30/1/2019 03:13 PM

هەیكەل، یادەوەریی و نهێنیەكانی موبارەك دەگێڕێتەوە

 

لەساڵیادی ڕووخاندنی ڕژێمەكەیدا
ژینۆ عەبدولڵا*


یەكێك لە و وڵاتانەی كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقاو بێگومان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش، وڵاتی میسرە بە هۆی پێگەی جوگرافی و مێژوویی و شوێنەواری و ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەریەوە، هەربۆیە هەر گۆڕانكاریەك لەو وڵاتە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ناوچەكە دادەنێت بەنمونەی شۆڕشی ناسراو بە25یەنایەرلە 2011 دا.
محەمەد حوسنی موبارەك چۆن بوو بەسەرۆك كۆمار؟ بۆچی لەناو ئەو هەموو ئەفسەرە شارەزایانەدا ئەنوەر سادات ئەوەی هەڵبژارد؟ بۆچی لە كاتی تیرۆركردنی ئەنوەر سادات موبارەكیش نە پێكرا؟ دوای بوون بەسەۆك كۆمار پلان و بەرنامەی چۆن بوون بوو؟ دیدگای بۆ خۆرئاواو خۆرهەڵات چۆن بوو؟ سیاسەتی ناوخۆی چۆن بوو؟ چەندین تەوەری تر لەوانە مەسەلەی بەنەماڵەكردنی حوكم لەم كتێبەی محەمەد حەسەنێن هەیكەل وەڵامی دەداتەوە و بەشێوەیەكی ورد چەندین نێهنی و وردەكاریش باس دەكات.
لەسەكۆوە بۆ مەیدانی تەحریر
موبارەك و سەردەمەكەی، لەسەكۆوە بۆ مەیدانی تەحریر*، كتێبێكی مێژوویی یادەوەریی و  پڕزانیاری محمەد حەسەنێن هەیكەلە(1923-2016) بەوردی هەموو لایەنەكانی ژیانی سیاسی و سەربازی و ئیداری حوسنی موبارەكی  وەڵام داوەتەوەو بەسەرۆكی لاوازو بێ ئیرادە وەسفی دەكات و ئاماژە بەوەدەكات، هۆكاری دەستنیشانكردنی موبارەك لەلایەن ئەنوەر ساداتەوە(1918-1981) وەك جێگری لە بەر ئەوە نە بووە كە كەسێكی سەربازی و سیاسی سەركەوتو بوە بەڵكو بۆ پاراستنی ڕژێمەكەی سادات بوەو  بەهۆی ئەوەبوو كە هەردووكیان پێكەوە تێوەگلابوون بە تیرۆركردنی سەركردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی سودانی هادی مەهدی، كە نەیارێكی سەرسەختی جەعفەر نەمیری(1930-2009) سەرۆكی ئەوكاتەی سودان بوو، ئەمەش بە بەڵگەو نووسراوێكی نهێنی كەلە ئەرشیفی تایبەتی جەمال عەبدولناسرەوە دەستی كەتووە بڵاوكردۆتەوە.
موبارەك و تێوەگلانی بەتیرۆكردنی ئەنوەر ساداتەوە
هەیكەل باس لەوە دەكات دوای ڕێكەوتنی كام دیڤد(1978)، هنری كەیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمریكا لە دانیشتنێكدا مەترسی تیرۆركردنی ساداتی باس كردوە لە لایەن وڵاتانی دەرەوەو بۆ ئەومەبەستەش تیمێكی ئەمنی پسپۆری ئەمنی لۆجستی لە ئەمریكاوە هاتووە بۆ كردنەوەی خول بۆ پاسەوانە تایبەتیەكانی سادات و پاراستنی لایەنی ئەمنی، واتا ئەمریكاو وڵاتانی تر مەترسی دەرەكیان هەبووە بۆ تیرۆركردنی سادات، بەڵام بە پێچەوانەوە تیرۆركردنەكە ئەفسەرێكی توندڕەوی میسری پێ هەستاو موبارەك ڕێكەوت لەمەرگ ڕزگاری بوو، واتا هیچ ڕۆڵی نەبووە لە و تیرۆركردنەوەو ئەوەی دەوترێت تەنها پڕۆپاگەندەیە بەوەی موبارەك ڕۆڵی هەبووە لەو تیرۆركردنەدا.
دیداری شەش سەعاتی
وەك لای شارەزایان و مێژووناسان ناسراوە، هەیكەل هەندێك بە سێبەری جەمال عەبدولناسری(1918-1970) دادەنێن بەوڕۆڵی دیاری هەبووە لەپشت پەردەوە لە داڕشنی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی میسر و ماوەی 17 ساڵ سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەهرام بوەو توانی لە و ماوەیەدا ڕۆژنامەكە بخاتە لیستی 10 ڕۆژنامە جیهانیەكانی پڕ خوێنەرترین ڕۆژنامەو لە كۆتایی حكومی ناسریشدا بەوكالەت بووە وەزیری دەرەوەو ماویەكیش وەزیری ڕۆشنبیری، بەواتای قورسیاییەكی زۆری هەبوو لە داڕشتنی نەخشەی سیاسەتی ناوخۆو دەروەودا و ئەمە بێجگە لەوەی پەیوەندیەكی فراوانی هەبووە لەگەڵ سەركردەی وڵاتان و زۆر جار وەك پردی پەیوەندی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی وڵاتان و سەركردەكانی جیهان سەیر دەكرا، لە پێشەكی كتێبەكەیدا ئاماژە بەوەدەكات دوای سەردەمی ناسرو ئەو ماوەكەمەی لەگەڵ سادات بووم، بڕیارمدا دور بكەمەوە لە پەیوەندی سیاسی و بەنمونەی موبارەك، هەر جارێك قسەمانكردوە یاخود یدارمان هەبووە بە دەستپێشخەری ئەو بووە، دوای بوون بەسەرۆك كۆمار،  ڕۆژی شەمە 5 دیسەمبەری 1981بانگهێشتی كۆشكی كۆماری كردم و لە بەیانیەوە تا عەسرپێكەوبووین، موبارەك هیچ قسەی نەدەكرد و وتی دەمەوێت گوێ لەتۆ بگرم وپرسیارەكانیشی زۆر سادەو ستراتیژی نەبوون، زیاتر قسەی سەرجادەو كۆڕۆكۆبوونەوەی شەوانی یاران دەچوو، بەوەدا بۆم دەركەوت چەند ئاستی ڕۆشنبیری و فكری و هۆشیاری لاوازەو زۆر جار قسەی بازاڕی و نوكتەی ناشرینی دەگێڕایەوەو بۆشم دەركەوت زۆر جنێو فرۆشیشە، بەواتا هیچ وەك سەرۆكی وڵاتێكی گەورەی وەك میسر سەرنجی ڕانە كێشام و بگرە زۆر بێ هیوا بووم.
چۆن موبارەك سی ساڵ حوكمی كرد
هەیكەل لە دەستپێكی كتێبەكەیدا، ئاماژە بەوەدەكات، ئەو دیمەنە زەلیلیەی موبارەك بۆ خۆی دروستكرد لە ڕۆژی دادگایكردنەكەدا زۆر سەیر بوو زیادە ڕۆیی زۆری تیاكرد لە نمایشكردنی خۆیدا، دەبوو كەرامەت و كبریائی ڕیگای بەوە نەدایە  چونكە خۆی وەك پاڵەوانی ئاسمانی شەڕی ئۆكتۆبەر دەناساند و هاوكات ئەو سی ساڵ سەرۆكی وڵاتێكی وەك میسر بووە، بەڵام دیارە موبارەك مێژووی خۆی بیرچۆتەوە، ئەو وەسفی خۆی وادەكرد و مەكینەی میدیایشی وایان پیشان دەدا، لەدوای محەمەد عەلی پاشاوە موبارەك تاكە سەرۆكە ئەو هەموو دەسكەوتەی بەدەستهێناوە بە حساب بۆ میللەتەكەی خۆی. هەروەها ڕەخنەش لە دادگایكردنەكە دەكات و ڕوونیدەكاتەوە دەبوایە دادگایكردنەكە سیاسی بووایە بەوەی بۆچی میللەتی میسر ڕاپەڕینی كرد لەدژی ساسەتی ئیدارەدانی دەوڵەتی چۆن بووە، نەك تەنها هەموو دادگایكردنەكە قەتیس بكرێت لە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، ئەوەش بۆشایی یاسایی تیایەوە بەڵگەی یاسایی دەدۆزێتەوە بۆ خۆ دزینەوە، هەرواش دەرچوو.هەربۆیە مانەوەی موبارەك بۆماوەی سی ساڵ تەها شانس بووە، چونكە لەدوای دوو خولی یەكەمی دەسەلاِتی شتێك نەمابوو بەناوی دەوڵەت و سیستەمی ئیداری وڵات، هەربۆیە ڕووخاندنی ڕژێمەكەی موبارەك تەنها پێویستی بەكات بوو.
بە بنەماڵەكردنی حوكم
هەیكەل بەبنەماڵكردنی حوكم لەلایەن موبارەكەوە بە گرێی دەروونی ناودەبات بووە مینێك لەبەردەمیدا تەقیەوە و هۆكارێكی سەرەكی شۆڕی میسریش بوو، ئاماژە بەوەدەكات موبارەك دەیویست دوای خۆی ئیهانەی میسریەكان بكات و كوڕە بچوك و نازدارەكەی دایكی بكاتە شوێنگرەوەی خۆی جەمال موبارەك.هەرچەندە ئەم مەسەلە ساڵی 2001 لە وتارێكیدا لە زانكۆی ئەمریكی لەقاهیرە هەیكەل وەك ئاماژەیەكی ترسناك باسی لێوەكردبوو، بەڵام وەك خۆی دەڵێت جوقە ئیعلامیەكەی موبارەك هێرشی توندو ناڕەواوجنێو تەشهیری زۆریان پێكردوە، یەكەم سەرۆكی عەرەبیش موعەمەر قەزافی بووە ئەم مەسەلەی باسكردوە لەگەڵی  و پێشریش میرێكی سعودی هەمان شتی باسكردوە بەڵام موبارەك ڕەتی كردۆتەوە بە هە مووشێوەیەك و تویەتی كوڕەكەم بكەمە سەرۆكی ئەم وێرانەیە...
هەیكەل، ببلۆگرافیەكی كورتی جەمال موبارەك باس دەكات بەوەی لە بەریتانیا خوێندویەتی و كەسێكی خۆ بەزلزان و حەزی بە هاوڕێتەی كەسانی دەوڵەمەندو بازرگان و خۆشەویستی دایكی بووە و لە لایەن ژمارەیەك سەركردەی حزبی دەسەڵاتەوە لە وانە سەفوەت شەریف و چەند سەركردەیەكی تر زۆر مەرایی بۆ كراوەو سەرەتا لەحزب پلەی باڵایان داوەتێ و پاشان تێوەگلاوە بە گەندەڵی لەتەواوی كایە بازرگانیەكان و كۆمپانیاكانی میسرو ئەندازیاری تەزویری هەڵبژاردنی 2010 بووە، بە شێوەیەك موبارەكیش بڕوای بەو ئەنجامە زۆرە نەبوو، بەڵام پێش ئەوەی حوكم بگرێتە دەست، میسریەكان كۆتاییان بە دەسەڵاتی هێنا. 
كتێبەكە لە 18 بەش پێكهاتووە بە دووتۆی 308 لاپەڕەیەو چەندین نهێنی تر و چیرۆكی سەیرتر لەم كتێبەدا هەیە بۆ خوێنەری بەجێدەهیڵین بۆئەوەی چێژی خوێنەوە لە دەست نەدات بیخوێنێتەوە.


ناوی كتێب: موبارەك و سەردەمەكەی، لەسەكۆوە بۆ مەیدان
نووسەر: محمەد حەسەنێن هەیكەل، لەچاپكراوەكانی دارئەلشروق.
 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved