20/7/2019 04:48 PM

وەرن ئەم کتێبە بکەینە بەردەبازی لێتێگەیشتن!


فه‌رهاد جه‌میل

كتێبی (ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!)ی (بریان ڕۆبەرت گیبسن)م خوێندەوە، کە دکتۆرانامەیەکە پڕە لە بەڵگە و دیکۆمێنت. سەرچاوەیەکی گرنگی زانینە لەسەر قۆناغێکی مێژووی زۆر هەستیاری خەباتی گەلە خێرلەخۆنەدیوەکەمان. (شەفیقی حاجی خدر) لێزانانە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. خوا هەڵناگرێ شەکراندوویەتی. زمانێکی خۆش، هەر زوو لە خۆت گرێدەدا.
دیارە پێشتر ئێمە لە گوێی گادا نوستبووین، سەرەڕای بەشداریمان چ وەك پێشەمەرگە و مانەوە لە ناوچە ئازادکراوەکانی نێوان پردی گەلاڵە و قەسرێ و دیلمان، کە بارەگای بارزانی لێبوو، چ لە گوندی ڕەشدوور، کە لێی نیشتەجێبوین. ساڵێکیش ئاوارەیی ئێران لە ئوردوگای زێوە گیرساینەوە.
لە ناوچەی ئازادکراو ژیان هێندە ئاسان نەبوو. جۆرەها ئاسن و ئاگر و ناپاڵمیان بەسەردا باراندوین. لاشەی دەیان کەسیان لە خوێن گەوزاند و شەهید کران، کە بیرچوونەوەی ئاسان نییە. ناچار بە ئاوارەبوونی ئێران کراین. پێشمەرگە بوون و بەشداریمان لە شۆڕش بە ئەرکێکی نیشتمانی زانی، تەنانەت مەرگیش بۆ ساتێک لێمان جیانەدەبوەوە. ئەدی چ خوێنێک بەهەدەرچوو؟! قوربانیدانی بێ ژمارە، سوتان و کاولبوونی سەدان گوند، بوونیان بە سوتماک یان بە ناچاری بەهۆی بۆردمانەوە چۆلکران. کونەتەیارە و ئەشکەوت خۆشترین گازینۆ و شوێنی كات بەسەر بردن بوون.
لە كتێبەکەدا هەندێ زانیاری بەڵگەنەویست هەن، پێشتر ئێمە دەرکمان پێنەکردوە و گوێمان لێ نەبووە. باشە ئەوە ئێمە قەیدیناکا، ئەدی پلەباڵاکان، مەگەر بەرپرسیارێتی گەورەیان لە ئەستۆ نەبووە. ئاخر سەیرە شۆڕش زانیارییەکان لە شۆڕشگێڕانی خۆی بشارێتەوە، دەنکی خورماکەی خواردوویانە لە گیرفانی ئەوانەدا بێت، کە خەریکی بەرژەوەندی خۆیان بوون.
ئەوەتا وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەر خەریکی ئەوەبوو لە پاش کوشتنی مەلیک و وەصی و نوری سەعید، عیراق لە بلۆکی سۆڤیەت نزیک نەبێتەوە، هەوڵی ئەوەیان داوە بەرژەوەندییەکانیان نەکەونە مەترسی. بە هەموو شێوەیەک کاریان کردووە تا چەپەکان لە دەسەڵات نەبن. هەوڵ بۆ ئەوانە بدەن کە لە ڕۆژئاوا نزیکن. کوردیش وەک کارتێکی فشار بە کارهاتووە. ناوەناوەش بە ئاشکرا و نهێنی دەستیان لەپشت دراوە. ئیسرائیلیش بۆ ئەوەی عەرەبەکان یەکنەگرن و سوپای عیراق بەشداری شەڕی ئیسرائیل نەکات، بە چەک و پارەیەکی زۆر هاوکاری کردووە، بە پاڵپشتی ساواک و مۆساد و سی ئای ئەی، بە ژمارە و بە دروستی هاوکارییەکان دیارن. ئیسرائیل هەمیشە ویستویەتی هاوکاریبکات. ویستیوویەتی وڵاتانی غەیرە عەرەب و ئەو نەتەوانەی لەناو دڵی عەرەبەکانیشدان بۆ خۆیان کێشبکەن و نەکەونە خزمەت یەکێتیی عەرەبە شۆفێنیەکان.
بەڵێ، خۆ محەمەد ڕەزا شا چەندین جار بە ئاشکرا گوتبووی ئەگەر حکوومەتی عێراق داواکارییەکەمان لە خلیج جێبەجێبکات، ئەوا ئێمە دەستبەرداری ئەو هاوکارییەی بارزانی دەبین. وەرە ئاخر بەرپرسێک نەبووە درک بەو مەترسییە بکات، یان شیكردنەوەیان بۆ هەموو مەرامەکان کردبێ، یان لە کاتی پێویست هەڵوێست وەر بگرن و ئامادەکاریان بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکان بکەن، کە لەکۆتاییدا هەرواش دەرچوو، شای ئێران هەموو شتێکی کرد بۆگەیشتن بەو ئامانجە، ئەمەش بێ ئاگاداری ئەمریکا و سی ئای ئەی و مۆساد، تەنانەت ساواکی خۆشیان یەک لایەنە بێگوێدانە سی ئای ئەی و کیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مۆساد پشتی لە کورد کرد، شۆڕشەکەش پاش کوشتوبڕێکی زۆر بە سێ مامان لەبارچوو.
لە کۆتاییدا هیوادارم ئەم کتێبە و ئەزموونی خۆشمان ببنە پەند و عیبرەت و وانە لێوەرگرتن، هەرچەندە بەداخەوە ئێمەی کورد هەمیشە دوێنێمان دووبارەیە و بە شانازیشەوە بەدوێنێدا هەڵدەچینەوە!




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved