19/12/2018 09:50 AM

پەنابەرێكی كورد پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی ئەدەبی

ماڵپەری ڕۆژنامەی زەئەیجی ئوسترالی ناوی ئەو نوسەرو ڕۆشنبیرانەی بڵاوكردەوە لە ئوسترالیا كە پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكانی سەرۆك وەزیرانی ویلایەتی ڤیكتۆریای ئەو وڵاتە كە لەناویاندا ناوی پەنابەرێكی كورد هەیە.

بەهرۆز بوچانی، ئەو پەنابەرە كوردەیە كە بە كتێبێك كە تێكەڵەیەكە لە چەندین ژانری ئەدەبی بەشداری كردووەو پاڵێوراوە بۆ یەكێك لەو خەڵاتانە.

بەرهەمەكەی بوچانی كە بە ناونیشانی "هیچ هاوڕێیەكمان نیە جگە لە چیاكان" باس لە یادەوەرییەكانی خۆی دەكات لە سەرەتای ژیانییەوە هەتا ژیانی پڕ لە كارەساتی لە كەمپەكانی دوورگەی مانوس كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەو دوورگەیە لەگەڵ سەدان پەنابەری تر دەستبەسەرن.

بەهرۆز بوچانی لە بنەڕەتدا خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەو یەكێكە لەو پەنابەرانەی كە پێشتر ویستویانە بە قاچاخ و بە بەلەم ڕوو لە ئوسترالیا بكەن، بەڵام دەستگیركراون و ڕەوانەی كەمپەكانی دوورگەی ناورۆ و مانوسی پاپانیوگینیا كراون و بەپێی یاسا توندەكانی ئوسترالیا دژی كۆچبەرانی دەریایی نایاسایی هەرگیز مافی پەنابەرێتی لە ئوسترالیا وەرناگرن.


خاك - هەژار تەها 
سەرچاوە: ماڵپەری ڕۆژنامەی زەئەیج




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved