26/6/2018 04:35 PM

دیدە بونیادگەراییەكان –گۆران بەنموونە -


ژینۆ عەبدولڵا*

 ئەمە ناونیشانی كتێبێكی هەردوو ئەكادیمی وڕەخنەگر پ.د.زاهیر لەتیف كەریم وپ.د.نیان نەوشیروان مەستی یە كەلەسەر ئەركی خۆیان ولەلایەن چاپخانەی كارۆ وە,ئەم ساڵ 2018,چاپكراوە.كتێبەكە كەپێكهاتووە لە (10) لێكۆڵینەوە پشتی بەڕێبازە ڕەخنەییە تازەگەراییەكان بەستووە كەسەرجەمیان لەئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات بەگشتی وئەدەبیاتی كوردی بەتایبەتی هەتا ئێستا كاری لەسەر نەكراوە.هەروەها لێكۆڵینەوەكان كەوتونەتە ژێر یاسا زانستی وئەكادیمیاكانەوە كەبۆ هەر لێكۆڵینەوەیەك ئامانج وستراتیژییەت وئەنجام دەستنیشان كراوە.ئەمە جگە لەوەی كتێبەكە پێشەكییەكی چڕو پڕی لەسەر شیعرییەت وبەها بابەتی وناوەڕۆكی وشێوازەییە شیعرییەكانی گۆران لەسەر نووسراوە كەئەمە دەروازەیەكی بەسوودە بۆ خوێنەر بەوەی بەر لەدەستكردن بەخوێندنەوەی ناوەڕۆكی كتێبەكە بۆچوونێكیان لەسەر تێگەیشتن وهێزی داهێنان وسەرچاوەلێگرتنەكانی شاعیر هەبێت.
لەلێكۆڵینەوەی یەكەمدا بەنێوی "ئۆنتۆڵۆژیا" هەردوو نووسەر جەختیان لەسەر گرنگی جێگە كردووە ئەویش بەومانایەی  كەئۆنتۆڵۆژیا بەمانا زاراوەییە ئەدەبییەكەی بریتیە لەڕوونكردنەوەی مانای بوونی جێگە ئەویش لەڕێگەی پشكنین وگەڕان بەدوای مانا پێویستەكانی ژیان كەمرۆڤ زیاتر پێویستی پێیانە.بەمەش ئۆنتۆڵۆژیا دووردەكەوێتەوە لەخەیاڵ.بەپێچەوانەوە واقیع دەبێتە كەرەستەیەكی هەرە بەنرخی ئۆنتۆڵۆژیا.لێرەدا هەردوو نووسەر ئاماژەیان بەدوو تەوەر داوە,یەكەمیان تەوەری ئامانجی مانا جێگەییەكان ودوهەمیان تەوەری چۆنێتی ناوەڕۆكەكان كەئەمەی دواییان پشتی بەكارنامەكان بەستووە.
لەلێكۆڵینەوەی دوهەمدا بەنێوی"بەڕووخساركردنی ناوەڕۆك" هەردوو نووسەر جەختیان لەسەر دەسەڵاتی ڕووخسار كردووە كەهۆكارێكە بۆ خوڵقاندنی ناوەڕۆك وەك ئەوەی ڕووخسار توانای دەستنیشانكردنی دەقێكی هونەری هەبێت یان ناوەڕۆكەكان لەدەرئەنجامی ڕووخسارەوە لەدایك دەبن.بەمەش ڕووخسار دووردەكەوێتەوە لەقاڵبە داڕێژاوە كڵاسیزمییەكان بەنموونەی تەرجیع بەند وچوارینە ودوو بەیت وڕژێمی یەك دێڕی كەشیعری ئازاد نوێنەرایەتی دەكات.لێرەدا بۆ هەر دەنگ وئاواز وپیت وووشەیەك چەندین مانا دەدۆزرێتەوە كەپێشتر ڕووخسارەكان وەك ئامڕازێك سەیر دەكران نەك بابەتێكی ئامانجی.
لەلێكۆڵینەوەی سێهەمدا بەنێوی" جیهانبینی" هەردوو نووسەر جەختیان لەسەر گەڕان وڕاڤەكردنی مانا گشتگیرییەكانی جیهان كردووە ئەویش لەڕێگەی پرسیاری تاك وخودە بەئەزموونەكان لەشتەكانی دەوروبەر.ئەمەش لەپێناو گەیشتن بەڕاستییەكانی ژیان.بۆ ئەم مەبەستە هەردوو نووسەر ئاماژەیان بەبۆچوونەكانی لۆسیان گۆڵدمان داوە كەجیهانبینی  دەبێتە ئامانجێك بۆ دۆزینەوەی مانا پێویستەكان.
لەلێكۆڵینەوەی چوارهەمدا بەنێوی"دەسەڵاتە ئاسۆییەكان" هەردوو نووسەر جەختیان لەسەر  دەسەڵاتە ئاسۆییە مێژوویی ووەرگری وچاوەڕوانییەكان كردووە.ڕاڤەكردن سەرچاوەیەكی هەرە نزیكی كاركردنی ئەم دەسەڵاتەیە.لێرەدا ئاماژەدراوە بەگوزارشتە سروشتییەكانی مرۆڤ ونیشانەهێما وئایكۆنەكان كەلێرەشەوە چەمكی خۆتەنی سەرهەڵدەدات كەئامانجی ئەم خۆتەنییە بریتییە لەدەرخستنی زانیارییە شاراوەكان ئەویش لەڕێگەی دروستكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ڕەگەزە هونەری وفیكری وبابەتییەكان.
لەلێكۆڵینەوەی پێنجهەمدا بەنێوی"زمانی سروشت" هەردوو نووسەر جەختیان لەوە كردووە كەسروشت دەبێتە ئامانج ولەو ڕووەوە گۆران, كەوەك نموونە وەرگیراوە, ڕەفتاری سروشتی خستۆتە ژێر چاودێری ووردەوە ولەهەمان كاتدا كارنامەی جۆراوجۆری پێ بەخشیوە.لێرەدا زمان جگە لەبیستن وجوڵە ئەركی هێمایی ونیشانەیی وهێڵەكانیش دەبینێت.هەر لەبەر ئەمەشە زمانی سروشت لەیاسا ماتماتیكەكان لادەدات وبۆ هەر قۆناغ وجێگەیەك جۆرێك لەمانا.یان لەڕوانگەی ڕەوانبێژییەوە بەلادانە خواستەییەكان ئەژمار دەكرێت كەئەمیش پێویستی بەسێ قۆناغە وەك لێكچوون لەنێوان دوو ڕەگەزی جیاواز بەڵام لەچوارچێوەی یەك كارنامەدا.بەرجەستەكردنی دوو ڕەگەز لەیەك كرداردا.گواستنەوەی مانای پێچواندن لەمانای پێچێنراو.
لەلێكۆڵینەوەی شەشهەمدا بەنێوی"سیمیۆڵۆژیای گرژییەكان" هەردوو نووسەر جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كەدەقی ئەدەبی یان شیعری  لەسەر بنەمای گرژییەكان دادەمەزرێت كەئەمیش خۆی لەبەهێزكردنی هەستەكان ودرێژكردنەوەی مەوداكانی ئەو هەستەدا دەبینێتەوە وەك ئەوەی گەر ئەو هەستانە نەبێت كەبۆتە مایەی گرژی بۆ خاوەن دەقەكان ئەوا پڕۆسەی شیعری وئەدەبیش بوونیان نابێت.خۆ ئەگەر بەدەستكردیش بوونی هەبێت ئەوا ناوەڕۆكی ئەو جۆرە دەقانە بەبێ بەهایی دەمێننەوە.لەهەمان كاتدا ئارگیومێنتەكان كەدەكەونە نێوان "من " و "ئەو"ی بەرامبەر گرژییەكان دەخولقێنن.سیمیۆڵۆژیای گرژییەكان دەبنە كلیلێكی ئەكتیڤ بۆ كردنەوەی كۆدە شاراوەكانی ئەو ئارگیومێنتانە.بەمەش سیمیۆڵۆژیای گرژییەكان بریتیە لەبەرهەمێكی دوای تازەگەرایی كەلەسەر بنەمای بەهێزكردنی ماناكان ودرێژكردنەوەیان دادەمەزرێت وكەسە بەئەزموونەكانیش, بەنموونەی گۆران,  لەڕێگەی سەرچاوەكانیانەوە دەتوانن بچنە نێو ووردەكارییە نەبینراوەكانی ژیان بەڵكو توانای ئەوەیان هەیە كەخەیاڵ بگوێزنەوە بۆ واقیع .ئەمەش جۆرێكە لەپێشبینیكردن بۆ شت ومەسەلەكان ولێرەشەوە جووڵە دەكەوێتە زەمەنەوە ولەلایەكەوە نزیك دەبێتەوە ولەلایەكی تریشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ مەودا دوورەكان.ئەمەش ,هەروەك هەردوو نووسەر دەریان خستووە,دەشێ پشت بەبۆچوونەكانی ئەو كەسە بەئەزموونانە ببەسترێت.
لەلێكۆڵینەوەی حەوتهەمدا بەنێوی"سیمیۆڵۆژیای جیهانە دەشێییەكان" جەخت لەسەر ئەو گریمانە گشتگیری وجیهانیانە دەكات كەپەیوەندی بەڕەهەندە دەشێییەكانەوە هەیە وەك ئەوەی هیچ مەسەلەیەك پێویست ناكات بەداخراویی بمێنێتەوە ولەو ڕووەوە ووشەكان یان ڕستە ودەستەواژەكان تا دەگاتە دەقەكان پێویستیان بەڕاكێشان ودرێكردنەوە هەیە.گێڕانەوەگەرییەكان كەبەردی بناغەی جیهانە دەشێییەكانە هەمیشە هەوڵدەدات كەجیهانی خەیاڵ هەڵوەشێنێت .ئەمەش بەبێ جیهانە دەشێییەكان ئەنجام نادرێت.لێرەشەوە واقیعیش گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت لەكاتێكدا ناوەڕۆكی ئەو واقیعە دەبێت لەگۆڕانكاری بەردەوامدا بێت.بۆ ئەم مەبەستە هەردوو نووسەر ئاماژەیان بەوەداوە كە كەئەركی شاعیر وێنەگرتن نیە بەڵكو ڕاڤەكردنی ئەو شتانەیە كەدەكەونە دیوی ناوەوەی ناخەكانەوە.بەمەش گەردوون بەمانا گشتییەكەی بریتیە لەدوو جەمسەر,یەكەمیان ئەو واقیعەی كەپەیوەندی بەهەمووانەوە هەیە وەك ئەوەی كەهەیە كەبەمە دەوترێت واقیعی میتریاڵی.دوهەمیان ئەو واقیعەی كەلەدەرەوەی هەستە بینراوەكانە.جیهانی دەشێیی پەیوەندی بەوەی دوهەمیانەوە هەیە كەخاوەنەكانیان پێویستە هەڵگری پەیامە ڕۆشنبیری وخەیاڵی وهزرییەكان بێت وكارەكە بەكەسانی سادە ئەنجام نادرێت.
لەلێكۆڵینەوەی هەشتهەمدا بەنێوی"سیمیۆڵۆژیای گەردوونی" جەخت لەسەر سستمە ڕۆشنبیرییە گەردوونییەكان دەكرێت.ئەم جۆرە لەسیمیۆڵۆژیا خۆی نابەستێتەوە بەجێگەیەكی جوگرافی دیاریكراو بەڵكو ڕۆشنبیرییەتی دەق خۆی دەبێتە فەزایەكی گەورە بۆ جێگە جۆراوجۆرەكان.بەمەش پڕۆسەی ئەدەبی گەورە وبچووك كۆتاییان پێ دێت بەوەی هەندێك جار هێزی ڕۆشنبیرییەت دەكەوێتە نێو تەرازووی ئەدەبە بچووكەكانەوە.هەر لەبەر ئەمەش سیمیۆڵۆژیای گەردوونی هەمان سیمیۆڵۆژیای ڕوِشنبیرییە.لێرەدا پەیوەندییەكان لەنێوان لۆكاڵ ودەرەوەدا گەورەتر وبەهێزتر دەبێت.
لەلێكۆڵینەوەی نۆهەمدا بەنێوی "سیمیۆڵۆژیای مەیلەكان" جەخت لەسەر پێكهاتە شاراوەكانی مەیل دەكات وبۆ ئەم مەبەستە چەمكە گێڕانەوەگەرییەكانی دەق دەبنە تاقیگەیەكی پشكنین بۆ دەرخستنی زانیارییەكان.لەنێو ناوەڕۆكی مەیلەكاندا ژێرخانە سەرچاوەیی ومەعریفی ونیشانە دژایەتییەكان بەنموونەی جوانی وناشیرینی وخۆشەویستی وكین وڕق بوونێكی ئەكتیڤیان هەیە.بۆ ئەم مەبەستە هەردوو نووسەر پشتیان بەبۆچوونەكانی گریماس وفۆنتینی بەستووە لەكاتێكدا ئەم دوو ڕەخنەگرە جیهانییە كتێبێكی هاوبەشیان بەنێوی" سیمیۆڵۆژیای مەیلەكان" هەیە.مەسەلە هەڵچوونە جەستەیی وسایكۆڵۆژییەكان توانای دەرخستنی دژایەتییەكانیان هەیە وەك ئەوەی مرۆڤەكان لەكاتی هەڵچوونەكاندا كەسێتی وبەهاكانیان بەدەردەكەوێت.لێرەشەوە دەشێت دەستنیشانی ڕێژەی ڕاستگۆیی ئەزموونی خودی بكەر بكرێت.
لەلێكۆڵینەوەی دەهەمدا بەنێوی"میتا شیعر" ئاماژە دراوە بەوەی كەلەسەرو شیعرەوە شیعرییەت یان ستراتیژییەت بوونێكی مانایی هەیە.لەو ستراتیژییەدا چەندین ئەزموون وئەزموونگەرایی وتەوژمە ئاگایی وهەستییەكان بەدی دەكرێت.لێرەدا شاعیر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ داوا لەوەرگر دەكات تا بەشدار بێت لەكردنەوەی ئەو مانایانەی كەدەكەونە دوای شیعرەوە كەڕاستییەكانی شیعر خۆی لەو مانایانەدا دەبینێتەوە.بەمەبەستی ئاشكراكردنی میتا شیعر,هەردوو نووسەر ئاماژەیان بەسێ جۆر لەگەڕان داوە,ئەوانیش بریتین لە: گەڕان بەدوای خودەكان وگەڕان بەدوای بابەتەكان وگەڕان بەدوای هەستەكاندا.واتە كەسێكی وەك گۆران شاعیرێكی سادە نییە ولەژێرەوە ئەركی گەورەی لەسەرە.بەمەش لەنێو وێنە ودیمەنە گشتگیری وسادەكاندا پڕۆژەی گرنگ بوونیان هەیە كەسەرجەمیان پەیوەستە بەمانا قەبە وگەورەكان.دیارە ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی بەها زاڵە جوانەكاندایە كەگۆران بەدرێژایی زەمەن مەبەستی بووە.
لەكۆتایدا ئەم كتێبە سەرچاوەیەكی هەرە بەنرخی ڕەخنەی ئەدەبییە لەجۆری تازەگەرایی ودوای تازەگەرایی كەناوەڕۆكەكانی دەكرێت گەورەتر بكرێت ئەویش لەڕێگەی توێژینەوەی زیاتر لەلایەن ئەكادیمیان وڕەخنەگران وخوێندكارانی خوێندنی باڵاوە.ئەمەش هەوڵێكە بۆ دەربازبوون لەنووسینە تەقلیدییەكان كەماوەیەكی زۆرە ڕەخنەی ئەدەبی لەئەدەبیاتی كوردیدا داگیركردووە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved