دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز* ئاشکرایه، کاتێ ئه‌م گه‌ردوونه درووستبووه و مرۆ له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی په‌یدابووه، سه‌ره‌تا مرۆ قسەی نەکردووە. به‌ڵکوو هه‌ر ته‌نیا، به هۆی لاساییکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی سرووشت و به هێماکردن، ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی، ده‌ریبڕیوه و هه‌رچی چۆنێبێ، یه‌کدیان تێگه‌یاندووه. پاشان یه‌که‌مین جار، مرۆ هه‌وڵیداوه، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ، به هۆی وێنه‌کێشانه‌وه، به‌رانبه‌ره‌که‌ی خۆی تێبگه‌یه‌نێ، چونکه نه‌یتوانیوه، به قسه‌کردن هه‌ستی خۆی ده‌ربڕێ. به‌ڵام هیچ شتێ له ژیاندا، له شوێنی خۆی ناوه‌ستێ و نا‌مەێ، به‌ڵکوو به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام، له گۆڕانکاریی و پێشکه‌وتن دایه. بۆیه دوای چه‌ندین هه‌زار ساڵ، له نێوچه جیاجیاکانی جیهاندا، له‌نێو تیره و هۆز، گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازەکاندا، ورده‌ورده، مرۆ زمانی پژاوه، ناوی شته‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی فێربووه، تاکوته‌را، پیت و وشه‌ی له ده‌م هه‌ڵڕژاوه، تا به‌ره‌به‌ره ڕسته‌ی لێ درووستبووه. ئیدی به ئه‌و شێوه‌یه، زمانی ئاخافتن له خه‌م ڕه‌خسیوه و درووستبووه، تا به ئه‌م سه‌رده‌م و زمانه ڕه‌نگینانه‌ی ئه‌وڕۆ گه‌یشتووه! بێگومان هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک، دوو جۆر زمانی هه‌یه: زمانی ئاخافتن (Spoken Languagee) و زمانی نووسین (Standard Language). پێش ئه‌وه‌ی خوێندن و نووسین، خوێنده‌واریی و ڕۆشنبیریی په‌یدابێ و له نێو نه‌ته‌وه‌کاندا بڵاوبێته‌وه، له سه‌ره‌تای درووستبوونی کۆمه‌ڵی مرۆدا، ته‌نیا هه‌ر زمانی ئاخافتن هه‌بووه. ئه‌م زمانی ئاخافتنه‌ش، له‌نێو کۆمه‌ڵیکی ئیتنیکی دیاریکراودا، به چه‌ندین قۆناغی مێژوویی گرنگدا تێپه‌ڕبووه، تا به ته‌واویی، شێوه‌ی ئه‌وڕۆی وه‌رگرتووه. به‌ڵام مرۆ نه‌یتوانیوه، ته‌نیا هه‌ر به زمانی ئاخافتن، هه‌موو کاره‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆی به‌ڕێکا. چونکه ئه‌وه‌ی مرۆ ده‌یگوت و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا، له‌سه‌ر کارێکی تایبه‌تی رێکده‌که‌وتن، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م بیریانده‌چووه‌وه. بۆیه بیریان له ئه‌وه کردووه، شانبه‌شانی زمانی ئاخافتن، جۆره زمانێکی دیکه بدۆزنه‌وه، ئه‌و زمانه، هه‌موو که‌موکووڕییه‌کان پڕکاته‌وه، هه‌موو بیر، بڕیار، بیره‌وه‌ریی، ڕێوشوێنه‌کانی فه‌رمانی تاک و کۆمه‌ڵی پێ بپارێزن، بیریان نه‌چێته‌وه و هه‌ر کاتێ ویستیان، په‌نای بۆ به‌رن. ئه‌وه بوو، له ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکاریی و پێشکه‌وتنانه‌ی، هه‌م له بیر و هزری مرۆدا، هه‌م له بواره‌کانی پێشکه‌وتنی باری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی و که‌لتووریدا ڕوویاندا، ڕۆژبه‌ڕۆژ تا هاتووه، پێوه‌ندیی نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کان فراوانتر و به‌هێزتر بووه. بۆیه شاره‌زایانی شارستانییه گه‌وره‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، بیریان له ئه‌وه کردووه‌ته‌وه، شێوه نه‌خشونیگارێ دانێن، تا هه‌م پتر له یه‌کدی بگه‌ن، هه‌م ئه‌و بڕیار و په‌یمانانه‌ی ده‌یده‌ن، به شێوازێکی ڕێکوپێک بیانپارێزن. پاشان هێڵه جیاواز و پیته جیاجیاکان دۆزراونەته‌وه. ئیدی به ئه‌و شیوه‌یه، زمانی نووسینیش سه‌ریهه‌ڵداوە! هه‌ڵبه‌ته، سه‌ره‌تا زمانی نووسین زۆر سه‌ره‌تاییبووه، پاشان وردورده پێشکه‌وتووه، تا به ئه‌م جۆره ئه‌لفوبێ و نووسینه‌ی ئه‌وڕۆ گه‌یشتووه. له ئه‌و باره‌یه‌وه، شاره‌زاکانی مێژوو و زمان پێیان وایه: [یه‌که‌مین جار، سۆمه‌رییه‌کان 3500 ساڵ پ. ز.، له‌سه‌ر قوڕ و دوای ئه‌وانیش به 500 ساڵ میسرییه‌کان، له‌سه‌ر پاپیڕۆس (جۆره قامیشیکه) نووسیویانه.] * پوخته‌ی باسه‌که ئه‌وه‌یه، جیاوازییه‌کی زۆر، له نێوان هه‌ر‌دوو زمانی ئاخافتن و نووسیندا هه‌یه. چونکه زمانی ئاخافتن، زۆر له پێش زمانی نووسینه‌وه هه‌بووه. بۆیه زمانی ئاخافتن، به بنچینه‌ی سه‌ره‌کی، زمانی نووسین داده‌نرێ. ئاخر زمانی ئاخافتن، ئه‌و زمانه ساکاره شیرینه سرووشتییه‌یه، که ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو پێی ده‌دوێن، زمانی تێکڕای توێژ و چینه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یه، ڕۆژانه به شێوه‌یه‌کی ئاسایی، قسه‌ی پێ ده‌که‌ن. به‌ڵام زمانی نووسین، زمانی وێژه‌ی کۆمه‌ڵێکی ئیتنیکی دیاریکراوه، مه‌رج نییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به هه‌مان زمان قسه‌ده‌که‌ن، بیزانن! * عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بێحی، قاموسی زبانی کوردی، چ2، ورمێ، 1367.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure