9/4/2018 02:17 PM

بەرگی سێیەمی چریکەی کوردستان بڵاودەکاتەوە

بە بۆنەی یادی کۆچی دوایی مامۆستا برایم ئەحمەد و یادی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، کوردستانی نوێ بەرگی سێیەمی کۆبەندی ژمارەکانی گۆڤاری چریکەی کوردستان چاپ و بڵاودەکاتەوە.
لە پێشکەشکردنی ئەم بەرگەدا ستران عەبدوڵڵا لە جیاتی ماڵباتی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەڵێت، ساڵی ٢٠١١ یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی سلێمانی، لە دووتوێی دوو بەرگدا، حەوت ژمارە لە گۆڤاری ״چریكەی كوردستان״ی چاپكرد، لە پێشەكیدا نووسیویانە ئەم گۆڤارە حەوت ژمارەی لێ چاپ و بڵاوكراوەتەوە، هەروەها بۆ پاشكۆی گۆڤارەكە ״صرخە كوردستان״ نووسیویانە دوو ژمارەی لێدەرچووە، لە ئەنجامی پشكنینی هاوكارمان كاك نەوزاد عەلی ئەحمەد بە ناو ئەرشیفی رۆژنامەوانیدا ساڵی پار دەركەوت ئەو پاشكۆیە پێنج ژمارەی لێدەرچووە نەك دوو ژمارە، چونكە رۆژنامەكەمان لە یادی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد هەر پێنج ژمارەكەی لە دوو بەرگدا چاپ كردووە، رۆژی ٨/٤/٢٠١٧ لە مەراسیمێكدا كتێبەكەی بڵاوكردەوە. ئەمڕۆش بە چاپكردنەوەی جمكە ژمارەی ٨-٩ لە گۆڤاری ״چریكەی كوردستان״ دەردەكەوێت، ئەو گۆڤارە حەوت ژمارەی نییە، بەڵكو ٩ ژمارەی لێ چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
ئاماژەشیکردوە، ناوەڕۆكی ئەم جمكەژمارەیە وەك ژمارەكانی تر دەوڵەمەندە بە بابەتی مێژوو، زمانەوانی، رۆشنبیری، ئەدەب و رۆژنامەگەریی. وەك لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژەی پێدراوە، گۆڤاری چریكەی كوردستان دەكرێت بە درێژكراوەی گۆڤاری گەلاوێژ دابنرێت كە مامۆستا برایم لە نێوان ساڵی ١٩٣٩-١٩٤٩ بە هاوكاری عەلائەدین سەجادی دەریكردووە.
باسی لەوەشکردوە کە ئێمە وەك رۆژنامەی كوردستانی نوێ هەر لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٠٠ كتێبمان چاپكردووە، چاپكردنی ئەم كتێبەش خەرمانی كتێبە چاپكراوەكانمان دەوڵەمەندتر دەكات. سوپاسی ئەندامی ستافی دوێنێ و هاوكاری بەردەوامی رۆژنامەكەمان كاك نەوزاد دەكەین، ئەم بەرگەی لە گۆڤاری ״چریكەی كوردستان״ئامادەكردووە و لێكۆڵینەوەی بۆ نووسیوە.
هەر لەو بارەیەوە، نەوزاد عەلی ئەحمەد لە پێشەکی ئەم بەرگەدا نووسیویەتی، بۆ ئەوەی هەر زوو خۆم لە پرسیارێكی كلاسیكی جێگا گومان رزگار بكەم، كە بۆچی دیسان ئیبراهیم ئەحمەد؟ نەمری پەیوەندی بە خەلقكردنی داهێنانەوە هەیە، ئەو پیاوەش لە شیعردا هێزێكی تری بە رۆمانسیەت دا تا شیعری كوردی هەڵگری ناسنامەی ریالیزمی شۆڕشگێڕبێت، لە چیرۆكدا ئەوەندە بە سەلیقە زمان و هونەركاری و رووداوی بەرجەستە كردووە رەخنەگر ناتوانێت بیخاتە پەراوێزی نووسینەوە، لە رۆماندا ترسی كوردی لە نەبوونی رۆماندا شكاند، ژانی گەل تا ئێستاش هێزی خۆی لە دەست نەداوە، لە سیاسەتدا ژیانی حزبایەتی و كوردایەتی فراوانتر كرد تا زۆربەی چین و توێژەكان لە حزبدا خاوەن دەنگ و بڕیاربن.
ئاماژەشیکردوە، لە دنیای رۆژنامەنووسی و رۆژنامەگەریشدا ئەگەر هەر تەنیا باس لە گۆڤاری «گەلاوێژ» بكرێت سەروەرییەكی گەورەو دیار و ناسراوی مێژووی رۆژنامەگەریی كوردییە، داهێنەرانی بواری ژیان و كولتوور مەرج نییە خالقی كەرەسەكانی دەوروبەربن و نەمری تۆمار بكەن، بەڵام برایم ئەحمەد لەو قەڵەمە بە برشتانەیە لە لوتكە دەژیت و ناوێكە هیچ كەس و حزب و دەسەڵاتێك ناتوانێت بچووكی بكاتەوە و بیسڕێتەوە، ئەم فاكتەرانەی پێشەوە بەڵگەن بۆ ئەوەی چەندبارە و بەردەوام كار لەسەر بەرهەمەكانی مامۆستا برایم بكرێن.
نەوزاد عەلی ئەحمەد دەڵێت، لەم نووسینەدا هەوڵدەدەم بە دوابەرهەمی رۆژنامەگەریی مامۆستا برایم كە بریتییە لە گۆڤاری «چریكەی كوردستان» ئاشناتان بكەم، كە لە دوا وێستگەی تایبەتی ژیانی واتە دوای هەرەسی 1975 کە لە لەندەن پایتەختی بەریتانیا گیرسایەوە دەریكردووە، لەم نووسینەدا لەژێر چەند ناونیشانێكی جیاجیادا گۆڤارەكە دەناسێنین و لە ناوەڕۆكی دەدوێین و فۆرمەكەی وردتر دەكەینەوە، سەرەڕای دەربڕینی وردە سەرنجی تر.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved