22/8/2019 04:44 PM

كوردۆڤان

 

ُپ. د.عزەدین مستەفا ڕەسوول

 سەیری تەلەفزیۆن ئەكەم، لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی ((سوودان)) هاتۆتە پێشەوە. لە گەلێك جاردا باسی شاری ((كوردۆڤان)) دەكرێ – كاتی خۆی هاوڕێی شاعیری سوودانیم ((جیلی عەبدوڕەحمان)) باسی ئەو شارەی بۆ كردبووم و لە ((كوردۆڤان)) دەدوا كە خەڵكی تێدایە خۆیان بە كورد دەزانن و ناوی شارەكەش هەر لە ووشەی ((كورد))ەوە هاتووە و رەنگە هەر لە زەمانی ((سەلاحەدین))ەوە هاتبـێ – كە باسی ئەو ((كوردۆڤان))ە دەبیستم، شتێكی سەیرم لە باسی (سەلاحەدین)دا دێتەوە یاد، كە دیارە من سەلاحەدین بە كورد و بە گەورە دەزانم – ئەمە ووت و وێژی لەگەڵ برایەكی كورددا هێنایەوە بیرم – كە لە سەرەتای حكوومەتی هەرێمدا دوو پۆستی ئەكادیمی گەورەی درابوویە.
كابرا ووتی: ئەمە هەمووی ئەو سەلاحەدینە …. بابە بووە كوردی بە دنیادا بڵاوكردەوە.
پێم ووت: دوكتۆر فڵان – یەك گوندم بۆ بێنە كە پێشتر كورد بووبن و لە دەوری سەلاحەدیندا بووبن بە عەرەب، كورد هەر لە جێی خۆیەتی و كوردستان لە جێی خۆیدایە و سوپای سەلاحەدین شوێنیتری كردووە بە كورد.
شاعیرێكی عەرەب – وا بزانم موعین بەسیسۆ – معین بسیسۆ)یە – كە باس لە شكستی عەرەب یا ئیسلام دەكا، ڕوودەكاتە (سەلاحەدین) و دەڵێ:

ماژا
هل خر‌ مهرك
یا صلاح الدین

واتە: چی یە
ئایا ئەسپەكەت گلاوە
سەلاحەدین؟
جارێكیتر باسی ئەوە دەكەمەوە كە هەندێ كوردی دەمارگیر یا نەزان، رقیان لە سەلاحەدینە و دەڵێن: كە بۆ كوردی نەكرد – بۆ عەرەبیشی نەكردبا. دیارە ئەوانەی ئاگاداری مێژوو نین. سەردەمی سەلاحەدین نە عەرەب، نە فارس، نە تورك – دەوڵەتی نەتەوەییان نەبووە – هەموو بە ناوی ئیسلامەوە بوو – بە دڵنیایی دەڵێم: دەوڵەتی سەلاحەدین دەوڵەتی كوردیش بووە، كە دەچمە شام، یەكسەر دەچمە زیارەتی گۆڕی سەلاحەدین، كە دەشچمە قاهیرە – زیارەتی (رواق الاكراد)ی سەلاحەدین لە ئەزهەری پیرۆز بە ئەركی سەر شانم دەزانم.

(زەبەلاح)
گولی من هێشتا
ماوی یە چەند چڵی
ئەوە بە نووسینی من دوو لاپەڕەم تەواو كرد، بەڵام ئەو كەنارەی (ئەم كونجە) هێشتا ماویەتی تا پڕبێتەوە. دیارە لێپرسراوی كونجەكە و ڕۆژنامەكەش لێم ناگەڕێن كە ئەو كەناری لاپەڕەیە پڕنەبێتەوە، لەبەر ئەوە مێشك دەگوشم – یا بە كاغەزە شڕەكانمدا دەگەڕێم، تا شتێكیتر دەدۆزمەوە.
ئەوا دۆزیمەوە
لەم كوردی یە سەقەتەی ئەمڕۆدا – دیارە سەقەتیش لە (سقگ)ی عەرەبیەوە هاتووە – لەوێدا هەر لەبەر (زۆر بێ و بۆر بێ) – كابرایەك ووشەی (زەبەللاح)ی بە مانای گەورە بەكاردەهێنا، لەكاتێكدا ئەو ووشەیە لەو كوردی یەدا كە من دەیزانم، بە مانای ستایش نایەت. كورد دەڵێت: (زل و زەبەللاح)ە واتا قەڵەوە و بۆ جۆرێك لە گاڵتەپێكردن بەكاردێت. نەك بۆ ستایش بڵێیت (زل و زەبەللاح)ە. شوكر بۆ خوا كە من (زل و زەبەللاح) نیم و هەر دەشڵێم – ( لاوینە كوردی) .. با زمانەكەمان تێك نەدەین.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved