27/4/2019 02:27 PM

رۆژنامەی پێشكەوتن

 

خەلیل عەبدولڵا

 دوای ئەوەی ئینگلیزەكان شێخ مەحموودی نەمریان بەدیل گرت‌و شاری سلێمانیان داگیر كرد. بەسەرپەرشتی خۆیان‌و بەهاوكاری هەندێ‌ رۆشنبیری شاری سلێمانی رۆژنامەی (پێشكەوتن) یان دەركرد.
ئەم رۆژنامەیە رۆژنامەیەكی هەفتانەو چوار لاپەرە بووە‌و تەعبیری لەسیاسەتی رەسمی حكومەتی ئینگلیز كردووە.رۆژنامەكە بایەخی بەبوارەكانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و مێژوویی داوە.
یەكەم ژمارەی رۆژنامەی پێشكەوتن لە 29ی نیسانی 1920 لەشاری سلێمانی دەرچووە‌و بەگشتی 118 ژمارەی لێدەرچووە‌و دوا ژمارەی لە 27ی تەمووزی 1922 دەركراوە.
رۆژنامەكە راستەوخۆ لەلایەن حاكمی سیاسی ئینگلیزەوە لەسلێمانی سەرپەرشتی كراوە‌و بەدوای یەكدا هەریەك لە میجەر سۆن‌و مێجەرگۆلد كە دوو حاكمی سیاسی ئینگلیز بوون سەرپەرشتی رۆژنامەكەیان كردووە‌و سیاسەتی رەسمیان داڕشتووە.مستەفا مەزهەریش كە روناكبیرێكی سلێمانی بووە هاوكاریان بووە بۆ سەرپەرشتی نوسین‌و چاپ‌و كۆكردنەوەی ئابوونەوەی رۆژنامەكە.
سەرباری ئەوەی ئەم رۆژنامەیە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە دەركراوە، بەڵام بایەخێكی زۆریشی بۆ گەلی كورد هەبووە، چونكە مێژووی روداوەكانی ئەو سەردەمەی كوردستان‌و ناوچەكەی تۆمار كردووە‌و گرنگی بەزمان‌و ئەدەب‌و مێژووی كورد داوە‌و بۆتە بەردی بناغەی چەسپاندنی رۆژنامەگەری لەناوچەی سلێمانی‌و هەموو رۆژنامەكانی تر كە دوای پێشكەوتن دەرچوون سودیان لەئەزمون‌و شێوازو ناوەرۆكی ئەو رۆژنامەیە وەرگرتووە.
تێبینی
بۆ نوسینی ئەم گۆشەیە سودم لەكتێبی بەدەم رێگاوە گوڵچنین(چەند لاپەرەیەك لەمێژووی رۆژنامەوانیی كوردی1898-1958)ی چاپی 2013ی بەڕێز نەوشیروان مستەفا وەرگرتووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved