‌وتنه چالاكی. منیشی له‌گه‌ڵ خۆی برد بۆ لای كاكه زیادی نه‌مر تاكو من باسی سه‌فه‌ر‌و بڕیاره‌كه‌ی بۆ بكه‌م. ئه‌وه‌ی راست بێت به شه‌رمێكه‌وه قسه‌كانم بۆ گێڕایه‌وه كه‌چی زۆر دلێرانه‌و جامێرانه هاته ده‌ست‌و رازی بوون‌و شادی‌و پشتیوانی خۆی ده‌ربڕی‌و گوتی هه‌موو یارمه‌تی یه‌كی پێویستیشیان ده‌ده‌م‌و داشی‌و به چالاكیش به‌شداری كرد له ده‌رچواندنی كاك مه‌سعوددا. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه یه‌كه‌مین تاقی كردنه‌وه‌ی چالاكی هه‌ڵبژاردنمان بوو، به‌ڵام كه گه‌یشتمه سه‌ری به تێر‌و ته‌سه‌لی باسی ده‌كه‌م. له ساڵی 1948 -1949دا من له ناوه‌ندی كۆیه لێپرسراوی رێكخستنی خوێندكاران بووم، پاشان له ساڵی 1949 كرامه ئه‌ندام له لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌و یارمه‌تی‌و ده‌ست گرتنه‌مه‌وه كه له‌لایه‌ن مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین مه‌عروف‌و كاك عه‌لی عه‌بدوڵڵا ده‌درام. خۆشم چالاك‌و بزێو بووم. جا كه له ساڵی 1949 دا ئیرهاب په‌ره‌ی سه‌ند، لیژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه به‌هۆی ڕاونانس كاك عه‌لی‌و هه‌ندێ هه‌ڤاڵی تره‌وه، گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. خوالێ خۆش‌بوو كه‌مالی حاجی مه‌جید‌و محمد شوان‌و به‌نده‌و مامۆستا حه‌مه‌ده‌مین مه‌عروف مابووینه‌وه. كاك كه‌مال تاقانه‌ی حاجی مه‌جیدی كۆیه بوو، كه تاجرێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی كۆیه بوو، كاك كه‌مال لاوێكی دڵسۆز‌و جوامێر‌و خۆڕاگر‌و نه‌ترس بوو. دلێرانه درێژه‌ی به خه‌باتی نهێنی دا له‌گه‌ڵمان له كاتێك دا ئیرهاب باڵی ره‌شی به‌سه‌ر عێراقدا كێشابوو. گرتن‌و ڕاونان له‌سه‌ر بچووكترین تۆمه‌ت باو بوو. پاشه‌كشه كاری خۆی له‌هه‌موو جوڵانه‌وه‌ی دیموكراتی عێراق به كوردستانیشه‌وه كردبوو، به‌ڵام رێكخستنی پارتی له كۆیه له‌به‌ریه‌ك نه‌ترازا بوو، هه‌ڤاڵان به چاكی خه‌باتی خۆیان درێژه پێ ده‌دا. هه‌رچه‌نده گۆڤاری رزگاری ئۆرگانی پارتی زۆر كه‌م‌و ناوبه‌ناو ده‌رده‌چوو، به‌ڵام خۆمان زادی فیكریمان له كتێبه ماركسیه‌كان دا ده‌رده‌هێنا به‌ڵام نه‌بوونی مه‌كه‌زێكی قیادی ته‌واو كه‌م‌و كورتی هه‌ر گه‌وره بوو به‌تایبه‌تی كه مامۆستا هه‌مزه عه‌بدوڵڵا به‌ته‌نها مابۆوه. له سلێمانیش زۆر هه‌ڤاڵی چالاك‌و ناوداری پارتی گیرابون وه‌ك مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، نه‌مران غه‌فور ره‌شید‌و حیلمی شه‌ریف‌و حه‌مه صالح دیلان‌و حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ته‌ها‌و چه‌ندین هه‌ڤاڵی چالاتی تر له پایزی 1949دا ئه‌و مه‌ركه‌زه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌ش نه‌ما كاتێ مامۆستا هه‌مزه عه‌بدوڵڵا له سلێمانی گیرا‌و حه‌واڵه‌ی تحقیقاتی جنائی به‌غدا كرا. ئیتر وه‌زعی سه‌ركردایه‌تی پارتی هه‌ر به‌یه‌كجاری شێوا. له زۆربه‌ی شاره‌كانیش رێكخستن له‌به‌ریه‌ك ترازا بوو، لیژنه‌كانی ناوچه په‌كیان كه‌وتبوو به‌تایبه‌تی له هه‌ولێر‌و كه‌ركوك‌و هه‌موو ناوچه‌ی بادینان‌و شه‌قڵاوه‌و ره‌واندز‌و خانه‌قین. ته‌نها له به‌غدا‌و سلێمانی‌و كۆیه‌و باڵه‌كایه‌تی لیژنه‌ی ناوچه‌ی رێك‌و پێك‌و چالاك مابوون. له‌و كاته ناسكه‌دا ده‌ستپێكه‌ری لیژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غدا‌و به رێبه‌ری هه‌ڤاڵان خوالێخۆشبوو مامۆستا عه‌ونی كه تازه له زیندان به‌ره‌ڵڵا كرابوو، كاك صالح روشدی‌و كاك عه‌لی عه‌بدوڵڵا له سه‌ره‌تای ساڵی 1950دا كۆنفرانسێك له به‌غدا ساز درا. ئه‌و هه‌ویره‌ی ئه‌و كۆنفرانسه زۆر ئاوی ویست وه‌ك له داهاتوودا باسی ده‌كه‌ین.
ئەم نووسینەی سەرۆکی نەمر مام جەلال بە ئەڵقە لە گۆڤاری خاک-دا لە ژمارە (9) لە 10/5/1998 بڵاوکراوەتەوە. هاوكات بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی تری ئەم بابەتەی سەرۆك تاڵەبانی سەردانی بەشی فەرهەنگ و كلنوری وێب سایتەكەمان بكەن...
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure