حه‌سه‌ن هه‌ندرێنی سه‌ره‌تا: زۆرجار وا رێكه‌وتووه، چیرۆكێكی درێژمان خوێندۆته‌وه و به رۆمان پێمان فرۆشراوه. ئه‌مه‌ش رێكه‌وتێكه‌و زۆربه‌مان رووبه‌ڕووی بووینه‌ته‌وه، به‌ڵام له رۆمانی به‌ردی سه‌بووری نووسه‌ری نوێگه‌ریی فارس (سادق چوبه‌ك)دا به ته‌واوی رووبه‌ڕووی رۆمان ده‌بینه‌وه، كه هه‌ڵگری ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌كانی رۆمانه له (گێڕانه‌وه، شوێنكات، كاره‌كته‌ره‌كان، رووداو، ئایدیا…) ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه جیاده‌كاته‌وه ته‌كنیك و شێوازی نووسین و زمانی ده‌ربڕین و رووبه‌ری به‌ربه‌رینی شوێنه‌كه رووداوه‌كان فراوانتری ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كاته به‌ناویه‌كداچووه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌ستبردنه بۆ قسه‌ی پێشتر نه‌گوترا و له سیاقی تێكستی باو و داب‌و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگای ئایینی و باوكسالار و گوتنی رسته‌ی نامه‌ئلوف كه له‌گه‌ڵ گوتنیان رووبه‌ڕووی كوفر‌و ئیلحاد ده‌بینه‌وه. ئه‌م رۆمانه یه‌ك تاكه پاڵه‌وانی نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ر به‌جیا هه‌ریه‌كه‌ی چیرۆكی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، ته‌واوی كاره‌كته‌ره‌كان هاووڵاتی ئێرانن، جگه له‌به‌شی فه‌نتازیاكراوی كۆتایی، كه چیرۆكی سه‌ره‌تای بوونمان بۆ باس ده‌كات، یان راستتر دروستكردنی ئاده‌م و حه‌وایه، ئه‌م چیرۆكه باوه‌ی بۆته ده‌ستپێكی ته‌ڵقیندانی ئایینی هه‌ریه‌كه‌مان. كارێكی زۆرباشبوو ئه‌م رۆمانه هاته نێو ده‌لاقه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی، یان به‌دیوێكی دی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مجۆره شاكارانه سه‌لیقه و به‌هره‌مه‌ندی وه‌رگێڕه‌كانمان بۆ ده‌ره‌خات كه چ كارێك پێویسته بكرێ و خوێنه‌ری كوردی رووبه‌ڕوو بكرێته‌وه، له‌م هه‌وڵه‌دا وه‌رگێڕ رێباز مسته‌فا توانیویه‌تی سه‌ركه‌وێ به‌سه‌ر دوو شت دا، یه‌كه‌میان: دیاریكردنی جۆری بابه‌ت و دووه‌میشیان: تاقه‌تشكانی ته‌واویه‌تی به‌سه‌ر ته‌كنییه‌كه‌كانی زمان و وه‌رگێڕانی وه‌ك خۆی به‌تایبه‌ت كه له به‌شێكی ته‌واوی رۆمانه‌كه‌دا چامه‌یه‌كی شیعری هه‌یه و وه‌رگێڕانی شیعریش زه‌حمه‌تترین ئه‌ركێكه رووبه‌ڕووی وه‌رگێڕه‌كان ببێته‌وه. زمانی وه‌رگێڕانه‌كه ئه‌وه‌نده روون و پاكه وه‌ك ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێكی ته‌واو كوردیی بین، ئه‌مه‌ش توانای وه‌رگێڕ به‌دیارده‌خات، هه‌روه‌ها له پێداچوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی رۆمانه‌كه‌شدا مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی كوردی (دادیار ئازاد) كاره‌كه‌ی جوانتر‌و ئاسانتر‌و ناسكتركردووه، ده‌ستیی هه‌ردووكیان خۆش بێ. ئه‌وه‌ی هیوای ئه‌م به‌رهه‌مه جوانانه‌شمان بۆ به‌رده‌ست ده‌كات ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه كه به‌ڕاستی شایانی ده‌ستخۆشیین. ده‌كرێ ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه یان تێكبه‌ستنه‌وه‌ی پارچه لێكجوداكانی ناو رۆمانه‌كه به‌سه‌ر سێ به‌ش دابه‌ش بكه‌ین: یه‌كه‌م: سێكس، وه‌ك رایه‌ڵی تێكبه‌ستنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان سێكس پانتایێكی فراوانی له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه، ده‌توانم بڵێم هیچ كاره‌كته‌رێك نییه به‌جیا و له دونیابینی خۆی له‌م پرسه نه‌ڕوانێ. یه‌كه‌م كاره‌كته‌ر ( ئه‌حمه‌د ئاغا)یه، نووسه‌ر باسه‌كه‌ی پێده‌كاته‌وه، كاره‌كته‌رێكه تاكۆتایی له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه ده‌مێنێنێته‌وه، ئه‌م كه‌سه رۆڵێكی دیاریكراوی نییه، هه‌رچه‌نده به‌پیشه مامۆستایه و له حه‌سارێكدا ده‌ژی و ته‌نیایه و گه‌نجه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له رۆڵی ئه‌م كه‌سه‌دا ئیبراز كراوه، خۆشه‌ویستی دوو ژنه ( گه‌وهه‌ر‌و به‌ڵقیس) وه‌ك دوو ژنی ناو حه‌ساره‌كه. گه‌وهه‌ر بێوه‌ژنێكه و منداڵێكی هه‌یه و به‌ڵقیس شووی هه‌یه، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی به‌نگكێشه. ئه‌حمه‌د ئاغا زیاتر شه‌یدای گه‌وهه‌ره، به‌ڵام نایه‌وێ نه ماره‌ی بكات و نه سیغه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، گه‌وهه‌ریش ته‌واوی ژیانی كه‌وتۆته سه‌ر سیغه‌كاریی بۆ دابینكردنی بژێوی خۆی و كوڕه تاقانه‌كه‌ی و ژنێكی په‌ككه‌وته‌ی وه‌ك ( جیهان سوڵتان)، كه ئه‌ویش قوربانییه‌كی دیكه‌یه و مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بووه به هاوكارییكردنی گه‌وهه‌ر بۆی، چونكه ئه‌م ژنه ته‌واو په‌ككه‌وته‌یه و ناتوانێ له‌سه‌ر پشت بجووڵێ و پیسایی و میز به‌خۆیدا ده‌كات و ده‌بێ كه‌سێك یارمه‌تی بدات و ژێره‌كه‌ی خاوێن بكاته‌وه. گه‌وهه‌ر تاكه كه‌سه كه ته‌حه‌مولی ده‌كات و به‌م كاره رادێ. ئه‌حمه‌د ئاغا بۆته جێی سه‌رنج و خۆشه‌ویستی گه‌وهه‌ر، ئه‌ویش زۆر تامه‌زرۆی سێكسكردنه له‌گه‌ڵیدا. به‌هاری ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی خۆشه‌ویستی و به‌یه‌كه‌وه‌بوونه زۆر درێژه ناكێشێ، رۆژێك له‌پڕ گه‌وهه‌ر له كاره‌كه‌ی ناگه‌ڕێته‌وه، كه گه‌ڕانه به‌دوای سیغه‌كاری، ئه‌م كاره‌ش (شێخ مه‌حمود) ناوێك هاوكاری ده‌كات و پیاوی بۆ ده‌دۆزێته‌وه و له‌به‌شی ئه‌و كه‌مێك پاره بۆ خۆی گلده‌داته‌وه. له رۆژی نه‌گه‌ڕأنه‌وه‌ی گه‌وهه‌ر، ئه‌حمه‌د ئاغا ئه‌كه‌وێته گومان و راڕایی و ژیانێكی ناخۆش به‌ڕێده‌كات، چونكه ده‌بێ له‌لایه‌ك چاوێكی له كوڕه‌كه‌ی گه‌وهه‌ر ( كاكۆڵ زه‌ری ) بێ و له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ئاوڕێك له‌و ژنه په‌ككه‌وته‌یه بداته‌وه( جیهان سوڵتان)و ناوبه‌ناو خواردنی بۆ به‌رێ، هه‌رچه‌نده ناتوانێ ژێره‌كه‌ی خاوێن بكاته‌وه، چونكه هیچ كه‌سێك ناتوانێ خۆی له‌به‌ر بۆنه‌كه‌ی رابگرێ. له‌م ماوه‌یه‌دا كه به‌ڵقیس زیاتر شه‌یدای ئه‌حمه‌د ئاغایه و نه‌كردنی سێكس بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له ڕۆح‌دا دروستكردووه، چونكه پیاوه‌كه‌ی به‌نگكێشه و ناپه‌ڕژێته‌سه‌ر سێكسكردن له‌گه‌ڵییدا. له یه‌كه‌م جاری سێكسكردن له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئاغا به‌دیارده‌كه‌وێ دوای ئه‌و هه‌موو ماوه زۆره‌ی لای بونعه‌لی به‌نگكێش هه‌ر به‌كچی ماوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌حمه‌د ئاغا كه هه‌رچه‌نده زۆر مه‌یلی له‌سه‌ر به‌ڵقیس نییه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی دڵی پێبسووتێ و له شه‌وی مردنی جیهان سوڵتاندا له باوه‌شی ده‌گرێ و ده‌یلاوێنێته‌وه و به‌لای ئه‌حمه‌د ئاغاوه جه‌سته‌ی به‌ڵقیس زۆر گه‌رمه و مه‌مكه‌كانی زۆر توندن، بۆیه پێی ده‌ڵێ: مه‌مكه‌كانت بۆچی ئاوا توندن، بونعه‌لی مه‌شهه‌دی نایانشێلێ؟ ئه‌م به‌یه‌كه‌وه‌نووسانه بۆ به‌ڵقیس به‌حه‌جێك هه‌یه و زۆر مه‌منوونی ئه‌حمه‌د ئاغا ده‌بێ. كه‌واته له چیرۆكی ئه‌حمه‌د ئاغادا گرێیه‌ك تا كۆتایی له مێشكی ئه‌م پیاوه‌دا به نه‌كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌ویش سێكسه له‌گه‌ڵ دوو مه‌خلوقی جیاواز، یه‌كێكیان بێوه‌ژنێكه و ئه‌وه‌ی تریان ژنێكی خاوه‌ن مێردە!. گه‌وهه‌ر ژنێكی زۆر جوانه به‌سه‌ر سێ هه‌وێ ده‌بێته ژنی حاجی ئیسماعیل و منداڵێكی ده‌كه‌وێته زگ، ئاواتی چه‌ند ساڵه‌ی حاجی دێنێته‌دی، له‌به‌رئه‌وه‌ی حاجی ئیسماعیل له ژنه‌كانی دیكه منداڵی نابێ، زۆر شایی به‌و كۆرپه‌له‌یه دێ. گه‌وهه‌ر ده‌ڵێ: « ئه‌و رۆژه‌ی كه كاكۆڵ زه‌ریم هێنایه دنیا، حاجی چ ئاهه‌نگ و زیافه‌تێكی كرد! هه‌موو گه‌ڕه‌كی بانگهێشت كرد، جا بڵێم چی نه‌كرد. چوار ده‌سته به‌زمگێڕ و پاڵه‌وان. گه‌پجاڕ و گاڵته‌چی و ته‌نافباز و قه‌شمه‌ر له ماڵه‌كه‌ماندا ده‌یكوتا‌و هه‌ڵده‌په‌ڕین و به‌زمێكیان نابووه‌وه نه‌بێته‌وه. حاجی نه‌زری كردبوو، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ی كوڕبێت، كه ساڵی به‌سه‌ردا وه‌رسووڕایه‌وه، بیباته كه‌ربه‌لا و له ژێر گومبه‌زی زێڕیندا سوننه‌تی بكات و قژی بتاشێت و به‌قه‌د كێشی قژی كوڕه‌كه‌ی زێڕ به‌سه‌ر هه‌ژاران و نه‌داراندا دابه‌ش بكات» ل59 به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی بچنه كه‌ربه‌لا ئه‌م ژنه به‌دبه‌خته به‌خۆی و جیهان سوڵتان كه كاره‌كه‌رێكی ئه‌م ماڵه‌یه له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی ده‌چنه سه‌ر پابوسی ئیمام بۆ نزاكردن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پیاوێكی چیایی له‌ناو حه‌شاماته‌كه‌دا ده‌ستی به‌ر لووتی كاكۆڵ زه‌ری ده‌كه‌وێ و خوێن له لووتی دێ، ئیدی « خه‌ڵكه‌كه له نێو حه‌ره‌مدا به‌ده‌نگی به‌رز سه‌ڵه‌واتیان لێدا‌و رێگه‌یان بۆ كرده‌وه و به پاڵنان له حه‌ره‌م ده‌ریان كرد. ئینجا له‌نێو حه‌وشه‌ی حه‌ره‌م هه‌موویان له ده‌وری خڕبوونه‌وه، هه‌موویان هاواریان ده‌كرد، بۆچی ئاخر بۆچی منداڵی زۆڵت بۆ پابوسی ئیمام برده ژووری حه‌ره‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستت بكرێته‌وه؟ « ل 84-85 « دواجار جادوو نوشته‌و ره‌شكردنی هه‌وێكان كاری خۆیان كرد» ل85 « حاجی گوتی: ئه‌م ماسته مویه‌كی تێدایه، تا ئێستا باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد‌و وام ده‌زانی منداڵه‌كه هی خۆمه، به‌ڵام له حه‌ره‌مدا خوێنی لووتی به‌ربوو، ئیدی ته‌واو، به‌دڵنیاییه‌وه له من نییه. خۆ ئیمام درۆ ناكات» ل 85 « گه‌وهه‌ر هه‌رچه‌ند تكا‌و رجای كرد و پاڕایه‌وه و چوو ده‌ستی به قورئاندادا، حاجی باوه‌ڕی نه‌كرد، ده‌ریكرد. ژنه‌كانیشی له خۆشیان چوون …یان له خه‌نه گرت» ل85 حاجیش پێشتر له‌و هه‌رایه‌ی زوله‌یخای ژنی رۆژێك نایه‌وه‌و پێی گوت: ئه‌م منداڵه له میرزا حوسێن تونتابه، چونكه پزیشكه‌كانی هندستان پێیان گوتی ئاوه‌كه‌ت روونه و منداڵت نابێ، كه ئه‌مه‌ش ده‌زانێ له ژووری حه‌ره‌م خوێن له لووتی كوڕه‌كه‌ی هاتووه ئه‌م گومانه لای حاجی زیاتر ده‌بێ و زیاتر ده‌كه‌وێته گومان و گه‌وهه‌ر له‌ماڵه‌كه‌ی ده‌رده‌كات به كاكۆڵ زه‌ریشه‌وه. جیهان سوڵتانیش كه ده‌یه‌وێ داكۆكیی له گه‌وهه‌ر بكات كه ئه‌وه‌ی روویدا به‌هۆی به‌ركه‌وتنی ده‌ستی پیاوێكی چیایی بوو به‌ر لووتی كوڕه‌كه، حاجی زیاتر تووڕه ده‌بێ و جیهان سوڵتان له نهۆمی سه‌ره‌وه فڕێده‌دات و پشتی ده‌شكێ و ئیفلیج ده‌بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ژیانی جیهان سوڵتان په‌یوه‌ست ده‌بێ به ژیانی گه‌وهه‌ره‌وه و تا جیهان ده‌مرێ و گه‌وهه‌ریش ون ده‌بێ هه‌ر به‌یه‌كه‌وه ده‌بن. له‌م پێشه‌كییه‌ی ژیانی گه‌وهه‌ردا ئه‌وه به‌دیارده‌كه‌وێ كه ژن له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هیچ گرنگییه‌كی نیه له خێزاندا به تایبه‌ت به‌رامبه‌ر پیاو، پیاوێك ده‌توانێ له یه‌ككاتدا چوار ژن بلاوێنێته‌وه و سێكس له‌گه‌ڵ هه‌ر چواریان بكات و هه‌ر كاتیش ویستی بیانكوژێ یان ده‌ریان بكات. ژیان و بازاڕی گه‌وهه‌ر ده‌كه‌وێته ده‌ست شێخ مه‌حمود كه له ته‌ك كاری دروستكردنی مۆرهه‌ڵكه‌ندندا دڵه‌كانیش به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌م پیشه‌یه وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و ئایینی ده‌بینێ و له به‌رامبه‌ریشدا شتێكی ده‌ستده‌كه‌وێ. گه‌وهه‌ر نێچیرێكی ناوازه‌یه و هه‌ركه‌س بیبینێ ره‌تی ناكاته‌وه، بۆیه هیچ كاتێك بێئیش نابێ و به‌رده‌وام ده‌بێ له سیغه‌كاریی، به‌ڵام دواجار له‌ناو ئه‌م بازاڕه‌دا ده‌كه‌وێته داوی (سیه‌فولقه‌له‌م) كه پیاوێكی توندڕه‌وی شیعه مه‌زه‌بی ئایینپه‌روه‌ره و به ئه‌سڵ هیندییه، له رێی كاری سیغه‌وه ئه‌ویش ئه‌و ژنانه ده‌كاته قوربانی و ده‌یانكوژێ، چونكه پێیوایه ئه‌مانه‌ن ئه‌بنه هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیفلیس، هه‌رچه‌نده یه‌كێك له قوربانییه‌كان كه ده‌كه‌وێته ده‌ستی سه‌یفولقه‌له‌م ژنێكه ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یشی جووت نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ئاسانی ده‌كه‌وێته داوی ئه‌وه‌وه پێیوایه له‌شفرۆشه و ژه‌هر خواردی ده‌كات و به مه‌رگی ده‌سپێرێ، گه‌وهه‌ریش به‌هه‌مان شێوه ده‌كوژێ، شێخ مه‌حمودیش كه رۆژێك له رێكه‌وتی بینینی سه‌یفولقه‌له‌مدا به‌وه هه‌ڵیده‌خه‌ڵه‌تێنێ كه داوه‌ته لای ئه‌و. ئه‌چێته داوه‌ته‌كه و ئه‌ویش ناگه‌ڕێته‌وه و ده‌كه‌وێته هه‌مان ئه‌و چاڵه‌ی قوربانییه‌كانی تێخستوون. كه‌واته گرێی سه‌یفولقه‌له‌میش هه‌ر سێكسه، به‌ڵام له‌م رووه‌وه كه كردنی ده‌بێته هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی، ئه‌و به ئه‌ركی ده‌زانێ كه به‌مشێوه‌یه ئه‌م په‌تایه بنبڕ بكات.!!. به‌ڵقیس یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و كاره‌كته‌رانه‌ی ناو ئه‌م رۆمانه، ژنێكه چه‌ند ساڵێكه له ماڵێكدا له‌گه‌ڵ پیاوێك ده‌ژی به‌ناوی بونعه‌لی، به‌ڵام له یه‌كه‌م رۆژییه‌وه هه‌ر خه‌ریكی ئاماده‌كردنی مه‌قه‌ڵی تلیاكه‌كه‌یه بۆی و سه‌رجێیكردنیان نیه… به‌ڵقیس ژنێكه ده‌موچاوێكی ناشیرینی هه‌یه، چونكه خوریكه لێیداوه، به‌ڵام له‌شولارێكی رێك و جووت مه‌مكێكی توندی هه‌ن، كه ده‌ستیان لێنه‌دراوه و په‌رده‌ی كچێنییه‌كه‌یشی هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی. زۆر تامه‌زرۆی سێكسه، ئه‌م ئاره‌زووه‌یشی به‌وه زۆر زیادییكردووه، كه ده‌بینێ گه‌وهه‌ر ده‌چێته باوه‌شی ئه‌حمه‌د ئاغای لاو‌و ئه‌ویش له پشت دیواره‌كه‌وه گوێ له هانكه‌هانكیان ده‌گرێ. ئه‌م ئاره‌زووه‌ی بۆ ئه‌حمه‌د ئاغا رۆژبه‌ڕۆژ زیاد ده‌كات، زۆر بیانوو ده‌دۆزێته‌وه تا خۆی بگه‌یه‌نێته ئه‌حمه‌د ئاغا، به‌ڵام ئه‌حمه‌د ئاغا زۆر مه‌یلی به‌لایدا ناشكێ، ئه‌و رۆژه‌ی جیهان سوڵتان ده‌مرێ. به‌ڵقیس ئه‌م ئێواره‌یه زۆر ده‌ترسێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌یشی ناگه‌ڕێته‌وه هه‌ر خۆی و ئه‌حمه‌د ئاغا ده‌مێننه‌وه، بۆیه به‌گریان خۆی ده‌كا به ژووری ئه‌حمه‌د ئاغا‌و بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌حمه‌د ئاغا ده‌یگرێته باوه‌ش و دواتر له‌دواوه جله‌كانی له‌به‌ر داده‌كه‌نێ و خه‌ریكی ده‌بێ و سێكسی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كانی رابردوو و ترس و دڵه‌ڕاوكێی ئه‌مڕۆژه‌ی مردنی جیهان سوڵتانیان له‌بیرده‌چێته‌وه. سێكس ده‌بێته باشترین ده‌رمانی له‌بیرچوونه‌وه‌ی ناخۆشییه‌كان، به تایبه‌ت بۆ به‌ڵقیس كه زۆر ئاواته‌خوازی رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆژه بوو، كه ئه‌حمه‌د ئاغا بیگرێته باوه‌ش و توند مه‌مكه‌كانی بگوشێ و په‌رده‌ی كچێنییه‌كه‌ی بدڕێ و رۆژانی داهاتووش بۆخۆی مسۆگه‌ر بكات.! هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌موو مه‌یله‌ی به‌ڵقیس بۆ سێكس دووشته، یه‌كه‌میان : مێرده‌كه‌یه‌تی كه ناتوانی سه‌رجێیی له‌گه‌ڵدا بكات. دووه‌میشیان: گه‌وهه‌ره كه به ئازادی هه‌ركات بیه‌وێ ده‌توانێ سێكس بكات. لێره‌دا نووسه‌ر دوو جیهانبینییمان پێشان ده‌دات، یه‌كێكیان ژیانی كه‌سێكه كه به په‌یمانی هاوسه‌رییه‌وه ( عقد الزواج) گرێدراوه، ئه‌مه‌ش حاڵی مێرده‌كه‌یه‌تی كه ناتوانێ سێكس بكات و ئه‌و ژنه مه‌غدور ده‌بێ و ئازادیش نییه له‌گه‌ڵ كه‌سێك سیغه بكات یان به‌خۆشه‌ویستی بچێته باغه‌ڵی لاوێك، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكات به‌رنه‌فره‌تی خودا و كۆمه‌ڵگاش ده‌كه‌وێ. ئه‌وه‌ی دیكه‌یشیان ژنێكی ته‌ڵاقدراوه، هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ جیاوازیی زۆری ته‌مه‌نیش (كه له ماڵی حاجی له دایكبووه ) حه‌زی ده‌كرد له‌گه‌ڵ حاجی بمێنێته‌وه و ژیانێكی ئارام به‌ڕێبكات و خزمه‌تی حاجی بكات، به‌ڵام كه چاره‌نووسی وایلێدێ ده‌بێته نێچیرێكی ده‌ستی شێخ مه‌حمود تا هه‌ر رۆژه‌ی له كه‌سێكی ماره بكات به سیغه. شێوه‌ی ژیانی گه‌وهه‌ر له دیدی به‌ڵقیس زۆر خۆشتره له ژیانی خۆی، چونكه گه‌وهه‌ر ئازاده، هه‌ر پیاواێك مه‌یلی به‌لایدا هه‌بێ ده‌توانێ سیغه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات و به‌ده‌ردی خۆی ده‌ڵێ: سواری ببێ. ئه‌م ئازادییه له سێكس به‌رامبه‌ر به‌و كۆت و به‌نده‌ی له‌په‌یمانی هاوسه‌رییدا هه‌یه به‌بڕشتتره، بۆیه زیاتر حه‌زی پێده‌كات، چونكه كه‌س نییه سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات. هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیان به ئازارن له‌ڕووی ویژدانی ده‌روونییه‌وه، یه‌كه‌میان له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێ سێكس بكات، ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان له‌به‌رئه‌وه‌ی چێژ له‌م جۆره‌ی سێكسكردنه نابینێ، چونكه نه خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵدایه و نه‌سۆز… ته‌نیا كارێكه بۆ پاره‌په‌یداكردن. دووه‌م: جه‌نگ نووسه‌ر ویستوویه‌تی زۆرترین بابه‌ت به یه‌كه‌وه گرێبدات، كه په‌یوه‌ندیدارن به ئێران، چ ئێرانی كۆن چ ئێرانی سه‌رده‌می نووسینی ئه‌م رۆمانه. له نێوان ئه‌م دوو سه‌رده‌مه‌شدا به‌راوردكارییه‌ك ده‌كات. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی چوونه نێو ئه‌م مێژووه‌ش، گله‌یی له شێوه ژیانی ئێستا ده‌كات و به ئه‌فسووس باس له سه‌رده‌می ئه‌نۆشێروانی دادگه‌ر ده‌كات، كه سه‌رده‌می ئه‌و چ دادوه‌رییه‌ك په‌یڕه‌وكراوه!. لێره‌دا نووسه‌ر ته‌كنیكێكی نوێ به‌كاردێنێ به تێكه‌ڵكردنی شیعر به رۆمان، ئه‌م شیعره‌ش باس له رووداوه‌كانی شه‌ڕی قادسیه و هاتنی ئیسلام و وه‌سفی شه‌ڕه‌كه و ئاماده‌كارییه‌كان و نامه گۆڕینه‌وه‌كان و پێكدادانی دوو هێز، كه له زۆر رووه‌وه نابه‌رامبه‌رن. هێزێك كه ساسانییه‌كانن ده‌وڵه‌تیان هه‌یه، پاشایان هه‌یه، ئاینییان هه‌یه له‌شكرێكی پۆشته و په‌رداخیان هه‌یه، زرێ و قه‌ڵغانیان له زێڕ و زیوه به هه‌زاران ئه‌سپ و فیلیان هه‌یه، خاوه‌نی قه‌ڵای زۆر و خاكێكی به‌پیت و به‌ره‌كه‌تیان هه‌یه. هێزه‌كه‌ی به‌رامبه‌ریش رووت و ره‌جاڵ و پێپه‌تین، نه پاشا‌و نه له‌شكرێكی پۆشته و نه خاكێكی به‌پیت و به‌ره‌كه‌ت، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كیان هه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتن. رۆسته‌م سوپاسالاری ساسانییه‌كان به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ناسیش بووه چاره‌نووسێكی ره‌ش بۆ ئیمپراتۆرییه‌تی ساسانی ده‌بینی، كه به مه‌رگی خۆی ده‌ستپێده‌كات و به‌دوای ئه‌ویشدا شاری مه‌دائین (به‌غدای ئێستا) كه پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ساسانییه‌كان بووه، له‌گه‌ڵ ته‌واوی خاكی ئێران ده‌كه‌وێته ده‌ست له‌شكری ئیسلام. ئه‌مانه هه‌مووی له‌و نامه‌یه‌ی رۆسته‌مدا كه بۆ براكه‌ی ده‌نێرێ روونده‌كاته‌وه. پاشان نووسه‌ر به جۆرێكی دی ورده‌كارییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، له رێی دیالۆگی نێوان ئه‌نۆشێروان پاشای ئێران و بۆزۆرگمێهری وه‌زیری ده‌وڵه‌ت. ئه‌م دیالۆگه‌یان سه‌رنجڕاكێشه و له رێی سیناریۆ سه‌یره‌كانیانه‌وه پاشای ئێران به‌دره‌نگه‌وه تێده‌گات كه ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت له خوار خۆیه‌وه نوقمی گه‌نده‌ڵی بووه، ئه‌و ده‌مانه‌ی ئه‌نۆشێروان پێیده‌زانێ ته‌واو كار له كار ترازاوه، بۆیه ئه‌م شارستانێتییه مه‌زنه نه‌یتوانی به‌رگه‌ی، له‌شكرێكی بێ پێشینه و خاوه‌ن مێژوو یان بێ شارستانێتی و پێپه‌تی بگرێ. ئه‌نۆشێروان ئاگاداره به چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌له ژێرده‌سته‌كانی ئێران له ( كه‌مینه حه‌به‌شیه‌كان و خه‌زه‌رییه‌كان و هیته‌لی و توركه‌كان) ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌و جینۆسایده‌ی به‌سه‌ر مه‌زده‌كیه‌كانیان هێنا. كه ئاینێكی ره‌سمی و له ناوه‌ڕۆكدا زۆر یه‌كسانیخوازبووه له نێوان ژن و پیاو‌و ته‌واوی پێكهاته چینایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵدا. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه هۆكاری له‌رزینی عه‌رشی پاشایه‌تی و له ده‌ستدانی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتیان. جێكردنه‌وه‌ی ئه‌م باسه مێژووییه له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا، نووسه‌ر وه‌ك ئه‌ركێكی دیرۆكی ده‌یبینێ، هه‌رچه‌ند به‌هانه‌كان و ناونیشانی رۆمانه‌كه‌ش له مه‌ودایه‌كی زۆر ته‌نگدا نه‌بێ فریای ئه‌و تێكبه‌ستنه‌وه‌یه ناكه‌ون و ئه‌م باسه مێژووییه له‌ناو تێكستێكی تایبه‌ت به ناوی رۆمان و له هه‌لومه‌رجێكی ته‌واوجیاوازدا به ئاسانی به‌ده‌سته‌وه‌نایه‌ن، به‌ڵام نووسه‌ر شاره‌زاییه‌كی زۆری به‌كارهێناوه‌و ده‌روه‌ستی هاتووه و به ئاسانی له ژێر تایتڵی به‌ردی سه‌بوریدا ئه‌م رووداوانه‌ی كۆكردۆته‌وه. ئه‌و ده‌یه‌وێ بڵێ: هیچ گه‌لێك ئه‌وه‌نده‌ی گه‌لی ئێران سه‌بری نه‌گرت. به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ی گرت و تادواجار دوای چوارسه‌ده ده‌سه‌ڵاته‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئێران سه‌رپێیخۆی ده‌خاته‌وه، به‌ڵام له‌ژێر دروشمی ئایینی و عه‌بای سه‌ركرده و پاشای جیاوازدا، جیاواز له‌و مێژووه‌ی له سرووده‌كانی نیشتمانییدا به‌ر گوێمان ده‌كه‌وێ. سێیه‌م: بوون له به‌شی كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا، چیرۆكی بوون ده‌بێته چیرۆكێكی زۆر جوانی فه‌نتازییكراو، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌رهه‌مان ئه‌و ناوه‌ڕۆكانه‌ی له كتێبه پیرۆزه‌كاندا باسیان لێكراوه. به‌ڵام رێك وه‌ك گێڕانه‌وه‌كانی ئه‌و كتێبانه نییه. نووسه‌ر له سێ دیمه‌ندا چیرۆكه‌كه‌مان بۆ پارچه‌پارچه ده‌كات. سه‌ره‌ڕای وه‌سفی سه‌ره‌تای (كه‌ون ) كه له یه‌كه‌م دیمه‌ندا وێنای ده‌كات و ئاوا ده‌ستپێده‌كات « ئاسمانی حه‌وته‌م. دیواره‌كان له‌خشتی زێڕ‌و به‌ردی ره‌نگاوڕه‌نگ، دوو ته‌ختی له ئه‌ڵماس دروستكراو، به‌رامبه‌ر یه‌ك داندراون. زه‌روان و ئه‌هریمه‌ن له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتوون و سه‌رگه‌رمی یاریی شه‌تره‌نجن. مێزێكی مرواریی ئه‌رخه‌وانی له نێوان ئه‌م دوو ته‌خته‌دا دانراوه، كه كه‌لوپه‌له‌كانی شه‌تره‌نج و جام و سوراحی له گه‌وهه‌ر دروستكراوی له‌سه‌ر دانراوه. مانگ و ئه‌ستێره‌كان له نێو لك و پۆپی دره‌خته سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كاندا، له جامی په‌نجه‌ره زومڕوودییه‌كانه‌وه ده‌له‌رێنه‌وه، له‌ملا‌و لای شوێنه‌كه په‌ڵه‌په‌ڵه‌ی سوور‌و وه‌نه‌وشه‌یی و سه‌وز كه‌وتوون و تاو نا تاوێك گه‌واڵه هه‌ورێك تێده‌په‌ڕێت و شوێنی دانیشتنه‌كه‌یان به‌تیشكێكی خه‌یاڵئامێزانه، رووناك ده‌كاته‌وه. له نێو چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌دا، ئاگری هه‌تره‌شبه‌ری دۆزه‌خ كڵپه‌ی سه‌ندووه»» ل 276. ئه‌مه یه‌كه‌م په‌ره‌گرافیی كردنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه سه‌رنجڕاكێشه‌یه كه دواتر پێده‌نێته نێو گفتوگۆی دروستكردنی كه‌ون و مه‌خلوقاته‌كانی ناوی به دروستكردنی ئاده‌م له‌لایه‌ن زه‌روان ( ئاهورامزدا)و حه‌وا له‌لایه‌ن ( ئه‌هریمه‌ن) . ئه‌م چیرۆكه تازه‌یه و نامه‌ئلوفه له‌گه‌ڵ چیرۆكه باوه‌كه‌ی ناو كتێبه پیرۆزه‌كان. ئه‌گه‌ر به‌جوانی دیقه‌ت له‌م په‌ره‌گرافه بده‌ین، سه‌ره‌ڕای باس له‌شتێكی زۆر گرنگ و جێی تێڕامانی ته‌واوی مرۆڤایه‌تیی ده‌كات وه‌ك پرسیار‌و گومانێكی ته‌واو وه‌ڵامنه‌دراوه تا ئه‌به‌د، له هه‌مانكاتیشدا وه‌ك ده‌قێكی شیعری زۆر جوان دێته به‌رچاو. له نێو هه‌رسێ دیمه‌ندا چه‌ند خاڵێك ده‌وروژێنێ، كه تا ئه‌مڕۆ جێی مشتومڕن له‌نێوان زانایان و ئه‌ستێره‌ناسان و پیاوانی ئایینی و مولحید و لێكۆڵه‌رانی ئایین و فه‌یله‌سوفه‌كان و…تد. ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاته كراوه‌كانی یه‌زدانن له كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیان و مردن، هه‌روه‌ها دروستكردنی ئه‌و مه‌خلوقه سه‌ره‌تایه‌یه به ناوی ئاده‌م و خستنه ناو بازنه‌یه‌كی دیارییكراوی ژیان‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ شوێنێكی نادیار له روانگه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌گومانه‌وه له‌م چیرۆكه ده‌ڕوانن و چوونه‌وه ناو دونیای ئه‌به‌دییه كه چیرۆكه‌كانی ئایینی دواجار له‌م وێستگه‌یه ده‌نیشنه‌وه. هه‌روه‌ها سنووری به‌یه‌كدادانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌هریمه‌ن و ئاهورومزدایه، كه به‌هاوشانی له‌گه‌ڵ مه‌خلوقاتدا رێده‌كه‌ن، یه‌كیان رێی چاكه ده‌گرێته‌به‌ر و ئه‌وه‌ی دیكه‌یشیان فڕ‌و فێڵی ده‌خاته سه‌ر رێ، بۆ ته‌واوكردنی ئه‌م یاریی شه‌تره‌نجه‌ی كه له ده‌ستپێكدا نووسه‌ر وا وێنای كردووه و ئه‌مه ده‌كه‌نه ( ئیمتیحانی) تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌خلوقه‌ی هیچ ده‌ستی نییه له دروستكردنی خۆی، جگه له هه‌ڵنانی رۆژبه‌ڕۆژی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، مه‌گه‌ر چاره‌نووس ده‌ستی لێنه‌وه‌شێنێ و به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووه‌كانی نه‌یبات!. ئه‌م به‌شه‌یان سه‌رنجڕاكێشه و ئه‌وه‌ی به‌ڕووكه‌ش ده‌یبینیین سه‌رچاوه‌ی فیكره‌كانی له‌چیرۆكێك وه‌رگیراون كه گه‌وره‌و بچووكی ناو كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی پێی ئاشنان، به‌ڵام من پێموایه نووسه‌ر ئه‌یه‌وێ بڵێ منیش ده‌توانم چیرۆكی ئاوا بخوڵقێنم، كه ئێوه تووشی سه‌رسامییبكات.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure