دیوی ناوه‌وه‌ی كۆریای باكوور
*خوێندنه‌وه‌ی كتێب: دلاوه‌ر عوسمان
* ناوی كتێب: رازی كۆریای باكوور
*نووسینی: گاهر شلبی
*وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د مێرگه‌سۆریی
*قه‌باره‌ی كتێب : (24×16,7سم) – ژماره‌ی لاپه‌ڕه: (184)
*تیراژ : 1000 دانه
*چاپی یه‌كه‌م – 2018
*چاپخانه‌ی كه‌نج
*له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی چاپ و په‌خشی رێنما
له‌م سه‌ر گۆی زه‌مینه‌ی كه (24) سه‌عات جارێك به‌ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه ,كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان هه‌موو وه‌ك یه‌ك ناژین , هه‌یانه تێر وخۆشگوزه‌ران وخاوه‌ن حوكمڕانییه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش ژیر و دیموكرات , هه‌شیانه برسی وخاوه‌ن حوكمداریی خراپ , هه‌یه له دۆخی ئاشتی و هه‌شه له دۆخی جه‌نگ , به‌ڵام ره‌نگه له هه‌مووی سه‌یرتر و بێ وێنه‌تر تا راده‌ی تراژیدیای پێكه‌نیناوی دۆخی كۆریای باكوور بێت كه جار جاره به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی موشه‌كه دوورمه‌وداكانی و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆم ده‌بێته مانشێتی هه‌واڵی میدیاكان .
كۆماری دیموكراتی میللیی كۆریا كه ئه‌مه ناوی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی كۆریای باكووره , به‌ناو كۆمارییه و به‌كرده‌وه پاشایه‌تیی ره‌های پشتاوپشت , به ناو دیموكراته وبه‌كرده‌وه دیكتاتۆریه‌ت تا راده‌ی په‌رستنی شه‌خسی سه‌رۆك له‌بری په‌رستنی خودا , به ناو میللییه و به‌كرده‌وه ئه‌وه‌ی حیسابی بۆ نه‌كرێت میلله‌ته .
تاوه‌كو تابلۆیه‌كی گشتی و دیوی ناوه‌وه‌ی كۆریای باكوورت بۆ ده‌ربكه‌وێت , وه‌ره بێنه به‌رچاوی خۆت هاووڵاتی وڵاتێك بیت هه‌موو به‌یانییه‌ك له خه‌و راتپه‌ڕێنن و تا ئێواره وه‌ك مێرووله كاربكه‌یت و شه‌وانه به زۆر بتخه‌وێنن و سه‌ره‌نجام به نانه‌زگه بژیت و هه‌موو جۆره ئازادیی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێكت لێ قه‌ده‌غه بكرێت و نه‌وێریت ره‌خنه‌یه‌كیش بگریت چونكه ((دیوار به گوێیه )) ,ئینجا له هه‌ندێك بۆنه‌دا به‌زۆر بگریت و له هه‌ندێكی دیكه به‌زۆر شادمانیی ده‌ربڕیت , سه‌رۆكێكی هه‌رزه‌كار و باوك و باپیره مردووه‌كانیشی وه‌ك بت بپه‌رستیت , میدیای ده‌وڵه‌تی تاكه حزبیش هه‌موو ده‌قه و سه‌عاتێك بیداته‌وه چاوت كه تۆ زۆر به‌خته‌وه‌ریت له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه مێژووییه‌یت ! , میدیایه‌ك كۆمه‌ڵێك بینا و شه‌قامی مۆدێرن له پایته‌ختدا وه‌كو دیكۆر پیشانی دنیا بدات گوایه تۆ زۆر پێشكه‌وتوویت و باقی ناوچه‌كانی دیكه‌ش وێران له‌به‌رامبه‌ردا گه‌لێكی برسی و هه‌ست مرێندراو وه‌ك رۆبۆت , ئینجا به‌رده‌وام داوات لێ بكرێت له ئاماده‌باشییدابیت نه‌بادا له‌پڕ دوژمنان هێرشت بكه‌نه سه‌ر , تۆ وه‌ره رژێم له ده‌می خه‌ڵكی بگریته‌وه و بیكه‌یته خه‌رجیی موشه‌ك و جبه‌خانه تا هێزی خۆت نمایش بكه‌یت , له كاتێكدا هاوخوێن و هاوزمانه باشووریه‌كه‌ی واته كۆریای باشوور له دیموكراسی و تۆكمه‌یی ئابوورییه‌كه‌یدا گه‌یشتۆته ئاستێكی زۆر پێشكه‌وتوو كه جیاوازیی ژیانی هاووڵاتیی هه‌ردوو كۆریاكه ئاسمان و رێسمانه , كه‌چی باكووره‌كه به باشووره‌كه ده‌ڵێت ده‌ستكردی ئیمپریالیزم , جا ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سۆشیالیزم له‌پێناوی خۆشكردنی ژیانی مرۆڤه‌كاندا بێت , بێ كه‌مكردنه‌وه له گرنگیی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه , به‌ڵام ئه‌و مۆدێله‌ی كۆریای باكوور كه به‌قسه‌ی خۆیان سۆشیالیست و كۆمۆنیستن , ئا ئه‌مه‌یه خۆشكردنی ژیانی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی ؟! یاخود ئه‌مه بێ نرخكردنی مرۆڤه‌كانه تا راده‌ی به‌مێگه‌لكردن ؟!
كۆریای باكوور ئه‌و ده‌وڵه‌ته داخراو و گۆشه‌گیره‌یه كه نه‌ك هه‌ر گه‌له‌كه‌ی له دنیا دابڕێندراوه , به‌ڵكو سیستمه حوكمڕانه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یشی به‌ڕووی دنیادا داخستووه وله سایه‌ی سیستمێكی پڕ له قه‌ده‌غه‌كارییدا زۆر زه‌حمه‌ته زانیاری له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی ژیان له‌و وڵاته‌دا ده‌ست بكه‌وێت , به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین سه‌رچاوه هه‌ن چ وه‌ك كتێب یاخود توێژینه‌وه و چ وه‌ك به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیی كه كه‌م تا زۆر رۆشنایی ده‌خه‌نه سه‌ر ره‌وشی كۆریای باكوور .
كتێبی ((ده‌وڵه‌ته هه‌ره شاراوه‌كه‌ی جیهان , رازی كۆریای باكوور , بنه‌ماڵه‌ی كیم .. خواوه‌ندی گه‌ل و گاڵته‌جاڕی جیهان )) به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ داده‌ندرێت كه له وه‌رگێڕانی محه‌مه‌د مێرگه‌سۆریی ـه و كتێبخانه‌ی كوردیی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كراوه و له‌و رێگه‌یه‌وه خوێنه‌ر به كۆمه‌ڵێك زانیاریی گرنگ له‌باره‌ی وڵاته‌كه و ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاشنا ده‌بێت .
ئه‌م كتێبه كه له‌نووسینی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی لاوی میسریی تاهیر شه‌له‌بی ـیه پاڵپشت به كۆمه‌ڵێك فاكت و به‌ڵگه‌نامه و وێنه , به‌تێروته‌سه‌لی باسی كۆریای باكوور ده‌كات وه‌ك حكومه‌ت و گه‌ل و جوگرافیا و مێژوو و له ڕووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌وه وێڕای په‌یوه‌ندیی ئاڵۆز و گرژی له‌گه‌ڵ هاوسێ باشووریه‌كه‌ی ( واته كۆریای باشوور ) و دژاییه‌تی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌مریكادا .
نووسه‌ر له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌یدا به‌م به‌ڵگه پوخت و مه‌غزاداره‌وه باسی كۆریای باكوور ده‌كات و ده‌ڵێت : ((ئاژانسی ناسای ئه‌مه‌ریكی .. له گه‌شتی ژماره (38) ی خۆیدا , له رۆژی (30) ی كانوونی یه‌كه‌می (2014) دا , زووم و فۆكه‌سی ته‌لسكۆپ و كامێرا و ئامڕازه‌كانی گه‌ڕان وپشكنینی سووڕاند به ئاڕاسته‌ی كیشوه‌ری ئاسیا و به‌تایبه‌ت بۆ سه‌ر نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا , واته هه‌ردوو كۆریای باكوور و باشوور , له رێی كامێرای تایبه‌ت .. چه‌ند وێنه‌یه‌كی كۆریای باكوور ده‌گرێت . له وێنه‌كاندا .. به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو خاكی كۆریای باكوور تاریكپۆش ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها له چه‌ند شوێنێكی پیۆنگ یانگ ـی پایته‌خت نه‌بێت كه چه‌ند بریسكه‌ی رووناكییه‌ك ده‌رده‌كه‌ون , له كاتێكدا وڵاتانی دراوسێی , روسیا و چین و كۆریای باشوور , له رووناكی ده‌بریسكێنه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له رووناكییدا نقوم ببوون .ئه‌م دیمه‌نه جیاوازییه‌كی پانوپۆڕ له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریای باكوور وباشوور نیشان ده‌دات )) .
هه‌روه‌ها وه‌رگێڕ محه‌مه‌د مێرگه‌سۆری له نووسینێكی كورتیدا به ناونیشانی (( به‌ره‌و دوورگه‌ی باكوور )) خوێنه‌ر بانگهێشت ده‌كات بۆ گه‌شته‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه و ده‌ڵێت : (( با پێكه‌وه بڕۆینه ناو سنووری وڵات و رووبه‌رێكی جوگرافی كه پڕه له راز و نیاز و ئه‌فسانه و سه‌یروسه‌مه‌ره, ئایا هیچ نموونه‌یه‌كی به‌و چه‌شنه هه‌یه و چۆنی لێ ده‌ڕوانن ؟)) .
نووسه‌ر تاهیر شه‌له‌بی كتێبه‌كه‌ی به‌سه‌ر پێنج به‌شدا دابه‌شكردووه , به‌م شێوه‌یه : به‌شی یه‌كه‌م به‌ناونیشانی (( كۆریای باكوور .. وڵاتی قه‌ده‌غه و قاچاغ )) تێیدا باسی دژواریی گه‌شتكردن بۆ كۆریای باكوور ده‌كات كه چ رێوشوێنێكی توندی ئه‌منیی ده‌رهه‌قی گه‌شتیار په‌یڕه‌و ده‌كرێت و گه‌شتیاران ته‌نیا بۆیان هه‌یه له چوارچێوه‌ی گرووپی دیاریكراو سه‌ردانی چه‌ند شوێنێكی ده‌ستنیشانكراو بكه‌ن . هه‌روه‌ها نووسه‌ر له‌باره‌ی جوگرافیای وڵاته‌كه ده‌دوێت .
به‌شی دووه‌م به به‌ناونیشانی ((بنه‌ماڵه‌ی كیم .. خواوه‌ندی گه‌ل و گاڵته‌جاڕی جیهان )) تێیدا باسی بنه‌ماڵه‌ی ((كیم)) ده‌كات , كه وشه‌كه به‌كوردیی مانای ((زێر- ئالتتون)) ـه , له ساڵی (1945) وه له‌وه‌ته‌ی باكووری كۆریا بووه‌ته ده‌وڵه‌تێكی جیا ته‌نیا (3) كه‌س له‌و بنه‌ماڵه‌یه حوكمی ئه‌و وڵاته‌یان گێڕاوه كه‌بریتیین له : باپیر ( كیم ئیل سۆنگ ) و باوك (كیم جۆنگ ئیل ) و كوڕ ( كیم جۆنگ ئون ) كه ده‌كاته سه‌رۆكی ئێستا . له‌كۆریای باكوور ئه‌وانه له پله‌ی سه‌روو مرۆڤ و وه‌كو خوداوه‌ند ته‌ماشا ده‌كرێن .
به‌شی سێیه‌م به ناونیشانی ((مه‌ینه‌تی وناسۆریی گه‌ل … له دۆزه‌خێكه‌وه بۆ دۆزه‌خێكی تر )) تێیدا باسی مه‌ینه‌تیی و ژیانی پڕ چه‌رمه‌سه‌ریی گه‌لی كۆریای باكوور ده‌كات كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌دان یان رازییبوون به ژیانی كوله‌مه‌رگیی له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌یاندا یاخود هه‌وڵی راكردن بۆ ده‌ره‌وه كه پڕه له سه‌ركێشیی و ئه‌گه‌ری له‌ناوچوون به‌ر له ده‌ربازبوون . هه‌روه‌ك باسی سزای توند و ره‌وشی خراپی به‌ندیخانه‌كان و ئه‌شكه‌نجه‌دان و سه‌پاندنی سزای مه‌رگ له‌و وڵاته‌دا ده‌كات .
به‌شی چواره‌م به ناونیشانی (( دراوسێكه‌ی باشووری … له‌نێوان یه‌كگرتنه‌وه و دوژمنایه‌تیدا )) تێیدا باسی پێشكه‌وتوویی كۆریای باشوور ده‌كات . بۆ زانین به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی (2011) داهاتی نیشتمانیی ساڵانه‌ی كۆریای باشوور سه‌روو یه‌ك تریلیۆن دۆلار بووه كه داهاتی تاك له ساڵێكدا ده‌كاته سه‌روو (30) هه‌زار دۆلار , كه‌چی داهاتی نیشتمانیی ساڵانه‌ی كۆریای باكوور له ده‌وری (16) ملیار دۆلار بووه كه داهاتی تاك له ساڵێكدا له (1800) دۆلار تێپه‌ر ناكات . ئه‌م ژمارانه بۆخۆیان جیاوازیی به‌رینی نێوان ئاستی بژێویی و ژیانی هاووڵاتیان له هه‌ر دوو كۆریاكه‌دا ده‌رده‌خه‌ن .
به‌شی پێنجه‌میش به ناونیشانی (( ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا … و ململانێی هێزی ئه‌تۆمی و سه‌ربازی )) تێیدا باسی جبه‌خانه و هێزی سه‌ربازیی كۆریای باكوور ده‌كات و له به‌رامبه‌ردا پارێزگاریی ئه‌مه‌ریكا له كۆریای باشوور له هه‌مبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆریای باكووردا .
نووسه‌ر بۆ ئه‌م كتێبه پشتی به ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه به‌ستووه كه بریتیین له كتێب و فیلمی دۆكیۆمێنتاری و توێژینه‌وه , له كۆتاییشدا به پاشكۆیه‌ك كۆمه‌ڵێك وێنه و هێڵكاریی و نه‌خشه‌ی داناوه .
پێویسته بگوترێت هه‌ردوو كۆریا كه یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك زمانن بۆ ماوه پێنج هه‌زار ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك خاكدا ژیاون, له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان هه‌ردوو به‌شی باكوور و باشوور بوونه دوو ده‌وڵه‌تی جیا ,له ساڵانی (1950-1953) دا جه‌نگێكی خوێناویی له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رپا بوو, ئه‌وه بوو دوای ئاگربڕ هێڵی پانیی (38) پله بووه سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات كه به ناوچه‌ی له‌چه‌ك داماڵدراو ناوده‌برێت به‌پانیی (4) كیلۆمه‌تر و به درێژیی (255) كیلۆمه‌تر . كۆریای باكوور كه پایته‌خته‌كه‌ی پیۆنگ یانگ ـه رووبه‌ری وڵاته‌كه (120) هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی خۆی له (25) ملیۆن كه‌س ده‌دات , له كاتێكدا كۆریای باشوور كه ناوه فه‌رمییه‌كه‌ی كۆماری كۆریایه و پایته‌خته‌كه‌ی سیئۆل ـه رووبه‌ری وڵاته‌كه (100) هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی (51) ملیۆن كه‌سه .
دواپه‌یڤ , خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه كه‌پڕه له زانیاری و ژماره و ورده‌كاریی ,سه‌رباری چێژی خوێندنه‌وه , خوێنه‌ر به كۆمیدیای تاڵ و تفتی ره‌وشی كۆریای باكوور ئاشنا ده‌كات , وه‌كو په‌ندێكیشه بۆ هه‌ر گرووپێكی سیاسیی له دنیادا كه به‌ئاگا یان بێئاگایانه بیه‌وێت كه‌م تا زۆر لاسایی ئه‌م مۆدێله‌ی سیاسه‌تكردن و حوكمڕانیی بكاته‌وه.