30/6/2019 04:21 PM

زنجیرە درامای الفندق و گەڕانەوەیەکی بەهێزی درامای عیراقی

 

ئازاد بەرزنجی

 زنجیرەیەکی درامایی کە پێویستە هەموومان بیبینین.
ناو بەناو و لە پشووی نێوان خوێندنەوەی کتێبێک و کتێبێکی تردا، هەوڵ دەدەم یان زنجیرەی درامایی باش ببینم و یان فیلمی باش. هەڵبەتە بەداخەوە کە دۆخی درامای کوردی لە ئێستادا وێرانە و کەڵکی ئەوەی نییە کاتی خۆمانی بۆ بە هەدەر بدەین، بێگومان تا ئێستاش شتێک نییە پێی بوترێ سینەمای کوردی، چەند فیلمێکی لێ دەربچێت کە لە پەنجەکانی دەستێک تێناپەڕن، ئەمەش ناکاتە ئەوەی بڵێین سینەمامان هەیە. بۆیە ناچار دەبین پەنا ببەینە بەر کاری تر، عەرەبی بێت یان فارسی و یان ئەوروپی و ئەمریکی، بەڵام هەموو کارێکیش نا، بەڵکو کاری هەڵبژاردە. 
بە هەرحاڵ، لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردوودا، کەناڵە عەرەبییەکان کۆمەڵێک زنجیرەیان پەخش کرد، کە من بەش بە حاڵی خۆم بینەری هەندێکیان بووم و لە نێویاندا سێ چوار زنجیرەیانم پێ جوان بوو، کاتێکیش زانیم یەکێک لەو زنجیرانە زنجیرە درامایەکی عیراقییە بە ناوی"الفندق"ەوە، لە ڕووی لاپرەسەنییەوە حەزم کرد بزانم دوای دابڕانی ساڵانێکی زۆری هونەرمەندانی عیراق لە زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی، ئاستی ئەو زنجیرەیە چۆنە، لەکاتێکدا هونەرمەندانی عیراق لە ڕابردوودا خاوەنی کۆمەڵێک زنجیرە درامای سەرکەوتوو بوون و کەڵەهونەرمەندەکانی عیراق ڕۆڵیان تێیاندا بینیوە. کە زانیشم هونەرمەندانێکی وەکو"عەزیز خەییون" و "سەنا‌و عەبدولڕەحمان" و "مەحموود ئەبولعەباس" و "سامی قەفتان" و هەندێ هونەرمەندی بەتوانای تر لەم درامایەدا بەشدارییان کردووە، زیاتر تامەزرۆی بینینی بووم. 
ئەم درامایە لە بیست و یەک ئەڵقە پێکهاتووە و باس لە ئوتێلێک دەکات(کە سیمبوڵی بۆ وڵاتی عیراق) و کەسێک دەبات بەڕێوە کە نووسەرە و کەسێکی ویژدان زیندوو و مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەرە. ئەم ئوتێلە بووەتە مەنزڵی کەسانێک کە زۆربەیان گوماناوین یان قوربانیی دەست بازرگانانی تلیاک و کریستاڵ و مناڵڕفاندن و تیرۆر و جۆرەها کاری خراپی ترن و وەکو تۆڕیش بە کەسانێکەوە وابەستەن کە یان ڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتن و یان ناڕاستەوخۆ. 
ئەم زنجیرەیە، سەرباری کۆمەڵێک سەرنج، بەڵام دەکرێ بڵێین ئاوێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەو شتانەیە کە لە ئێستادا لە عیراقدا ڕوودەدەن: ئەو لاوانەی خوێندنیان تەواو کردووە و دانامەزرێن و بێکارن، ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان و بە گورچیلەی مرۆڤەکانەوە، گەندەڵیی توێژی سیاسەتمەداران و کەسانی سەر بە دەسەڵات و خاوەن پێگە هەستیارەکان لە کۆمەڵگادا، کەوتن و نائومێدیی ڕۆشنبیر و هاووڵاتییە نیشتمانپەروەرەکان، کاسبیکردن بە مناڵانەوە، کاریگەرییە نەگەتیڤەکانی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر مناڵان و لاوان، زیناکردن لەگەڵ مەحرەمدا، خۆکوشتن، دینداریی دووڕوو و ئەو باندانەی لە پشت هەموو ئەمانەوەن و بەرژەوەندییان لە برەودان بەم گەندەڵی و وێرانکارییانەیە. 
من نامەوێ لێرەدا وتار یان لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم درامایە بنووسم کە بەڕاستی ڕایگرتم و هەڵوەستەی جیددیی پێ کردم و دەهێنێت باس و لێکۆڵینەوەی گرنگی لەسەر بکرێ، لەسەر هەموو ئەم تاوان و کارەساتانەی ئێستا لە عیراقدا و هەڵبەتە لە کوردستانی باشووریشدا ڕوودەدەن و ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندان و ئینسانییەتی ئێمەش دەخەنە ژێر پرسیارەوە و وا بڕوات تا دە ساڵێکی تر هیچ شتێک نامێنێت پێی بوترێ وڵات و بەهای نیشتمانی و ئەخلاق و جوانی، بەڵام بینینی ئەم زنجیرە درامایە پێشنیاز دەکەم بۆ هەموو هاوڕێیانم، تا لە بەشێک لەو گەندەڵی و تراجیدیایانە بەئاگا بن کە لە عیراق و کوردستاندا ڕوودەدەن و ئەگەر بمانەوێ سبەینێی مناڵەکان و نەوەکانمان سبەینێیەکی شیاو بێت بۆ ژیانیان و بە تەنگ خۆمان و مناڵ و نەوەکانمانەوەین، ئەوا دەبێ هەر یەکە و ئەوەی لە توانایەتی و لە بواری خۆیدا و لە کاری خۆیدا مشووری ڕاستەقینە بخوات بۆ ڕێگرتن لە کارەساتێکی گەورە کە بەڕێوەیە و گەر پێشگیریی لێ نەکرێ و بە هوشیاری و وریایی و ویژدانێکی ئینسانییانە و بەئاگاوە ڕووبەڕووی نەبینەوە، هەموومان ڕادەماڵێت. 
سیناریستی ئەم کارە "حامد المالکی"یە و پێویستە بۆ ئەو جەسارەتەی دەستخۆشیی لێ بکرێ، گەرچی دواهەمین ئەڵقەی دراماکە دابەزینێک بە دراماکە دەبەخشێت و دەیتوانی بە شێوەیەکی تر ڕووداوەکان چارەسەر بکات. دەرهێنەرەکەشی"حەسەن حوسنی"یە.
هەڵبەتە چ چیرۆک و سیناریۆ و نواندن لە ئاستێکی بەرزدایە و ناتوانین بە چەند دێڕێک هەقی خۆیان بدەینێ.تەواوی ئەڵقەکانی ئەم درامایە لە یوتیوبدا هەیە و هێندە بەسە بنووسرێ"مسلسل الفندق" تا ئەڵقەکانت یەک بەدوای یەک بداتێ.دیسانەوە دەڵێم کە بینینی ئەم درامایە بۆ هەموومان گرنگە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved