عه‌بدولغه‌نی كاكۆ یه‌كێ له‌و كتێبه زۆر به‌هادارانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا خوێندمه‌وه (داستانی گیلگامێش) بوو. من كاتی خۆی گیلگامێشهكهی (د.ته‌ها باقر) و كتێبه بایه‌خداره‌كه‌ی (د.نائل حسون) و پاشانیش وهرگێڕدراوێكی كوردی ئه‌و داستانه‌م خوێندۆته‌وه. دواتریش كتێبه یه‌كجار نایابه‌كه‌ی تۆماس میلكه (Gilgamecsh König von Uruk) م به زمانی ئه‌ڵمانی خوێندۆته‌وه. هه‌ڵبه‌ته هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بووه، به‌ڵام هیچیان وه‌كو ئه‌م كتێبه چێژیان پێ نه‌به‌خشیوم. ئه‌م كتێبه له سویدییه‌وه كراوه‌ته كوردی، ئه‌وانه‌ی كتێبه‌كه‌یان به سویدی بڵاكردۆتهوه په‌ڕاوێز و راڤه‌كردنێكی زۆر جوانیان بۆ ورده‌كارییه‌كانی داستانه‌كه نووسیوه كه به‌ڕاستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، چونكه راوه‌ستان له‌به‌رده‌م شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هێما و ئاماژه مێژوییانه و به‌راوردكردنیان له‌گه‌ڵ لێكدانه‌وه‌كانی پێشووتر و پاشان هه‌ڵسه‌نگاندنیان و خستنه‌ڕووی ده‌رئه‌نجامی تایبه‌تی خۆیان كۆششێكی ئه‌كادیمییانه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر زه‌حمه‌تی گه‌ره‌كه. وه‌رگێڕه كوردییه‌كه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به زمانێكی كوردی زۆر پاراو و جوان كتێبه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه، به سه‌رنج و تێبینییهكانی خۆی زیاتر كتێبه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه. به‌ڕاستی ئه‌و تێبینییه وردانه‌ی كاك شاسوار هێنده به‌نرخن كه دڵنیام ئه‌گه‌ر بێت و جارێكی دیكه كتێبه‌كه به‌م تێبینییانه‌وه له كوردییه‌كه‌وه بكرێته‌وه سویدی ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رنج و تاوتوێكردنی تازه‌ی ئه‌كادیمی و سه‌رئه‌نجام وه‌ك هاوبهشیكردنێكی دیكه‌ی هزری كوردی له به‌رامبه‌ر داستانێكی ناوازه‌ی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی دێته هه‌ژماركردن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه له جوانی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌دا به‌كارهێنان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو وشه و دهستهواژانانهن كه ته‌نیا كه‌سی وه‌رگێڕ له كاتی وه‌رگێڕانی ده‌قه‌كاندا هه‌ست به سه‌ختی و ته‌نانه‌ت ئاسته‌می دۆزینه‌وه‌یان ده‌كات، كاك شاسوار زۆر سه‌ركه‌وتووانه ئه‌و وشانه‌ی لهبهریهكدا راگرتوون. من پێم وایه خوێنه‌ری كورد گه‌ر بیه‌وێ شاره‌زایی له داستانی گیلگامیش په‌یدا بكات خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی به‌سه تا له مه‌زنی و بایه‌خی ئه‌م داستانه تێبگات. ئه‌وه‌ش مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ وه‌رگێڕه‌كه‌ی. به‌ڵام من دوو سه‌رنجم ده‌رباره‌ی كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌كه هه‌یه كه هیوادارم وه‌رگێڕی به‌ڕێز یان وه‌شانخانه‌ی به‌ڕێز له چاپه‌كانی داهاتوودا له‌به‌رچاوی بگرن. یه‌كه‌م: خۆزگه له‌پاڵ ناوی وه‌رگێڕه كوردییه‌كه‌ی ناوی وه‌رگێڕ و ڕاڤه‌كار و پهراوێزنووسه سویدییهكانیش به ڕوونی له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه ده‌نووسران، پاشان له لاپه‌ڕه‌ی ناوه‌وه‌دا (ساڵی بڵاوكردنه‌وه)ی ده‌قه سویدییه‌كه له‌پاڵ ناوی ئه‌سڵی كتێبه‌كه‌شدا ده‌نووسرا، چونكه ڕه‌نگه له چاپدانه‌وه‌ی هه‌ر جارێكی كتێبێكی وه‌ها كه‌م و زۆر پێشه‌كی و پاشه‌كی و تێبینی و په‌ڕاوێز و سه‌رنجی بۆ زیاد بكرێت، له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م شته وردانه بۆ كتێبێك كه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به‌كارده‌هێنرێت بایه‌خی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. دووه‌م: خۆزگه وه‌رگێڕی به‌ڕێز جگه له هه‌ڵه‌كانی چاپ ئاگاداری هه‌ڵه‌كانی ڕێنووسیش ده‌بوو (هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه ئه‌وانه‌یش هه‌ر هه‌ڵه‌ی چاپ و نووسین بووبن) وه‌ك لێك جیا كردنه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی به یه‌ك واو ده‌نووسرێن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌جووته جووته واو ده‌نووسرێن. بۆ نموونه وشه‌ی (قووڵایی) له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه به یه‌ك واو نووسراوه. ئایا ئه‌م وشه‌یه به یه‌ك یان به دوو واو ده‌نووسرێت؟ ئه‌مه و ده‌یان نموونه‌ی تر كه هێنده زۆرن هه‌مووی لێره نانووسرێنه‌وه (تێگه‌یشتو، چاره‌نوس، شوره، كه‌وتبو، تێگه‌یشتو، لوتكه، سوره چنار، تروسكایی، نمونه، وروژان، جوڵه، ستون، هتد..) هه‌مووی به یه‌ك واو نووسراون هه‌روه‌ها له ده‌یان شوێندا تاكه (یێ) و جووته (یێ)ی دوایی وشه‌كان وای كردووه كه (ی)ی نه‌سه‌ب و (ی) په‌یوه‌ندی وه‌ك ئامرازی به‌یه‌كه‌وه لكاندن له یێكدی جیا نه‌كرێنه‌وه هه‌ر بۆ نموونه (راوچیه‌كه، كێویه‌كان، دیاریه‌ك، ڕاستیه‌كان، ریشسپیهكان، ئێزدیه‌كان، كه‌شتیه‌كه..ده‌یان نموونه‌ی تر) هه‌مووی به یه‌ك یێ نووسراون..ڕه‌نگه بڵێن ئه‌و جۆره هه‌ڵانه ده‌یان و سه‌دان جار له زۆربه‌ی كتێبه كوردییه‌كانی ئه‌م ڕۆژانه به‌رچاو ده‌كه‌ون، من ئه‌وه ده‌زانم به‌ڵام بۆ كتێبێكی سه‌نگینی ئاوا جێگه‌ی چاوپۆشین نین، هیوادارم ئه‌و سه‌رنجانه‌م له‌لای كاك شاسوار جێگه‌ی خۆیان بگرن چونكه هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه ئه‌و كه‌سێكی چه‌نده ورد و به سه‌لیقه‌یه له به‌دواداچوون و ڕاستنووسینی وشه‌ی كوردیدا و بۆیه من كه وه‌ك مامۆستایه‌كی خه‌مخۆری زمانی كوردی ته‌ماشای ده‌كه‌م حه‌ز ناكه‌م ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه له كتێبێكی به‌هاداری ئه‌ودا رووبدات.
لە ئەکاونتی نووسەرەوە*
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure