زێوەری شاعیر، ناوی مەلا عەبدوڵای كوڕی مەلا محەمەدی كوڕی مەلا ڕەسوڵ-ە. ساڵی ١٨٧٥ لە شاری سلێمانی لە گەڕەكی كانیسكان لەدایكبووە، دوای حەوت ساڵان خرایە حوجرەی مەلا سەعید (خواجە ئەفەندی) بۆ بەر خوێندن، قورئان و ناگەهان دەخوێنێت. بەدەم فارسی خوێندنەوە دەستی كرد بە خوێندنی (نساب سبیان) و دەچێتە فەقێیەتی، لە پێشدا دەچێتە سلێمانی بەڵام لەم ماوەیەدا فارسییەكەی لای خواجە هەر دەخوێند، لە پاشان بۆ مەریوان و بانە و لەوێوە بۆ موكریان و مەهاباد بەسەر ڕەواندزدا دەگەڕێتەوە. بۆ هەولێر و كەركووك و سلێمانی لە مزگەوتی (بن تەبەق) مزگەوتی عیرفان دەرزی عیلمی عەڕووز و قافییە لەلای عیرفان ئەفەندی دەخوێنێ و دەبێتە موستەعیدێكی باش. زمانی توركی و چوونە ئیستەنبۆڵ باو بووە، ئەویش هەوای چوونە وێ دەكەوێتە سەری، ملی ڕێ دەگرێ و دەچێتە ئیستەنبوڵ، لە لایەكەوە لەگەڵ عالم و ئەدیبەكان هەڵسوكەوتی كردووە، لە لایەكی تریشەوە تێكەڵاوی لەگەڵ ئەو پیاوە كوردانە كردووە، كە كار بەدەست بوون. دوای تاقیكردنەوە كراوە بە مامۆستای ڕێزمانی زمانی توركی و بە مووچەی ٤٠٠ قرۆش لە ڕوشدیەی عەسكەری دامەزراوە. زێوەر لە شیعری غەزەل دا مامۆستایەكی باڵادەست بووە و گەلێك شیعری بەرزی لەم بابەتە نووسیوە. زێوەری شاعیر لە نووسینی شیعری نیشتمانیی و سروود لێهاتوو بووە .زێوەر جگە لە شیعری غەزەل و وەسف و نیشتماینی و شیعری فەلسەفە ئامێز، كۆمەڵێك شیعری فێركردنی بۆ خوێندكارانی كوردستان داناوە و دەتوانرێت بگوترێت یەكەم شاعیری كوردە ئەم جۆرە شیعرە فێركارییەی دانابێ. مامۆستا زێوەر رۆژی ١٠ی ١١ی ساڵی ١٩٤٨دا، لە شاری سلێمانی و لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوان بەخاك سپێردرا. خاك- بەیاد مەریوانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure