27/9/2018 09:11 AM

لە كتێبێكدا پرۆژەكانی خوێندنی باڵا بڵاودەكرێتەوە

د.یوسف گۆران پەرتوكی (بەرهەمی كار) كە تایبەتە بە كارو پرۆژەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڵاوكردەوە.

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: دوای ئەوەی لە مانگی 6ى 2014 ئەركی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان پێسپێردرا، لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێكی زانستییانەی ورد بۆ دۆخی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، توانیمان دیدگاو تێڕوانین و بۆچوونەكانمان دەربارەی هێڵە سەرەكییەكانی ڕیفۆرم و گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان بخەینەڕوو، بۆیە لەگەڵ ئەوەی بە چوار ساڵی پڕقەیرانی ئابووری و سیاسیدا تێپەڕین، بەڵام توانیمان هەموو ڕوبەڕووبونەوەكان بكەینە وێستگەیەك بۆ بەردەوامبوونی كاروانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕۆژی 26-9-2018 لەمیانەی مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (بەرهەمی كار) هات، كە تایبەت بە كارو چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەت لە ماوەی چوار ساڵی كاركردنیدا.

لەو مەراسیمەدا كە لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی بەڕێوەچوو، د.ئامانج سەعید ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی ژمارەیەك لە زانكۆكان و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان و ژمارەیەك لە مامۆستایان و توێژەران و خوێندكاران ئامادەیبوون، لە سەرەتادا د.پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی بە ناوی دەستەكەیانەوە بەخێرهاتنی د.یوسف گۆران و سەرۆكی زانكۆكان و ئامادەبوانی كرد، هەروەك خۆشحاڵی خۆشی پیشاندا كە لە دەستەكەیان ئەو مەراسیمە بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كـتێبی بەرهەمی كار بەڕێوەدەچێت.

پاشان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەكی پێشكەشكردو ڕایگەیاند: كتێبی (بەرهەمی كار) گوزارشتە لە كارو پڕۆژەو چالاكیيەكانمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ماوەی (چوار ساڵ) و (دوو مانگ) و (دوو ڕۆژ).

وتیشی: كتێبەكە لە (10) تەوەرو پێشەكیيەكەك پێكهاتووە،كە ئەمانە لەخۆدەگرێت (دۆخی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی ڕیفۆرم لە سیستمەكانی وەرگرتنی خوێندكاران، بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی دەزگاو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، كاراكردنی بواری كارگێڕی و دارایی لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، بەستنەوەی زانكۆ بە پێداویستیيەكانی كۆمەڵگە، بایەخ و گرنگیدان بە زمانی كوردی، ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستمە نێودەوڵەتيیەكان، فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییە ئەكادیمی و زانستیەكان، بوژانەوەی بابەتە هەستیارەكانی ناو كۆمەڵگە لەگەڵ تێڕوانینیەك بۆ ئایندەی خوێندنی باڵا).

هەر لەمیانەی وتەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە داتاو ئامار باسی لە وردەكاری پڕۆژەكان كردو ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەگەر قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی نەبوایە دەمانتوانی هەنگاوی گەورەتر بنێین و پڕۆژەی مەزنتریش جێبەجێ بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، دیارترینیان بریتین لە پرۆژەكانی ڕیزبەندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان و جێبەجێكردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و جێبەجێكردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆو پەیڕەوكردنی سیستمی بۆڵۆنیاو دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆیی دارایی بۆ زانكۆكان و پەیڕەوكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی لە بەڕێوەبردنی كارەكانی وەزارەت و بەهێزكردنی پێگەی زمانی ئینگلیزی لە سەرجەم ئاستەكانی خوێندن و لەنێو ئەكادیمیانی كوردستان و بابەخدان بە زمانی كوردی لەسەر ئاستی جیهان و بوژانەوەی بەشەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی بەغدا).

وتیشی: هەموو ئەو پڕۆژانە هەنگاوی ستراتیجی و نیشتیمانین، بەهاو پرانسیپ و پێوەرو كەلتوری نوێی هێنایە ناو سیستمی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم هەنگاوانە دەچنە خزمەتی گەشەپێدانی خوێندنی باڵاو دەركەوتن و درەوشانەوەی زانكۆكانی كوردستان لەسەر نەخشەی ئەكادیمیای ناوچەیی و جیهانی.

لە بەشی دیكەی مەراسیمەكەدا، د.ئامانج سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ئامێری داتاشۆ بەگرنگیيەوە باسی لە كارو پڕۆژەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردو ڕایگەیاند: پەرتوكی (بەرهەمی كار) سەرجەم ئەو كارو پڕۆژانەی لەخۆگرتووە كە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدراون و دەستكەوتی گەوەرەیان بۆ گەلەكەمان بەدیهێناوە.

لە بەشی كۆتایی مەراسیمەكەشدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پەرتوكی (بەرهەمی كار)ی پێشكەش بە ئامادەبووانی مەراسیمەكە كرد.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved