29/5/2018 03:06 PM

بایەخی زمان لە ژیانی نەتەوەكاندا


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز

پێناسە و بایەخی زمان، بەپێی بۆچوونە ئایدۆلۆژیی و فەلسەفییەكان دەگۆڕێ‌. بەپێی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ناسیۆنالیزم بێ، زمان بە یەكێ‌ لە مەرجە هەرە سەرەكییەكانی درووستبوونی نەتەوە و بە ژێرخانی كۆمەڵ دادەنرێ‌. گومانی تێدا نییە، هیچ نەتەوەیەك لە ئەم جیهانەدا، هەرگیز بێ‌ زمان نەبووە، نییە و ناشبێ‌. جا هەر لە تیرە و هۆزە دواكەوتووە دڕندە و كێویلەكانی، نیشتەجێی نێو دارستانەكانی ئەفریكا و خەڵكی دوورگەكانی ئۆقیانووسەوە بیگرە، تا بە پێشكەوتووترین كۆمەڵی ئیتنی ئەم جیهانە دەگا. چونكە زمان و نەتەوە، تەواوكەری یەكدین، وەك ماسی و ئاو وان، هیچ كامێكیان بێ‌ ئەوی دیكەیان ناژین.
زمانی نەتەوەیی، گیانێكی گەش و ژیانێكی پڕ بە جۆشوخرۆش، بە بەر هەموو نەتەوەیەكدا دەكا. دڵی زیندووی هەموو نەتەوەیەك، پتر بە هۆی زمانەكەیەوە لێدەدا، گیانی نەتەوەكەش، هەر خۆی لە چوارچێوەی بەسەرهات، سەرگوزشتە، چیرۆك، هۆنراوە و مێژوودا دەبینێ، كە بە زمانی باپیران ڕاڤەدەكرێ‌ و دەردەبڕرێ‌.
هەرچەندە، هێندێ‌ لە ڕووداوەكانی ژیانی كۆمەڵی كوردەواری، ئەوەیان سەلماندووە، تەنیا هەر زمان، بە یەكەمین مەرجی نەتەوە و كوردبوون دانانرێ‌، بەڵكوو هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و خۆبەكوردزانین، بە پلەی یەكەم دێ‌. چونكە، هەزاران كورد هەبوون، بۆ نموونە: دوكتۆر (فوواد) لە باكووری (كوردستان)، گیانی خۆیان بە نەتەوەی كورد و خاكی پیرۆزی نیشتمان بەخشیوە، لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی زگماكیی خۆیان نەزانیوە! بەپێچەوانەشەوە، هەزاران كوردیش هەن، كوردییەكی باش دەزانن، بەڵام چەكیان بۆ دوژمنی داگیركەر هەڵگرتووە، دژی هاوزمان و نیشتمانەكەی خۆیان جەنگاون!
بایەخی زمان، پتر لە ژیانی ڕۆژانەدا دەردەكەوێ‌. چونكە (زمان هۆیەكە لە ئەو هۆیانەی، ئادەمیزاد بە كۆمەڵەوە دەبەستێ‌.). هەموو مرۆڤێ‌، تەنیا بەهۆی زمانە نەتەوەیییەكەوە، تێكەڵاویی لەگەڵ ئەندامانی كۆمەڵەكەیدا پەیدادەكا و لە یەكدی دەگەن. هەر بە هۆی ئەو زمانەی پێشی دەدوێ‌، بە ئەندامێكی ئەو نەتەوەیە دادەنرێ‌. هەروەها بەهۆی ئەو زمانە بیانییانەی دەشیانزانێ‌، لە خەڵكی وڵاتانی دیكەی جیهان تێدەگا و گفتوگۆشیان لەگەڵ دەكا. تەنانەت زمان لە ژیانی گەلاندا، هێندە بایەخی پەیداكردووە، چەندین دەوڵەتی جیاجیای كیشوەرەكانی جیهان، لە سنووری خۆیدا كۆدەكاتەوە، بۆ ئەوەی لە بوارەكانی كەلتوور، زمان، ئابووریی، ڕامیاریی و دیبلۆماسییدا، پێكەوە هاوكاریبكەن، وەك: (كۆمەڵەی ئینگلیز زمانەكان- ئەنگلۆسەكسۆن) و (كۆمەڵەی فرەنسیزمانەكان- فڕانكفۆن). هەردوو بەشەكەی زمانی نەتەوەییش (ئاخافتن و نووسین)، یارمەتییەكی زۆری گۆڕان و گەشەسەندنی ژیانی كۆمەڵایەتی نەتەوەكان دەدەن. گەر بە هۆی زمانەوە نەبووایە، جیاوازییەكی ئەوتۆ، لە نێوان هۆشی مرۆ و هەموو ئاژەڵەكانی دیكەدا نەدەبوو. بۆیە زمان وەك وەرگێڕی هۆش و دەروون وایە، بیر و بۆچوونەكانی مرۆ وەردەگێڕێ‌. جگە لە ئەوەی، هەموو نەتەوەیە لە ئەم جیهانەدا، بە پلەی یەكەم، تەنیا بەهۆی زمانەكەیەوە دەناسرێ‌. گەر هەر نەتەوەیە، زمانی نەتەوەیی نەبوو، ئەوا ناو و بوونیشی نابێ‌!
یەكێ‌ لە خاڵە گرنگە تایبەتییەكانی هەر زمانێ‌ ئەوەیە، بەهۆی وێژە، فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیییەوە دەتوانرێ‌، ڕەگوڕیشە و ڕەچەڵەكی هەموو گەل و نەتەوەیەك، لە نێوچەیەكی دیارییكراوی مێژوویدا دەسنیشانكرێ‌، ئەو گەل و نەتەوانە، بۆ سەر بنەڕەتی ڕەسەنی خۆیان بگەڕێنرێنەوە و نەژادیان ڕوونكرێتەوە . ئەمەش بە ئەوە دەبێ‌، زمانی كۆنی گەلانی ئەو ناوچانە دیاریكرێ‌، بە باڵای زمانی ئێستەی ئەو گەل و نەتەوانە بگیرێ‌، پاشان لە ڕێی فۆنێتیك، ڕێزمان و وشە لەیەكچووەكانەوە، هەردووكیان لەگەڵ یەكدیدا بەراوردكرێن، خاڵە هاوبەش و لێكچووەكانیان دەسنیشانكرێن و بنەچەكانیان ڕوونكرێنەوە. هەڵبەتە، هەموو دەزگە ئەكادێمیکە كوردییەكان گەر بیانەوێ‌، لە بنەچە و بناوانی نەتەوەكەی خۆیان بكۆڵنەوە، شارەزای زمانەكەی خۆیان بن، پێویستە، ڕێبازی زانستانە بگرن و دوو خاڵی گرنگ ڕەچاوكەن:
1. لە مێژووی درووستبوون و پەیدابوونی كورد لە نێوچەكەدا بكۆڵنەوە.
2. لە مێژووی درووستبوون و پەیدابوونی زمانی كوردیی و قۆناغە جیاوازەكانی پێشكەوتنی زمانەكە بدوێن.
بۆ ئەم كارەش دەبێ‌، پەنا بۆ بەر فۆڵكلۆر و وێژە بەرن. بۆ نموونە : گەر ئێمە توانیمان، بە تەواوی ڕوونیكەینەوە، كاتی خۆی (ماد)ەكان بە چ زمانێ‌ پەیڤیوون، لەگەڵ زمانی كوردیی ئەوڕۆدا بەراوردیكەین، گەر بەڵگەی تەواومان بە دەسەوەبوو، ئەو زمانەی ئەوڕۆ، ئێمەی كورد قسەی پێ‌ دەكەین، سەرچاوەكەی لە ئەو زمانەوە جۆگەی هەڵبەستووە، كە (ماد)ەكان كاتی خۆی قسەیان پێ‌ كردووە، ئەوا دەتوانین، بە ئاشكرا (ماد)ەكان، بە باپیرە گەورەی كوردەكانی ئەوڕۆ دانێین. واتە: بە هۆی زمانەوە دەتوانین، ڕەچەڵەكی كورد دیاریكەین.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved