28/12/2018 09:10 PM

هۆلۆکۆست لە یاداشتەکانی کچە جولەکەیه‌کدا


"هیوادارم بتوانم هەموو ئەو نهێنیانە لای تۆ بپارێزم، کە تا ئێستا نەمتوانیوە لای هیچ کەسێک باسیان بکەم. ئاواتەخوازیشم تۆ ببیت بە سەرچاوەیەکی زۆر باش بۆ ئاسودەی و دڵنەوای"
. ئەمە پێشەکی و دەستپێکی ڕۆژژمێرەکەی (ئان فرانک)ە کە لە ساڵی ١٩٤٢ دەستی بە نوسینی کردووە و تەمەنی تەنها سێزدە ساڵان بووە، ڕۆژژمێرەکە ڕووداوەکانی لە ١٢ی حوزەیرانی ١٩٤٢ بۆ ١ی ئابی ١٩٤٤ پاراستووە.
ڕۆژێک لە دەنگی ئێستگەی ڕادیۆی هۆڵەنداوە گوێی لە دەنگی ئەندامێکی حکومەتی هۆڵەندا دەبێت لە مەنفا بە ناوی (گێریت بوڵکشتاین) دەڵێت کە بەنیازن لە دوای جەنگ هەموو ئەو دەستنوس و بەڵگە نوسراو و یاداشتانە کۆبکەنەوە کە گەواهی و شایەتی ئەوە دەدەن کە هۆڵەندیەکان لە ژێر زەبروزەنگی ئەڵمانیەکاندا ئازار و ناڕەحەتی زۆریان چەشتووە، بۆ ئەوەی ئەم ڕاستیانە بە جیهان بگەیەنن. کاتێک ئان گوێی لەم قسانە بوو بەهەند وەریگرتن و بڕیاری ئەوەی دا کە چاوخشاندنەوەیەک بە نوسین و ڕۆژژمێرەکەیدا بکات و پوختەی بکات و هەندێک چاککاری و دەستکاری کرد و چەند بەشێک کە بە سەرنج ڕاکێشانی نەدەزانین سڕییەنیەوە و لای بردن و لە بەرامبەردا چەند ڕووداوێکی تری بە پشت بەستن بە یادەوەریەکانی نوسی تێیدا، بەڵام دەقە بنچینەیەکەی وەک خۆی هێشتبووە بەبێ دەستکاریکردن، تاکو لەدوای جەنگ بە پشت بەستن بە ڕۆژژمێرەکەی کتێبێک بڵاوبکاتەوە.

کاتێک لە ڕۆژی ٤ی ئابی ١٩٤٤ دوای نزیکەی دوو ساڵ لەمانەوە لە حەشارگەیەکدا کە دیوی پشتەوەی کارگەیەک بوو لە ئەمستردام، شوێنەکەیان ئاشکرا دەبێت و ٨ کەس لە حەشارگەکەدا دەستگیردەکرێت، ڕۆژژمێرەکەی ئان فرانک پەرش و بڵاودەبێتەوە بەسەرعەرزەکەدا، خاتوو (میپ گایز) یەکێک بوو لەو دوو خاتوونەی کە لە تەلارەکەدا کاریان دەکرد ڕۆژژمێرکری ئانی دۆزیەوە و کۆیکردەوە بە مەبەستی پاراستنی هەڵیگرت، لە پاش کۆتایهاتنی جەنگ کاتێک مردنی ئان فڕانک پشتڕاست کرابووەوە، ئەم خاتوونە ئەو ڕۆژژمێرەی کە تاکو ئێستا هیچ کەسێک نەیخوێندبووە دایە دەست باوکی ئان، کە (ئۆتۆ فرانک) بوو.
ئۆتۆ فرانک کاتێک سەرنجی لە ڕۆژژمێرەکە دا و هەردوو دەقی سەرەکی و دەقی دووهەمی بەراوردکرد، بڕیاری دا کە ڕۆژژمێرەکە بڵاوبکرێتەوە و ئاواتی کچەکەی بەدی بهێنێت، هات لە هەردوو دەقەکە بابەتەکانی هەڵبژارد و دانەیەکی تۆکەمەتر و گونجاوتری لێ درووست کرد، بەمەش بوو بە سێ دەق، دەقی سێهەم بڵاوکرایەوە لە ساڵی ١٩٤٧ دا، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە باوکی ئان ناچاربوو بە لابردنی بەشێکی زۆری بابەتەکان بەهۆی ئەوەی شتێکی نوێبوو کە کچێکی سێزدە ساڵان بەبێ پەردە باس لە مەسەلە سێکسیەکان بکات و بەشێکی تریشی وەک ڕێزێک بۆ کەسە مردوەکانی ناو یاداشتەکە ئەو پەرەگرافانەی کە ناشرین بوون لە بارەی کەسایەتیەکانەوە لایبردن، ئان بەبێ ئەوەی هیچ بشارێتەوە هەموو شتێکی نوسیبوو، چ ئەوەی بەدڵی بوو چ ئەوەی بەدڵی نەببوو.


کاتێک کە ئۆتۆ فرانک لە ساڵی ١٩٨٠ کۆچی دوای کرد، دەستنووسەکانی کچەکەی بۆ پەیمانگای بە دۆکۆمێنتکردنی جەنگ لە ئەمستردام بەجێهێشت، بەهۆی مشتوومڕی زۆر لەسەر ڕاستی و دروستی ڕووداوەکانی ڕۆژژمێرەکە لە کاتی بڵاوبونەوەی لە ١٩٤٧ تاکو ئەو کاتەش، بۆیە پەیمانگاکە بڕیاری دا کە ڵێکۆڵینەوەی ورد بکات لە بەڵگەکان و دەستنوسەکان، دوای ئەوەی گومانەکان نەمان و ڕاستی و دروستی ڕۆژژمێرەکە سەلمێندرا، لە کتێبێکدا ڕۆژژمێرەکە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەچڕوپڕی بڵاوکرانەوە، لە کتێبەکەدا نەک تەنها دەقی سێهەم بەڵکو دەقی دووهەم و یەکەمیش ئەو بابەتانەی کە لابرابوون داندرابوونەوە لەگەڵ هەلومەرجی دەستگیرکردن و پاشخانی خانەوادەکەیان، دەزگایەک دروستکرابوو لە سویسرا بە ناوی دەزگای خێرخوازی ئان فرانک، کە میراتگری مافی بڵاوکردنەوەی ڕۆژژمێرەکە بوون لە شێوەی کتێبێکدا چاپێکی نوێیان بڵاوکردەوە بەبێ هەبوونی کاریگەری لەسەر دەست نووسەکەی ئان فرانک، کە ئەم چاپە نوسەر و وەرگێڕ (میرثام پرێسلەر) ڕاسپێردرابوو پوختەی بکات، جگە لەوەی لە چاپەکەی ئۆتۆ فرانک هەبوو نزیکەی سی لە سەدی بابەتەکانی دەستنووسی یەکەم و دووهەمیش کە لادرابوو داینایەوە. 
ئەوەی کە پەیوەستە بە مردنی ئان فرانکەوە ئەوەیە کە ئان لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ کاتێک گواسترایەوە بۆ ئۆردوگای (بێرگن بێڵسن) لە نزیک شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا، بەهۆی نەخۆشی گرانەتای ڕەش کە نەخۆشیەکی باوبوو لە ساڵانی ١٩٤٤ بۆ ١٩٤٥، بە هۆی بارودۆخی ناهەموار و ناتەندروستی ئۆردوگاکا نەخۆشیەکە بەناو ئۆردوگادا بڵاودەبێتەوە و بە هەزاران کەس دەکوژێت لە ناویشیاندا ئان فرانک یەکێک دەبێت لە قوربانیەکانی ئەو نەخۆشیە.

خاك- لاس لوقمان
سوود وەرگیراوە لە چاپی کوردی پەرتوکەکە کە لەلایەن (عەلی عوسمان یاقووب) وەرگێڕدراوە.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved