8/2/2019 09:04 PM

شێرکۆ بێکەس وەک وەرگێڕ


"وەک بیرم دێتەوە ١٥ ساڵ لەمەوپێش، لە سەردەمێکدا کە هێشتا لە دنیای شعر و ئەدەبدا سەرەتای هەنگاونان و چاوکردنەوەم بوو، وەختێک بۆ یەکەم جار چیرۆکی (پیرەمێرد و زەریا) ی (هێمنگوا) یم بە زمانی عەرەبی و لە وەرگێڕانی نوسەری ناسراوی عەرەب (منیر البعلبکی) خوێندەوە، هەر لەو کاتەوە ئاوەتەخوازبووم ئەم شاکارە ئەدەبیە مەزن و زیندووە کە بۆ زۆربەی زمانی نەتەوەکانی ئەم دنیایە وەرگێردراوە – بکرێت بە کوردی و بخرێتە بەردەستی خوێنەرانی و پێشکەشی کتێبخانە هەژارەکەی بکرێت".
 – شێرکۆ بێکەس-

ئەمە سەرەتا و پێشەکی چاپی کوردی کتێبی پیرەمێرد و زەریایە کە شێرکۆ بێکەس لە ساڵی ١٩٨٠ وەرگێڕاوە لە عەرەبیەوە، شێرکۆ نوسیویەتی، دوای ئەوەی ساڵان تێپەڕێن و ئەم ئاوەتە لەلایەن ئەدیبانی ترەوە نەهێنرانە دی، بەتایبەت تر، ئەوانەی کە دەینتوانی لە زمانی ئینگلیزی ەوە وەری بگێڕن، ئەوسا من شانم دایە بەر ئەم ئەرکە گرانە و بڕیارم دا دەست بە وەرگێڕانی ئەم شاکارە بکەم، بەڵام سەرەڕای دەستپێکردنم بە وەرگێڕانەکە، هێشتا هەر گرێیەک لە دڵمدابوو ئەویش ئەوەبوو کە دەقەکەم لە زمانی نوسینی ئەسڵی دەقەکەوە وەرنەگێڕاوە و بەڵکوو لە زمانی عەرەبیەوە وەرمگێراوە بۆ کوردی، ئەمزانی ئەم ڕێگەیەش تەواو پێچەوانەیە لە مەیدانی هونەری وەرگێڕاندا، لەوانەیە وەرگێڕ تووشی گەلێ هەڵەی نابەجێ و نالەبار بکات، بە تایبەت تر لەدوای چاپ و بڵاوکردنەوە لەسەری بکەوێت، ئەمە جگە لە کەمکردنەوەی بەها و نرخی دەقە ئەدەبیەکە بۆیە بڕیارم دا کە ئەم گرێیەش لای خۆم نەهێڵم، داوام لە هاوڕێی ئەدیبم کاک (کەمال میراودەلی) کرد کە وەرگێرانەکەی من و دەقە ئینگلیزیەکە بەراورد بکات و دەستنیشانی کەموکورتی و هەڵەکانم بۆ بکات، کاک کەمال دڵسۆزانە بەدەنگمەوە هات و دەستنیشانی کەموکورت و هەڵەکانی بۆ کردم، خۆشحاڵانە، هەڵەکان کەمتربوون لەوەی من چاوەڕوانبووم، پاش ڕاستکردەوە و پێداچوونە، پاشان بڕیارم دا کە شایەنی بڵاوکردنەوە و پێشکەشکردنە بە خوێنەرانی کورد، یەکێک لە کێشەکان کە کاک کەمال دیاری کرد و خۆشم هەڵویستەم لەسەر کرد ناونیشانی کتێبەکە بوو، کە ئەبوایە بەپێێ وەرگێڕانی وشەیی (پیرەمێردەکە و زەریا) بووایە، بەڵام پێم باشتربوو کە بە (پیرەمێرد و زەریا بڵاوببێتەوە،  بە لابردنی (کە) لەوێدا خۆشتر و ڕەوانتر دێتە سەر زمان. دیارە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە هێمنگوای مەبەستی لە یەک پیرەمێردی دیاری کراوە و بەس نەک هەموو پیرەمێردەکان و پیرەمێرد بە گشتی، ئەمە لە خوێندنەوەی دێڕەکانی سەرەتای کتێبەکە بە ڕوونی خوێنەر تێدەگات و بۆی ڕوون دەبێتەوە.
 لەبارەی ژیانی هێمنگوایوە:
ژیان نامەی ئـیەرنێست هـێمنگوای نوسەر 1899–1961
ئـیەرنێست هـێمنگوای خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بە یەکێک لە ڕۆماننوسە هەر مەزنەکانی میژووی ئەدەبیاتی ئەمریکا دادەندرێت، بە کۆمەڵێک کار ناوی دەرکردوە لەوانە (ماڵئاوای کردن لە جەنگ، پیرەمێرد و زەریا).
لە ٢١ی مانگی جوڵای ١٨٩٩ لەدایکبووە لە سێسیرۆ، باوکی دکتۆر بووە و دووهەم کوڕی خێزانەکەیان بووە لە کۆی ٦ مناڵ، خزمەتی سەربازی کردوە لە جەنگی جیهانی یەکەم وەک شۆفێری ئەمبوڵانس کاری کردوە و مەدالیای سلڤەری بۆ ئازایەتیەکەی وەرگرتوە لە ماوەی خزمەتەکەیدا دوجار توشی برینداری دەبێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانەی شاری میلان و ماوەیەک دەمێنێتەوە لەوێ، هەر لەوێ دەکەوێتە پەیوەندیەوە لەگەڵ یەکێک لە نێرسەکان و داوای هاوەسەرگیری لێدەکات بە ناوی (ئەگنێس کورۆسکی) و ئەوێش داواکەی قبوڵ دەکات بەڵام لەدوای ماوەیەک ئەم خانمە بەجێی دەهێڵیت و لەگەڵ پیاوێکی تر دەبێت و هاوسەرگیریەکە سەرناگرێت، ئەمە توشی خەمۆکی دەکات بەڵام دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک کورتە چیرۆک و هۆکارێکیش بۆ نوسینی شاکاری (ماڵئاوای کردن لە جەنگ) وە کاری کردوە لە ڕۆژنامەوانیدا پێش ئەوەی نوسینەکانی بڵاوبکاتەوە وەک نوسەرێک بناسرێت، لە ساڵی ١٩١٩ دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و لە ١٩٢١ دا دەچێتە ژیانی هاوسەرگیریەوە.
هێمنگوای بەشداربووە لە زۆربەی یاریەکانی زۆرانی گا و یاریە گەورەکانی ڕاوکردن و پەیوەندیەکی قوڵی هەبووە لەگەڵ ڕاوەماسی و ئەمەش لە نوسینەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە وەک دەیبینین لە ڕۆمانی پیرەمێرد و زەریا، لە ناو کارەکانیدا پیرەمێرد و زەریا ناوبانگێکی باشی دەرکرد و خەڵاتی پۆلیزەری ١٩٥٣ ی بەدەست هێنا، هەروەها هێمنگوەی لە ١٩٥٤ نۆبڵیشی بەدەست هێنا، هێمنگوەی کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا لە ٢ی جولای لە ١٩٦١ لە ئیداهۆ.
لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە:
کتێبەکە باس لە پیرەمێردێک دەکات کە لەسەر ڕاوەماسی دەژی و و ٨٤ ڕۆژ تێپەڕبووە کە هیچ ماسیەکی ڕاونکردووە، کوڕێکی هەرزەکاری لەگەڵە بۆی لێوەی فێرببێت و یارمەتی دەدات، لەدوای گەشتیک بۆ کەنار دەریا بۆ ڕاوەماسی مارلینێکی گەورە دەبێت بە نێچیری ئەم پیرمێردە بەڵام بە هۆی گەورەی مارلینەکەوە گرتنی زۆر سەخت دەبێت لە کاتێکدا پیرەمێردەکە تەواو هیلاکبووە و هێزی بازووی کەمبۆتەوە بەهۆی تەمەنیەوە، مارلینەکە پیرەمێرد پەلکێشی نێوەڕاستی دەریا دەکات و هێندەی تر ماندووی دەکات و زۆر بە سەختی بۆی ڕاو دەکرێت، کاتێک بۆی ڕاودەکرێت، لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بۆ کەنارەکە، ڕووبەڕووی هێرشێکی شارکەکان (قرش) دەبێتەوە و بەشێکی ماسیەکە دەخۆن، پیرەمێرد بەهۆی مانەوەی زیاتر لە ٤ ڕۆژی لە دەریادا توانای ڕووبەڕووبونەوەی شارکەکانی نامێنێت و کاتێک دەگاتەوە کەنار دەریا، تەنها ئێسکوپروسکی مارلینەکە دەمێنێتەوە...  
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، چیرۆکەکە دەچێتە قاڵبی هێماگەریەوە و چەندین لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەی تێداکراوە، چەندین نوسەر و لێکۆڵەر دیوی شاراوەی ئەم دەقەی هێمنگوایان لێکداوەتەوە بە چەندین شێوازی جیاواز.

بەرهەمەکانی:
کاتێک کە بەدوای بەرهەمەکانیدا دەگەڕیت زیاتر لە ٤٠ برهەمت بەرچاودەکەوێت بە زمانی ئینگلیزی لە کۆی کورتە چیرۆک و ڕۆمان و بەرهەمەکانی تری، بەشێکیان بریتین لە:
هەروەها خۆریش هەڵدێت ١٩٢٦
ماڵئاوای لە چەک ١٩٢٩
مەرگ لە نیوەڕۆدا ١٩٣٢
زەنگەکان بۆکێ لە دەدرێن ١٩٤٠
پیرەمێرد و زەریا ١٩٥٤
کورتە چیرۆکەکان ١٩٨٧

ئامادەکردن: لاس لوقمان
سەرچاوە:  چاپی کوردی ١٩٨٢ ی (پیرەمێرد و زەریا) و سایتی بایۆگرافی.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved