10/6/2019 11:31 AM

نامەیەكی شاعیری گەورەی فارس، "ئەحمد شاملۆ" بۆ "ئایدا"ی هاوسەری

ئایدای جوانی من!

ڕۆژگارێكی دوور و درێژبوو كە شیعرم بزركردبوو. كەچی لەم ڕۆژانەدا
ئەو هەستەم لەكن دروست بوو، كە هەمدیسان شیعر لەمندا چەكەرەدەكات.
ئاخر تۆ لەبەهاردەچیت كاتێك دێیت، درەختی وشكەهەڵاتوو سەرلەنوێ‌ شكۆفەدەكاتەوە.

چی خەونێكم لەسەردایە بۆ داهاتوومان!
ئەو پەلكەزێڕینە دوور دەستەی كەلانەی ئێمەیە،ئالەوێدا، شیعرو
میوزیك لێوەكانی یەكتر ماچدەكەن و لەحزوری یەكتردا
دەبنە ئاو... لەچاوەڕوانی چێژی ئەم داهاتووەدا دڵی من
وەك پەڕیەكی تەنك دەلەرزێت، وە هەمیشە لەنێو خەونەكاندا نوقمی دەكەم. دەزانم
لەسەر ڕێی ژوانێكی داهاتوومان (حجلەگاە)ی میوزیك و شیعر
لەچاوەڕوانی ئێمەدان،و منیش لە چاوەڕوانی ئەم ڕۆژە پرشنگدارەدا ئارامم لێ‌ بڕاوە،
هەمیشە گەرەكمە هاواربكەم: « ئایداكەی من! دەست و بردبكە چونكە
لەدوای ئەم (اولمپ)ە جادوییە، هەموو خوداوەندەكان چاو لە ڕێگەی ئێمەن!»

واتای "لەگەڵ تۆ بوون" بۆ من "گەیشتنە بە دەسەڵات"
لەگەڵ تۆدا چەندێك لەخۆبایم! – دە تۆ بڕوانە من كە چەندێك
تەنیا و ماندوبووم، بەڵام هەنووكە بە هۆی بەرەكەتی دڵی تۆوەیە كە
 دڵی منیش لە تەك دڵی تۆدا لێدەدات، چەنێ‌ كامەران و بەهێزم!

ئایداكەم، تۆ موعجیزەی.
ئاخر ڕۆژگارێكی دوورودرێژبوو كە هەموو شتێك لەمن هەڵهاتبوون، تەنانەت
شیعریش – سەروەختێك بوو لەم سەرزەمینەدا من لەگەڵ شیعردا دەهۆڵی خودایم دەكوتا - .
وامدادەنا كە عیشق، ئیتر هەرگیز جارێكی دیكە بە ماڵی مندا نایەت.
وامدادەنا كە شیعر،  بۆ هەمیشە جێی هێشتووم.
وامدادەنا كە كامەرانی، كۆترێكە چی تر لەسەر سەربانی مندا نانیشێتەوە.
وامدادەنا كە تەنیایی، دەست لەسەر گیانی من هەڵناگرێ‌ و
ماندوویی چی تر ڕۆحی من جێ‌ ناهێلێت.
كەچی تۆ چەشنی ڕۆژ هەڵهاتی و عیشق دوبارە هاتەوە، شیعر شكۆفەی كردو
كۆتری شادی بە فڕینەوە گەڕایەوە، تەنیایی و ماندویش ڕژانە سەرخاك.
من لەگەڵ تۆدام و ، ئاوێنەخاڵییەكان لێوان لێو دەبن
لە وێنەی میهرەبانی و ئومێد.
لەتەنیشت تۆدا، خۆمم دۆزییەوە. گەڕامەوە بۆژییان و خەونی ئومێدە
گەورەكان دوبارە گۆرانی شادیان هێنایە سەر لێوەكانم.
هەرگیز هیچ شتێكی چواردەوری من لە تۆ مەزنتر نەبووە.

تۆ شیعرت بۆمن هێنایەوە. تۆم خۆش دەوێت و سوپاس گوزارتم.
لانەی سبەینێمان لانەیەكە كە تییایدا، شیعرو میوزیك
لەپەیوەندی جاویدانەیاندا بەرەو ئەبەدیەت دەدەن لەشەقەی باڵ.
ئاخر چونكە هیچ شتێك لە عیشق بەهێزتر نییە. هەر لەبەرئەمەیەكە بەهەموو باوەڕمەوە كە هەمە، تۆ بە ئایدای خۆم ناودەهێنم.


 لەم ڕوانگەیەوەیە كەمن، بەو پەڕی بڕوا و یەقینەوە بە تۆ دەڵێم
كە خوداش ناتوانێت ڕێگربێت لە هەڵهاتنی خۆری سبەینێمان. چونكە
ئێمە - من و تۆ- بۆ سبەینێمان تەنانەت پێویستمان بەهەڵهاتنی خۆری
خوداش نییە، ئاخر دڵی من و تۆ هەیە، و عیشق، دڵمان لەخۆر زیاتر
 گەشدەكاتەوە...ئێمە تەنیا بەدڵی گەشاوەی یەكتر بڕوادەهێنین
بۆ سبەینێمان.
من بڕوام  هەیە بە عیشقی هێژای تۆ سەبارەت بەخوم، و بەعیشقی شێتانەی
خۆم سەبارەت بەتۆ، وە هەر لەبەر خاتری ئەم بڕوابوونەشە كە
لەمە بەدواوە، بەوپەڕی بوێری و شەهامەتی زیاترەوە دەژیم.


شەوی پێنج شەمە/نۆیەم یا دەیەمی خرداد/ساڵی چل و یەك
        مەگەر خودا بزانێت سەعات چەندە!

وەرگێڕانی: ئاكام جەمال محەمەد
سەرچاوە:(مپل خون در رگ های من)/نامەهای احمد شاملو بە ایدا/صفحە (16-18).





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved