10/3/2019 04:21 PM

دیدی مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت بەرامبەر زانست و ئەكادیمیا

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
هەتا ئەمڕۆكە مامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت وەك سیاسەتمەدارێك ومێژوونوسێكی سیاسی پێناسە دەكەین بەوپێیەی لەلایەكەوە دەرچووی بەشی مێژووی زانكۆی بەغدا بوو.لەم ڕووەوە چەندین نوسین وكتێبی بەنرخی هەیە  كەلەسەرجەمیاندا ووردەكارییەكی بۆ ئەرشیفە مێژوویی وفیكری وسیاسییەكان كردووە ونەهاتووە تەنها ڕووداوەكان وێنە بگرێت.جوانترین نموونەش كتێبە بەنرخەكەیەتی بەنێوی"دەوڵەتی جمهوری كوردستان  ".لەلایەكی تریشەوە مەسەلە سیاسی وفیكرییەكانی كورد بەدرێژایی زەمەن, بەتایبەتی زەمەنی هاوچەرخ, تەواو چووبوە نێو بیركردنەوە سەرەكییەكانییەوە ولەم ڕووەوە ڕاستەوخۆ بەشدارییەكی نموونەیی كردووە .لەنێو ئەو زەمەنانەدا جێگەی زانست وئەكادیمیاشی كردبۆوە و وەك پسپۆڕێك دەیڕوانییە چەمكی بەئەكادیبوونی مەڵبەندە فێركاری وزانستییەكان.لەپێناو هەڵسەنگاندنێكی ڕۆشنبیری وزانستیدا,وەك ئەوەی مامۆستا بخرێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی قورسی ئەو بازنانە,ڕۆژێكیان پرسیارێكی زۆر فزڵوڵیم لێ كرد سەبارەت بەڕۆڵ وپێگە وئاستی زانستی وئەكادیمی زانكۆكانی هەرێم.ئەم هەڵسەنگاندن وپرسیارەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كەسیاسەت بەتایبەتی لەنیوەی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە كاریگەری تەواوی لەسەر ئاستەكان, بەشێوە نێگەتیڤەكەی, هەبووە وهەیە.لەوەڵامدا وبەشێوازێكی زۆر لەسەر خۆ ووتی" جیاوازییەكان لەنێوان ئێمە وئەوانێكی جیهانیدا زۆر گەورەیە وپڕ كردنەوەی تەنها لەئەستۆی كردار نائاساكانە كەتەنها بەخودا ئەنجام دەدرێت.ئەوان تەواو سوودیان وەرگرتووە لەشارستانییەتە جیاوازەكان بەنموونەی شارستانییەتی میزۆپۆتامیا وهیندستان وگریك وڕۆمان وتەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی.ئێمەی كۆن وئێستا نەك هەر سوودمان لەو شارستانییەتانە وەرنەگرتووە كەدواتر بوونەتە دامەزراندنی چەندین زانكۆ ومەڵبەندی زانستی لەجیهاندا بەڵكو سوودیشمان لەخۆشمان نەبینیووە وەك كاریگەرییەكانی خانەفا ومزگەوت وحوجرە ومەلا هەڵكەوتووەكانی كورد"دواتر ووتی "گەر شتێمان لەڕووی ئەدەبی وڕۆشنبیرییەوە ئەنجام دابێت ئەوا گەورەییەكە دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنی ڕابردووی خانەقا ومزگەوتەكان كەشێوازی فێركردن تیایدا هاوشێوەی زانكۆكانی جیهان بوو.سستمی فرە سەرچاوەیی وسیمناری وگەڕان وخولیا وئارەزووەكان تەواو پەیڕەو دەكرا.مەولانا ونالی ومەحوی ڕۆڵی كەڵە بیرمەندەكانی ئەوروپایان دەبینی". مامۆستا هۆكارە سەرەكییەكەی دابڕان وتێكشانی دەگەڕانەوە بۆ نەبوونی قەوارەیەكی سەربەخۆی جێگەیی وجوگرافی كەنەیتوانیوە سوود لەئەزموونەكان وەربگرێت وكورد هەمیشە سەرقاڵی ململانێ وڕاونان وگرتن وكوشتن و دووركەوتنەوە بووە وفریای خوێندنەوە نەكەوتوە.لەگەڵ ئەمەشدا ولەدوای دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لەساڵی 1968 مامۆستا هیوایەكی لا دروست ببوو بەوەی ئەم زانكۆیە دەبێتە چەقی بیركردنەوە زانستی وئەكادیمی وفەلسەفی ومەعریفییەكان لەناوچەكە.داخستن وڕاگواستنەوەی زانكۆكە لەیەن ڕژێمی بەعسەوە هیواكانی مامۆستای زیندەبەچاڵ كرد.بەڵام,هەر وەك خۆی ووتی"لەدوای ڕاپەڕین وگەڕانەوەی زانكۆی سلێمانی ودامەزراندنی چەندین زانكۆی تر زانكۆكان تەواو گەشەی كرد وخاوەن دەسەڵاتە ئەكادیمییەكان زانكۆیان دەبرد بەڕێوە.ئەمەش جۆرێك لەگەشبینی بەخشی بوو  بەمامۆستا.لەگەڵ ئەمەشدا جارێكی تر ڕەشبینییەكان بەرۆكی مامۆستای گرتەوە و ووتی " گەر هێزی دەسەڵات و دەست تێوەردانی حیزبی دوور نەكەوێتەوە لەكەمپی زانكۆكان ئەوا زانكۆكان نەك هەر ڕۆڵیان نامێنێت بەڵكو تەواویش تێك دەشكێن" .ئەمانە ئاماژیەكن بەوەی مامۆستا دەزانێت گەشە وداڕمانی زانكۆ بەچییەوە بەندە.لێرەدا ڕەنگە سوودی لەبۆچوونە هەڵوەشاندنەوەكەی درایدای بینیبێت لەكاتێكدا درایدا دەڵێت ستراتیژییەت ونەخشەی سەردەم توانای ڕەتكردنەوە ودامەزراندنی یاسا وڕێساكانی هەیە ولەوێشەوە گۆڕانكاری بەسەر بونیادی مەسەلەكاندا دێت بەنموونەی زانست.ئەمەش تەنها تێڕوانینێكی سادەی سیاقی ومێژوویی نیە بۆ چەمكی زانست وئەكادیمیا بەڵكو ئاماژەیەكی تێگەیشتن وخوێندنەوە جدییەكانە بۆ ئەو چەمكانە. مامۆستا,جارێكی تر, زۆربەی ئەم وەڵامانەی بەشێوازی نووسین لەپێشەكی كتێبەكەی برای بەڕێز سالار مەحمود بەنێوی "زانكۆ وكۆمەڵگە"بڵاوكردەوە كە كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد بەچاپی گەیاندووە. لەهەموو ئەمانەدا دەگەین بەو ئەنجامەی كەمامۆستا مەحمودی مەلا عیزەت تەنها مامۆستایەكی ئاسایی فێركاری ومێژوو نەبوو بەڵكو خوێندەوارێكی بەسەلیقە بوو وە لەنزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی خوێندن وئەكادیمیای زانكۆكانی ئەوروپا وجیهان بوو.شارەزاییەكی باشی لەپێكهاتە زانستی وئەكادیمیاكان هەبوو.لەبۆنەیەكدا پێی ووتم گەر ڵێكۆڵینەوەیەك چارەسەری كێشەیەك نەكات ئەوا ئەو لێكۆڵینەوەیە هیچ بەهایەكی نابێت وتەنها ئامادەكردن ونمایشە بۆ مەبەستی تایبەت .هەر لەبەر ئەمەش بوو دەیووت مامۆستای زانكۆ دەبێت داهێنەر بێت نەك لاسایكەرەوە.پەیوەندی لەگەڵ ئەكادیمیاكانی كوردا زۆر بەهێز بوو,كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كورد كەلەلایەن دكتۆر كەمال خۆشناو وبەندە وچەند ئەكادیمییەكی تر,لەهەولێر, دامەزرا وەك ئەكادیمییەك دەیڕوانییە مامۆستا مەحمود.زۆر دڵی بەم ئەكادیمیایە خۆش بوو چونكە بەلای ئەو وئێمەشەوە ئاڵتەرنەتیڤێكی هەرە بەهێزی زانكۆكان بوو بەتایبەتی لەزەمەنی خۆكوژییە لەیادنەكراوەكەدا.لەم ڕوەوە حەزی بەتێكەڵبوونی كەسە ئەكادیمییەكان دەكرد وزۆر جار دایەڵۆگ وگفتوگۆی ئەدەبی زانستیمان بەیەكەوە ئەنجام دەدا وخودی خۆشم سوودێكی ئەزموونی گەورەم لێوە بینیوە ودەبینی. لەڕۆژی كارترازاندنم لەپۆستی ڕاگرایەتی كۆلێژی زمان,لەڕۆژی  22/  9 /2001   , بەڕێزیان,وەك ڕێزلێنانێك بۆ ئەرك وماندوو بوونم, بەشداریان لەو مەراسیمەدا كرد كەپێشتر وبەڵكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو شێوازی بەشداریییەم بەچاوی خۆم لەهیچ جێگەیەك نەدیوە.هەر لەوێدا ووتەیەكی بەنرخی لەسەر ئەرك كارنامە و وستراتیژییەتی زانكۆ وئەكادیمیا پێشكەش كرد ودواتر نامەیەكی تایبەتی خۆی پێشكەش كردم كە ئەم نامەیە هەتا ئەمڕۆكە پارێزراوە وڕۆڵی میدالیایەكی زیڕین بۆ من دەبینێت.لەنامەكەیدا وێڕای دەست خۆشی لەئەرك ومانووبونم لەماوەی كاركردنمدا بەشێوەیەكی زۆر زانستیانە هانی نووسینی زیاتری دام.بۆیە بەش بەحاڵی خۆم لەم ڕووەوە زۆر قەرزاری بەڕێزیانم .بەمەش مامۆستا مەحمود بەبەردەوامی سەرچاوەیەكی بەنرخی زانیارییەكانمە وئامۆژگارییە فیكری وسیاسی وئەدەبییەكانی هەمیشە لەناخمدا بەجێگیری دەمێننەوە. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved