ئاکۆ عومەر
زۆر دەمێکە شانۆکارانی جیهان ئەم ڕۆژەیان بەڕۆژێکی پرشنگدار زانیوە، کاتێ بگەڕێنەوە بۆ مێژووی دانانی ئەم ڕۆژە کە بۆ یەکەمجارو لەساڵی 1961 لە ڤێنا لەکۆنگرەیەکی تایبەت و پاشان بۆ یەکەمینجار شانۆی سارا بەرنار لەوڵاتی فەرەنسا توانییان یادێک بەتایبەتمەندییەکی زۆرەوە بکەنەوە، ئیتر ئەو ڕۆژە بووە دەستپێک بۆ پراکتیزەکردنو گەشەسەندنی شانۆو هەروەها دامەزراندنی چەندین قوتابخانەو تاقیگە بۆ دروستبوونی هونەری شانۆی. دیارە پێشتر چەند نووسەرێکی بەناوبانگی ئەم بوارە هەبوون و جێ دەستیان دیارە لەبەرەو پێشچوونو بەرزکردنەوەی ئاستی نمایشکردنو سێ مەوداکەی کەسایەتی ئەکتەر لەسەر شانۆ، نموونەی ستانسلافسکی کە خۆی تایبەت کرد بە توێژینەوەکانی لەدوو تێوری کتێبێکی قەوارە گەورەی وەک {ئامادەکردنی ئەکتەر} کە گڕوتینێکیدا بە شانۆکاران، لێرەدا چی پێویستە بیڵێم… وێڕای پیرۆزبایی خۆم بۆ سەرجەم شانۆکارانی کوردو جیهان بەهیوام شانۆش لای ئێمە ببێته خاوەن پێگهو دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووتر، هەرچەندە لەئێستادا شانۆی ئێمەی کورد بەکۆمەڵێ قەیرانی نەخوازراوو دروستکراودا تێدەپەڕێ، بەڵام هەوڵەکان هەر بەردەوامن، کەواتە شانۆ خۆی گالیسکەیەکە هەمیشە نەوەستاوەو نابێ هونەرمەندانی ئەم بوارە بوەستن، بۆیە دەخوازام کە ڕۆژی شانۆی جیهانیی ببێتە مایەی زیاتر دامەزراوەی نوێو لەسەردەستی شانۆکاران چ لەڕووی کرداری و چ لەڕووی نووسین و لێکۆڵینەوەکان زیاتر پەرەی پێ بدەین و ئێمەش وەک شانۆکارانی جیهان بتوانین لەم ڕۆژەدا زیاتر داهێنانو بیری ڕۆشنبیریی زیادبکەین. لەکۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم گەلی بێ شانۆ جەستەیەکی کەم ئەندامەو شانۆش ناسنامەیەکی گەلێک زیندووە بۆ ناسینەوەی.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure