كورتنووسین و كورتكردنه‌وه له دیالۆگدا بۆ خۆی هونه‌رێكه. به رای من هونه‌رێكی پسپۆڕیی به‌ده‌ستهاتووه. ژماره‌یه‌كی كه‌م له نووسه‌ران به توانایه‌كی خودییه‌وه بۆ نووسینی دیالۆگی به‌هێز و كاریگه‌ر و كورت ده‌ستبه‌كارن. ئه‌م هونه‌ره بۆ كه‌سانی ئاسایی وه‌كو من و تۆ قابیلی فێربوونه، به‌ڵام پێویستی به چه‌ندان ساڵ مه‌شق و راهێنان هه‌یه. واته ساڵه‌ها بایه‌خدان به نووسینی فیلمنامه. یه‌كێك له كێشه‌كان كه زۆربه‌ی فیلمنامه‌نووسان گیرۆده‌ی بوون، درێژدادڕییه له دیالۆگدا. به ده‌ربڕینێكی دیكه ده‌توانین زۆر له قسه‌كان به كورتی و پوختی ده‌رببڕین. چونكه خه‌ڵك له دنیای واقیعیدا به‌و شێوه‌یه قسه ده‌كه‌ن. ده‌زانین یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی به‌كارهێنانی دیالۆگ له فیلمنامه‌دا پێدان و به‌خشینی زانیارییه. فیلم میدیایه‌كی وێنه‌ییه به‌ڵام وه‌كو فیلمنامه‌نووسێك تۆ نا‌توانیت ته‌واوی چه‌مك و فكری خۆت به زمانی وێنه ده‌رببڕیت. زۆرجار ده‌بێت هه‌ست و بیر و زانیارییه‌كان به قسه له زمانی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه به وه‌رگر بگه‌یه‌نرێن. به‌ڵام زۆربه‌ی تازه‌كاره‌كان زرم له‌وسه‌ری سه‌ربانه‌كه‌وه ده‌كه‌ونه خواره‌وه. به‌گشتی وێناكردنیان بۆ دیالۆگ هه‌ر ئه‌مه‌یه: ته‌نیا پێدان و به‌خشینی زانیاری… هه‌ندێ جار كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌مانه، له دیالۆگێكدا چه‌ند بابه‌تێكی جیاواز باس ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له یه‌ك دیمه‌ن یان گرته‌دا. هه‌ندێ جار له حاڵه‌تێكی زۆر ناهونه‌ریدا كاره‌كته‌ر پرسیارێك له خۆی ده‌كات و هه‌ر خۆشی وه‌ڵامی خۆی ده‌داته‌وه! له‌وانه‌یه ئه‌م پلانه هه‌ندێ جار به‌كه‌ڵك بێت و له دڵی وه‌رگری زیره‌ك نه‌دات، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ وه‌رگر له‌وه تێده‌گات كه فیلمنامه‌نووس به‌و ئیشه ده‌یه‌وێت بۆ ده‌ربڕینی بابه‌تێك خۆی له خوڵقاندنی دیمه‌نی ئاڵۆز بدزێته‌وه و به‌یه‌ك ژه‌م هه‌موو زانیارییه‌كان ده‌رخواردی وه‌رگر بدات. وه‌رگر له‌وه تێده‌گات كه له‌وانه‌یه له نووسینه‌وه‌ی فیلمنامه‌كه‌دا له‌سه‌ر رێنمایی فیلمساز، دیمه‌نێكی پێویست لابرابێت و به دیالۆگێك شوێنه‌كه‌ی پڕكرابێته‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ش چه‌ندان هه‌زار دۆلار به قازانجی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ر پاشه‌كه‌وت كراوه. ئه‌م خاڵه‌ش شتێكی خراپه. چونكه ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی وه‌رگران له‌مه تێبگه‌ن، واته تۆی فیلمنامه‌نووس هێنده‌ی هۆش و گۆشی مامناوه‌ندیی وه‌رگران هۆش و گۆشت نییه. جاریوایه كاره‌كته‌ر له دیالۆگێكی دوور و درێژدا هه‌موو فۆرگراوندی چیرۆكه‌كه ده‌رده‌بڕێت! ئه‌مه‌ش سه‌رنجڕاكێش نییه. وه‌كو ئیشێكی ناپڕۆفیشناڵانه لێك ده‌درێته‌وه. با بۆ روونكردنه‌وه نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه: ئێستا بیه‌ڵه با نموونه‌یه‌كی روونتر بهێنینه‌وه. وایدابنێ ده‌ته‌وێ له كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا رۆمانێك ده‌ستنیشان بكه‌یت و بیكڕیت. بێگومان كاتت نییه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو كتێبه‌كان، ده‌ته‌وێت له كورتترین كاتدا باشترین رۆمان ده‌ستنیشان بكه‌یت. ئاسایی رۆمانه‌كه هه‌ڵده‌گریت و وه‌كو رۆژنامه به خێرایی هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه. ده‌ته‌وێت بزانیت وه‌سفه‌كان چه‌نده كورت و پوخت و شایانی خوێندنه‌وه‌ن. په‌ره‌گرافه‌كان نابێت دوور ودرێژ بن چونكه له‌وانه‌یه هه‌ر له یه‌كه‌م ساتدا چاوت ماندوو بكه‌ن. به‌هه‌مان راده ده‌ته‌وێت ئه‌گه‌ر له‌و كاته كه‌مه‌دا دیالۆگێكت خوێنده‌وه كورت بێت. بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كتێبه‌كه دروست بكه‌یت و حه‌زت لێی بێت. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندیی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیه. ده‌بێت له یه‌كه‌م نیگادا سه‌رنجت رابكێشێت، ده‌نا كتێبه‌كه ده‌چێته‌وه سه‌ر ره‌فه‌كه و له‌وانه‌یه بۆ هه‌میشه له ژێر ته‌پ و تۆزدا بمێنێته‌وه! نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر ببینن دیالۆگه‌كانت دوور و درێژه به‌بێ ئه‌وه‌ی بیخوێننه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی وه‌كو نووسه‌رێكی تازه‌كار و ناشی له قه‌ڵه‌مت ده‌ده‌ن. خولی گشتگیر و پیشه‌یی فیلمامه‌نووسین: پێشانیش ئاماژه‌م بۆ كرد كه زمانی سینه‌ما فۆرمێكی گه‌وره‌كراوی زمانی واقیع و خه‌ڵكه به‌گشتی. ئه‌گه‌ر له قسه‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵك وردبیته‌وه و له‌سه‌ری بوه‌ستی ده‌بینیت خه‌ڵك وه‌كو فیلم قسه ناكه‌ن. له ژیانی واقیعدا پرسیارێك ده‌كه‌ین زۆر به ئاسانی چاوه‌ڕێی بیستنی وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌كه‌ین. كاتێ بیروڕامان بۆ كه‌سێك باس ده‌كه‌ین ئه‌ویش وه‌كو خه‌ڵكی به‌گشتی به شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا وه‌ڵاممان ده‌داته‌وه و لێی تێده‌گه‌ین. هه‌موو شتێك فۆرمی سروشتی و لۆجیكی هه‌یه. سه‌رنج بده‌ن سروشتی و لۆجیكی. بۆ نموونه ئێمه هیچ كاتێ باسی ژیاننامه‌ی خۆمان بۆ خوشكه‌كه‌مان ناكه‌ین، چونكه ئاگای له ورده‌كاریی ژیانمانه. (ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه هه‌ندێ له فیلمنامه‌نووسه تازه‌كار و ناشییه‌كان بۆ پێدانی زانیاری به شێوه‌یه‌كی نالۆجیكی ده‌یكه‌ن.) بۆ ده‌ستكه‌وتنی هونه‌ری كورتكردنه‌وه له دیالۆگنووسیندا ده‌بێت فیلمنامه‌ی مه‌زنانی وه‌كو «ولیام گۆڵدمان، سۆزان گرانت یان سكۆت فرانك» بخوێنینه‌وه. ئه‌وسا روون و ئاشكرا ده‌بینین دیالۆگه‌كانیان زۆر كورته. ته‌نانه‌ت جاری وایه رسته‌كانیشان ته‌واو نه‌كراوه. جاریوایه بنه‌مای رێزمانیش ره‌چاو ناكرێت. كاره‌كته‌ره‌كانیش ئاسایی قسه‌كانیان ده‌بڕن یان درێژه‌ی قسه و باسه‌كانیان به‌پێی پێداویستیی نووسینه‌كه ده‌گۆڕن. دیالۆگه‌كان هه‌موویان تازه‌ن و به‌بێ هیچ كاریگه‌رییه‌كی كڵێشه‌یی و لاساییكردنه‌وه‌ن. ئێستا كه له‌وه تێگه‌یشتین فیلمنامه هه‌تا پڕۆفیشناڵتر بێت، كاریگه‌ریی كورتیی دیالۆگی له‌سه‌ر زیاتر ده‌بێت، با قسه له‌سه‌ر یاسای شانزه وشه بكه‌ین. ئه‌م یاسایه ده‌ڵێت دیالۆگ نابێت له شانزه وشه زیاتر بێت. له جێگایه‌كدا خوێندوومه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت له رووی ده‌روونییه‌وه زیهنی وه‌رگر دوای شانزه وشه ماندوو ده‌بێت و تاقه‌تی نامێنێ. به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه یاسایه‌ك نییه و ته‌نیا شێوازێكی به‌كه‌ڵكه. بیرمان نه‌چێت فیلمنامه‌نووسین یه‌عنی گه‌یاندنی زۆرترین بابه‌ت له كه‌مترین كاتی شیاودا. كه‌واته ئه‌م پێناسه‌یه، دیالۆگیش ده‌گرێته‌وه. به به‌كارهێنانی ئه‌م زه‌بت و ره‌بته و خۆشه‌ته‌كدان له ئه‌وپه‌ڕی شانزه وشه و راهێنان و دیسان راهێناندا زیهنمان ناچار ده‌كه‌ین بۆ گه‌یاندنی چه‌مكێك ژماره‌یه‌كی كه‌متر وشه به‌كاربهێنێت. ئه‌مه‌ش رێك هونه‌ری كورتكردنه‌وه‌یه. ئێستا كاتێ باسی گرنگی كورتنووسین بۆ فیلمنامه‌نووسانی تازه‌كار ده‌كه‌ین، ته‌قریبه‌ن هه‌میشه نموونه‌یه‌ك له دیمه‌نی فیلمی «Good Will Hunting ویڵ هانتینگی باش» ده‌هێننه‌وه. له وێدا كه وێڵ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ «NSA» ده‌كات پێنج ده‌قه به‌بێ وه‌ستان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی نایه‌وێ له‌وێ ئیش بكات قسه ده‌كات. دیمه‌نێكی جوان و كاریگه‌ره. به‌ڵام ئه‌و دیمه‌نه و ئه‌و دیالۆگه دوور و درێژه‌ش راستی بۆچوونه‌كه‌ی من ده‌سه‌لمێنێ نه‌ك قسه‌ی ئه‌و فیلمنامه‌نووسه تازه‌كارانه! ئه‌م دیمه‌نه له‌به‌رئه‌وه بووه به دیمه‌نێكی نه‌مر به‌جۆرێك كورته‌ی خودی فیلمه‌كه‌یه. ته‌نانه‌ت چڕكراوه‌یه‌كی هه‌موو دیالۆگه‌كانی فیلمه‌كه‌یه. بۆ سه‌لماندنی تیۆری «شانزه وشه‌كه» وه‌رن با مراجه‌عه‌ی دیالۆگه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی سینه‌ما بكه‌ینه‌وه و سه‌رنج بده‌ین بزانین چه‌نده كورتن. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت ئه‌و فیلمانه ببینین كه ئه‌و دیالۆگه كورتانه‌یان تێدایه. ئه‌وسا ده‌بینین سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دیالۆگه كورتانه چی بووه. ئه‌و دیالۆگانه به‌شێك نین له یه‌ك دیالۆگی درێژ. به‌ڵكو خۆیان دیالۆگی كورت پێكده‌هێنن. هه‌ڵبه‌ته سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دیالۆگ هه‌ر ده‌بێت شانزه وشه یان كه‌متر بێت هه‌ڵوێستێكی گێلانه‌یه. جاریوایه پێویسته كاره‌كته‌ر شانزه وشه زیاتر قسه بكات. له‌وانه‌یه كاره‌كته‌ره‌كه هه‌ر خۆی كه‌سێكی زۆربڵێ و چه‌نه‌باز بێت و عاده‌تی وابێت یه‌كبینه قسه بكات. كه‌واته با له نووسینی دیالۆگی ئاوا نه‌ترسین به‌ڵام هه‌میشه مامناوه‌ندبین و هه‌تا بۆمان ده‌كرێ دیالۆگه‌كان كورت بكه‌ینه‌وه. له‌وانه‌یه رۆژێك له رۆژان ئه‌و دیالۆگه‌ی ده‌ینووسین ببێته دیالۆگێكی نه‌مر. له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم *سه‌رنج: ئه‌م بابه‌ته ناوی نووسه‌ری به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، بۆیه نه‌منووسیوه. سه‌رچاوه: everun.ir
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure