15/9/2018 05:07 PM

منداڵپارێزی كوردستان

رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لە رۆژی 16/9/1991، بەپێشكەشكردنی یارمەتی‌و هاوكاری بۆ منداڵان دەستی كردووە بەكاركردن، 27 ساڵە بێ دابڕان‌و بێ ماندووبوونی كارمەندو خۆبەخش‌و هاوكارەكانی بەردەوامە لەسەر خزمەتكردنی منداڵانی كوردستان‌و ئەو منداڵە ئاوارەو بێ لانانەی پێویستیان بەهاوكاری‌و دەستگیرۆیی هەیە و تائێستاش لەهەر چوار پارێزگاكەی كوردستان، سلێمانی، كەركوك، هەولێرو دهۆك ئۆفیسی هەیەو هەمووشیان لەئەنجامدانی كارو خزمەتكردنی منداڵاندا چالاكن.
دڵنیایی داهاتووی هەموو منداڵێك
لە پەیامی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستاندا هاتووە:" كار دەكەین بۆ دڵنیایی داهاتووی هەموو منداڵێك، بە نزیك بوونەوە لەهەموو بوارەكان.
ئێمە شەڕ دەكەین بۆ مافەكانی منداڵ.
ئێمە كار دەكەین بۆ پشتوانی كردنی پرۆژەی سۆشیال و خۆێندەواری لە هەموو عێراق، دەرخستنی نەهامەتی یەكانیان، پشتگوێ خستن لە هەرشوێنێك.
كار دەكەین بۆ چاككردنی ژیانی منداڵان، بە كاركردنی زۆر ی رۆژانە، بەكار كردن لەگەڵ كەس و كار و كەسە نزیكەكانیان، بە دروستكردنی بەرنامەی بەرەو پێش بردنی منداڵ.
باوەرمان وایە منداڵەكان داهاتوومانن، كار دەكەین بۆ مافەكانیان بۆئەوەی لە شوێیێكدا گەورە ببن كە نەك تەنها رێگا بدات بە گەشەیەكی تەندروست، بەڵكو بۆ دەئەوەی تواناكانیان دەربخات.
ئێمە پابەندین بە پشتوانی كردنی پرۆژەی درێژ خایەنم یارمەتی دانێك كە بتوانن یارمەتی خۆیان بدەن لە پاشە رۆژ ".

ئاستەنگ و بەخشندەیی

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دامەزرێنەری منداڵپارێزی كوردستان سەبارەت بە كارەكانی رێكخراوەكە دەڵێت:" سەرەڕای ئەوەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی منداڵپارێزییەوە كۆسپ و ڕێگرییەكی زۆرمان بۆدروستكرا چ لەناو كوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات ، بەڵام چونكە كارمەندەكانی منداڵپارێزیی خۆشەویستییان هەبوو بەرامبەر بە كارەكەیان و زۆر بە دڵسۆزییەوە خزمەتیان ئەكرد ، هەرگیز ئەو كۆسپ و تەگەرانە نەیانتوانی پێش بە پێشكەوتنی منداڵپارێزیی بگرن.

خۆشەویستی و بەخشندەیی و باوەڕبەخۆبوونی كارمەندانی منداڵپارێز و خۆبەخشەكانە وایانكردووە كە بەردەوامبین و هەموو ئاستەنگەكان ببڕین و منداڵپارێز بەردەوام بێت لە هاریكاریكردنی ئەومنداڵانەی پێویستیان بە یارمەتییە ".

سێكتەرە گرنگەكان
منداڵپارێزی كوردستان، لەڕێی چەندین سێكتەری خزمەتگوزارییەوە كارەخێرخوازییەكانی پێشكەش دەكات، سێكتەرەكانیش بریتین لە:" ئارا،پەروەردە، گەشەپێدانی تواناكانی گەنجان، پاراستنی منداڵ، گرتنەخۆ، تەندروستی.
هەریەك لەو سێكتەرانە بۆ ئامانجێكی گرنگ كراونەتەوە، كە هەموویان لەخزمەتی منداڵان‌و دابینكردنی داهاتوویەكی گەش‌و پەروەردەكردنی نەوەیەكی سەربەرزو خاوەن ئەزموون‌و لەشساغ‌و تەندروستە.
 
سێكتەری پەروەردە
لەو سێكتەرەدا، منداڵپارێز بنكەیەكی فراوانی هەیەو لەڕێگەی ئەو كەرتەوە هەوڵدەدات گشت پێداویستییە پەروەردەییەكان دابین بكات بۆئەوەی پاشەڕۆژێكی چاكتر بهێنێتەگۆڕێ.
هەروەها رێكخراوەكە پشتگیری لەو دامەزراوە پەروەردەییانە دەكات، كە تایبەتن بەمنداڵان‌و هەندێكیان بەڕێوە دەبات.
سەنتەرە ڕۆشنبیریەكانی منداڵان كە بە «كازیوە» ناسراون، هەروەها سەنتەرەكانی چالاكیی گەنجان لەگشت شوێنێكی كوردستاندا هەن، منداڵان دەتوانن بەمەبەستی یاریكردن‌و بینینی هاوڕێكانیان‌و بۆ سوود وەرگرتن لەو چالاكییانەی ‌لەو سەنتەرانەدا هەنن روویان لێبكەن.
منداڵپارێزی كوردستان دواناوەندییەكی نموونەیی تێكەڵاویش لەسلێمانی بەڕێوەدەبات، كە خوێندن تێیدا بەزمانی ئینگلیزییەو ئەو شێوازەی لەوێ بەكاردێت جیاوازە لەقوتابخانە كوردییە ئاساییەكانی تر، هەرچەندە هەمان پرۆگرامی نیشتمانی پەیڕەو دەكات. خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیە نەوەی گشت چینەكانی كۆمەڵگەن‌و هەلی گەیشتن بەپلە پەروەردەییە بەرزەكانیان بۆ دەڕەخسێنێت.

سێكتەری پاراستنی منداڵ
پاراستنی منداڵ‌ بەیەكێك لە‌ئامانجە سەرەكییەكانی منداڵپارێزی كوردستان دادەنرێت. لەوەسفی ئەو سێكتەرەدا، منداڵپارێز دەڵێت: هەردەم بۆ سوودی منداڵان كاردەكەین‌و ئەوە رەچاودەكەین، كە ‌بەرژەوەندیەكانیان بەباشترین شێوە بەدیبهێنین.
لەبەشی پاراستنی منداڵدا، دوو بەرنامەی سەرەكی هەن بۆ یارمەتیدان‌و پشتگیریكردنی منداڵانی سەرجادەو ئەو منداڵانەی رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
بەرنامەی منداڵانی سەرجادە،‌ ئامانجی ئەوەیە منداڵان لەشەقامەكان دووربكەونەوە‌و هەوڵی تەواو بدرێت بۆ گێڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەكانیان. بۆیە رێكخراوەكە یارمەتیان دەدات لە‌گەڕانەوەیاندا بۆ قوتابخانە یاخود هەوڵی ئەوە دەدەن كارێكی گونجاویان بۆ بدۆزنەوە گەر لەتەمەنێكی وادابن بۆ خوێندن نەشێت.
بەرنامەی دادوەری نەوجەوانانیش، یارمەتی ئەو منداڵ‌و هەرزەكارانە دەدات كە ‌كێشەیان لەگەڵ یاسادا هەیەو راوێژكاری یاسایی خۆڕاییان بۆ دابین دەكات‌و دواتریش لە‌دادگاییكردندا یارمەتییان دەدات، هەروەها لە‌گێڕانەوایاندا بۆ ناو كۆمەڵگە، بە‌تایبەتی ئەوانەیان تووشی بەندكردن بوون. منداڵپارێزی كوردستان لە‌نزیكەوە لەگەڵ دەزگا كۆمەڵایەتییە پەیوەندیدارەكاندا كار دەكات‌و بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدات رۆڵی هەبێت لە‌چاككردن‌و گەشەكردنی سیستمی یاساییدا بەو جۆرە، كە لەبەرژەوەندی منداڵاندا بێت.

سێكتەری گرتنەخۆ
منداڵپارێزی كوردستان/ سندوقی منداڵانی كوردستان (KSC/KSF) لەساڵی ١٩٩١ەوە بەرنامەیەكی بەناوی (گرتنەخۆ لەدوورەوە) دەستپێكردو لەڕێگەی ئەو بەرنامەیەوە تائێستا 10 هەزار منداڵی كوردو عیراقی گیراونەتەخۆ، بەڵام هێشتا بەهەزاران هەن پێویستییان بەپشتگیری خەڵكە.
 

بۆ بەشداریكردن لەو سێكتەرەدا، هەموو كەسێك دەتوانێت مانگانە لەڕێگای بڕێك پارەوە منداڵێك بگرێتەخۆو دواتریش سەرپەرشتی بكات‌و نامەی بۆ بنێرێت‌و نامەش لەوەوە وەربگرێت.
بۆ هەندێك لەو كەسانەی منداڵەكان لەخۆدەگرن، دەشێت ئەو منداڵانە ببنە بەشێكی سروشتی فراوانتری خێزانەكانیان.
رێكخراوەكە یارمەتیی منداڵی بێ دایك‌و باوك، ئەو منداڵانەی یەكێك لە دایك یان باوكیان نەماوە، یاخود ئەوانەی باوكەكانیان تووشی كەم توانایی جەستەیی وابوون، كە توانای كاركردنیان نەماوە، دەدات.
ئەو پارەیەی لە كەسە لەخۆگرەكان وەردەگیرێت بۆ پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك پۆشاك، خۆراك، خاوێنی، تەندروستی‌و كاروباری پەروەردەییان خەرج دەكرێت.

سێكتەری تەندروستی
مێژووی پڕ مەینەتی كوردستان، كە جەنگ وێرانی كردبوو، كاری لە سەر تەندروستی دانیشتووان بەتایبەتی منداڵان هەبوو، بەمەبەستی كەمكردنەوەی هەندێك لەو كێشانەش، منداڵپارێزی كوردستان ساڵی ٢٠٠٥ كارەكانی خۆی لەبواری تەندروستیدا فراوان كردو كەرتێكی تایبەتی بۆ چارەسەركردنی هەندێك كێشەی تەندروستی دیكە دامەزراندو سەرچاوەی دارایی زۆری بۆ تەرخانكرد.
بەرنامەی منداڵپارێزی كوردستان لەبواری تەندروستیدا پشتگیری پزیشكی‌و راهێنانەوە بۆ ئەو منداڵانە دابین دەكات، كە هەر جۆرە نەخۆشییەك یان هەر حاڵەتێكی كەم تواناییان هەبێت. رێكخراوەكە یارمەتی خێزانەكان دەدات لەدەستنیشانكردنی چارەسەری پێویستدا، خۆ ئەگەر ئەو چارەسەرە پزیشكییە لە‌هەرێمی كوردستاندا نەبوو، ئەوا هەوڵی یارمەتی‌و چارەسەركردن لەدەرەوەی وڵات دەدات.
لەو چوارچێوەیەشدا، منداڵپارێزی كوردستان سەنتەرێك بۆ راهێنانەوەی منداڵان بەڕێوەدەبات بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی  هەرێمدا. ئەو سەنتەرە تایبەتە بەو منداڵانەی كەم توانایی ژیری یان جەستەییان هەیە، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی درێژەخایەن یا سەختیان هەیە، تائێستاش تا ئێستا بە    هه زاران منداڵ سوود مەند بووە لەو منداڵانە.
رێكخراوەكە گەلێك لەپڕۆژەكانی توێژینەوەی تایبەت بە تەندروستی‌و چارەسەركردنی پزیشكی بەڕێوەدەبات‌و پارەیان بۆ دابیندەكات، سروشتی ئەو توێژینەوانەش جیاوازن بەپێی كاتی ئەنجامدانیان، هەرچەندە ئامانجی گشتیان یەكە‌ ئەویش باشكردنی تەندروستیی گشتیی سەرجەم منداڵانە.

گۆڤاری پەپولە

یەكێكی تر لە كارە پڕ بایەخەكانی منداڵ پارێزی كوردستان،بڵاوكردنەوەی گۆڤاری پەپولەیە، گرنگی دەدات بە رۆشنبیركردنی منداڵان و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved