11/7/2018 04:03 PM

چاپی نوێی ڕۆمانی چاوەکانی

 

چاپی سیانزدەیەم( کە پێداچوونەوەی بۆ کراوە)
هەفتەی ئایندە دەکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران
لە بڵاوکراوەکانی ئەندێشە

"چاوەکانی"، سەربردە و یادەوەری
ئازاد بەرزنجی


بەحوکمی ئەوەی کاتی خۆی ئێمە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە ئێران ماینەوە و من لەوێ بە فارسی خوێندبووم، کاتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٥دا گەڕاینەوە بۆ عێراق لە سنووری قەسری شیرینەوە، بەو بەڵێنەی کە بمانهێننەوە بۆ سلێمانی، بەڵام ئەو گەڵابە و لۆرییە عێراقییانەی کە ئێمەیان وەکو مەڕوماڵات تێ فڕێ دابوو، ئاڕاستەی خۆیان بەرەو باشووری عێراق گۆڕی و دووریان خستینەوە بۆ ناحیەی (فهود)ی سەر بە پارێزگای زیقار (ناسریە) کە ناحیەیەک بوو زۆنگاو دەوری دابوو. ئەمە سزایەک بوو بۆ هەموو ئەو کوردانەی کە لەو ڕۆژگارەدا دەیانویست بێنەوە بۆ کوردستان و حکومەت ناوی لێ نابووین(عائدون) واتە گەڕاوەکان. ئەوە بوو لەوێ ئێمەیان خستە ناو ئەو خانووە بە قامیش دروستکراوانەی پێیان دەوترا(صریفە)، لەوێش بە عەرەبی خوێندم، ئینجا لەکۆتاییەکانی ١٩٧٧دا حکومەتی بەعس لێخۆشبوونی بۆ دەرکردین و گەڕاینەوە سلێمانی. لەم کۆچ و کۆچبارییەدا و لەسەر ڕەوتی هەمان ئەو خووەی لە مناڵیمەوە هەمبوو بۆ خوێندنەوە، کۆمەڵێک کتێبی فارسیم لە ئێرانەوە لەگەڵ خۆمدا هێنا بووەوە و لە بەرەوە لێم دەخوێندنەوە، ئەمەش وای کرد عەشقم بۆ زمانی فارسی، بەتایبەتیش زمانی ئەدەبیاتیان هەر بمێنی و ڕۆژ دوای ڕۆژ لەگەشەکردندا بێت. هەر بۆیە دواتر و لەسەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، وەختێ بە مامۆستای نووسەرو وەرگێڕ "عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی" ئاشنا بووم، کە ئەویش یەکێک بوو لە هەوادارانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی، بەدڵفراوانییەوە دەرگای کتێبخانە تایبەتیەکەی خۆی بۆ خستمە سەر پشت کە پڕ بوو لە کتێبی فارسی و منیش وەک ئەوەی بەسەر گەنجێکدا کەوتبم، هەر جارەو هەندێ کتێبی فارسیم لێ دەخواست و دەمبردن و دەمخوێندنەوەو پاشان بۆم دەگەڕاندنەوە. ئەو ڕۆژگارە کتێبی فارسی قەدەغە بوو و بە دەگمەنیش لای هاوڕێ و دۆستان پەیدا دەبوو، بەڵام مامۆستا عەبدوڵڵا بەهۆی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ خزمانی لە کوردستانی ئێران، بە قاچاخ کتێبی فارسیی بۆ دەهات.
یەکێک لەو کتێبانەی کە جارێک لەو جارانە لێم خواست بۆ خوێندنەوە، ڕۆمانی "چاوەکانی"ی بوزورگی عەلەوی بوو، دوای ئەوەی خوێندمەوە، تا ماوەیەکی زۆر کاریگەریی کەشوهەواو کاراکتەرەکانی ئەو ڕۆمانە بەسەر زەین و خەیاڵمدا زاڵ بوون. بەتایبەتیش لەو ڕۆژگارەدا، ڕۆژگاری شەڕی عێراق – ئێران و ڕۆژگاری ترس و ستەم و تۆقاندن، ئەو ڕۆژگارەی کە بوزورگی عەلەوی هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە وەسفی دەکات کە چۆن چەند دەیەیەک لەوەوبەرتر و لەسەردەمی ڕەزا شادا باڵی بەسەر تاران و ئێراندا کێشابوو (هەڵبەتە بەو جیاوازییەوە کە ترس و ستەمەکەی بەعس زۆر زیاتر بوو).
کاریگەریی ڕۆمانەکە لەو دەمەدا لە سەرم و خۆشەویستیم بۆ کارەکە، وای لێ کردم بیر لەوە بکەمەوە کە بۆ زمانی کوردیی وەربگێڕم، گەرچی سوور دەمزانی کە چاپکردنی لەو سەردەمەدا مەحاڵی مەحاڵە، بەڵام بڕیارم دابوو کە بەهەر نرخێک بووە بیکەم بە کوردی، تەنانەت گەر هەندێ لەو هاوڕێکانی خۆیشم بە دەسنووسی بیخوێننەوە، هەر تەسەللایەکە (ئەو دەمە وام بیر لێ دەکردەوە)
ئەم خولیایە لە سەرمدا هەر مایەوە، بەڵام سەرقاڵیم بە کاری شانۆییەوە، بەتایبەتیش نووسین و وەرگێڕان و ئامادەکردن بۆ شانۆ، بەشی شێری لە کاتم بردبوو ئەوسا، هێنانەدیی ئەو خەونە دواکەوت بۆ دوو ساڵی پێش ڕاپەڕین.
دوو ساڵی بەر لەڕاپەڕین، تا بڵێی دوو ساڵی سەخت بوون بۆ ئەو نەوەیەی ئێمە. هەموومان خوێندنمان تەواو کردبوو و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکیش لەبەردەمماندا نەبوو، نە بۆ خوێندنی باڵاو نە بۆ دامەزراندن، جگە لەوەی کە یان دەبووایە ببووینایە بە سەرباز، یان لەڕێی ئێرانەوە هەوڵی چوون بۆ هەندەرانمان بدایە و یان بچووینایەتە دەرەوە (واتە بۆ ناو پێشمەرگە)، یاخود بە هەڵاتوویی (بە فیراری) بماینایەتەوە، کە ئەمەش ڕیسکی خۆی هەبوو، بەتایبەتیش لەساڵی ١٩٨٩ و ١٩٩٠ و دوو سێ مانگی ساڵی ١٩٩١دا. بەشێک لە هاوڕێکانمان ڕێی ئێرانیان گرتبووە بەرو بەشێکی تریش چوونە دەرەوەو ئەوەی مابووشەوە؛ هەڵاتوویی هەڵبژارد، هەڵبەت بە هەموو ئەگەرە شوومەکانییەوە، هەر لە گرتنەوە، تا کوشتن. من بۆ خۆم وەکو یەکێک لەوانەی بڕیاری ٧٣٧ی حکومەتی بەعس گرتبوونییەوە، پێشتر کە لە سەربازی عەفو کرابووم، بەڵام دواتر و بە بڕیارێکی تر (بەتایبەتیش کاتێ عێراق کوەیتی داگیر کرد) هەموو ئەوانەش بۆ سەربازی بانگ کرانەوە کە عەفو کرابوون، منیش کە دەبوایە بچوومایەتەوە بۆ وەحدەیەک لە (سیدەکان)، هەڵاتنم هەڵبژارد و لەوپەڕی نائومێدییەوە لەو ڕۆژانەدا بڕیارم دابوو کە هەرچییەکم بەسەر بێت، گرتن و دەسڕێژی و کوشتن، قبووڵی بکەم و نەچمەوە بۆ سەربازی. بەتایبەتیش کە باوکم دووچاری نەخۆشیی شەکرە بووبوو و ڕۆژبەڕۆژ تەندروستیی بەرەو خراپتر دەچوو و تا وای لێ هات لە جێدا کەوت و بەتەمای نەماین. لە ڕۆژگارێکی وەهادا، کە ناوبەناو قەدەغەکردنی هاتوچۆ (مەنعەتەجەول) ڕادەگەیەنرا و کەس لە شاردا بەتەمای خۆی نەبوو، من لە ژوورێک لە ژوورەکانی ماڵەکەماندا لە چوارباخ و هەندێجاریش لە ژێرزەمینی ماڵە خزمێکدا (ئەوکاتانەی باس لە قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەکرا) خۆم زیندانی دەکرد و خەریکی خوێندنەوەو هەروەها وەرگێڕانی ڕۆمانی "چاوەکانی" دەبووم.
وەک ئەوەی ئاماژەم پێ دا، لەو شتانەی هانی دام ئەو ڕۆمانە بکەم بە کوردی، یەکەم: ئەوە بوو کە ڕۆمانەکە باس لە بارودۆخ و هەلومەرجێک دەکات کە تێیدا دیکتاتۆری و ترساندن و تۆقاندن سایەی بەسەر هەموو کۆمەڵگای ئێراندا خستووە و منیش هەستم دەکرد زۆر نزیکە لەو بارودۆخەی ئەوسای خۆمانەوە. دووەم: باس لە خەباتی نهێنیی ئینسانێک (کە لە هەمان کاتدا هونەرمەندیشە) دەکات کە نەک هەر هونەرەکەی خۆی بەڵکو هەموو ژیانی خۆیشی خستۆتە ڕیسکەوە لە پێناوی ئایدیایەکی باڵادا کە ئەویش تێکۆشانە بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگاکەی و ئینسانەکانی کۆمەڵگەکەی لە دەستی ستەم و سەرکوتکردن، دیسانەوە ئەمەش لەو ڕۆژگارەدا یەکێک بوو لە خەمە گەورەکانی هەموو هونەرمەند و مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و کورد پەروەر و بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانمان لە قەسابخانەکانی موسڵ و بەغدا لەو ڕێیەدا تیاچوون. ئەودەم هێشتا چەمکەکانی نیشتمانپەروەری و کوردایەتی و تێکۆشان لەپێناوی ئازادیدا مانای باڵای خۆیان وەکو ئێستا لەدەست نەدابوو و نیشتمانپەروەری و کوردایەتی بەهایەکی گەورەی هەبوو و ئێمەومانان لەگەڵ شیری دایکماندا بەوەش گۆش کرابووین و وەکو ئێستا کوردایەتی و نیشتمانپەروەری نەبوو بوو بە بازرگانیکردن بە خوێنی شەهید و مێژووی پڕ زام و برینی ئەنفال و کیمیابارانەوە و نەبووبوو بە شەڕ و کێبڕکێ لەسەر بیرە نەوت و سووکایەتیکردن بە کوردبوون و ئینسانبوون و هاووڵاتیبوونەوە. 
زۆر بەڕاستی من لێرەدا دەمەوێ دان بەوەدا بنێم کە بەش بەحاڵی خۆم ئەو ڕۆژانە لە کابووسێکی زۆر تاریکدا دەژیام و ئومێدێکم بە دەرچوون لەو کابووسە نەبوو (خۆ ئەگەر دواترو بەر لە ڕاپەڕین ئەمەریکا لە عێراقی نەدایە و سوپاکەی ئیفلیج نەکردایە، ئەو کابووسە واقیعێک بوو تا ئێستاش بەردەوام دەبوو). بەڵام لەو دۆخە پڕ بێهیواییەشدا، تەسەللای خۆم بەوە دەدایەوە کە هیچ نەبێ ئەگەر لەم بارودۆخەشدا تیاچووم، با وەرگێڕانی ڕۆمانی "چاوەکانی" بکەمە دیارییەک بۆ ئەوانەی دوای خۆم دێن و دەیخوێننەوە. بەهەرحاڵ، لە هەلومەرج و کەشوهەوایەکی وادا، سەرقاڵی وەرگێڕانی چاوەکانی" بووم تا شەش مانگێک بەر لە ڕاپەڕین تەواوم کرد.
هەڵبەتە جگە لەو شتانەی کە ئاماژەم پێ دان، تایبەتمەندێتیی کەسێتیی فەرەنگیسیش یەکێکی تر بوو لەو شتانەی سەرنجی منیان بەلای ئەو ڕۆمانەدا ڕاکێشابوو. فەرەنگیس لەسەرێکەوە کچێکە سەر بە خێزانێکی ئورستۆکراتی، لەسەرێکەوە حەز بەدنیای هونەر دەکات. لەسەرێکەوە ئافرەتێکی جانانە و یاریزانە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پیاواندا،لەسەرێکی تریشەوە خۆیشی نازانێ چەند عاشقی ماکانە لە کۆتاییدا نەبێت. ژنێک کە لەڕوویەکەوە قوربانیی دەست کۆمەڵگایە، وەکو خۆیشی دەڵێت، لەڕوویەکی تریشەوە قوربانیی دەست بیرکردنەوە و هەواو هەوەسەکانی خۆیەتی. ئاڵۆزیی ئەم کاراکتەرەش تا ڕادەیەکی زۆر سەرنجی ڕاکێشابووم.
بەپێنج شەش مانگێک بەر لە ڕاپەڕین لە وەرگێڕانی "چاوەکانی" بوومەوە. هەر لەو ماوەیەدا بەدەسنووسی دام بە چەند هاوڕێیەک و خوێندیانەوە، تا ئەوە بوو دواجار دام بە هاوڕێی شێوەکارم "عومەر دەروێش" کە زۆر تامەزرۆی خوێندنەوەی بوو. دەسنووسەکە لای عومەر دەروێش مایەوە تا ڕاپەڕین ڕووی دا. دوای ئەوەی مانگی هەنگوینی ڕاپەڕین تێپەڕی و کارەساتی کۆڕەوەکەی بەسەردا هات، من لە سلێمانییەوە بەپێ ڕۆیشتم تا پاوە. پاشان ماوەیەک لە "نەوسوود" مامەوە و دواتر بەرەو "بانە" چووم، کە لەوێش چەند مانگێک مامەوە.
ڕۆژێکیان لە پارکەکەی بانە دانیشتبووم و خەریکی خوێندنەوەی دیوانەکەی "فروغ فەڕوخزاد" بووم کە چاپێکی کۆنیم لەوێ دەست کەوتبوو، برادەرێک هات و سڵاوی لێ کردم، کاتێک سەرم هەڵبڕی، سەیرم کرد "عومەر دەروێش"ە. لەپێش ڕاپەڕینەوە یەکمان نەبینیبوو و باوەشمان کرد بەیەکدا و لەلامەوە دانیشت و کەمێک باسوخواسمان کرد. پاشان وتی ناچارم هەواڵێکی ناخۆشیشت بدەمێ، وتم: خێر، چییە؟ وتی کە ڕەوەکە بوو، خەسووم و ئەوان هەر لە شار مانەوە و نەیانتوانی شار جێبێڵن و کاتێکیش هێزە سەربازییەکانی بەعس چوونەتەوە ناو سلێمانی، خەسووم لەترسی ئەوەی نەبادا بچن و ماڵەکە بپشکنن، کۆمەڵێک ئەوراق و بەڵگەنامە و کتێب و هەروەها دەسنووسی "چاوەکانی"یش خستووەتە توونی حەمامەکەوە و سووتاندوونی. هەڵبەتە ئەم هەواڵە زۆر بێتاقەتی کردم، بەڵام لە خۆشەویستیی عومەر لە ڕوویم نەداو وتم کێشە نییە و سەرلەنوێ تەرجەمەی دەکەمەوە. هەر بەڕاستیش، دوای ئەوەی هاتمەوە بۆ سلێمانی، سەرلەنوێ دانیشتم و دووبارە تەرجەمەم کردەوە.
ئەوکاتانە کۆمپیوتەر بەمشێوەیەی ئێستا لەکوردستاندا بڵاو نەبووبۆوە هێشتا بە ئامێری چاپکەر (گابعە) تایپ دەکرا. هەرچۆنێک بوو نوسخەیەکم چاپ کرد و لای خۆم هێشتمەوە.
ماوەیەک و لە ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٤ دا ناوبەناو خوێندنەوەیەک بۆ کتێبێکی ئەدەبی دەکرد و لە "کوردستانی نوێ" دا بڵاو دەبوونەوە. جارێکیان شتێکم لەسەر ڕۆمانی "چاوەکانی" نووسیبوو و تێیدا ئاماژەشم بەوە کردبوو کە چەند ساڵێکە ئەو ڕۆمانەم کردووە بە کوردی و بەڵام دەرفەتی چاپ و بڵاوبوونەوەی بۆ نەڕەخساوە. دوای ئەوە بە چەند ڕۆژێک، هەر لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ"دا سەیرم کرد لە گۆشەیەکدا نامەیەکی خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فوئاد بڵاو بووەتەوە(هەڵبەت ئەودەم لە ژیاندا مابوو) کە ناونیشانەکەی ئەمە بوو"بۆ کاک ئازاد بەرزنجی لە هەر کوێیەک بێت". بێگومان من تا ئەو کاتە هیچ ئاشنایەتییەکم لەگەڵ بەڕێزیاندا نەبوو، بەڵام ئەو لەو نووسینەیدا سەرسامیی خۆی بەو ڕۆمانە دەربڕیبوو و باسی لەوەش کردبوو کە دۆستایەتیی لەگەڵ "بوزورگی عەلەوی"دا هەبووە لە ئەڵمانیا و هەر لەو نامەیەدا داوای لە من کردبوو کە پەیوەندی بە بەڕێزیانەوە بکەم تا لە نزیکەوە بمناسێت. منیش دوای ماوەیەک سەردانم کردن. بەڕێزیان پێشنیازی ئەوەی کرد کە من فاکسێک بۆ "بوزورگی عەلەوی"بنێرم و لەوە ئاگاداری بکەمەوە کە ئەو ڕۆمانەیم کردووە بە کوردی. منیش نامەیەکم لەڕێی فاکسەوە بۆ ناردن و ئەوانیش وەڵامی فاکسەکەی منیان دایەوە کە وێنەیەکی لە بەرگی پشتەوەی یەکەمین چاپی کتێبەکەدا بڵاو بووەوە(وا لێرەشدا وەڵامەکەی ئەو دەبینن لەگەڵ دەقە کوردییەکەیدا). 
بەڵام بەداخەوە ڕۆمانەکە بە چاپنەکراوی مایەوە تا ئەوە بوو لەدوای شەڕی ناوخۆ، کە ناوەندی چاپەمەنیی خاک دامەزرا، بەشێکی تایبەت بە پاراستنی دەسنووسەکان لەوێ کرایەوە و لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی تردا، سەد نوسخەیەکیشیان لە "چاوەکانی" چاپ کرد، تا لە کۆتایی نەوەدەکاندا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دامەزراو لەساڵی ( )دا لەوێ چاپی یەکەمی کرا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا من دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێم کە من بۆ خۆم باش دەزانم کە ئەم ڕۆمانە ناچێتە خانەی ڕۆمانی "مۆدێرن"ەوە بەو چەمکەی لەم سەردەمەدا باوە، بەڵام بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبییاتی سەدەی بیستی ئێران لەقەڵەم دەدرێ. لێرەدا پرسیارێکیش خۆی قوت دەکاتەوە کە ئەویش ئەوەیە: ئاخۆ ئەو هۆکارانە چین کە وای کردووە "چاوەکانی"خوێنەرێکی زۆر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و سیانزدە جار چاپ بکرێتەوە؟
من نامەوێ لێرەدا وەکو وەرگێڕێک وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە یان حوکمێکی تاکە کەسیی بدەم بەسەردا و ئەو وەڵامە بۆ خوێنەرانی ڕۆمانەکە بەجێدێڵم، بەڵام پێدەچێ ئەو مەسەلانەی ئەم ڕۆمانە خۆی لە قەرە داون: سیاسەت، عیشق، بەدحاڵیبوون لە عیشقدا، قوربانیدان، کارکردن بۆ هەندێ بەهای باڵا، ماناکانی نیشتمانپەروەری، هونەر و دەروەستی و هتد... هێشتا مەسەلەگەلێک بن کە جێی پرسیار بن لە کۆمەڵگای ئێمەدا. بەڵام لەپاڵ ئەمانەشدا ڕەنگە مەسەلەی "زمان"ی بەکارهاتوو لە ڕۆمانەکەدا یەکێکی تر بێت لەو مەسەلانە.
بەهەرحاڵ، هێشتا زۆر شتی تر هەن سەبارەت بە "چاوەکانی" و سەربردەی وەرگێڕانی کە نەمگوتوون، بەڵام نامەوێ لەوە زیاتریش درێژەی بدەمێ، وەلێ ئەم چاپی سیانزدەیەمەم بە هەل زانی (کەپیاچوونەوەیەکیشم بۆ کردووە) بۆ ئەم هەڵوەستەیە و ئەم یادکردنە.







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved