21/7/2018 10:34 AM

کتێبێکی ڕەخنەیی نوێی، چاپ و بڵاوکرایەوە

"لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە" ناونیشانی کتێبێکی نوێی ڕەخنەیی "ئارام سدیق"ـە کە کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی لە خۆگرتووە لەم رۆژانەدا بڵاوکرایەوە. 
ئەم کتێبە هەندێک هەوڵی ڕەخنەیی نووسەرە، کە درێژکراوەی ئەو بۆچوونە ڕەخنەییانەیە، کە ساڵانێکە کاریان لەسەر دەکات و کۆی ئەم نووسینانە کۆمەڵێک هەوڵن بۆ ڕوونکردنەوەی دیدگای ڕەخنەیی خۆی و ئەو جۆرە تێکستانەی کە لە ڕێی ڕەخنەوە ڕەتی کردوونەتەوە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکە دەڵێت: ڕەخنە لای من میکانیزمێکە بۆ کەشفکردنی تێکست و بینینی تێکستە لە هەموو ڕووەکانییەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک هەوڵ و خوێندنەوەی جۆراوجۆرم هەبوون، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ڕووی دیدی ڕەخنەییەوە هیچیان وەکو ئەم هەوڵەم ڕەخنە لە هەناویاندا نییە.
دواتریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆی ئەم پڕۆژە ڕەخنەییە هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی جۆرێک لە تێکست کە مرۆڤی پاسیڤ و ئینسانی بوودەڵە دروست دەکەن و نەک مرۆڤێک کە خاوەنی بڕوا و متمانە و ئیرادەیەکی بەهێز بێت. مرۆڤێک بێت نیگەران، بەڵام داهێنەر، نائومێد، بەڵام دەستەوەستان نا. 
لە بەشێکی دیکەی پێشەکییەکەدا ئەوەش دەکاتەڕوو ڕەتکردنەوەی ئەم جۆرە لە تێکست، کە لەم کتێبەدا باسی کراوە بۆ هەموو ئەو تێکستانەشە کە هاوشێوەی ئەم تێکیستانەن لەم کتێبەدا بواری باسکردنیان نەبووە، جۆرێک تێکست، کە مرۆڤ دەکەنە بوونەوەرێکی ناچالاکی دەستەوەستان و کۆیلە، کە دەبێت هەمیشە چاوەڕوانی ئەوانی دیکە بن بیری بۆ بکەنەوە نەک خۆی بیر بکاتەوە و بیری نوێ دابهێنێت. 
لە کۆتایشدا دەنووسێت: هیوادارم ئەوەی لەم کتێبەدایە هەنگاوێکی نوێ بێت بۆ ڕەخنەیەکی ڕەتکەرەوەی ڕادیکاڵ، جۆرێک لە ڕەخنە کە سنووری هاوڕێیەتی و دۆستایەتی ببڕێت و ڕاشکاوانە دەست بخاتە سەر خاڵە لاوازەکانی تێکست و خەوش و کەمووکوڕییەکانی بخاتە ڕوو. 
کتێبەکە لە پێنج بەش پێکهاتووە و نووسەر تێیدا بێجگە لە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دەرکەوتەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، هاوکات ڕەخنەی لە کتێب و گوتارەکانی هەریەک لە "توانا ئەمین، قانیع خورشید، گەشبیر ئەحمەد، سۆران محەمەد، کاروان کاکەسوور، د.هیمداد حوسێن" و چەند نووسەرێکی دیکەش گرتووە. کتێبەکە لە دوتوێی 189 لاپەڕەدا و لە چاپخانەی چوارچرا لە شاری سلێمانی لە چاپدراوە.  

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved