ره‌زا شوان به‌شێكی زۆر له كه‌ڵه نووسه‌رانی جیهانی شاعیران، چیرۆكنووسان، رۆماننووسان، شانۆنووسان منداڵانیان فه‌رامۆش نه‌كردووه، به‌شێك له نووسینه‌كانیان، به تایبه‌تی بۆ منداڵان نووسیووه، به شێوازێكی ئاسانتر و كورتتر و به زمانێكی شیرین بۆیان داڕشتوون، له‌وانه‌ش تۆڵستۆی، چارلـز دیكنز، ڤیكتۆر هۆگۆ، پووشكین، ئۆسكارد وایڵد، تاگوور، مه‌كسیم گۆڕكی، ئه‌حمه‌د شه‌وقی … له شاعیرانی كوردیش ئه‌حمه‌دی خانی، فایه‌ق بێكه‌س، پیره‌مـێرد، زێـوه‌ر، گـۆران، هـه‌ژار موكریانی، قـانیع. ئه‌لیكسی ماكسیمۆڤیچ بیشكۆڤ كه به نازناوی ئه‌ده‌بی مه‌كسیم گۆڕكی ناسراوه و نووسینه‌كانیشی هه‌ر به‌م ناوه‌وه نووسیووه و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه. رۆماننووس و چیرۆكنووس و شانۆنووس و وتارنووس و چالاكوانێكی سیاسی روسییه، خاوه‌نی رۆمانی دایكه 1907 مه‌كسیم گۆڕكی به دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی ریالیزمی ئه‌ده‌بی و به سه‌ركرده‌ی شۆڕشیكی ئه‌ده‌بی له روسیا داده‌نرێت. مه‌كسیم گۆڕكی له (28/3/1868) دا، له شاری ( نێژنی نۆڤگورۆد) له روسیا له دایكبووه. ته‌مه‌نی پێنج ساڵان بوو، باوكی (مه‌كسیم پیشكۆڤ) كۆچی دوایی كرد. دایكی ( ڤارڤارا كاشیرنیا) دووباره شووی كرده‌وه، نه‌نكی و باپیری (باوك و دایكی باوكی) ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردن و به‌خێوكردنیان گرته ئه‌ستۆیان. باپیره‌ی پیاوێكی ره‌ق و توندوتیژ و گرژ بوو. به‌ڵام نه‌نكی ئافره‌تێكی به‌سۆز و میهره‌بان و نه‌رم بوو، مه‌كسیم گۆركی زۆر خۆشده‌ویست.. شه‌وانه به شێوازێكی شیرین چیرۆكی فۆلكلۆری خۆشی بۆ ده‌گێڕایه‌وه. ئه‌م چیرۆكانه بوونه ئیلهام بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕكی هه‌ر له منداڵییه‌وه ئاره‌زووی چیرۆك نووسین بكات. به‌هۆی ده‌ستكورتی ماڵی نه‌نكییه‌وه، مه‌كسیم گۆڕكی له ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵێیه‌وه ناچاربوو كاربكات. چه‌ندین كاری قورس و سه‌ختی كرد كه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی دا نه‌ده‌گونجان وه‌كو ئیشكردن له‌نانه‌وه‌خانه، مانگی به دوو رۆبل.. ته‌مه‌نی نۆ ساڵان بوو دایكیشی كۆچی دوایی كرد. دوایش نه‌نكیشی كۆچی دوایی كرد. گۆڕكی به مردنی دایكی و، به تایبه‌تیش نه‌نكی كه زۆر خۆشه‌ویستی و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له دڵیدا هه‌بوو، غه‌م و ناخۆشی و كه‌سه‌رێكی زۆر چووه دڵییه‌وه، كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ری. ژیـان بۆ منداڵێكی بێنازی بێ دایك و بێ باوك زۆر ناخۆش و سه‌خت بوو. چونكه هێچ داڵده‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو رووی تێبكات. ماوه‌یه‌ك وێڵ و سه‌رگه‌ردان و ده‌ربه‌ده‌ربوو. به روسیادا ده‌سوڕایه‌وه. شوێنێكی نه‌بوو تیا بسره‌وێت. له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵاندا، له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌بوونی و بێپاره‌یی و بێكه‌سی، هه‌وڵی خۆكوشتنی دا. خۆی برینداركرد و خه‌ریك بوو بمرێت. ژیان وه‌ك شه‌وێكی تاریك وایه به‌ڵام زۆرجار ژیانی سه‌خت و تاڵ و پڕ له مه‌ینه‌تی و كاره‌سات، وا له مرۆڤ ده‌كات كه زیاتر بڕوای به خۆی هه‌بێت و خۆڕاگربێت و بێ هیـوا و نائومـێد نه‌بێت. دۆخه ناخۆشه‌كه‌ی به كۆتایی ژیان و جیهان نه‌زانێت. به گه‌شبینییه‌وه بگه‌ڕێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی تری به‌خته‌وه‌ری و خۆشی. بۆیه مه‌كسیم گۆڕكی په‌شیمان بۆوه، كورد وته‌نیش:»له دوای ته‌نگانه فه‌رحانه دێت» گۆڕكی ده‌ڵێ:» تا مرۆڤ زیاتر تاڵی بچێژێت. زیاتر برسی خۆشییه‌كانی ژیان ده‌بێت» ده‌شڵێ:» جیهان وه‌ك شه‌وێكی تاریك وایه. هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت چرای خۆی داگیرسێنێت.» مه‌كسیم گۆڕكی له ساڵی (1892) له‌گه‌ڵ (كاترینا بیشكۆفا) دا كه چالاكوانێكی بواری مافه‌كانی مرۆڤ بوو، زه‌ماوه‌ندی كرد.. دوو كوڕیان بوو. مه‌كسیم گۆڕكی به منداڵی زۆر حه‌زی له قوتابخانه و له خوێندن بوو، ده‌ڵێ: «ئه‌گه‌ر پێیان بگوتمایه، پێتده‌خوێنین، به‌و مه‌رجه‌ی هه‌موو رۆژانێكی شه‌ممان له گۆڕه‌پانی نیكۆڵایێڤسكی دا، چینێك داركاریت ده‌كه‌ین، بێگومان رازی ده‌بووم» زۆریش حه‌زی ده‌كرد كه بچێته زانكۆ و خوێندنی باڵا ته‌واوبكات. به‌ڵام هه‌ژاری و سه‌رگه‌ردانی رێگربوون له رووی ئه‌م حه‌ز و هیـوایه‌ی. زۆریش له قوتابخانه‌دا به‌رده‌وام نه‌ده‌بوو، پچڕ پچڕ ده‌چوو. به‌ڵام زۆری ده‌خوێنده‌وه. یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كه خوێندییه‌وه و سه‌رسامی بوو، كتێبی (زه‌رده‌شت وای وت» نووسینی بیرمه‌ندی ئه‌ڵمانی نیتشه بوو. گۆڕكی له ساڵی (1890) دا به نووسینی كـورته چیرۆك، ده‌ستی به نووسین كرد و بڵاوی كردنه‌وه.. له ساڵی (1892) دا، یه‌كه‌مین چیرۆكی خۆی نووسی و بڵاوی كرده‌وه كه له‌ژێر ناونیشانی (ماكـار چـۆردا) دایه. چه‌ندین چیرۆكی تری به دوای ئه‌م چیرۆكه‌دا نووسی و بڵاوی كردنه‌وه. دوایش ده‌ستی به رۆمان نووسین كرد، چه‌ند رۆمانێكی به‌رزی هه‌یه. زیاتریش به رۆمانی دایك ناوبانگی ده‌ركرد كه به یه‌كێك له شاكاره رۆمانه جیهانییه‌كان و كراوه به فیلمی سینه‌مایی. كه وه‌ریانگێڕاوه بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان نووسه‌ر رووناكبیر و سیاسه‌تمه‌داری كورد خوالێخۆشبوو كه‌ریمی حیسـامی رۆمانی دایك-ی له زمانی فارسییه‌وه وه‌رگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی كوردی. هه‌روه‌ها گۆڕكی چه‌ند شانۆیه‌كی سه‌ركه‌وتووشی نووسیووه، زۆربه‌یان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆدا نمایش كران.. به ده‌یان وتار و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسیشی نووسیوه. هاوڕێتیشی له‌گه‌ڵ لینین و ستالین‌دا هه‌بووه. بۆچی وشه‌ی گۆڕكی هه‌ڵبژارد؟ شایه‌نی باسه وشه‌ی گۆڕكی له زمانی روسیدا، مانای تـاڵ ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م نازناوه‌ش له لایه‌ن مه‌كسیمه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژیانه تاڵ و سه‌خت و ناخۆش و پڕ كاره‌سات و كوێره‌وه‌ری و مه‌ینه‌تییه‌ی كه گه‌لی روسی له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری دا ده‌یانچێشت. ئه‌م راستییه‌شی به چاوی خۆی بینی. هه‌روه‌ها بۆ ژیانی تاڵ و سه‌ختی منداڵی و هه‌رزه‌كاری خۆی. بۆ ژیانی تاڵی دایكه به‌دبه‌خته‌كه‌ی كه به ده‌ست مێردی دووه‌مییه‌وه، گیریخواردبوو. كه پیاوێكی مه‌یزه‌ده و هه‌میشه سه‌رخۆش و توندوتیژ بوو، ده‌ستی له دایكی ده‌وه‌شاند و هـه‌ر خه‌فه‌تیشه‌وه مرد. ئه‌م هه‌موو تاڵییانه، وای له مه‌كسیم كرد كه وشه‌ی گۆڕكی: تـاڵ بكات به نازناوی ئه‌ده‌بی و به‌م ناوه‌وه بنووسی و بڵاوبكاته‌وه. گۆڕكی سه‌رگوزشته‌ی ژیانی خۆی له سێ به‌شدا نووسیوه‌ته‌وه، دوو به‌شیان باس له تاڵییه‌كانی قۆناغی ژیانی منداڵی و له قۆناخی هه‌رزه‌كاری و له ژیانی سه‌خت و تاڵی خه‌ڵكی ده‌كات. مه‌كسیم گۆڕكی له ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا له ساڵڕۆژی (18/1/1936) دا له شاری مۆسكۆدا كۆچی دوایی كرد. له گۆڕه‌پانی سوور، له بن دیواری كرملیندا، له ریزی شۆڕشگێڕان و نه‌مره‌كانی روسیادا به خاكیان سپارد. ئه‌ده‌بی مـنداڵان له روانینی مه‌كسیم گۆڕكییه‌وه ئه‌وه‌ی ئێمه له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستمانه ئاوڕدانه‌وه و روانینی مه‌كسیم گۆڕكییه سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بی منداڵان. كه رۆڵێكی گرنگ و به‌رچاوی هه‌بوو له گه‌شه‌كردنی و پێشكه‌وتنی ئه‌ده‌بی منداڵانی روسیدا. داواشی له نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵانیش كرد. كه هه‌وڵی داهێنان و تازه‌گه‌ری بده‌ن له ئه‌ده‌بی منداڵاندا. گۆڕكی ده‌ڵێ:» منداڵ له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا هێمای بێتاوانی و پاكی و خێر و راستی و جوانییه..» له باره‌ی شێوازی نووسینیش بۆ منداڵان، ده‌ڵێ:» پێویسته به هه‌مـان شێوازی نووسین بۆ گه‌وره‌كان.. هه‌ر به‌و شێوازه‌ش بۆ منداڵان بنووسین، به‌ڵام به ئاستێكی باشتر» له روانینی ئه‌وه‌وه، پێویسته نووسین بۆ منداڵان، به‌پێی خواست و ئاره‌زووه‌كانی منداڵان بێت، نه‌ك به‌پێی ویستی نووسه‌ران.. گۆڕكی ته‌نها به قسه پابه‌ندی ئه‌م بیر و باوه‌ڕ و روانینانه‌ی نه‌بوو، به‌ڵكو زۆر جار له‌گه‌ڵ منداڵان خۆشیان داده‌نیشت و لێی ده‌پرسین: حه‌زتان له چ جۆره نووسینێكه؟ جارێكیان به فه‌رمی به ناردنی نامه ئه‌م پرسیاره‌ی ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك له منداڵانی روسیا كرد:»ئـاره‌زووی خوێندنه‌وه‌ی چی ده‌كه‌ن..؟» له زیاتر له دوو هـه‌زار منداڵه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێگه‌یشت، نووسیبوویان له «هه‌مـوو شـتێك» مه‌كسیم گۆڕكی له‌م وه‌ڵامه‌وه، له گرێ و له رێنماییه‌كانی گه‌وره‌كـان وازیهێنا و ده‌ستبه‌رداری فیز و خۆبه‌گه‌وره‌زانین بوو.. چووه نێو جیهانی وه‌نه‌وشه‌یی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی منداڵانه‌وه.. جیهانی راستی و پاكی و بێتاوانی، گوێی له هیـوا و خواست و راز و له خه‌ونه شیرین و سه‌وزه‌كانیان ده‌گرت.. بۆیه مه‌كسیم گۆڕكی فه‌لسه‌فه‌ی خۆی له ده‌سته‌واژه‌ی «هه‌مـوو شتـێك»دا چڕكرده‌وه. مه‌كسیم گۆڕكی، ماڵه‌كه‌شی كردبوو به ژوانگه‌یه‌كی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵان، زۆرجار له‌گه‌ڵیاندا داده‌نیشت و گوێی لێده‌گرتن.. باس و تاوتوێ نووسین و ئه‌ده‌بی منداڵانی له‌گه‌ڵ ده‌كردن.. بۆچوونه‌كانی و رێنمایی و ئامۆژگارییه‌كانی پێده‌وتن.. چه‌ند جارێكیش كێبڕكێی بۆ ئه‌ده‌بی منداڵان سازكرد.. خه‌ڵاتی رێزلێنانی به نووسه‌رانی تێكسته باش و براوه‌كان ده‌به‌خشی.. شایه‌نی باسیشه مه‌كسیم گۆڕكی، گه‌وره‌ترین ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی منداڵانی له روسیادا دامه‌زراند.. كه هۆكارێكی گرنگ و هانده‌ربوو، بۆ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی ئه‌ده‌بی منداڵانی روسی. له تێڕوانینی گۆڕكییه‌وه پێویسته ئه‌ده‌بی منداڵان، هاوڕه‌وت بێت له‌گه‌ڵ پـه‌روه‌رده‌ی نوێ‌دا.. په‌روه‌رده‌ش په‌روه‌رده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت.. په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌لای گۆڕكییه‌وه، كاری شۆڕشگێڕانه‌یه.. رزگاركردنی مێشكی منداڵانه له خه‌یاڵی پـووچ و له داب و نه‌ریتی به‌سه‌رچووی سواو.. ده‌بێت منداڵان به شێوازێك گـۆش و په‌روه‌رده بكرێن، كه زیاتر له داهـاتوو بڕوانن، وه‌ك له‌وه‌ی ئاوڕ له رابردوو بده‌نه‌وه. گۆڕكی ده‌ڵێ:»كاروانی رابردوو ناتگه‌یه‌نێت به هیچ شوێنێك» مه‌به‌ستی گۆڕكیش ئه‌وه نییه، كه هێڵی راست و چه‌پ به‌سه‌ر رابروودا بهێنین و له‌به‌ر چاوی منداڵانی بخه‌ین، یا له ره‌گه‌وه ره‌گكێشی بكه‌ین.. چونكه ئه‌مـڕۆ له دوێنێ له دایك بووه، سبه‌ینێش له ئه‌مـڕۆ له‌دایك ده‌بێت، ئه‌وه‌ی رابردووی نه‌بێت، ئه‌مڕۆ و داهاتووشی نابێت.. مه‌به‌ستی گۆڕكی ئه‌وه‌یه، پێویسته به شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه و روون، به‌بێ ئارایش و رتووش، باسی رابردوو بۆ منداڵان بكه‌ین.. له‌م رووه‌وه ده‌ڵێ:»پێویسته زانیاری له خزمه‌تی منداڵاندا بێت.. منداڵانیش وا رابهێنین كه بیر له داهـاتوو بكه‌نه‌وه.» مه‌كسیم گۆڕكی، جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی چیرۆكه كۆنه میللییه‌كان ده‌كاته‌وه، كه گرنگییان هه‌یه له گه‌شه‌كردنی هۆش و هزری منداڵان، له هه‌ستكردنیان به داهێنان له هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دا، له ده‌وڵه‌مه‌نكردنی زمانیان، له به‌خشینی چـێژ و خۆشی و شادی پێیان.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure