13/8/2018 01:16 PM

مەحموود دەرویش

 

چەند شیعرێکی "مەحموود دەرویش" بە وەرگێڕانی "ئازاد بەرزنجی"
بەبۆنەی دەیەمین ساڵڕۆژی مەرگییەوە لە ٩ ی ئابی ٢٠٠٨ دا لە کتێبی"لەبیر دەچیتەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت"(ژیان و شیعری مەحموود دەرویش)ەوە. هەڵبژارد ن و وەرگێڕان و پێشەکی: ئازاد بەرزنجی، چاپکراوی ناوەندی غەزەلنووس.


"بۆ دایکم"

بیری نانەکەی دایکم ئەکەم
بیری قاوەکەی
بیری دەستی... کاتێ ئەیهێنا بە سەرما
ڕۆژ بە ڕۆژ مناڵی لە ناخما گەورە ئەبێ و
عاشقی تەمەنی خۆم ئەبم
لەبەر ئەوەی ئەگەر بمرم
شەرم لە ئەشکی دایکم ئەکەم
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە شاڵ بۆ برژانگی چاوەکانت
بە گژوگیا ئێسقانەکانم داپۆشە
من ئەمەوێ بە بنی پێیەکانی تۆ پاک بمەوە
بە چەند تاڵێ لە پرچی خۆت بمبەستەوە
بە داوێ لە داوەدەزووی دامێنی کراسەکەت
بەڵکو... ببم بە خواوەند
ئەگەر دەستم بەر قووڵایی دڵت کەوێ
ئەبمە خواوەند
ئەگەر ڕۆژێ گەڕامەوە
بمکە بە دار بۆ ئاگری تەنوورەکەت
بمکە بە تەناف بۆ جلەکانی خۆت لە سەربان
لەوەتەی لە دووعاکانت بێبەشم
خۆم بۆ ڕاناگیرێ بەپێوە
پیر بووم دایە
ئەستێرەکانی مناڵیم بۆ بێنەوە
تا لەگەڵ زەڕنەقووتەکانا
بەرەو هێلانەی چاوەڕوانیی تۆ بێمەوە

"من یوسفم بابە"

من یوسفم بابە
براکانم منیان خۆش ناوێ بابە
نایانەوێ لەگەڵیان بم بابە
دەسدرێژیم ئەکەنە سەر و 
بەردباران و جنێوبارانم ئەکەن و
ئەیانەوێ بمرم تا مەدح و سەنام کەن
دەرگای ماڵەکەی تۆیان لەسەر داخستم
لە مەزراکە دەریان کردم
ڕەزەکەیان ژاراوی کردم.. بابە
یارییەکانیان وردوخاش کردم.. بابە
کە نەسیمێ هەڵیکرد و یاریی بە قژم کرد
ئیرەییان پێ بردم و لە من و لە تۆش تووڕە بوون
بابە من چیم کردووە لەوان؟
پەپوولەکان خۆیان لەسەر شانم نیشتنەوە
گوڵەگەنمەکان خۆیان بۆم چەمانەوە
باڵندەکان خۆیان لەسەر لەپی دەستم هەڵنیشتن
ئیتر من چیم کردووە بابە؟
بۆچی من؟
تۆ ناوت نام یوسف
براکانم فڕێیاندامە بنی بیرەکەوە و 
گورگیشیان بەو کارە تاوانبار کرد
گورگ لە براکانم بەڕەحمترە.. بابە
ئاخۆ من غەدرم لە کەس کرد کاتێ وتم:
"یانزە هەسارەم بینی
لەگەڵ خۆر و مانگدا
بینیمن سوجدەیان بۆ ئەبردم؟"*
-----------------------
*ئاماژەیە بۆ ئەو ئایەتەی سوورەتی یوسف کە دەڵێت:" إنِّی رَأَیْتُ أَحدَ عَشَرَ كَوْكبًا، والشَّمْسَ والقَمَرَ، رَأَیتُهُم لِی سَاجِدِینْ."

"پاشماوەی ژیانێک"

ئەگەر ڕۆژێ پێیان وتم:
تۆ ئەم ئێوارەیە ئەمریت
ئەم ماوە کورتەی كه ماوە چی ئەکەی؟
- سەیری سەعاتەکەی دەستم ئەکەم
پەرداخێ شەربەت ئەخۆمەوە
گازێک لە سێوێ ئەگرم
لە مێروولەیەک ورد ئەبمەوە
کە ئازووقەی بۆ خۆی پەیدا کردووە
ئینجا سەیری سەعاتەکەم ئەکەمەوە
کاتم بەدەستەوە ماوە بۆ ڕیشتاشین
ئەچمە حەمام و خۆم ئەشۆم
شتێ بە بیرما گوزەر ئەکا:
"نووسین ڕازانەوەی ئەوێ
کەواتە با جلەکە شین بێ"
تا نیوەڕۆ لەسەر مێزی کارەکەی خۆم دائەنیشم
ئاسەواری ڕەنگ لە وشەکانا نابینم
سپی... سپی... سپی
دوا قاوەڵتیی خۆم ساز ئەکەم
دوو پێک شەرابیش تێئەکەم
یەکێ بۆ خۆم
یەکێکیش بۆ ئەو میوانەی بێ وادە دێ
ئینجا... لە بەینی دوو خەونا سەرخەوێ ئەشکێنم
بەڵام لە پرخەپرخی خۆم بەئاگا دێم
پاشان سەیری سەعاتەکەی دەستم ئەکەمەوە:
کاتم بەدەستەوە ماوە بۆ خوێندنەوە
بەشێ لە "دانتی" و نیو "موعەللەقە" ئەخوێنمەوە و
ئەبینم چۆن ژیان لە منەوە ئەڕوا بۆ ئەوانی دی
ناشپرسم کێ ئەو بۆشاییە پڕ ئەکاتەوە
- ئاوا؟
- ئاوا، بەڵێ ئاوا
- ئەی دوای ئەوە؟
- قژم دائەهێنم، شیعرەکە فڕێ ئەدەم
ئەم شیعرە فڕێ ئەدەمە تەنەکەی خۆڵەکەوە
ئینجا تازەترین کراسی ئیتاڵیم لە بەر ئەکەم
ئاپۆرەیەک کەمانچەی ئیسپانی دوای خۆم ئەخەم و
بەرەو گۆڕستان مل ئەنێم.

"ڕوانینێک"

جیاوازی لەنێوان نێرگز و گوڵەبەڕۆژەدا
جیاوازییە لەنێوان دوو ڕوانینا:
یەکەمیان سەیری وێنەکەی خۆی
لە ئاودا ئەکات و ئەڵێ:
جگە لە من، هیچ منێکی دیکە نییە!
دووەمیشیان سەیری خۆر ئەکات و ئەڵێ:
من ئەو شتەم ئەیپەرستم
کە شەویش دێ
ئەو جیاوازییە کاڵ ئەبێتەوە و
بەری ڕاڤە واڵا ئەبێ.

"لەسەر ئەم زەوییە"

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
دووبارەبوونەوەی گوڵان
بۆنی نانی بەرەبەیان
ڕاوبۆچوونەکانی ژنێ لەسەر پیاوان
نووسینەکانی ئەسخیلیۆس
سەرەتاکانی دڵداری
چیمەنی ڕواوی سەر بەردێ
ئەو دایکانەی لەسەر دەزووی نایەک وەستاون
ترسی داگیرکەر لە یادەوەری

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
کۆتاییەکانی خەرمانان
خانمێ بە جەستەیەکی ساغەوە 
کە چل ساڵی بەڕێ ئەکا
چرکەساتی خۆرکەوتن لە بەندیخانە
گەواڵەهەورێ کە لاسایی بوونەوەرانێ ئەکاتەوە
هاواری خەڵکێ بۆ ئەو کەسانەی
بەدەم خەندەوە بۆ مەرگی خۆیان هەڵئەکشێن
ترسی زۆردار لە گۆرانی

هێشتا لەسەر ئەم زەوییە
هەندێ شت ماون ئەهێنن بۆیان بژیین
دایکی هەموو سەرەتاکان
دایکی هەموو کۆتاییەکان
کە پێیان ئەوت فەلەستین
کە پێی ئەڵێن فەلەستین
خانمەکەم: چونکە تۆ خانمی منی
ئەهێنێ... ئەهێنێ بژیم.

"نەهات"

نەهات
وتیشم: نایەت...
کەواتە ئەم ئێوارەیە بە جۆرێ ڕێک ئەخەمەوە
لەگەڵ نائومێدیی خۆم و نەهاتنەکەی ئەو بگونجێ
مۆمەکانیم کوژانەوە
کارەباکەشم داگیرسان
پێکەشەرابەکەی ئەوم هەڵدا و 
پەرداخەکەیم شکاند
مۆسیقای خێرای کەمانەکانم لابرد و 
گۆرانیی فارسیم خستە سەر
وتم: نایەت
بۆینباخە شیکەکەم دائەکەنم 
بەم جۆرە حەساوەترم
بیجامەیەکی شین ئەپۆشم
کەی پێم خۆش بوو
بە پێی پەتی دێم و دەچم
بە چوارمشقی لەسەر قەنەفەکەی دائەنیشم
لە بیر خۆمی ئەبەمەوە
هەموو شتی نەهاتنەکەی لە بیر ئەکەم
ئەو شتانەشم خستنەوە جێگەی خۆیان
کە بۆ خاتری هاتنەکەی ئەو ڕێکم خستبوون
گشت پەردەکانم لادا و پەنجەرەکانم کردنەوە
نهێنییەک لە جەستەما نییە بەرامبەر شەو
جگە لەو چاوەڕوانییەی ئەو و 
ئەوەی ئەویش لە دەستی دا...
گاڵتەم بەو تاسەیەی خۆم کرد
کە بۆ بۆنخۆشکردنی هەواکە و لەبەر ئەو
ئاوی گوڵ و ئاوی لیمۆم پێدا پرژان!
نایەت...
گوڵی "ئۆرکید"ەکە لە ڕاستەوە بۆ چەپ ئەگوێزمەوە
تا لەسەر ئەو لەیادکردنەی سزای بەم
ئاوێنەی سەر دیوارەکە بە پاڵتۆیەک دائەپۆشم
تا چیتر تیشکدانەوەی وێنەکەی ئەو نەبینم و 
چیتر پەشیمان نەبمەوە
ئەو غەزەلە کۆنانەش فەرامۆش ئەکەم
کە دامنابوون بیانڵێم بۆی
لەبەر ئەوەی شایستەی هیچ شیعرێ نییە
با شیعرێکی دزراویش بێ
بۆیە لە بیر خۆم بردەوە
هەر بە پێوە ژەمێ خۆراکی خێرام خوارد
بەشێکم لە کتێبێ خوێندەوە
لەمەڕ هەسارە دوورەکان
بۆ ئەوەی ئەو ئازاردانەی ئەویشم لەبیرچێتەوە
قەسیدەیەکم نووسی
ئەم قەسیدەیە.

"لە بیرئەچیەوە، وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت"

لە بیر ئەچییەوە، وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبیت
لە بیر ئەچییەوە، وەکو مەرگی باڵندەیه‌ک
وەک کەنیسەیەکی چۆڵکراو لە بیرئەچیەوە
وەک خۆشەویستییەکی تێپەڕ
وەک گوڵەباخێ لە شەوا... لە بیر ئەچییەوە

من بۆ ڕێگه‌م... کەسانێ هەن بەر لە من هەنگاویان ناوە
کەسانێ هەن خەونەکانیان بە خەونەکانی من وتووه‌تەوە
کەسانێ هەن پەیڤەکانیان بە شێوەی سروشتیی خۆیان وەشاندووە
تا بچنە ناو حیکایەتەوە
یان ئاسەوارێکی لیریکی، یان زەینڕوونییەک
بۆ کەسانێ ڕوونکەنەوە کە دواتر دێن
بیرئەچیەوە... وەک ئەوەی هەرگیز
نە کەسێ بووبیت، نە دەقێ... بیرئەچیەوە

من پشت بە هەستی پەیبردن ئەبەستم و هەنگاو ئەنێم
لەوانەیە بایۆگرافیا بە حیکایەت ببەخشم
وشەکان من جڵەو ئەکەن و منیش ئه‌وان
من شێوەیانم، ئەوانیش تەجەللای ئازاد
لێ ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم، وتراوە
سبەینێیەکی ڕابردووم لەپێشە
من پاشای دەنگدانەوەم
جگە لە پەراوێزەکان، هیچ عەرشێکم نییە
ڕێگه‌ش شێوازە
پێئەچێ پێشینەکان وەسفی شتێکیان بیرچووبێ
یاد و هەستی تیا بجووڵێنم

لە بیر ئەچییەوە، وەک ئەوەی هەرگیز 
نە هەواڵێ بووبیت و نە ئاسەوارێ... لە بیر ئەچییەوە

من بۆ ڕێگه‌م... کەسانێ هەن بەدوای هەنگاوەکانما دێن
کەسانێ هەن شوێنپێی خەونەکانم هەڵئەگرن
شیعر بۆ ستایشی باخچەکانی مەنفا ئەڵێن
لە بەردەمی دێڕەشیعرا، ئازاد لە پەرستنی دوێنێ
ئازاد لە کینایەکانم و لە زمانم
شایەتی ئەدەم کە زیندووم
کە ئازادم
کاتێ لە بیر ئەچمەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved