27/12/2018 03:27 PM

لە حزوری مامدا.. شادبوون بە سۆز و گەورەیی ودنیابینی

 

چیرۆكی ئەم وێنەیە...
ژینۆ عەبدولڵا*

 
ئەم نووسینە یادكردنەوەی رۆژێكی گەشە لە پەیوەندییەكانی مامی گەورەمان ومیدیای یەكێتیی وتەلەفزیۆنی خاك. ئەو رۆژەی سەرۆك مام جەلال بە گوفتار وكردار،  میوانەكانی لە ژنان و پیاوان و كچان و كوڕانی كایەی رۆژنامەگەریی حزبیی و ناحزبیی نزیك لە یەكێتیی سەرسامكرد  بە گەورەیی مام ڕەفتاریی و سۆز و پەرۆشیی باوكانەی بۆ هەمووان.
ئێوارەی پێشتر... ئاگاداریی بۆ ئامادەبوون
درەنگانێكی شەوی 28/12/2005 كاك شۆڕش ناسراو بە (شۆڕشی عەبالە) كە ئەوكات بەڕێوەبەری ئیداری خاك تی ڤی بوو بەتەلەفون بەندەی  ئاگاداری كردەوە كە سبەی (29/12/2005)، مام كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی دەبێت بۆیە خۆت ئامادە بكە و سبەی بەیانیی بە زوویی لە خاك تی ڤی ئامادەبە. 
رۆژی دیدار..بینینی مام پێش كۆنگرە رۆژنامەییەكە
سەر لەبەیانی رۆژی 29/12 كە رۆژێكی خۆرەتاوی زستان بوو، من وهێمن كاكەیی وێنەگروكۆچكردوولەیلاعەلیی بێژەرو رۆژنامەنووسی دیاری هەردوو كەناڵی خاك و كوردسات، بۆ ئەو وێستگە گرنگەی كاروانی پیشەییمان لە تەلەفزیۆنی خاك و میدیای یەكێتییدا، بەرەوهاوینەهەواری دوكان بەڕێكەوتین. بەندە وەك كارمەندی بەشی هەواڵ و خاتوو لەیلاش بۆ ئەنجامدانی دیدارێكی تایبەت لەگەڵ سەرۆك مام جەلال بۆ كەناڵی كوردسات خۆمان ساز و ئامادەكردبوو.
 نزیك كاتژمێر 10ی بەیانیی بوو گەیشتین وبینیمان كەمام ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە ورووەو دەریاچە شینەكەی دووكان دانیشتووە.ماكۆك شێخ محمەد سكرتێری ڕۆژنامەوانیی سەرۆك مام جەلال بەخێرهاتنی كردین وبەرێی كردین بۆشوێنی بەرێوەچوونی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆك مام جەلال بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوو لە(تەلە فزیۆنی خاك و كەناڵی كوردسات و گەلی كودستان و رۆژنامەی كوردستانی نوێ و ڕادیۆی گەلی كوردستان). 
پێشوازیی مام ..سادەیی و نواندنی گەورەیی 
هەر لەگەڵ بینینمان، سەرۆك مام جەلال پێشوازییەكی گەرمی لێكردین و داوای كرد پشوویەكی باش بدەین و پێی وتین دوای خوانی نیوەڕۆ دادەنیشین. هەر لەو دیدارە كورتەدا مام دەستبەجێ سادەیی و خاكیی بوونی خۆی دووپاتكردەوە بەوەی ئازاد جندیانی لێپرسراوی ئەوكاتەی مەكتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندنی یەكێتیی راسپاردبوو بێت بۆ لای رۆژنامەنووسان و پێمان بڵێت "مام دەڵێت پێتان باشە ئەو تەوەرانە چی بن كە باسیان بكەم؟ خەمی خەڵك چیە و چیان پێ باشە ؟ " ئەمە لە كاتێكدا كە سەرۆك مام جەلال لەو كاتەدا یەكەم سەرۆك كۆماری كورد بوو لە مێژووی عێراقدا، سكرتێری گشتیی یەكێتیی و رابەری بزووتنەوەی رزگاریی گەلی كوردستان و سیاسییەكی مێژوویی ناوچەكە و جیهانیش بوو، بەڵام وەك نەریتی سەركردانەی خۆی پرس و رای بە ئێمە كرد.
خوانی نیوەڕۆ.. بەخشندەیی باوكانە
پێش ئەو رۆژە گەشەی ژیانی پیشەییم، زۆر جار لە دۆست و هاوڕێ و هاوكارەكانماوە ئەوەم بیستبوو كە جیاوازیی خوانەكانی مام جەلال لە جۆری خواردن و رازاوەیی سفرە و مێزەكاندا نییە، بەڵكو جیاوازییەكەی لەوەدایە كە مام خودی خۆی دێت و بەسەر میوانەكانیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی زۆریان لێ بكات باش نان بخۆن و خوشترین خواردنە ئامادەكراوەكان بخۆن و شەرم نەكەن.
هەرواش بوو، چونكە مامی گەورە كەسفرە و خوانێكی ڕازاوەی بۆ ڕیكخستبووین، شەرەفمەندی كردین بەوەی خۆی لەگەڵمان نانی خوارد ووا مامەڵەی دەكرد بە هیچ جۆرێك هەست بە شەرم نەكەین و ئەوەندە ڕێز و حورمەتی  نواند  كە بەشێكمان شەرمەندە ببووین بەوەی مام خۆی خواردنی بۆ تێدەكردین و كەشێكی وای دروست كرد وەك خاوەن ماڵ رەفتار بكەین. تەنانەت بەدەم نانخواردنەوە كەوتە هێنانەوە بیری یادەوەرییەكانی و نووكتەكردن و قسەی خۆش .
پرسیاركردن لەمام.. دۆزینەوەی كاتی گونجاو
بۆ من، ئەو خوانە رازاوەیە و خۆشخوانیی سەرۆك مام جەلال تاكە لایەنی سەرنج راكێشی ئەو رۆژە نەبوو، بەڵكو بینینی روبەڕووی سەرۆك مام جەلال بوو بۆ یەكەم جار لە ژیانمدا. بەڵام ئەو بینینەش هەر وا ئاسان نەبوو چونكە منی گەنج ئەزموونێكی ئەو تۆم نەبوو بەتایبەت كە تازە بووم لە كاری ڕۆژنامەنووسییدا و لەسەرەتاوە هەستم بە شەرم دەكرد بەڵام پاش ئەوەی مام بە هەڵوێست و مامەڵەی ناوازەی ئەو شەرمەی لا نەهێشتم ، گوڕم دایە بەرخۆم و ئەو هەلەم لە كیس نەدا بۆ پرسیاركردن دەربارەی دەوڵەتیی كوردیی بە تایبەت كە ئەو كاتە گەرمەی موزایەدە و باسكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و جیابوونەوە بوو لە عێراق و منیش بە كاریگەریی ئەو تەوژمە ویستم لە زاری خۆیەوە بە ئاگابم لە هەڵوێستی سەرۆك مام جەلال چونكە دەمزانی ئەگەر لەكاتی ئاساییدا ئەو پرسیارە بكەم توڕە دەبێت لەبەر ئەوەی ئەو پرسیارێكی لەوشێوەیەی بەناواقعیی دادەنا. لە وەڵامی پرسیارەكەمدا مام وتی " با بە كورتی لێت بپرسم ئەگەر ئێران و توركیا هیچ كارێك نەكەن تەنیا داخستنی سنوور نەبێت ئایا ئێمە چیمان بەسەر دێت؟. نەشیعە و نەسوننە و نە وڵاتانی زلهێز قبووڵی دەكەن.هەر بۆیە نابێت بە دەستی خۆمان ژیانی میللەتی خۆمان بخەینە مەترسیی و هەڕەشەی قومارێكی شكستخواردوو". سەرۆك مام جەلال هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتكردەوە كە سەرباری بڕوا و خەباتی نەبڕاوەی بۆ ئەم پرسە، بەڵام كاتی نییە و داوی كرد نەكەوینە ژێر موزایەدە و قسەی بێ بنەما. بە هێنانەوە بیری ئەو هەڵوێستانەی سەرۆك مام جەلال وبەراورد كردنی بە ڕیفراندۆمی25/9/2017وكاریگەرییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان، دانایی و دوربینی سەرۆك مام جەلالم بۆ بەرجەستەبووەوە لە ئیدارەدانی دەوڵەت و پەرۆشیی بۆ خۆشگوزەرانی گەلەكەی.
قسەی خۆش... خەسڵەتێكی سەركردانە
خوانەكەی مام بە بێ خەسڵەتی سەركردانەی سەرۆك مام جەلال لە رەواندنەوەی خەم و پەخشكردنی خۆشیی  كۆتایی نەهات چونكە بەسەرهاتێكی خۆشی شەهید دكتۆرعەبدولرەحمان قاسملۆی بۆ گێڕاینەوە كە هەر كات مام و هەڤاڵانی تری دەعوەت بكردایە پێی دەوتن "ئەگەر نانەكەتان بەدڵ بوو ئەو دەعوەتی منن ئەگەر بە دڵیشتان نەبوو ئەوە دەعوەتی مەكتەبی سیاسین" مامیش  وتی ئەگەر بەدڵتانە ئەوە دەعوەتی منن و ئەگەر بەدڵیشتان نە بوو ئەوە دەعوەتی مەكتەبی سیاسین. 
 كۆنگرە رۆژنامەییەكە.. دونیابینییەكی سەركردانە
سەعات دووی پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژ، گۆنگرە ڕۆژنامەییەكەی سەرۆك مام جەلال دەستپێكرد و سەعات شەش كۆتایی هات  تیایدا مام بە هەردوو زمانی كوردیی و عەرەبیی قسەی بۆ كردین. دواتریش بەرنامەی دیداری تایبەتی لەگەڵ كۆچكردوو لەیلا عەلی  تۆماركرد بێ ئەوەی بێزار بێت و هەموو وەڵامەكانی پڕ زانیاریی بوو. زۆر بەوردیی گوێی دەگرت و بەتێرو تەسەلیی وەڵامی دەداینەوە. بەردەوام لەگەڵ قسە جدیەكانیشدا نوكتە و قسەی خۆشی بۆ دەكردین .ئەوەندەی لەیادم مابێت گرنگترین ئەو تەوەرانەی كە مام باسی كردن بریتیی بوون لە پێویستیی یەكڕیزیی یەك گوتاریی  گەلی كورد بە تایبەت بەهێزكردن وپتەوكردنی پەیوەندیەكانی ی ن ك و  پ د ك بۆ هێنانەدیی مافە دەستووریەكانی گەلی كوردستان  و دووركەوتنەوە لە گوتاریی توند و هاندانی توندوتیژیی و  تاودانی  دەمارگیریی نەتەوەپەرستیی و تەئكید كردنەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان بە دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ . هەروەها چارەنووسی كەركوكیش بەشێكی زۆری قسەكانی بوو. لەو رووەوە بەوردیی كێشەكە و میكانزمی چارەسەركردن و ئاستەنگەكانی ڕوونكردەوەو  دووپاتی كردوە چارەسەركردنی كێشەی كەركوك وەك نەشتەرگەریی مێشك وایە وریایی و زانایی دەوێت و سادەترین هەڵە باجی قورسی بەدواوەیە. لە بەشێكی تریشدا جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی چاكسازیی ناوخۆیی و گەشەپێدانی تواناكانی تاك و واڵاكردنی دەرگای هەرێم بە رووی  كوردانی تاراوگەدا بە تایبەت خاوەت بڕوانامە بەرزەكان و كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاكاندا.
تەلەفزیۆنی خاك 
تەلەفزیۆنی خاك كە لە یەكی ئاداری ساڵی 1997 دا پەخشە رەنگاڵەییەكەی بە ئاسمانی سلێمانییدا بڵاوبووەوە، بە یەكێك لە داهێنانە جوانەكانی میدیای كوردیی و كاروانی رۆژنامەگەریی بینراو دادەنرێت لە سەردەمێكدا كە پێویستییەكی هەنووكەیی هەبوو بۆ كرانەوەی دەلاقەیەكی نوێ و دۆزینەوەی دەرەتانێك بۆ هێنانە كایەی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی جیاواز لە روانین و دونیابینیی، لۆگۆ و مارشی دەستپێك، گوتار و پەیام، گۆرانیی و هەواڵ و بەرنامە، روخساری نوێ و دەنگی نوێ، شێوازی كاری نوێ كە ئاوێتە بێت بە خەم و خولیا و داواكارییەكانی خەڵك لەسەر شەقام و لە نێو كوچە و كۆڵانەكان و ماڵ و خێزانەكان. لەم روانگەیەوە سەرەتاكانی كرانەوەی ئەو تەلەفزیۆنە داهێنەرە گەواهییدەریی ئەو راستییەن كە خاك تی ڤی بەراستی جیاواز بوو لە تەواوی كەناڵەكانی تری ئەو سەردەمە.
دەشێت هەر ئەم جیاوازییەش بووبێت وایكردبێت  كە خاك تی ڤی لەلای مامی رۆژنامەنووس، مامی سەرۆك و سەركردە، مامی سكرتێری گشتیی یەكێتیی و پەرۆشی گوتار و پەیامی میدیا، بایەخێكی تایبەتیی هەبێت بە و هەست و خۆشەویسیتییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ  بەڕێوەبەر و كارمەندەكانی بكات و بەڵینیان پێ بدات ساڵانە میواندارییان بكات پاش ئەوەی بۆ یەكەم جار لە 5/3/ 1999 دا لە قەڵاچوالان میوانداریی كردن.
*فۆتۆی وێنەكە ئازاد ئیبراهیم




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved