13/10/2018 04:40 PM

د.نەسرین فەخری: زانای زمانەوانی

 

خەلیل عەبدولڵا

 
پرۆفیسۆر د.نەسرین فەخری زانا‌و رووناكبیرێكی ناودار‌و هەڵكەوتووی كوردستانە‌و لەرشتەكانی زمان‌و ئەدەب‌و رۆشنبیری خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەگەلەكەی كردووە‌و خاوەنی خەرمانێك وشەی نووسراوو چاپكراوە.
نەسرین محەمەد فەخری سابونچی كە بەد.نەسرین فەخری ناسراوە، لە رۆژی 27ی كانونی یەكەمی 1937 لەگەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی لەدایك بووە‌و لەئامێزی خێزانێكی رۆشنبیر‌و كوردپەروەردا پەروەردە بووە.
بەحوكمی ئەوەی باوكی ئەفسەری سوپای عیراق بووە، زۆربەی شارەكانی كوردستان‌و عیراق گەڕاون.لەكەركوك‌و هەولێر‌و بەغدا قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووە‌و ساڵی 1959 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەپلەی شەرەف لەزمان‌و ئەدەبی عەرەبی لەكۆلیجی ئادابی زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
لەناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانی سەدەی بیست،بۆ خوێندن چۆتە یەكێتیی سۆڤیەت‌و لەشاری باكۆی پایتەختی ئازەربایجان خوێندوویەتی‌و هەرچەند بەكالۆریۆسەكەی لەسەر زمان‌و ئەدەبی عەرەبی بووە، بەڵام لەخۆشەویستی بۆ زمانی دایك، بڕوانامەی دكتۆرای لە زمانی كوردی لەسەر (فەرمان لەهەردوو شێوەزاری كرمانجی خواروو ‌و ژووروو) دا وەرگرتووە. ئەوەش لەو كاتەدا یەكەم نامەی دكتۆرا بووە كە لەسەر ئەو بابەتە بنووسرێت.
د.نەسرین فەخری دوای تەواوكردنی خوێندن، گەڕاوەتەوە بەغدا‌و لە كۆلیجەكانی ئاداب‌و پەروەردە‌و زمان وەك مامۆستایەك خزمەتی زۆری بەزمان‌و ئەدەبی كوردی كردووە‌و تا پلەی زانستی بووە بەپڕۆفیسۆر، سەدان خوێندكاری بەكالۆریۆس‌و ماستەر‌و دكتۆرا لەسەر دەستی ئەو پەروەردە بوون‌و بڕوانامەی بەرزیان وەرگرتووە.
د.نەسرین قەڵەمێكی دیاری زانستی بووە‌و لەرێی قەڵەمەكەیەوە خزمەتێكی زۆری بەزمانی كوردی كردووە‌و خاوەنی دەیان لێكۆڵینەوەی زانستییە لەو بوارەدا‌و شارەزا‌و زانایەكی دیاری زمانەوانییە‌و شوێن پەنجەی دیارە.
د.نەسرین فەخری خاوەنی خەرمانێك بەرهەمی چاپكراوو دەستنووسە، خاوەنی نزیكەی 40 كتێبە كە بەهەردوو زمانی كوردی‌و عەرەبی نووسیوونی.
11 كتێبی بەزمانی شیرینی كوردی نووسیوە‌و 12 كتێبی دەستنووسی كوردیشی لەدوا بەجێماوە.10 كتێبیشی بەزمانی عەرەبی نووسیوە‌و سێ‌ دەستنووسی عەرەبیشی لەپاش بەجێماوە.
د.نەسرین بێ‌ لەبواری زانستیی ئەدەب ‌و زمان بەگشتی، بایەخیشی بەشیعر داوە‌و بەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی شیعری نووسیوە‌و چوار دیوانی چاپكراوی هەیە.
د.نەسرین فەخری سەدان وتارو لێكۆڵینەوەی زانستی لە گۆڤار‌و رۆژنامە كوردی ‌و عەرەبییەكاندا بڵاو كردۆتەوە.وەك مامۆستا‌و رووناكبیرێكی گەورە رۆڵی دیاری لەدامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد‌و كۆڕی زانیاری كورددا هەبووە‌و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئەو دوو دامەزراوەیە بووە‌و خزمەتی زۆری لەرێی ئەوانەوە پێشكەش بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە.هەروەها ئەندامی لیژنەی دانانی كتێبی پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانەكان لەوەزارەتی پەروەردە بووە.
د.نەسرین لەهەردوو بەشی عەرەبی‌و كوردی رادیۆی بەغدا خزمەتی كردووە‌و شوێن دەستی لەو بوارەدا دیارە.لەهەمووشی گرنگتر بیرەوەری‌و یاداشتەكانی لەلایەن رۆژنامەنووس (سەركەوت عەلی)یەوە
نووسراوەتەوە‌و ئامادەیە بۆ چاپكردن.
بەداخەوە بەشێك لەكتێبخانە بەنرخەكەی فەوتاوە‌و ئەوەی ماوەتەوە خۆی پێشكەشی بنكەی ژینی كردووە‌و بەرپرسانی ئەو بنكەیە كتێبەكانیان لە كتێبخانەی بنكە رێكخستۆتەوە‌و بەنیازی ئەوەن كە هەموو بەرهەمەكانی لەداهاتوودا بەچەند بەرگێك چاپ‌و بڵاو بكەنەوە.د.نەسرین فەخری بەشداری دەیان كۆنگرە‌و كۆنفرانسی زانستی‌و ئەدەبی لەناوخۆ‌و دەرەوەی وڵات كردووە‌و چەندان خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە.
ئەوەی لەدوا چاوپێكەوتنی د.نەسرین فەخری لەگەڵ تەلەفزیۆنی كوردستان 24 لەبەرنامەیەكی دیكۆمێنتاریدا سەرنجی راكێشام ئەوە بوو، كەوتی زۆر رقم لەوشەی خانەنشینە، وتی من خانەنشین نیم، خاكنشینم تامردن خزمەتی گەلەكەم ئەكەم.وتی حەزم لەبۆنی خاكە لەدوای باران بارین، كە ئێستا بەداخەوە بۆنەكەشی نەماوە!.
پاش خزمەتێكی زۆر بە بوارەكانی زمان‌و ئەدەب‌و كەلەپوور‌و كلتووری كوردی، رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2018، د.نەسرین فەخری بۆ دوا جار ماڵئاوایی كرد‌و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی زێدی خۆی بەخاك سپێردرا.درود بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ئەو ژنە زانا‌و هەڵكەوتووەی كوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved