18/8/2019 05:13 PM

الكُرد بُنْدقيةُ لِللإِيجارِ أَم ثوار حقيقيين


• ئەم كتێبە بریتیە لە كۆكراوەی(( 67)) بابەتی سیاسی و ئابوری و ئەدەبی بەزمانی عەرەبی كە لە ماوەی نێوان 9/2/2016 تا 15/10/2017دا نوسراوە و لەلایەن سایتی ((ایلاف))ی عەرەبیەوە بڵاوكراونەتەوە و دواتریش زۆرێك لە سایتە عەرەبی و كوردیەكانیش لە سایتی ایلاف وەریان گرتوون و بڵاویان كردونەتەوە.
• ئەم ئەزمونی نوسینە بەزمانی عەرەبی ،یەكەم ئەزمونی نوسەرە دوای 20 ساڵ نوسین بە زمانی كوردی.
• نوسین بە هەر زمانێ‌ جگە لەزمانی دایك كارێكی سانا و ئاسان نیە بەتایبەتیش زمانی عەرەبی كە دەوڵەمەندە بە وشە و هاوشێوەكانی و ڕێزمان و داڕشتن .
بۆیە نوسەر خۆی دان بەو ڕاستیەدا دەنێت كە هیچ كات بانگەشەی ئەوەی نەكردوە كە تەواو شارەزای  هەموو لایەنەكانی زمانی عەرەبیە.بەڵام نوسین بە زمانی عەرەبی یەكێك بوە لە خولیا و ئاواتەكانی نوسەر هەر لە سەرەتای دەسپێكی بەكاری نوسینەوە.
• ناونیشانی كتێبەكە بریتیە یەكێك لە بابەتەكان،كە وەك وەڵامێك وایە بۆ  هەموو ئەو كەس و لایەن و وڵاتانەی كە هەمیشە دژی مەسەلەی ڕەوای كورد و مافە ڕەواكانی كوردن بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی لە ئازادی و پێكەوەنانی وڵاتێكی سەربەخۆی كوردیدا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو نەتەوەكانی تورك و فارس و عەرەب.
• ئاشكرایە كورد هەمیشە لایەنگری ئاشتی و پێكەوەژیان و برایەتی و پێشكەوتن و ئازادی و سیستەمێكی حوكمڕانی دیموكراسی بوە و نەتەوەیەكی كۆن و ڕەسەنی ناوچەكەیە و هیچ كات نامۆ  نەبوە بەناوچەكە و بەدرێژایی مێژووش هیچ كات هەوڵی داگیر و دابەشكردنی خاك و گەلانی ناوچەكەی نەداوە،بەڵكو هەمیشە پارێزگاری لەبوون و شوناس و نیشتیمان و نەتەوەی خۆی كردوە.
• كورد لەسەنگەری مقاوەمەتی دژ بە تیرۆر و تیرۆیستاندا بوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەناوچەكە و دونیاشدا و لەو پێناوەشدا بەهەزاران شەهید و قوربانی داوە.
• بۆیە كورد هیچ كات چەكێكی بەكرێگیراو نەبوە بەدەست وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانەوە،بەڵكو هەموو كات شۆڕشگێڕی ڕەسەن و ڕاستەقینەی ڕێبازی كوردایەتی بوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی لە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردیداو بەردەوام بوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و شۆڕش و مقاوەمەتكردنی ڕەوا.

نوسەر لەچەند دێڕێكدا
 
 ( نەوزادی موهەندیس )


• لەدایك بووی ساڵی 1970 لەگوندی كەڵەكنی سەر بەناحیەی سەرچنار لە سلێمانی 
• قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی لەگوندی كەڵەكن و ناوەندی ودواناوەندی لەشاری سلێمانی و زانكۆی لەشاری بەغداد تەواوكردوە
• دەرچووی كۆلێژی ئەندازیاری كیمیاوی / پسپۆڕ لە نەوت وپتڕۆكیمیاویاتدا لەزانكۆی تەكنەلۆژی لەبەغداد ساڵی 1990-1991
• سەرنوسەری گۆڤاری ئەندازیارانە لەساڵی 2002وە
• بەڕێوەبەری كارگەی جگەرەی سلێمانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە 4/9/2013وە
• لەساڵی 2014دا كاندیدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوە  لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بۆ ئەندامی پەڕلەمانی عێراق .
• چەند جارێك پاڵێوراوە بۆ پۆستی بەڕٍێوەبەری گشتی لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
• لەساڵی 2016دا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەكادیمیای هوشیاری و پێگەیاندنی كادران لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا.
• لەكتێبە بڵاوكراوەكانی نوسەر:-

1.  ڕیفۆرم لەم قۆناغەی ئێستای كورددا بۆ ؟ ساڵی 2006
2.  كوردو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانكاری گەورەو كتوپڕدا. ساڵی 2006
3. كوردایەتی لەنێوان دروشم و واقیعدا .ساڵی 2007
4. بیرۆدۆزەی فەوزای دروستكەر.ساڵی 2007
5.ڕێبازی سۆشیال دیموكرات و كۆمەڵگای كوردەواری ساڵی 2008
6.كرۆنۆلۆژیای خەبات و تێكۆشانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان . ساڵی 2008
7. مێژووی هۆزی گەڵباخی لە سەرچاوە مێژووییەكانەوە .ساڵی 2012
8. دومۆزی مەلەك تاووس / لێكۆڵینەوەیەك لە ڕەگ و ڕیشەی ئاینی دێرینی كوردی // وەرگێڕان  ساڵی  2012
9. خێڵ و نەتەوە لە تەرازووی دەسەڵاتی سیاسی كوردیدا .ساڵی 2012
10. یەكەمین سەركێشی عەقڵ/ لێكۆڵینەوەیەك لە ئەفسانە، سوریا، وڵاتی دوو ڕووبار//وەرگێڕان ساڵی2013
11.نیو سەدە لە مێژووی كارگەی جگەرە و پوختەكردن و ترشاندنی توتن لە شاری سلێمانی.ساڵی 2013
12. دەسەڵاتی ئیسلامیەكان لەنێوان ترس و ئومێددا. ساڵی 2017
13. جەنگی دژە تیرۆر بەرەو كوێ‌؟ ساڵی 2018
• خاوەنی دەیان بابەتی ( سیاسی و ئابوری وئیداری  و زانستیە ) لە ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی كوردوستان و سایتەكانی ئینتەرنێتدا  بە زمانی كوردی و عەرەبی. لەساڵی 1996وە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved