24/3/2019 09:12 AM

بابل.. گروپی موزیکی لوڕ بەشداری میهرەجانی رۆشنبیری و هونەری جیهان دەکات

گروپی موزیکی لوڕ وەک تاکە بەشداری کورد بانگهێشتی میهرەجانی رۆشنبیری و هونەری جیهانی دەکرێت لە شاری بابل و وەک بەشدارێکی میهرەجانەکە لەسەر فەرشی سوور پێشوازیان لێدەکرێت و چالاکی پێشکەش دەکەن.

بە دروشمی هەموومان بابلیەکانین ئێوارەی رۆژی 21ی ئازار لە شانۆی میژوویی لە شاری بابل هەشتەمین میهرەجانی رۆشنبیری و هونەری جیهانی بە پێشوازیکردنی میوانەکان و بەشدارانی میهرەجانەکە لەسەر فەرشی سوور دەستيپێكردو بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەم میهرەجانە کە رێکخراوی یونسکۆ رێکیخستوە، لەمساڵدا د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق چاودێری فستیڤاڵەکە دەکات و هەر 10 رۆژەکە پێشوازی میوانانی عەرەب و بیانی دەکات.

لەم میهرەجانەدا کە سینەماکاران و شاعیرو ئەکتەرو موزیکژەن و گۆرانیبێژو ئەدیب و هونەرمەندانی تر بەشداری دەکەن، چالاکی هونەری و ئەدەبی پێشکەش دەکرێت و چەندین فیلمی سینەمایی عەرەبی و جیهانی تێدا نمایش دەکرێت و لە وڵاتانی میسڕو لوبنان و کوەیت و عەمان و قەتەرو بەحرەین و سعودیەو تونس و مەغریب و جەزائیرو یەمەن و تورکیاو ئێران و چەندین دەوڵەتی ئەوروپی و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەشداران و میوانان بەشداری دەکەن و لە کوردستانیشەوە گروپی موزیکی لوڕ وەک تاکە بەشداری کورد بە بانگهێشتنامەی رەسمی بەشداری میهرەجانەکە دەکەن و چالاکی پێشکەش دەکەن.

خاك







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved