27/3/2019 05:21 PM

مەلا جەمیل رۆژبەیانی




ئا: سدیق ساڵح

مەلا جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەدی فورقان کوڕی بەکر بەیداغداری ڕۆژبەیانییە، ڕۆژی ٢/٨/١٩١٣ لە دێی (فورقان)ی ناوچەی قەرەحەسەنی کەرکووک لەدایکبووە. دایکی «زەھرای کچی حەسەن محەمەد سەلمانی ڕۆژبەیانییە. بە منداڵی لای دایکی و فەقێکانی باوکی و -بە تایبەت- مەلا عەبدوڵڵای مەلا ڕەحیمی چروستانی -کە ئەو کاتە موستەعید بووە- قورئانی خوێندووە. ١٩٢٠ کە ماڵیان بە ھۆی ناکۆکیی ناو ڕۆژبەیانییەکان و کێشەی موڵکەوە بردووەتە دێی (باداوا)، چووەتە حوجرەی مەلا سەیید عەبدولوەهاب بۆ خوێندن و بە نۆ ساڵی قورئانی خەتم کردووە.کە ١٩٢٢ شێخ مەحموودی حەفید لە ئەسارەت گەڕاوەتەوە، مەلا ئەحمەدی ھێناوەتە (مزگەوتی گەورە) ی سلێمانی و ڕایسپاردووە لەگەڵ چوار مەلای گەورەی دیکە دەرس لە مەدرەسەکەیدا بڵێنەوە، تا بینای ئەو مەدرەسە دینییە تەواو دەبوو کە نیازی بووە وەک زانکۆی ئەزهەر بیکاتەوە و بۆی سەرنەچووە. ئەویش بنەماکانی خوێندنەوە و نووسین و عەرەبی و تورکی و فارسی و تەجویدی قورئان و کتێبەکانی گولستان و بوستان و خەزێنەی مەکاتیب و (نصاب الصبیان) و ئەحمەدی و توحفەی وەھبیی لای باوکی خوێندووە. کە ئینگلیز تەمووزی ١٩٢٤ سلێمانیی داگیرکردەوە، باوکی گەڕاوەتەوە بۆ (باداوا). ١٩٢٥ کە کراوەتە مودەرریس و ئیمام و خوتبەخوێنی مزگەوتی فەرهاد (نەقشلی منارە)، جەمیلی کوڕیشیی لەگەڵ خۆی بردووە. لەبەر ئەوەی باوکی بە هاوکاری شێخ مەحموود تاوانبار کراوە، چووەتەوە بۆ (باداوا). ئەو دەمە قوتابخانەیەکی ڕەسمیی لەوێ کراوەتەوە، جەمیل لە پۆلی سێیەم وەرگیراوە، تا پۆلی پێنجەمی لەوێ بڕیوە. باوکی لە ١٩٢٨دا گوێزراوەتەوە بۆ دێی (فورقان). جەمیل لەوێ لای باوکی درێژەی بە خوێندن داوە. کە مەدرەسەی دێ بە ھۆی نێوان-تێکچوونی باوکی و سەیید ئەحمەدی خانەقاوە پەک‌خراوە و فەقێکانی لێی تەکیونەتەوە، جەمیل ڕووی کردووەتە کەرکووک، لای مەلا سەیید یووسفی ڕۆژبەیانیی ئیمامی مزگەوتی (حەسەن مەکی) لە قەڵا کەوتووەتەوە خوێندن. کە مەلا یووسف براوەتە (پردێ)، ئەویشی لەتەک خۆی بردووە و تا ١٩٣٢ وەک فەقێ لای ماوەتەوە.
پاشتر چووەتە هەولێر و بووە بە فەقێی مەلا محەمەدئەمینی بێتواتی (کۆنەفلووسی) و مەلا عەبدوڵڵای کوڕی و دوای چەند مانگێک لە ١٩٣٤دا ملی ناوە بەرەو دێی (عەوێنە) بۆ لای مەلا عوسمان. هەر چەند ڕۆژێکی لا خوێندووە و گەڕاوەتەوە بۆ (فورقان)، چونکە باوکی شەوی ٥/١٢/١٩٣٤ ناغافڵ بریندار کراوە و لە ٨/١٢دا بە کاریگەریی برینەکەی گیانی دەرچووە. ئەو ڕووداوە دوو ساڵێک لە خوێندنی دابڕیوە. ئەمجا چووەتە (کفری) بۆ خوێندن لای موفتی مەلا محەمەدسەعید لە مەدرەسەی مزگەوتی گەورە. ١٩٣٧ بەیاننامەیەکی دژی غافڵکوژکردنی بەکر صدقی دەرکردووە و لەسەری گیراوە. دوو ساڵ زیندان و دوو ساڵ چاودێریی بەسەردا دراوە. دوو ساڵ زیندانەکەی لە بەندیخانەی (حەویجە) و چاودێریی پۆلیسیشی لە کەرکووک بەسەربردووە. لە زیندان چەند کتێبێکی کردووە بە کوردی؛ لەوێنە: حیکایەتی مەلای مەزبوورە و چل وەزیر. ١٩٣٩-١٩٤١ بووە بە فەقێ لای مەلا ڕەزای واعیز، کە کردوویە بە جێگری خۆی بۆ دەرس‌وتنەوە لە مزگەوتی قیردار و ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە. ١٩٤١ لە کەرکووک گیراوە و براوەتە (نوگرە سەلمان) و پاشان (عیمارە) و تا ١٩٤٤ لە بەندیخانە بووە. ئەو ماوەیە کتێبەکانی (تاریخی سلێمانی وە وڵاتی) ی ئەمین زەکی بەگ و (شەرەفنامە) ی شەرەفخانی بدلیسی و (دوانزەسوارەی مەریوان) ی کردوون بە عەرەبی. کە بەربووە، چووەتە ماڵی مەلا محەمەدئەمینی برای لە دێی (مەتارە)، ١٩٤٤-١٩٤٧ لەوێ و دواییش کە چوونەتە دێی (بیانلوو)، کاتی خۆیی بە خوێندنەوە و نووسین و بڵاوکردنەوەی خوێندەوارییەوە گوزەراندووە؛ شەوان دەرسی بە شوان و گاوان وتووەتەوە و بە ڕۆژیش ئەم کتێبانەی نووسیوە: مێژووی ئەدیبە کوردەکانی وڵاتی کەرکووک، ھەنگ، کەڵکی کەلەپووربەشکەری (زانینی میراپ)، چاکخوێندنی قورئان، زانستی فەرمایشت، مێژووی تیرەی ڕۆژبەیانی. ھێندێ لەم نووسینانەیشی لە گۆڤاری «دەنگی گێتیی تازە»دا بڵاوکردووەتەوە.
١٩٤٧ لەبەر ئەوەی کوللـە لە کشتوکاڵی ناوچەکەی داوە، ناچار بووە بە چاودێری کرێکارانی قەڵاچۆکردنی کوللـە لە دێی (هەیبە). پاش چوار مانگ، چووەتە کەرکووک و وتارێکی عەرەبیی بە ناوی (عید نوروز لایتنافی والدین الاسلامی)یەوە لە ڕۆژنامەی «صوت اڵاحرار» دا بڵاوکردووەتەوە. ١٩٤٨ گەشتێکی بە ناو ڕۆژبەیانییەکاندا کردووە. کە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک، لە ھەرای کانوونی دووەمدا گیراوە و شەوێک بە کەلەپچەکراوی بە شەمەندەفەر براوە بۆ بەغدا و لەوێوە بۆ (نوگرە سەلمان) و دواتر ناسرییە و تا ١٩٥٠ وا ماوەتەوە. لەوێ ھەردوو کتێبی (پووشکین)ی دانراوی نەجات صدقی و (شۆڕشەکانی کورد و کوردستان)ی لە تورکییەوە وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی.
١٩٥٢ لە لایەن حەسەن فەھمی جافەوە کراوە بە ئیمام و مودەرریس و خوتبەخوێنی مزگەوتی مەحموود پاشای جاف لە (قزڕابات)، سێ ساڵی بە مودەرریسی لێ ماوەتەوە. ئەو ماوەیە کتێبی (دەروێشی لە کوردستانا) ی داناوە و بەشێکیی -لە پاڵ زۆر بابەتی دیکەدا لە بارەی نووسینی کوردییەوە- لە ڕۆژنامەی «ژین»دا بڵاوکردووەتەوە. ھەر ئەو سەردەمە، ھەردوو کتێبی (تاریخ السلیمانیە وأنحائھا) و (شەرەفنامە)ی بە چاپ گەیاندووە. دوادوایییەکانی ١٩٥٤ بە ھەمان وەزیفەوە براوە بۆ تاووغ (داقووق) و چەند مانگێک لەوێ ماوەتەوە، کتێبی (داقوق فی التأریخ)ی لێ داناوە. ھەر ئەو ساڵە گواستراوەتەوە بۆ (کووت) و ١٩٥٥ کتێبی (أصل اللغە الکردیە ومنشأها)ی کردووە بە کوردی و گەلێ وتاری بۆ ڕۆژنامەی «اڵاھالی» نووسیوە، لەوێنە وتاری بەناوبانگی (التتریک لایزید الشعب الکردی الا تمسکا بقومیتە وحقدا علی المستعمر). ڕۆژنامەکە بەو ھۆیەوە پەک‌خراوە و «عەبباس حەسەن جومعە» ی بەڕێوەبەری نووسینی حوکم دراوە، بەڵام گەورە پیاوانی کورد غەرامەی ٥٠٠ دیناریان بۆ داوە و ڕزگاریان کردووە.
ئەوەبەدوا مەلا جەمیل لە پێشنوێژی دەرکراوە و حکوومەت ڕێی‌نەداوە بێتەوە بۆ کەرکووک، سێ مانگی بە دەست-بەسەری لە بەغدا تێپەڕاندووە. کۆتاییی ١٩٥٥ دیسان دامەزرێنراوەتەوە لە شاری (بەسرە)، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە جێ، لە وەزیفە لابراوە و بە فەرمانی سەعید قەزاز براوە بۆ دێی (شمرتە) و دوایی بەسرە. ئەو کاتە کتێبی (دین الکرد القدیم) ی تۆفیق وەھبی بەگی کردووە بە عەرەبی و چەند نامیلکەیەکی دیکەی داناوە و کتێبی (نڤم الزواجر) ی «بێتووشی»ی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئال‌نووریی وەزیری پێشووی ئەوقاف لە چاپ داوە.
١٩٥٦ گواستراوەتەوە بۆ (بەصرە) و ساڵونیوێکی لێ ماوەتەوە. لەوێ ھەردوو کتێبی (عێڵی گاوان) و (بەھرام گووڕ) ی کردووە بە کوردی و چەندین وتاریشی نووسیوە. نیوەی ساڵی ١٩٥٧ براوەتە (مەندەلی) و دوو ساڵی تێدا نیشتەجێ بووە. لەوێ کتێبی (بندنیجین- مندلی)ی نووسیوە و دوو بەرگی (یادداشت) ی ڕەفیق حیلمیی بە ناوی (مژکرات)ەوە کردووە بە عەرەبی، یەکێکیانی لێ چاپ بووە. پاش کودەتای ١٤/٧/١٩٥٨ لەگەڵ وەفدی پیاوماقووڵان نێردراوەتە یەکێتیی سۆڤێت، بەڵام لەسەر داکۆکیکردن لە کورد لەگەڵ ھاوسەفەرەکانی تێک‌چووە و نەچووەتە وڵاتی چین و گەڕاوەتەوە و نووسراوێکی بە ناوی (گەشتێ بۆ وڵاتی سۆڤیەت) ی لە بارەوە داناوە. ئەمجا بە داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ کەرکووک، بووە بە ئیمام و خوتبەخوێنی مزگەوتی (نائیب). کە وتاری (سیّدی، حَسِبتُک ساهِراً فنُمت)ی دوای ڕووداوی ١٩٥٩ی کەرکووک بۆ عەبدولکەریم قاسم نووسیوە و لە ڕۆژنامەی «صوت اڵاحرار» دا بڵاوبووەتەوە، عومەر حەوێزیی خاوەندی لەسەری گیراوە. دوایی لەسەر وتاری (کورد و تورکمان ٥٠٠ ساڵە لەم شارەدان، تا ئێستا ناکۆکی لە نێوانیاندا نەبووە. ئەم ڕووداوەی کە قەوماوە، ھیی دوژمنانی ھەردوو لایە)، کە لە ڕۆژنامەی «ندا‌و اڵاھالی»دا بڵاوبووەوە، براوەتە بەغدا و لە دادگا بێ‌تاوان دەرچووە، بەڵام ھەر بە ناو کراوەتە خوتبەخوێن لە (ناسرییە). پاش دوو حەفتە گیراوە و خراوەتە بەندیخانە، پازدە مانگی تێدا ماوەتەوە. کاتێک بەربووە، لە وەزیفە دەرکراوە و بووە بە کاتبی کۆمپانیای عەلی کەمال بەگ. ١٩٦٣ چووەتە ناو شۆڕشی ئەیلوول و کراوە بە قازیی شۆڕش و ئەندامی دادگای تەمیز. ١٩٦٤ لەگەڵ ئەندامانی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان چووەتە دیوی ئێران و لە (ھەمەدان) داوای لە کاربەدەستانی ئێران کردووە بیکەنە مامۆستا لە (دانشکده معقول و منقول)، نەکراوە، بەڵام بووە بە وەرگێڕ لە بەشی کوردیی وەزارەتی ئیتیلاعات و دەوری پازدە ساڵ خزمەتی لە ڕادیۆی کوردیدا کردووە.
١٩٦٨ لەسەر وەرگێڕانی خوتبەی محەمەد ڕەزا شای پەھلەوی بۆ کوردی، مەدالیایەکی پێ دراوە. پاش دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناڕەزاییی دژی پەلاماردانی شاری (سنە) لە لایەن سپای ئێرانەوە دەربڕیوە، دراوەتە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە. ناچار پەنای بردووەتە بەر باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران و ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و بە ناو بووە بە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ڕژێمی بەعس و حەوت ساڵ ھەر وا و بێ چالاکی ماوەتەوە. پاشان خانەنشین کراوە و بووە بە ئەندامی لیژنەکانی دەستەی کورد لە (کۆڕی زانیاریی عێراق). ٣١/٣/١٩٩٤ نیشانی زێڕی (اتحاد المۆرخین العرب) ی پێ بەخشراوە. لە ١٩٨١دا «مەلیحە شاکیر»ی ھێناوە و پاش ١٤ ساڵ لێی جوێ‌بووەتەوە. شەوی ٢٧\٢٨/٣/٢٠٠١ لە بەغدا لە ماڵەکەی خۆیدا غافڵکوژ کراوە و ٢٨/٣ تەرمەکەی لە گۆڕستانی (شۆریجە)ی شاری کەرکووک نێژراوە.
مەلا جەمیل، ساڵی ١٩٤٠ بووەتە دامەزرێنێکی حیزبی (ھیوا) و پاش مانگێک لەبەر نەسازان لێی کشاوەتەوە. لە ١٩٤٨ بەدوایشەوە بووە بە ئەندامی (الحزب الوگنی الدیمقراگی) تا ١٠/١٠/١٩٦٠ کە لەسەر مەسەلەی کورد وازی لێ ھێناوە.
مەلا جەمیل، تورکی و فارسی و عەرەبیی بە باشی زانیون. جگە لە وتار و نووسینی کە لە (ڕووناکی، گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە، ھەولێر، ھەتاو، ژین، ھیوا، شەفەق، ڕزگاری، بڵێسە، نەورۆز، الحوادپ، صوت اڵاکراد، صوت اڵاحرار، کرکوک، اڵاھالی، الاستقلال، الپورە، خەبات، ڕۆژی نوێ، بەیان، کاروان، ڕۆشنبیری نوێ، ھاوکاری، گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، نوروز العراق، ڕەنگین، ھەزارمێرد، کوردستانی نوێ، اڵاتحاد)دا بڵاوی کردوونەتەوە، گەلێک بەرھەمی دەستنووسی دیکەیشی ھەبووە و لێی فەوتاوە. کتێبە لەچاپدراوەکانی:
١. گاڵتەوگەپی مەلای مەزبوورە – ١٩٤�
٢. چل وەزیر – ١٩٤٢
٣. حیکایەتی مەلای مەشھوور – ١٩٥٣
٤. محمدأمین زکی بک، تأریخ السلیمانیە وأنحائھا، گ١، بغداد، ١٩٥١؛ گ٢، السلیمانیە – ٢٠٠٢ (لە کوردییەوە بۆ عەرەبی)
٥. شرفخان البدلیسی، شرفنامە، بغداد – ١٩٥٣ (لە فارسییەوە بۆ عەرەبی)
٦. رفیق حلمی، مژکرات، ج١، بغداد – ١٩٥٧ (لە کوردییەوە بۆ عەرەبی)
٧. حکمت سلیمان، الرسائل المقدسە، بغداد – ١٩٦٣ (لە تورکییەوە بۆ عەرەبی)
٨. مژکرات مأمون بیک بن بیکەبیک، بغداد – ١٩٨٠ (لە تورکییەوە بۆ عەرەبی، بە ھاوبەشی لەگەڵ شوکور مستەفا)
٩. الشاھزادە نادر میرزا القاجاری، پورە الشیخ عبیداللە الشمزینی چد الحکومە القاجاریە (وەرگیراوە لە بەرگی ١٣، ١٩٨٥، ل٣٢١-٣٦٠ و بەرگی ١٤، ١٩٨٦، ل٢٠٣-٢٣١ و بەرگی ١٦-١٧، ١٩٨٧، ل٤٨٣-٥١٨ی گۆڤاری کۆڕی زانیاریی عیراق- دەستەی کورد)
١٠. فەرمانڕەوایی موکریان، بەغدا – ١٩٩٢
١١. ئیحسان نوری بتلیسی، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، بغداد – ١٩٩٣ (لە تورکیی عوسمانییەوە بۆ کوردی)
١٢. أپران تأریخیان عن الکرد، بغداد – ١٩٩٥ (وەرگێڕان و ساغکردنەوە)
١٣. مێژووی حەسەنوەیھی و عەییاری، بەغدا – ١٩٩٦
١٤. واقدی، وڵاتگیریی ڕەشەخاکی عێراق، سلێمانی – ١٩٩٧ (لە عەرەبییەوە بۆ کوردی)
١٥. الشیخ حسین القایی، سراج السالکین، أربیل – ١٩٩٨ (لە فارسییەوە بۆ عەرەبی)
١٦. بغداد الجنە العامرە، بغداد – ١٩٩٨ (لە تورکییەوە بۆ عەرەبی)
١٧. مدن کردیە قدیمە، السلیمانیە – ١٩٩٩،
١٨. چوار دەوڵەتی فەرامۆشکراوی کورد، ھەولێر – ٢٠٠�
١٩. د. مستەفا جەواد، عێڵی جاوان، سلێمانی – ٢٠٠١
٢٠. نبژە عن العشیرە الروژبیانیە (الروزبھانیە) والمعروفین من الروژبیانیین فی الکتب التأریخیە، گ٢، أربیل – ٢٠٠١ (پێشتر بە دوو بەش لە بەرگی ١١، ١٩٨٤، ل٢٦٧-٣٢٢ و بەرگی ١٢، ١٩٨٥، ل٣٣١-٣٨٨ی گۆڤاری کۆڕی زانیاریی کورد- دەستەی کورددا بڵاوبووەتەوە)
٢١. وڵاتەکەت باشتر بناسە، دەزگای ئاراس- ھەولێر – ٢٠٠٥
٢٢. کورد و ڕەگەزی، کەرکووک – ٢٠٠٥
٢٣. کەرکوک: ناوی کۆنی، دانیشتووانی، دەسەڵاتەکانی، کەرکوک – ٢٠٠٦
٢٤. وتەکانی شاھنشاه ئاریامیھر، انتشارات و روابگ عمومی- تاران، ١٩٦٨.
ئەم کتێبانەیشی کاتی خۆی بە زنجیرە لە گۆڤاردا بڵاوبووەتەوە:
١. زانستی فەرمایشت و مێژووی (علم الحدیپ وتأریخە)
٢. زانستی ڕەوان‌خوێندنی قورئان و مێژووی (علم تجوید القرێ‌ن وتأریخە)
٣. بوێژە کوردەکانی وڵاتی کەرکووک
٤. دێریکچەی تیرەی ڕۆژبەیانی
٥. زانستی کەلەپووربەشکەری و مێژووی (علم تقسیم المیراپ وتأریخە)
٦. مێژووی دەروێشی لە کوردستانا .



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved