6/8/2018 04:05 PM

سەمەرەیەك لەسەرمدا

 

گفتوگۆی ژینۆ عەبدولڵا
بەم دواییە وەڕگێری بەسەلیقە و بە توانا سامان کەریم، ڕۆمانێكی ئورهان پاموكی وەڕگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی بە ناوی سەمەرەیەك لەسەرمدا، بە شێوەیەكی گشتی ڕۆمانێكی ناوازەویەو باس لە كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزان و عەشق و فراوانبوونی شارو ڕووخاندنی دیزاین و كلتورو یادەوەری .... لە گەڵ چەند بابەتێكی پەیوەندیداربە ژیانی ڕۆژانەوە...
بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەنانە ئەم ڤفتوگۆیەمان لە گەڵ ئەنجامدا.....

*با لە وەڕگێڕانەكەوە دە ست پێ بكەین، خوێنەر بە خوێندنەوەی هەست ناكات وەڕگێڕانە واهەست ئەكات نووسەرێكی كورد نووسویەتی؟
بە پێی توانا دەمەوێت ئەو هەستە لای خوێنەر دروست بکەم، بەڵام بە دڵنیایی خوێنەر دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەمە بدات. ئەگەر خوێنەر بەو شێوەیە هەست بکات، ئەوکات من زۆر دڵخۆش دەبم.
*لە كاتی وەڕگێڕاندا چ ئاستەنگێك ڕووبەڕووت بۆتەوە، بە تایبەت لە بواری وشە سازیدا؟
ڕوبەڕووی ئاستەنگییەکی وەها نەبوومەتەوە کە بە تایبەتی باسی لێوە بکەم، چونکە دوای قۆناغی یەکەم وەرگێڕانم، واتە کاتێک کتێبەکە وەردەگێڕم، بۆ جاری دووەم بە بەراورد لەگەڵ کتێبەکەدا بەسەریاندا دەچمەوە، دواتر بە سەبرەوە دادەنیشم و دەست دەکەم بە خوێندنەوەی کتێبەکە، ئیتر ئەمجارەیان دەست دەکەم بە یاری کردن لەگەڵ وشە، ڕست و پەڕەگرافەکانیدا بۆ ئەوەی هارمۆنییەکی باشی پێبدەم. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە فەرهەنگی"هەنبانە بۆرینە"ی مامۆستا هەژارم لەبەر دەستدایە.

*هۆكاری وەڕگێڕانی ڕۆمانی "سەمەرەیەک لە سەرمدا" چی بوو؟ ئایا پاموك خۆی ئاگادار بوە لە وەڕگێڕانی
لە ڕاستیدا وەک پرۆژەیەک دەستم کردووە بە وەرگێڕانی سەرجەم کارەکانی پاموک. لێرەوە سوپاسی ناوەندی ئەندێشە دەکەم کە پێکەوە ئەم پڕۆژەیە دەبەین بەڕێوە. هۆکارێکی تایبەتی نەبوو بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە، تەنها سەرەی هاتبوو. چونکە لەگەڵ "پاموک"یشدا تاوتوێی ڕیزبەندی وەرگێڕانی کارەکانیم کردووە. 
هەڵبەتە بە ئاگاداری "پاموک" خۆی کارەکانی وەردەگێڕم و کاتێکیش کتێبە وەرگێڕدراوەکانم دایە، منداڵئاسا دڵخۆش بوو. تەنانەت وتی سامان ئەم کتێبانە من نووسیومن؟ پێدەچێت خوێنەر توڕە بێت لێم، چونکە ئەم کارانە زۆر قەبارەیان گەورەیە.
   تاکو ئێستا پێنج کاریم وەرگێڕاوە و لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپکراون و بڵاو بوونەتەوە لەوانە "ماڵی بێدەنگ، ژنە قژسوورەکە، سەمەرەیەک لە سەرمدا، باوڵەکەی باوکم، من درەختێکم. هەروەها کتێبی ئیستانبوڵ، یادەوەرییەکان و شار"یش قۆناغی وەرگێڕانی کۆتایی هاتووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە. بە دڵنیایی لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی کارێکی تریم و بە چێژێکی زۆرەوە لە بواری وەرگێڕانیاندا کار دەکەم. لە نێوان دنیای موزیک و دنیای ئەدەبدا دێم و دەچم بۆ ئەوەی هەم لە دنیا ڕاستەقینەکە تێبگەم هەم بتوانم بەرگەی بگرم.

*كاتێك خوێنەرێكی كورد عەرەب فارس ئەم ڕۆمانە دە خوێنێتەوە، ژیانی خۆی دێتەوە یاد لە قوتابخانەو منداڵی و گەنجی بەتایبەت بۆ منداڵە هەژارو كەمدرامەتەكان، ئەمە بە یوەندی ئە زموونی دەوڵە مەندو ڕۆشنبیری ئورهان پامووكەوە هەیە یاخود مە سە لەیەكی تر‌ە.
بە دڵنیایی پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە و تێڕوانینەکانی "پاموک" ەوە هەیە. چونکە "پاموک" وەک ڕۆماننووسێک دەڕوانێتە هەم ژیان هەم گشت چینووتوێژەکانی کۆمەڵگا بە تایبەتی و مرۆڤایەتی بەگشتی. هەر بۆیە هەموو چین و توێژێک دەتوانێت چێژ لە خوێندنەوەی کارەکانی ببینێت. بە تایبەتی وەک پێویستیی کاری ڕۆماننووسیش، بەشێوەیەکی زۆر هونەری و ڕاستگۆیانە خۆی دەخاتە جێی کەسانی تر و هەست بە ئازار و خۆشییەکانیان دەکات.

*خوێنەر لە هەندێك بە شدا هەست بە زیادەڕەوی دەكات بۆ نمونە لە كاتی باسكردنی تاپۆكردنی شوقەكان و یاخود ترسی مە ولود لەسەگ.
زۆر جار کاتێک خوێنەر کارێک دەخوێنێتەوە ئارەزووی لەو بڕگانە هەیە کە خۆی پێدەچوێنێت. بەڵام دەبێت ئەو بڕگانەش پەسەند بکەین کە نووسەر بەلایەوە گرنگە و مەبەستێتی. بۆ نمونە ئەم دوو بابەتەی کە باستان لێوە کردووە، دوو بابەتی زۆر گرنگن بە نیسبەت "پاموک" ەوە، هەروەها بە نیسبەت منیشەوە، بۆچی؟ وێرانکردنی ئیستانبوڵ بەتایبەتی، پەیوەندی بە بابەتی کۆچ، خانووی بێتاپۆ و ئەو وێرانکاری و دواتر دروستکردنی ئەپارتمانە بەرزانەوە هەیە کە لە ڕابووردودا ڕوویداوە و تا ئێستاش بەردەوامە. بە شێوەیەک ئەمەش دەخاتە ڕوو، کە ئەوەی هەڵدەستێت بەم کارە و شار وێران دەکات، دەوڵەمەندە گەمژە چاوچنۆکەکان و دەوڵەت خۆیەتی. بە دڵنیایی وێرانکردنی شاریش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر ئەو مرۆڤانە دروستکردووە کە هەمیشە دەیانەوێت جوانی شار و کلتورەکەی بپارێزن. نزیکەی بیست ساڵ لە ئیستانبوڵ ژیام، زۆر ڕێکەوتی ئەوەم کردووە کە لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا لە ناکاو لە گەڕەکێکەوە کڵپەی ئاگر بەرز دەبووەوە و بە دواشیدا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبووەوە کە کۆشکێک لە ڕووداوێکی نەخوازراودا سووتاوە و بەهۆی ئەوەی تەختەکانی ووشک بووە نەتوانراوە بیکوژێننەوە. بەڵی کۆشکێکی زۆر بە تەمەن و ناوازەیان دەسووتاند و لە پشت ئەم کارەشەوە هەڵبەتە دەوڵەمەندێکی چاو چنۆک و دەوڵەت خۆی هەبوو. چونکە وەک یاسا قەدەغە بوو کۆشک بڕوخێنرێت و لە جێیدا بینای بەرز دروست بکەیت، بەڵام بەم شێوازی سووتاندنە دەیانهێنایە بارێک کە گوایە ناچارین بیڕوخێنین چونکە بە تەواوەتی سووتاوە و ناتوانین نۆژەنی بکەینەوە. ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی دەوڵەمەندە چاو چنۆکەکە بینایەکی چەند نهۆمی بەرز دروست بکات و لە ژێریشەوە دەوڵەت پشکی خۆی وەردەگرت. دوابەداوای ئەم دۆخە، دەستکرا بە ڕووخاندنی خانووە بێتاپۆکان، بە بیانووی ئەوەی ئەپارتمانی نوێ و مۆدێرنتان بۆ دروست دەکەین و تێیدا بە ئاسوودەیی دەژین. ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی تەنانەت شەڕ و کوشتاریش ڕوو بدات لەسەر وەرگرتنی تاپۆی شوقە. بە دیوەکەی تریدا دەوڵەمەندەکان بە هاوکاری دەوڵەت هاوڵاتییەکانی خۆیان هەڵخەڵەتاند بۆ بە دەست هێنانی پارە. ڕێک وەک ئێستای شارەکانی کوردستان، کە چۆن خانووە کۆنەکان دەڕوخێنن و دەیانکەن بە پارکی ئۆتومبێل یاخود بینای بەرز، ئەمەش بە ناوی مۆدێرنکردنی شارەوە دەکەن!!.
بابەتی دووەم، کە ترسی مەولودە لە سەگ، بابەتێکی زۆر هەستیار و گرنگە، دەتوانم بەم شێوەیە ڕوونی بکەمەوە: لە ڕۆمانەکەدا کاتێک باس لەوە دەکرێت، سەگ بە ڕووی کەسێکدا دەوەڕێک کە نەیناسێت یاخود غەریب بێت و لە هەمان کاتدا بە ڕووی مەولوددا دەوەڕن. ئەمە بیرکردنەوەی ئەوە دەدات بە مەولود، کە لە وڵات و شارەکەی خۆیدا هەست بە غەریبایەتی بکات، چونکە سەگەکان بە کەسە ئاشناکاندا ناوەڕن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مەولود بە وەڕینی سەگەکاندا هەست بکات کە غەریبە، ئەم هەستی غەریبییەش وای لێدەکات لە وەڕین و پەلاماردانی سەگەکان بترسێت. واتە بەهۆی وەڕینی سەگەوە لێی، هەست بە غەریبایەتی دەکات و دەترسێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هەستی غەریبایەتییەوە لە سەگەکان دەترسێت، چونکە دەزانێت کە سەگەکان بە ڕووی غەریبەکاندا دەوەڕن.


*مێژووی نوێی و كۆنی  ئیستنبوڵ زور بە جوانی لە م بە رهەمەدا خراوەتەڕوو، تاچەند ئورهان پاموك سەركەتووبوە لە بە رهەمەكانی تریشدا لە خستنە ڕووی مێژووی توركیا.
ئەوەندەی ئاشنای بەرهەمەکانی "پاموک" م، تاکو توانیبێتی بە سەرکەوتووانە ناوەخنی مێژووی ئیستانبوڵ بە تایبەتی و تورکیای بەگشتی خستۆتە ڕوو. بەڵام بەدڵنیایی هەم تورکیا هەم ئیستانبوڵیش هێندە مێژوویەکی دەوڵەمەند وقوڵ و ئاڵۆزیان هەیە، کە پێویستی بە چەندەها "پاموک" هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە تەواوەتی بخرێنە ڕوو. 
  
سامان کەریم
لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی سەیوان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی(قوتابخانەی شێخ سەلام)، ناوەندیی(ناوەندی ڕۆژهەڵات) و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان بەشی زمانی عەربی لە سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩٦ / ٢٠١٤  لە تورکیا، لە شاری ئیستانبوڵ و بۆ ماوەیەکیش لە ئەنقەرە ژیاوە. هەر لە ئیستانبوڵ لە ئەکادیمایای هونەرە جوانەکانی ئۆپێرا بۆ ماوەی چوار ساڵ دەستی کردووە بە خوێندن لە بواری ژەنینی ئامێری گیتاری فلامێنکۆدا، دواتر بە پلەی (دەی یەکەم) و لە پرۆژەی (لیۆناردۆداڤنشی) کە پرۆژەیەکی هونەریی یەکێتی ئەوروپایە، لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لە قوتابخانەی "ئامۆر دە دیئۆس" لە بواری موزیکی فلامێنکۆدا  لەسەر ئامێری گیتار دەستی کردووە بە خوێندن. دواتر لە ئیستانبوڵ گروپێکی پێکهێناوە بە ناوی (ئاکدەنیز فلامێنکۆ)وە کە لە زۆربەی شارەکان، زانکۆکانی تورکیا، هۆڵەکانی نماییش و ڤیستیڤاڵەکاندا کۆنسێرتی موزیک و سەما و گۆرانی فلامێنکۆی پێشکەش کردووە. دواتر لە شاری ئەنقەرە فێرگەی (موزیک و سەمای فلامێنکۆی ئاکدەنیز)ی دامەزراندووە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ فێرخوازێکی زۆری لەو بوارەدا پێگەیاندووە. لە ساڵی ٢٠١٤ وە سەرپەرشتیاری فێرگەی (موزیک و سەمای فلامێنکۆیە لە سلێمانی) کە خۆی دامەزرێنەرێتی. لە ئێستادا هەم وەک مامۆستای ئامێری گیتار لە فێرگەی فلامێنکۆ، هەم وەک وەرگێڕ بەردەوامە لە ژیان.    
کارەکانی بواری وەرگێڕانی
ماڵی بێدەنگ، ئۆرهان پاموک
ژنە قژسوورەکە، ئۆرهان پاموک
ئەزموونەکان. ئەلبێر کامۆ
سەمەرەیەک لە سەرمدا، ئۆرهان پاموک
باوڵەکەی باوکم، ئۆرهان پاموک
من درەختێکم، ئۆرهان پاموک






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved