4/5/2019 03:46 PM

كارلێكە هێماییەكان بەنموونەی پۆستەرە شیعرییەكانی دەوەن مەعروف

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

تیۆری كارلێكە هێماییەكان لەبنەڕەتدا وبەشێوەیەكی فەلسەفی هاوچەرخ دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی زانای سۆسێۆڵۆژیای ئەڵمانی ماكس فیبر (1864- 1920  ) لەكاتێكدا جەختی لەسەر تێگەیشتنی جیهانی سۆسیۆڵۆژیا كرد لەڕێگەی هەوڵ وكۆششەكانی تاك،بەوپێیەی ئەمانیش لەڕێگەی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكانەوە دەتوانن ڕاڤەی شت ومەسەلەكان بۆ خۆیان وتێكڕای تاكەكان بكەن.دواتر ولەسەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابردوودا،زانای ئەمریكی،جۆرج هێربت مید(1863- 1931  )گەشەیەكی زیاتری بەخشی بەم بۆچوونە وبەڵكو سنووری بۆچوونەكەی بەتەواوی فراوانكرد تا بووە تیۆرێكی زانستی سەربەخۆ (بۆ زیاتر زانیاری،بڕوانە كتێبەكەی بەزمانی ئینگلیزی  بەنێوی:عەقڵ،خود وكۆمەڵگا،چاپخانەی زانكۆی شیكاگۆ،1934).لەلای ئەم زانایە،ئەم تیۆرە،وەك پڕۆسەیەكی سەرچاوەیی،ئامڕازێكی كاریگەرە بۆ خوڵقاندنی تیۆرە سۆسیۆڵۆژییەكان ئەویش بەوەی ئاستی بیركردنەوە وتێگەیشتنەكان لەسەرەتادا بەیەكە بچووكەكانی تاك دەستپێدەكات ودواتر ڕێژەی ئەو یەكانە گەورەتر دەبن تا دەبنە یاسایەكی گشتگیری بۆ سەرجەم تاكەكان.بەمانایەكی تر،تێگەیشتنە سۆسیۆڵۆژییەكان لەڕێگەی توانا تێگەیشتنەكانی تاكەوە لەدایك دەبێت ودواتر لەڕووی تیۆری وپراكتیكەوە بەرجەستە دەبن.هەر لەبەر ئەمەشە جۆرج هێربت مید دەڵێت،كارلێكە هێماییەكان خەسڵەتێكی زۆر گرنگە بۆ نزیكبوونەوەی تاكەكان بەوپێیەی ئەم تاكانە خۆیان لەنێو خۆیاندا ڕاڤە بۆ كردارەكانیان دەكەن.ئەمەش لای ئێمەی كورد،وەك چیرۆكی ئەنفال وشەنگال وایە كەلەڕێگەی تاكەكان خۆیانەوە باشتر ڕاڤە وبەرجەستە دەكرێن زیاتر لەخاوەن دەسەڵاتەكان چونكە لەلایەكەوە ناوەڕۆكی ئەم چیرۆكانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەتاكەكانەوە هەیە ولەلایەكی تریشەوە ئەم تاكانە،وەك كارێكتەری سەرەكی ولاوەكی، لەنزیكەوە بەشدارن لەداڕشتن وسیناریۆ ونواندن ودەرهێنانی چیرۆكەكان.بەمەش چیرۆكی ئەنفال وشەنگال دەبێتە هێما بۆ كارلێك وتێگەیشتن وهەڵسەنگاندنی ماناكان.واتە،نواندن وهەڵسەنگاندن لەڕێگەی كارلێكی تاكەكانەوە بەدەردەكەون چونكە هزر وبیر وهۆشی ئەم تاكانە زۆر بەهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ مەسەلە وكەیسەكاندا دەكەن كەئەمە بەهێزی دەسەڵات ناكرێت كەلەدوورەوە وێنەكان دەگرن كەڕەنگە زۆربەی ئەو وێنانە دەستكرد بن یان بۆ مەبەستی ڕاگەیاندن بەكاربهێنرێن.لێرەدا تاكەكان دەبنە هێما بۆ شتەكان نەك هێزی دەسەڵات.هەر لەبەر ئەمەشە هێماكان، بەهۆی درزەكانی نێوان ئەو تاكانە وهێزی دەسەڵات،هەندێك جار بەجوانی دەردەكەون وهەندێك جاری تریش پێچەوانەكەی.ئەمەش ئەوە دەردەخات كەتیۆری كارلێكە هێماییەكان دەرئەنجامی فەلسەفەی پراگماتیك لەدایك بووبێت كەئەم فەلسەفەیە جەخت لەسەر كار وكردار دەكات نەك پڕوپاگندە میتریالییەكان كەتەنها وێنەكان لەدوورە دەگرێت بەبێ ئەوەی بچێتە نێو ووردەكارییەكانی ئەو وێنانەوە.زۆر لەنووسەرە سۆشیاڵیزم وكۆمۆنیزمەكان،بەنموونەی دیستۆفیسكی وشۆلۆخۆف،هاواری ئەوەیان لێ هەڵسابوو كەبەرجەستەكردنی ژیانی جووتیار وكرێكار لەكێڵگە وكارگەكاندا ئەنجام دەدرێت نەك لەژوورە داخراوەكان لەكاتێكدا نووسەرەكان قاچ دەخەنە سەرقاچ ولەبەر دەم ئاگردانەكانیانەوە جار جارە خەریكی قاوە خواردنەوە وچروت ونووسین دەبن.بەدەر لەم نموونەیە،كارلێكە هێماییەكانش ڕۆڵی ڕاڤەكردنی پەیوەندییە سۆسیۆڵۆژییەكان دەبینێت (عبدالله عبدالرحمان: 118)،چونكە تاكەكان،بەنموونەی دەوەن مەعروف ،خاوەنی گەنجینەیەكی زمانی هێمایی ودەربڕینییە ولەهەمان كاتیشدا ڕۆڵی سۆشیۆلیستێكی پڕۆفیشناڵ دەبینێت بەوپێیەی توانای هەڵسەنگاندنی مەسەلە وكەیسەكانی هەیە لەسەر ئاستێكی تایبەتی پسپۆڕی.لێرەدا ئەم جۆرە شاعیرانە ڕۆڵی سستمێكی زانستی وپەروەردەیی دەبینن ونموونەی كارەكانیان كێڵگەكانی كاركردن وفێركردنە وەك ئەوەی ئەمان،لەپۆلەكاندا ،مامۆستای وانەكان بن وتێكڕای تاكەكانیش خوێندكار وقوتابی ولەنێوانیشیاندا گوێگرتن ووەرگرتن وهەستكردن وئارگیومێنت وپەیوەندی وكارلێك هەبێت.دەرئەنجامیش ئەوەیە كەتاكەكان بۆچوونی مامۆستا بەهەند وەردەگرن یان ڕەتی دەكەنەوە،یان تێ نەگەیشتنێك لەنێوانیاندا دروست دەبێت.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا ئەوەی ئەم پڕۆسەیە دەبات بەڕێوە كارلێكە هێماییەكانە ئەویش بەوەی لەلایەكەوە مامۆستا هەڵسەنگاندنێكی لادروست دەبێت كەئاستی بیركردنەوەی خوێندكار وقوتابییەكان لەچ ئاستێكدایە،لەلایەكی تریشەوە خوێنكار وقوتابییەكانیش هەمان هەڵسەنگاندیان لا دروست دەبێت كەئاستی مامۆستا لەڕووی عەقڵ وزانست وبیركردنەوە وسەرچاوەوە چەندە وچۆنە!ئەمەش،بەڕای ئێمەپێی دەوترێت" هەڵسەنگاندنە كارلێكییەكان".واتە كۆتا ئەنجامی هەڵسەنگاندنەكان،بەپۆزەتیڤی یان نێگەتیڤی، بەشێوەیەكی هێمایی بەدەردەكەوێت ئەویش بەوەی هەر تاكێكی خاوەن عەقڵ دەتوانێت كارلێك دروست بكات لەگەڵ ئەوانی بەرامبەر بەهێزی دەسەڵاتیشەوە.دیارە ئەمەیان بەمەبەستی نزیكبوونەوەیانە لەوێنە گشتگیرییەكە كەپێشتر ئەم هێزی دەسەڵاتە وەك پێویست كاری لەسەر نەكردووە. كەواتە ئەم تیۆری كارلێكە هێماییانە هۆكارێكیشە بۆ ڕاكێشانی سەرجەم جەمسەرەكان بەئۆپۆزسیۆنیشەوە.هەر لەبەر ئەمەشە،لەڕێگەی شێوازەكانی كارلێكە هێماییەكانەوە،من ومنەكان لەیەك بازنەی گوتاریدا كۆدەبنەوە كەئەو گوتارە چارەنووسی هەمووانی لەسەر بونیاد نراوە.لێرەدا خود،بەتایبەتی لەجۆری بكەر، ڕۆڵی گەیەنەرێك دەبینێت لەنێوان عەقڵ وتاك وكۆمەڵ.بەمەبەستی دەرخستنی كارێكە هێماییەكان،ئەم لێكۆڵینەوەیە جەخت لەسەر بنەماكانی خودی بكەری شاعیر وتاك وكۆمەڵگا دەكات.
-خودی بكەر.ئەم خودە گەرچی كارنامەی گەلێك زۆرە وكارنامەكانیش بەپێی تیۆرەكانی ڕەخنەی نوێ كاری لەسەر كراوە بەڵام بۆ ئەم كارەی ئێستای ئێمە ئەوە دەگەیەنێت كەخود لەسەرەتادا خودێكی سروشتییە ودواتر بەهۆی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكانەوە پێدەنێتە خودێكی بكەر لەجۆری هێمایی.ئەمەش لەوكاتەدا بەدەردەكەوێت كەئەم خودە بەرلەوەی بچێتە نێو خود وتاكەكانی ترەوە وێنەكان لەخۆیەوە دەست پێدەكات ودواتر،بەهۆی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكانەوە دەچێتە نێو تاكەكانی ترەوە وبازنەی هەستكردن وبیركردنەوەی گەورەتر دەبێت.ئەم پەیوەندی وكارلێكە،هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە،بەهۆی هێزی ئەزموونی خودی بكەری شاعیرە ئەنجام دەدرێت كەهەوڵدەدات سەرجەم تاكەكان لەیەك تاكی عاقڵ وژیردا كۆبكاتەوە وەك ئەوەی خودی بكەر خودەكان بێت وپێچەوانەكەشی هەر ڕاستە.لەكۆتایشدا هەموویان دەچنە نێو خانەكانی هێماوە كەئەو هێمایانە ئاماژە ونیشانەی بابەتە هەستیار وگرنگەكانی كۆمەڵگایە نەك تەنها بۆ خودی بكەر خۆی بەڵكو بۆ سەرجەم خودەكان.بۆ نموونە دەوەن مەعروف لەپۆستەرە شیعری "ئادەم وحەوا"دا دەڵێت:
لەژێر سێبەری درەختێكی هەنجیردا
شێوەكارێك وێنەی ئادەم وحەوای كێشا
كە لەفیردەوسدا سێوی حەرامیان دەخوارد
شێوەكارەكە بەدیار تابلۆكەیەوە خەو بردییەوە
لەخەونیدا شەیتان پێی وت:
بەه بەه ئەمە چیرۆكی خوداكەی تۆیە!
لەدوایدا خوداوەند هاتە خەوی وپێی وت:
هەستەوە هەی دەمڕووت.ئەم تابلۆیە بسووتێنە
من چیم داوە لەئادەم وحەوا.
ئەوان سەرزەمینی شەیتانیان قەبووڵ بوو
نەك بەهەشتی ئاشقان 
ئەم دەقە زۆر مانا هەڵدەگرێت كەزۆربەیان لەدەرەوەی ئەم كارەی ئێمەیە.ئەوەشی پەیوەندی بەم لێكۆڵینەوەیە هەبێت ئەوەیە كەشاعیر وەك خودێكی بكەر وخاوەن ئەزموونێكی ڕۆشنبیری وئاینی وسۆسیۆڵۆژی دەیەوێت لەڕێگەی كەناڵێكی ئاینییەوە بێتە نێو كۆمەڵگاو تاكەكانەوە ولەوێشەوە وێنەیەكی فیكری وسیاسی هەرە ترسناكی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردیمان بۆ دەخاتە ڕوو كەپێشتر زۆرینەی تاكەكان وەك پێویست ئاگاداری نەبوون ئەویش لەدەستدانی بەها ئەخلاقی وسۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانە.ئەم لەدەستدانە لەڕێگەی گەمەی دوو هێزی دژ بەیەك ئەنجام دەدرێت كەهەریەكەیان خۆی بەدەم ڕاستی مەسەلەكان دەزانێت وهەریەكەشیان گاڵتەجاری بەوی تری بەرامبەر دەكات.گەر لەزەمەنی ڕابردوودا تاكەكانیان لەسەر نەخشەیەكی نموونەیی لەجۆری وەهمی ڕاهێنابێت بەنموونەی خاك ونیشتمان ئەوا لەزەمەنی ئێستادا ئەو تاكانەیان لەسەر نەخشەیەكی واقیعی ترسناكتر ڕادەهێنن ئەویش گەندەڵییە.خودی بكەر، لێرەدا،كەڕۆڵی وێنەكێش وگێڕەوەرێك وقوربانییەكی هەردوو زەمەن دەبینێت ،تاقیكردنەوەكانی خۆی بەخۆڕایی وخۆڕسكی دەبەخشێت بەتاكەكان تا ئاگاداری سروشتی هەردوو زەمەن بن.لەلایەكەوە دەیەوێت كارلێكێك دروست بكات لەگەڵیاندا وەك ئەوەی چارەنووسی خۆی چارەنووسی هەمووان بێت وپێچەوانەكەشی لەجێگەی خۆیەتی.لەلایەكی تریشەوە هەر دوو زەمەن دەخاتە نێو چەمكی هێماكانەوە وبەرپرسیارێتی گەمەكە دەخاتە سەر چیرۆكە ئاینییەكان كەشاعیر وەك سەرچاوەلێگرتنێك (مرجع) سەیریان دەكات.بەمەش جەمسەرەكانی وەهم وخەیاڵ و واقیع پێدەنێنە نێو یەك نەخشەوە وەك ئەوەی هیچ جیاوازییەكی كارنامەیی وكرداری لەنێوانیاندا نەبێت بەوپێیەی تاكەكان لەهەردوو زەمەندا زەرەمەندی سەرەكی بوون،بەڵكو قوربانی وەهم و واقیع بوون.لەهەمان كاتیشدا گەمەكانی هەردوو جەمسەر بەبەردەوامی دەمێننەوە.ئەم ئەنجامە بۆ ئێمە دەبێتە هێما بۆسەرجەم زەمەنەكان بەتایبەتی بۆ زەمەنی ئایندە كەڕەنگە دۆخ وسروشتی ئەم ئایندەیەش باشتر نەبێت لەهەردوو زەمەنەكەی تر،چونكە دەقەكە گەرچی كورتە بەڵام بەكراوەیی ماوەتەوە .ئەمەش بەمانای ئەوە دێت كەشاعیر،بەهۆی پڕۆسەی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكانەوە، هەر لەئێستاوە ئەركی ئایندە دەخاتە ئەستۆی تاكەكان كەهەمان ڕۆڵی ئێستای شاعیر ببینن.یان وەك شاعیر بیربكەنەوە.
لەپۆستەرێكی تریدا بەنێوی"نەوت"دەڵێت:
نیشتمان
لەناو بازارەكانی
(نەوت)دا وون بوو.
زۆر گەڕاین نەماندۆزییەوە
دوایی لەناو گیرفانی وەزیرێكدا
بەبرینداری بینیمانەوە.
ئەم دەقە پۆستەرییە پشتگیری تەواو لەبۆچوونەكانی پێشتر دەكات ونیشتمان بەزەقی دەبینرێت وبەزەقیش،هاوشێوەی نەوتەكان،دەدزرێت.شاعیر بەوپێیەی،پێشتر، لەنزیكەوە ئاگاداری ڕووداو ومەسەلەكانە بەڵكو وێنەگر ودەرهێنەری ڕووداوەكانی نیشتمانە،ئەوا ئێستا دەیەوێت كارلێكێكی سۆسیۆڵۆژی دروست بكات نەك فیكری وئایدیۆڵۆژی چونكە بەپێی دەقەكەی پێشوو باوەڕی بەگەمەی هەر دوو جەمسەر نەماوە وچاكیش دەزانێت خۆی وخودە هاوشێوەكان قوربانی دەستی ئەو گەمەیەن.لەم دەقەشیاندا ئەزموونی خودی بكەر فاكتەر وهێزێكی ووزەبەخشە بۆ دەرخستنی زانیارییەكان بۆ تێكڕای تاكەكان.لێرەدا كارلێكە هێماییەكان دەبنە سنوورێك لەبەردەم تاكەكان تا ئاگاداری سروشتی خۆیان بن وچۆنیش مامەڵە لەگەڵ هێماكانی خودی بكەر وسەرجەم منەكاندا بكەن.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەپرۆسەی كارلێكەكە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدۆزێتەوە. ئەمەش لەپێناو زانین وهەڵسەنگاندنی دیاردەی ڕووداوەكانە.لێرەدا هێما دەبێتە ئامڕازێكی سەرەكی بۆ تێگەیشتنی تاكەكان كەپێشتر ئەو تێگەیشتنە وەك پێویست بوونی نەبووە یان كاری لەسەر نەكراوە.هەروەها ئەو هێمایانە جێگەی وێنەیەك یان ڕاستییەك دەگرنەوە.دیارە ئەمەش لەپێناو گرێدانی كارنامەی تاكەكان وبەشداری كردنیانە لەپڕۆسەی پەیوەندی وكارلێكەكان.دەرئەنجامیش یەكگرتنەوەی هێماكانە لەنێو یەك بازنەی بیركردنەوە.بەمەش دەوەن مەعروف توانی بۆشاییەكانی نێوان تاكەكان بەكارلێكە هێماییەكان پڕ بكاتەوە وسەرجەم تاكەكانیش بەلای خۆیدا ڕابكێشێت چونكە بابەتی هێماكان هەستیارن وئەمڕۆكە تاكەكان بەدوای ئاسەواری ئەو هێمایانەدا دەگەڕێن كەلەڕووی سایكۆڵۆژیاوە زۆر پێویستیانە.
- تاك.شیعر هەر لەسەردەمی یۆنانی كۆنەوە ویستوێتی نامەكەی خۆی بگەیەنێتە تێكڕای خەڵكی.هەر لەبەر ئەمەش بووە ئەفڵاتۆن هەڵسەنگاندنی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان زمان ومانا وكۆمەڵ كردووە.بەمەش نامەی شیعری تەنها پەیوەست نییە بەخودی بكەری شاعیرەوە بەڵكو لەناوەڕۆكدا مەسەلەی نامەكان پەیوەندی بەهەمووانەوە هەیە بەبێ جیاوازی.كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكان مۆتیڤێكی كاریگەرە بۆ گەورەكردنی تاكەكان .لەزەمەنی كڵاسیزمدا ئەم تاكانە بەهۆی تێڕوانینە ئۆرۆستكراتییەكانی ئەم ڕێبازەوە لەمافە سۆسیۆڵۆژییەكان بێبەشبوون بەڵكو زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان دووردەكەوتنەوە لەناوەڕۆكەكانی ئەم ڕێبازە،چونكە ئەو ناوەڕۆكانە لەدوور ونزیكەوە پەیوەندی بەم تاكانەوە نەبوو.هەر لەبەر ئەمەشە جەماوەری كڵاسیزم تەنها بریتی بوو لەئۆرۆستكراتەكان .بەڵام لەڕێبازی ڕۆمانسیزمەوە تاكەكان،بەتایبەتی سروشتییەكان، بەهۆی ئەوەی خۆیان سەرچاوەی ماناكان وبابەتەكان بوون بەتەواوی كارلێكیان لەگەڵ ناوەڕۆكی ڕێبازەكان دروست دەكرد. هەر یەكەو بەپێی جۆری بیركردنەوە ومامەڵەكردن وهەڵسوكەوتی.بەوپێیەی دەقەكانی دەوەن مەعروف لەدەرئەنجامی ئێش وئازاری تاكەكان لەدایك بوون ئەوا شاعیر،بەشێوازی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ،بابەت وتاكەكانی زۆر مەبەستە وەك ئەوەی بڵێت "من بۆ ئەوان دەژیم وئەوانیش ڕۆحیانەتی منن".لەدەقە پۆستەری"فۆتۆ" دەڵێت:
لەتاو گوناه
كاتژمێرەكەی مێژوو
لەنیشتمانی مندا نووستووە.
ژمارەكان كڕ وبێدەنگن
خوداوەند
وێنەی تاوانەكان
لەسەر پشتی ماندووم
دەكێشێ
شاعیر،لێرەدا، تاكی ئێستای مەبەستە كەبەهۆی نادادپەروەرییە سۆسیۆڵۆژییەكانی هێزی دەسەڵاتەوە لەسەرجەم مافەكان بێبەشكراون.جوانییەكانی زەمەنی ڕابردوو وەك ئەرشیفێكی لەكاركەوتووی لێهاتووە كەجوڵەیان لێ بڕیوە.ژمارەی كاتژمێرەكان،كەهێمایە بۆ تاكەكان،لەجووڵە وەستاوە وخوداوەندیش كەهێمایە بۆ هێزی دەسەڵات بەشێوازی سوریالیزمی كەوتۆتە گاڵتە بەتاكەكان وبەمەیل وئارەزووەكانی خۆیان نەخشەڕێگا بۆ مێژوو دادەنێن.لێرەدا ماندووبوونی تاكە هەژارەكان بەهەند وەردەگیرێت ودواتر چۆنیان بوێت بەكاریان دەهێنن.ئەم كارلێكەی شاعیر بەمەبەستی هوشیاركردنەوەی تاكەكان دێت ولەوێشەوە شاعیر،لەلایەكەوە خۆی دەبێتە هێما بۆ دەرخستنی ڕاستییەكانی زەمەنی ئێستا.لەلایەكی تریشەوە دەبێتە هێماش بۆ بەگەرخستنەوەی ڕەوڕەوەی زەمەنەكان كەبۆ چەندین ساڵ لەكارخرابوو.
-كۆمەڵگا.هیچ كۆمەڵگایەك،بەتایبەتی ئەوانەی كەهەڵگری زیاتر لەپێناسەیەكی ڕۆشنبیری وفیكری وسیاسی ومەعریفین،لەبۆشایی دروست نەبووە ونابێت.ئەركی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەكانە دەكەوێتە ئەستۆی خود وتاكاكان.ئەم خود وتاكانەش گەر دوورەپەرێز بن لەچەمكی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكان،بەدەرەوە وناوەوە،ئەوا ئەو بۆشاییانە بەنەزۆكی پڕدەكرێنەوە ،بەڵكو دامەزراندنەكە لەسەر بناغەیەكی توند وتۆڵی مەعریفی وڕۆشنبیری دروست نابێت ودواتر كەسێتی خۆی لەدەست دەدات.هەر لەبەر ئەمەشە زانایانی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكان جەخت لەسەر دوو جۆر پەیوەندی دەكەن كەناوەڕۆكی كارلێكە هێماییەكانی لەسەر دامەزراوە ئەوانیش،پەیوەندی هێمایی وپەیوەندی ناهێماییە(فادیە عمر الجولانی:215)لەیەكەمیاندا كۆمەڵگا،لەڕێگەی مەسەلەكانییەوە،پێویستە لەهەوڵی دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆی فیكری وڕۆشنبیری ومەعریفیدا بێت.لەدوهەمیاندا خود وتاكەكان،بەتایبەتی هاوشێوەكان،لەڕێگەی هەوڵە تایبەتەكانی خۆیانەوە ،پێویستە پارێزگاری لەبنەماكانی ڕەوشتی كۆمەڵگا بكەن هەر یەكە وبەپێی پسپۆری بیركردنەوەی خۆی.دەوەن مەعروف، بەوپێیەی كەسێكی هەستیار وخاوەن هەڵوێستی مرۆڤایەتی ونەتەوایەتیە،بەهەموو شێوە وشێوازێك دەیەوێت دەنگی كۆمەڵگاكەی بۆ هەمووان ئاشكرا بكات وبەڵكو جووڵەیەكی ووزەبەخشی پێ بدات ولەبازنەیەكی داخراوی قەتیسماییەوە بیگوێزێتەوە بۆ بازنەیەكی فراوانی خاوەن كەسێتی.بۆ نموونە لەپۆستەرە شیعری"قەیران"دا دەڵێت:
دەرگای قوتابخانەكان داخراون
تەختە ڕەشی ناو پۆلەكان
كڕ وبێدەنگ هەڵواسراون
تاباشیرەكان
بەدزی مامۆستای قوتابخانەكانەوە
شەوانە دەچنە خەونی منداڵەكانەوە و
وانەی (ئەلف وبێ ) بەمنداڵەكان دەڵێنەوە
دەوەن مەعروف باش دەزانێت كەكۆمەڵگا پێشكەوتووەكان لەڕێگەی نەفامییەوە بەرهەم نەهێنراون.داخستنی قوتابخانە وهاوشێوەكانی بەهەچ هۆیەك بێت،داگیركردن یان گەندەڵی ئابووری،ئاماژە وزەنگێكی هەرە ترسناكە لەسەر كەسێتی كۆمەڵگا بەڵكو بەتەواوی دووری دەخاتەوە لەپڕۆسەی ڕۆشنبیری ومەعریفی كە كاریگەری نیگەتیڤیش لەسەر سایكۆڵۆژیا وسۆسیۆڵۆژیای كۆمەڵگا وتاكەكان دروست دەكات.واتە پاساوی داگیركردن وگەندەڵی ئابووری چەند بەهێز بن بەڵام نابنە پاساو بۆ سڕینەوەی كەسێتی كۆمەڵگا وزانست كەقوتابخانە وهاوشێوەكانی سەرچاوەیەكی هەرە بەنرخی ئەم كەسێتیەیە.ئەمەلەكاتێكدا تاكەكان، بەنموونەی دەوەن مەعروف ،لەنزیكەوە تامەزرۆی دروستكردنی ئەم بازنە كەسێتییەن وقایل نابن بەداخستن وسڕینەوەی زانست وخوێندن.بەڵگەش بۆ ئەمە بەمرۆڤكردنی شتە نازیندووەكان وبەسوریالیزمكردنی وێنەكانە بەنموونەی دەباشیر كەڕۆڵی مامۆستایەكی دڵسۆز دەبینێت كەپێشتر كڕ وبێدەنگیان كردووە ،بەڵكو لەجووڵەیان خستووە،هەروەهانموونەی كاتژمێرە نووستوەكەی مێژووی نیشتمان كە كەژمارەكانی،بەهەمان شت، كڕ وبێدەنگ هەڵنیشتوون ،بەڵكو ئەمانیش لەكاركەوتوون(جارێكی تر،بڕوانە پۆستەری "فۆتۆ"ی ئاماژەپێكراو).خەیاڵ، كەفاكتەر وخەسڵەتێكی هەرە گرنگ وبەنرخی ڕۆمانسیزمەكانە،لەدەقەكەدا دەبێتە جێگرەوەی واقیع بەڵام ئەمە پێش ئەنفالكردنی كەسێتی زانست وخوێندن.یان دەبێتە بزوێنەری بەردەوامییەكان بەوەی كۆمەڵگا بەخۆی وتاكە هەستیارەكانییەوە ،بەخەیاڵیش بێت،نایەوێت دوابكەوێت لەپڕۆسەی زانست.واتە،خەیاڵ دەبێتە ڕزگاركەری مەسەلەكە،بەڵكو ئەڵترنەیتڤێكی پۆزەتیڤە بۆ بەردەوامی واقیعی زانست.بەمەش،لەلایەكەوە دەسەڵاتی زانست وخوێندن دەگەڕێتەوە دۆخی یاسایی خۆی وپارێزراویش دەبێت.لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵگا دەتوانێت بچێتە نێو ململانێی بەراووردە زانستییەكان لەگەڵ كۆمەڵگاكانی تردا.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا هۆكارەكانی داخستن وسڕینەوە،لەلایەن كۆمەڵگاوە مەحكوم دەكرێن.هەموو ئەمانەش دەبنە هێمای مێژوویی لە ناوەوە ودەرەوەی كۆمەڵگا.بزوێنەری ئەم هێمایانەش،لەبنەڕەتدا، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەكانی خودی بكەر وتاكە هەستیارەكان كەئەمان دەتوانن زەمەنەكان بەهێما كاریگەرییەكان پڕ بكەنەوە.هێماكانیش بەمانا جۆراوجۆرەكان پڕكراونەتەوە وخوێنەر بۆ هەر هێمایەك چەند خوێندنەوەیەك دەخاتە ڕوو كەمەرج نیە ڕەزامەندی هەمووانی لەسەر بێت،بەوپێیەی تاكەكان دابەش بوون بەسەر بابەتە جیاوازەكاندا.لەگەڵ ئەمەشدا هەمووان پشتگیری لەناوەڕۆكی هێماكان دەكەن چونكە ئەو هێمایانە دەرئەنجامی كارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكان خوڵقاون وبابەتەكانی نامۆ نین وپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهەمووانەوە هەیە.

پەراوێز وسەرچاوەكان:
-دەقەكان لەڕێگەی فەیس بووك ولەلایەن شاعیر دەوەن مەعروف خۆیەوە بەدەستم گەیشتوون،ئەویش دوای ئەوەی خۆم داوام لێكرد.
عبدالله عبدالرحمان،الاعلام(المباديء والأسس النظرية والمنهجية)، دار المعرفة الجامعية،جامعة الأسكندرية،2004.
-فادية عمر الجولاني،علم الاجتماع التربوي،مركز الأسكندرية للكتاب،1997. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved