24/2/2019 03:20 PM

ئێمە رۆژانە ژەھر دەخۆین


د.نەوبەهار فەرەج موستەفا*

تانجەرۆ سەرچاوەی دووەمی دەریاچەی دەربەندیخانە دوای ڕووباری سیروان، لە وەرزی باراندا ئاوی چەمەکە لە ئاوی باراناو و ئاوەڕۆی شاری سلێمانی پێک دێت و لە ھاویندا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاوەڕۆی شاری سلێمانی پێک دێت. ئاوی چەمەکە لە ڕێڕەوەکەیدا تا دەگاتە دەریاچەی دەربەندیخان بە درێژایی ڕووبەرێکی فراوانی زەوی کشتوکاڵی بەردەوام دەبێت.
ئاوەڕۆی شاری سلێمانی لە ڕێگەی پێنج دەرچەی (outlet) سەرەکی و چەند دەرچەیەکی لاوەکیە وە ڕاستەوخۆ فڕێ دەدرێتە ناو چەمەکە بەبێ ھیچ چارەسەرێک(treatment) بۆ پاککردنەوەی. ئاوەڕۆکە جگە لە دەرھاویشتەی ماڵان , پاشماوەی کارگەکان و پاڵاوگەکانی نەوت و قەسابخانە و لە ھەمووی ترسناکتر نەخۆشخانەکانیش لەخۆ دەگرێت لەکاتێکدا تەنھا نەخۆشخانەی شار و نەخۆشخانەی فاروق چارەسەری پێویست دەکەن بۆ ئاوەڕۆکانیان پێش فڕێدان.
بەڕێوبەرایەتی ژینگەی سلێمانی و بەنداوی دەربەندیخان و چەند توێژینەوەیەکی ماستەر و دکتۆراش پیس بوونی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانیان پشت ڕاست کردووەتەوە بەڵام تائێستاش دانیشتوانی دەربەندیخان و کەلار و پێباز و مەیدان پشت بە ئاوی دەریاچەکە دەبەستن بۆ بەکارھێنانی ڕۆژانە.سەرەڕای ئەوەش مەترسی پیس بوون لە ئێستادا لەسەر دەریاچەکە زیاترە بەھۆی کەم بوونەوەی ئاوەکە کە بەڕێوبەرایەتی بەنداوەکە بەھۆی مەترسی بوومەلەرزەوە هەشت مەتر ئاستی ئاوەکەیان بەناچاری دابەزاندووە
. ئاوی چەمی تانجەڕۆ لە ڕێڕەوەکەیدا لەلایەن جوتیارانەوە ڕاستەوخۆ بەکار دەھێنرێت بۆ ئاودانی سەوزە و میوە و بەرھەمە کشتوکاڵیەکان و لەھەمان کاتیشدا ئاوی ژێر زەوی ناوچەکەش لەژێر مەترسی پیس بوون دایە بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە زبڵی سلێمانی لێ فڕێ دەدرێت و بە بارینی باران ھەموو ماددە ژەھراویەکان دەچنە ناو خاکەکە و پیسی دەکەن و ئاوی ژێر زەویش پیس دەکەن. کارەساتەکە لەوەدایە ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانە ڕۆژانە پێشکەش بە دانیشتوان دەکرێت و ماددە ژەھراویەکان تێکەڵ بە جەستەمان دەبن.
لەکاتێکدا لە ھیچ کام لە ستانداردە جیھانیەکاندا ڕێپێدراو نییە کە ئاوی ئاوەڕۆ تەنانەت پاش چارەسەر کردنیش بەکاربھێنرێت بۆ ئاودانی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانەی کە بەبێ کوڵان لەلایەن مرۆڤەوە دەخورێن لەلایـــەکی ترەوە پاشەڕۆکان بە تایبـــەتی ئـــەوانەی کــــارگــە و نەخــــۆشــــــخانەکان پێکـــھاتەی ترســـــناکـــیان تێــــدایە کە بە چارەسەریش پاکنابنەوە. بەداخەوە کە ڕۆشنبیری ھاوڵاتیانیش لە ئاستێکدا نییە کە ڕێگر بێت لـــــــە ژەھـراوی بـــــــوون وە بە پێچەوانەوە زۆربەی جووتیارەکان ئاوە پیسەکــەیان زۆر پێ باشترە لەبەر ئەوەی بەرھەمی زیاتریان بۆ دابین دەکات
. حاڵەتەکە ئەوەندە ترسناکە دەتوانین بڵێین ئێمە ڕۆژانە ژەھر دەخۆین و ساڵانێکی زۆرە لەو ژەھر خواردنە بەردەوامین. وە ئەگەر بڕیار بێت کۆتایی بەو حاڵەتە ترسناکە بھێنین پێویستە ئەم خاڵانە بە ھەند وەر بگیرێن : ١. دروست کردنی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی سلێمانی Waste water treatment plant ٢. چارەسەر کردنی کێشەی زبڵی سلێمانی. ٣. بە یاسا ڕێگرتن لە فڕێدانی پاشەڕۆ و ئاوی پیس بە تایبەت لەلایەن کارگە و پاڵاوگە و نەخۆشخانەکانەوە. ٤. پشتگیری و ھاندانی توێژینەوەی زانستی مەیدانی و چاودێری بەردەوامی حاڵەتەکە. ٥. کاری جدی بۆ ڕۆشنبیرکردنی ھاوڵاتیان، ئاگادار کردنەوەیان و نەشاردنەوەی مەترسیەکانی حاڵەتەکە. ئەگەر بریاریش بێت ئەوحاڵەتە بەردەوام بێت، ئەوا با ئێمەش بەردەوام بین لەژەهرخواردن و هەموو وەبیرهێنانەوەکانیش لەبیربکەین.

*زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی ئاودێری.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved