5/11/2018 01:24 PM

زیكزیكە حیكایەتی سێ‌ زەمەنی جیاوازە

 

سەهەند ئازاد
زیكزیكە رۆمانێكی نووسەری ئێرانی ئەحمەد غوڵامییە. كە یەكێكە لە نووسەرە بەناوبانگەكانی ئێران و بەرهەمەكانی پتر بەدەوری روداوی جەنگ و بەتایبەتی جەنگی ئێران و عیراق دا دەخولێتەوە، ئەم رۆمانەشی لە دووتوێی 90 لاپەڕەدایە و لە بڵاوكراوەكانی بەرێوبەرەبەرایەتی خانەی وەرگێڕانە و لە چاپخانەی كارۆ بە تیراژی پێنج سەد دانە چاپكراوە و وەر گێڕی بەتوانا و بەسەلیقە مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕاوە، مەریوان دوای وەرگێڕانی چەندین كۆمەڵە شیعر و بابەتی ئەدەبی ئەم كارە  دواهەمین وەرگێڕانییەتی. زیكزیكە لەو رۆمانانەیە هەر ئەوەندەی چەند لاپەڕەیەكت خوێندەوە ئیتر ناتوانی دەستبەرداری بیت تا كۆتایی. رۆمانێكی كورتە بەڵام خوێندنەوەیەكی ورد و خوێنەرێكی بەسەلیقەی دەوێت، كە لەگەڵ خوێندنەوەدا هێندە چێژی لێ وەربگرێ‌ كە واهەست بكات لە گەڵ رۆمانەكەدا دەژی. 
 ئەحمەد غوڵامی خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمە لەوانە "جارێ‌ ناوی نییە، مرۆڤەكان، عەشیرەت، كەسێ‌ كە لەبادا دەگری..." زیكزیكەش یەكێكە لە بەرهەمە نایابەكانی ئەم نووسەرە. ئەم رۆمانە بە تەكنیكێكی باڵانووسراوە و رۆمانێكی تایبەتە و كەشێكی تایبەتی دەوێت، خوێنەر دەبێ‌ بەتەواویی خەیاڵ و ئەندێشەی لای بەرهەمەكەبێ‌ بۆ ئەوەی سەر لە تێكەڵكردنی زەمەنەكان و رووداوەكان دەربكات. لەو رۆمانانە نییە بەخێرایی چاو بە لاپەڕەكانیدا بخشێنیتەوە و بڕیاری لەسەر بدەیت.
زیكزیكە حیكایەتی سێ‌ زەمەنی جیاوازە، زەمەنی شەڕی ئێران عێراق و زەمەنی حوكمی ئەحمەدی نەژاد و هەڵبژاردنەكانی ئێران. حیكایەتی نێو ئەم رۆمانە لە زاری گێڕەڕەوەی رۆمانەكەوە كە باسی سێ‌ زەمەنی جیاوازی لە سێ‌ هێڵی جیاوازدا دەگێڕێتەوە. چیرۆكەكە زۆر بە جوانی و سەركەوتووانە لە زەمەنی شەڕەوە دەچێت بۆ زەمەنی هەڵبژاردنی ئێران لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد. لە رۆمانەكەدا سێ‌ حیكایەت تێكهڵكێش كراون. چیرۆكی شەڕی ئێران و عێراق و شەڕ و ململانێی هەڵبژاردنەكانی ئێران و چیرۆكی یاریزانێك كە بێزارە لە یاری كردنی تۆپی پێ‌ و بە زۆری باوكی یاری دەكات. و چیرۆكی رۆژنامەنووسێكی و رۆژنامەگەری لە ئێراندا. ئەم رۆمانە چیرۆكی ململانێی نەوەكانە، ململانێی باوك و كوڕێك، چیرۆكی عەشق و جەنگ و كاولكارییەكانە. لە رۆمانەكەدا سێ‌ هێل هەن، نووسەر زۆر سەركەوتوانە ئەو سێ‌ هێڵەی تێكەڵ كردووە. ئەو سێ‌ هێڵە سەرەكییە لە سێ‌ زەمەنی جیاوازدا دەخولێنەوە و لە سەرەتای رۆمانەكە تا كۆتایی رۆمانەكە هەر سێ‌ هێڵەكە كە حیكایەتی سێ‌ زەمەن و سێ‌ چیرۆكی جیاوازە بە یەكەوە و بە یەك ئاڕاستە بەرەو پێشەوە دەچن و تا كۆتایی رۆمانەكە. هێڵی یەكەم چیرۆكی بابەكی هەرزەكار و یەدی زاگالوی باوكە كە لە شەڕێكدان، بابەك دەیەوێت بۆ خۆی بژی و بە دوای ویست و ئارەزووەكانی ناخی خۆیدا بڕوات و یەدی زاگالوش دەیەوێت حەز و خولیای خۆی لە رۆحی كوڕەكەیدا بەزۆر بچێنێ‌‌. هێڵی دووەمی رۆمانەكە چیرۆكی بابەكی گەنجە لەبەرەكانی جەنگ و لە شەڕ و كاولكاری جەنگی ئێران عیراقدا. لێرەدا رۆمانەكە وێنەی خوێن و كوشتن و كاولكاری وەردەگرێ‌. هێڵی سێیەمی رۆمانەكە چیرۆكی بابەكی رۆژنامەنووسە، كە تێدەكۆشی بژێوی ژیانی دابین بكات و لە رۆژنامەیەكی سیاسی كار دەكات و لێرەدا عاشقی بنەوشە دەبێ‌. لەم قۆناغەدا نووسەر دەمانباتەوە بۆ سەردەمێكی تازە لە ئێراندا كە بارودخی ئێران چۆن دەگوزرێ‌. رێپێوانی ناڕەزایی و هەڵبژاردن و سانسۆر و گرتن و... وێنا دەكات. گۆڕەپانی جەنگ و یاری تۆپی پێ‌ و گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان و گۆڕەپانی هەڵبژاردنە سیاسییەكان لە یەك گۆڕەپان دەچن ئەویش گۆڕەپانی جەنگ و ململانێی ژیان و دنیایە. هەموو گۆڕەپانەكانی وێنەی كۆمەڵگای ئێرانە، حیكایەتی ژیان و كێبڕكێكانێتی.
ئەوەی بۆ گوتن ماوەتەوە دەست خۆشی و هیوای سەركەوتن و بەردەوامییە بۆ وەرگێڕی ئەم رۆمانە و بۆ ئەم هەڵبژاردنە باشە و بۆ ئەم وەرگێڕانە جوانەی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved